بوومەلەرزە؛هەژێنەر و هەڕەشە لەناكاوەكەی سەر مرۆڤایەتی و گۆی زەوی !

وتار/ 07/09/2021 1145 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

بوومەلەرزە؛هەژێنەر و هەڕەشە لەناكاوەكەی سەر مرۆڤایەتی و گۆی زەوی !

نەوزادی موهەندیس
•     بوومەلەرزە: دیاردەیەكی سروشتیە و بریتیە لە لەرینەوە یان زنجیرەیەك لەرینەوە و هەژێنەری بەدوایەكدا بۆ ڕووی زەوی  كە لە ماوەیەكی كەمدا ڕوودەدات كە لەچەند چركەیەكی دیاریكراو تێپەڕناكات.
•     بوومەلەرزە چۆن ڕوودەدات ؟
لەئەنجامی جوڵەی پلێتە بەردینەكانەوە ڕوودەدات لەبەرگی زەویدا، و ناوەندی بومەلەرزە پێی دەوترێت((خاڵ ،یان چەق)) و دوای ئەویش زنجیرەیەك لەرینەوەی بەدوایەكدا دێن كە پێیان دەوترێت ((شەپۆلی بوومەلەرزەیی)) كە دەگەڕێتەوە بۆ تێكشكاندنی بەردەكان و ترازاندنیان لە جێگەی خۆیان بەهۆی كۆبونەوەی هێزە ناوخۆییەكان لە ئەنجامی كاریگەرییە جیۆلۆجیەكانەوە كە لە ئەنجامدا جوڵەی پلێتەكانی زەوی دروست دەبێت،چالاكی بوومەلەرزەش لەسەر ئاستی سنووری پلێتە بەردینەكانەوە دەبێت.
بوومەلەرزەش وەك چالاكیە گڕكانیەكان یان لە ئەنجامی بوونی هەڵخلیسكان لە چینەكانی بەرگی زەویەوە دروست دەبن.یان بەهۆی باری گەرمی لە كوڕبونەوەی مۆری Asthenosphere ڕوودەدات كە پلێتە كیشوەرییەكان دەجوڵێنێت كە دەبێتە هۆی ڕوودانی لەرینەوە كە بریتیە لە بوومەلەرزە و دەبێتە هۆی خستنەوەی كاولكاریەكی گەورەش.
لەكاتی پڕۆسەی لەرینەوەی بەرگی زەویدا،6 جۆر لە شەپۆلی بەریەككەوتن دروست دەبن،دووانیان پەیوەستن بە لاشەی زەوییەوە كە كاردەكاتە سەر بەشی ناوەوەی زەویـ لەكاتێكدا چوار جۆرەكەی تریان شەپۆلی ڕوویین.
•     بوومە لەرزە دەبێتە هۆكاری :
•     درزبردنی زەوی.
•     تەقینی كانیاوە نوێكان.
•     دابەزین و بەرزبونەوە لە ئاستی  ڕووی زەوی.
•     دەبێتە هۆكاری دروستبوونی شەپۆلە بەرزەكان لەژێر ڕووی دەریادا كە ناسراوە بە ((تسونامی)).
•     وێران و كاولكردنی بینا و ماڵ و دامەزراوە و تۆڕەكانی ڕێگاوبان و پرد و كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و هۆكارەكانی گەیاندن و گواستنەوە.و لەناوبردنی مرۆڤەكان و ئاوارەبونیان و بێسەروشوێنكردنیان.
•     تێكدانی سیستەمی ژینگەیی.
•     ئاست و پلەی بوومەلەرزە:
ئاست و پلەی بوومەلەرزە بە ئاماژەدەرێك دیاریدەكرێت كە لە ژمارە 1-10 دەپێورێت بەشێوەیەك:
1.     لە پلەی  1-4 بوومەلەرزەیەكە كە ڕەنگە هیچ زیانێك نەگەیەنێت و تەنها هەستی پێدەكرێت.
2.     لە پلەی  4-6 بوومەلەرزەیەكە زیانێكی مامناوەنجی دەدات و ڕەنگە تەنها زیان بە بیناكان و دامەزراوەكان بگەیەنێت.
3.     لە پلەی  7-10 كە بەرزترین پلەیە واتە دەتوانێت شارێك بە تەواوەتی لەناوببات و نغرۆی ژێر زەویشی بكات و زیانیش بدات لە شارەكانی دەوروبەریشی.
•     تێوریەكان دەربارەی دروستبوونی بوومەلەرزە:
زەوی لەسەرەتای دروستبونیەوە وەك هەموو ئەستێرەكانی تر لاشەیەكی گەرم بوە، بەڵام كاتێك ساردبۆتەوە،بەرگێكی ئاوی دروستبوە و بەرگە هەوایەكیشی بۆ خۆی ڕاكێشاوە.لەگەڵ زیاتر ساردبونەوەیدا چینێكی ڕەقی دەرەكی دروستكردوە كە پێی دەوترێت بەرگ یان توێكڵی زەوی. بەڵام ناوەخنەكەی هەر بەگەرمی ماوەتەوە تاكو ئێستاش، كە توێنەرەوەی توخمەكانی ناو زەویە و بەردە ڕەقەكان دادەخورێنێت و دواتر هەڵیاندەگرێت و دەیانجوڵێنێت بەهێزی گەورەوە كە بەتێپەڕبوونی كات زۆر زیاتر دەبن.
بەرگی زەویش لەچەند پلێتێك پێكدێت كە هەڵگری كیشوەرەكانن و لەو جێگایانەی كە بەیەكتر دەگەن و بەریەك دەكەون  ئەم هێزانە زۆر زیاتر دەبن لە توانای بەرگەگرتنی پلێتەكان و لەناكاودا ئەو هێزە ناوخۆییانە دەردەچن بەهەموو لایەكدا و دەبنە هۆی لەرینەوەی بەرگی زەوی و ئەوەی كە ناسراوە بە بوومەلەرزە.
•     هۆكارەكانی ڕوودانی بوومەلەرزە:
زاناكان چەند هۆكارێكیان دیاریكردوە لەوانە:
1.     تەقینەوەی گڕكانی كە بومەلەرزەی لەگەڵدایە.
2.     درزبردن و هەڵخلیسكانی بەردەكان لەسەریەكتری كە بە بوومەلەرزەی تەكتۆنی ناسراوە.
3.     هۆكارە ناوخۆییەكان تایبەت بە پێكهاتەی زەوی و چینەكان لە بەرگی زەویدا و داپۆشەر و كرۆكی زەوی. كە كرۆكی زەوی وەك تۆپێكی ڕەق وایە و پلەی گەرمیەكەی دەگاتە نزیكەی 6000 پلەی سەدی و بەهۆی دیاردەی گواستنەوەی گەرمی لە نێوان چینەكاندا بە سیفەتی گەیاندن لە توخمە ڕەقەكان و بەهۆی تیشكەوە لە توخمە شلەكاندا. و هەروەها بەكاریگەری ڕۆڵی ڕۆژ و مانگ لە میانەی ڕاكێشەرەكانەوە كە ڕێگە دەدات بەدەرچوونی شەپۆلە گەرمیە پەنگخواردوەكانی ناو زەویەوە لەسەر شێوەی گڕكان و بوومەلەرزە.
4.     هۆكاری جیۆلۆجی ناوچەكانیش ڕۆڵیان هەیە.
5.     هەرچەندە بوومەلەرزە دیاردەیەكی سروشتیە،بەڵام هەندێك كارو چالاكی مرۆڤیش ڕۆڵیان هەیە لە دروستبونیدا وەك:
•     گلدانەوەی بڕی زۆر گەورە لە ئاو لە بەنداوەكاندا. وە ك بوومەلەرزەی بەناوبانگی سیشوان لە چین لە ساڵی 2008دا كە بوە هۆی خستنەوەی 69هەزار قوربانی و لە زنجیرەی بومەلەرزە لەناوبەرەكاندا ژماری 19 هەیە.
•     دروستكردنی بینا و دامەزراوەی وەها كە كێش و قورساییان زۆر گەورەیە.
•     پاڵنان یان تێكردنی شلەمەنی بۆ ناو بیرەكان.
•     كرداری دەرهێنانی خەڵوز لەكانە خەڵوزەكاندا.گەورەترین بوومەلەرزە لە ئوستوڕالیا ڕوویداوە بەهۆی دەرهێنانی خەڵوزەوە.
•     لێدانی بیرە نەوتەكان.
•     پێشبینیكردنی ڕوودانی بوومەلەرزە:
لەسەر ڕووی زەوی پێیدەوترێت ناوەندی ڕوویی بوومەلەرزە، ئەو وزە دەرچوە بەهەموو ئاڕاستەكاندا بڵاودەبێتەوە، بۆ سەر ڕووی زەوی و بۆ ناو زەویش. ئەوەی سەر ڕووی زەوی خێراترە لەوەی ناو زەوی.دەتوانرێت بە ئامێری تۆماركەری بوومەلەرزە هێز و توندی و پلەی بوومەلەرزە دیاریبكرێت. بوومەلەرزە لەسەر شێوەی شەپۆلی بوومەلەرزەیی بڵاودەبێتەوە.ئەو شەپۆلانە دەگاتە سەر ڕووی زەوی لەماوەی 21 چركەدا.
•     جۆرەكانی بوومەلەرزە:
بوومەلەرزە لەسەر قوڵایی ((چەق، بنكە) پۆلێندەكرێت بە 3 جۆرەوە:
1.     بوومەلەرزەی ڕوویی، دروست دەبێت لە قوڵایی 70 كم.
2.     بوومەلەرزەی مام ناوەنجی، دروستدەبێت لە قوڵایی 70-300كم.
3.     بوومەلەرزەی قوڵایی ، دروستدەبێت لە قوڵایی 300-700كم.
•     توندی بوومەلەرز:
بەشێوەیەكی گشتی توندی بوومەلەرزە بە دوو پێوەر دەپێورێت:
یەكەم: بریتیە لە ((توندی بوومەلەرزە)) و بەوە دەناسرێت كە پێوەرێكی وەصفیە كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی مرۆڤ و ماڵ و بیناكان. ئەم پێوەرە 12 دەرەجەیە. ئەم جۆرە لە بوومەلەرزە لەناوبەرە و هۆكاری گڕكانەكانە و دەركەری پشكۆی ئاگرە لەناخی زەویەوە.
دووەم: هێزی بوومەلەرزەMagnitude پشت دەبەستێتەر سەر بڕی وزەی ئەو هێزانە كە دەبنە هۆی ڕوودانی بوومەلەرزە.ئەم پێوەرە پێوەرێكی زانستیە كە نرخەكەی حسابدەكرێت لە شەپۆلە بوومەلەرزەییەكانەوە كە وێسگەكانی بوومەلەرزەی جیاواز تۆماریان دەكەن.
•     جیاوازی نێوان توندی بوومەلەرزە و هێزی بوومەلەرزە:
هەردوو چەمكی(( توندی و هێزی)) بوومەلەرزە بەكاردێن بۆ زانینی قەبارەی بوومەلەرزە.
توندی بوومەلەرزە: زاراوەیەكە بەكاردێت بۆ پێوانەی ئەو وزەیەی كە لە بوومەلەرزەوە بەرهەم دێت.
هێزی بوومەلەرزە: بەپێوەری ڕێختەر دەپێورێت كە لە 9 پلە پێكدێت.
جیاوازی نێوان توندی و هێزی بوومەلەرزە لەوەدایە كە توندی بوومەلەرزە لە جێگەیەك بۆ جێگەیەكی تر جیاوازە بە دوور و نزیكی بوومەلەرزەكە لە بنكە و چەقی خاڵی دەستپێكی بوومەلەرزەكەوە.بەڵام هێزی بوومەلەرزە لەهەر جێگەیەكدا یەكسانن و بەجیاوازی جێگەكان ناگۆڕێت.
•     زەرەرو وزیانەكانی بوومەلەرزە:
1.     دابەزینی ئاستی زەوی یان كەوتنە خوارەوەی تاشەبەردەكان لەسەر لوتكەی چیاكانەوە یان لەو جێگایانەی كە ئەشكەوت و بۆشاییان تیادایە.
2.     كەوتنەوەی ئاگر.
3.     دروستكردنی شەپۆلە بەهێزەكان وەك تسونامی.
4.     داڕمانی زەوی یان بەرزبونەوەی ئاستی زەوی.
5.     دەرپەڕاندنی یان تەقینی كانیاوی نوێ‌ لە جێگای نوێدا.
•     چۆن خۆدەپارێزرێت لە بوومەلەرزە و زیانەكانی:
3 قۆناغ هەیە كە پێویستە لە هەریەكەیاندا بەشێوازی جیاواز ئامادەسازی بكرێت بۆ خۆپارێزی لە ئاسەوارەكانی بوومەلەرزە كە بریتین لە قۆناغەكانی:
1.     قۆناغی پێش ڕوودانی بوومەلەرزە.
2.     قۆناغی ڕوودانی بوومەلەرزە.
3.     قۆناغی دوای ڕوودانی بوومەلەرزە.
•     بوومەلەرزە بەناوبانگەكانی جیهان:
لەمێژووی گۆی زەوی و مرۆڤایەتیدا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر بوومەلەرزە ڕوویانداوە لەناوچە جیاوازەكانی جیهاندا و بونەتە هۆی كاول و وێرانكردنی شارستانێتیەكان و لەو بوومەلەرزانە:
1.     كۆنترین بوومەلەرزە كە لەجیهاندا ڕوویداوە بوومەلەرزەی شانشی لە وڵاتی چین لە 23/1/1556دا بوە نزیكەی 800هەزار كەسی لەناوبردوە و بە ملیۆنان كەسیشی ئاوارە كردوە.
2.     زیاد لە 35 بومەلەرزەی گەورە ڕوویانداوە لە نێوان ساڵانی 1566 بۆ 2011 كە جیاوازیان هەبوە لە پلە و توندی و بەهێزیاندا لەناوچە جیاوازەكانی جیهاندا.
3.     شەش بوومەلەرزە لە جیهاندا زۆرترین قوربانیان لێكەوتۆتەوە كە بریتین لە:
•     بوومەلەرزەی شانشی لە چین لەساڵی 1556 كە 830هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە.
•     بوومەلەرزەی سیشوان لە چین لە ساڵی 1976 و 242هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە.
•     بوومەلەرزەی زەریای هندی لە ئەندەنوسیا لە ساڵی 2004 و 230هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە.
•     بوومەلەرزەی هایتی لە هایتی لە ساڵی 2010دا و 230 هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە.
•     بوومەلەرزەی حەڵەب لە سوریا لە ساڵی 1138 و 230 هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە.
•     بوومەلەرزەی گاتسۆ لە چین لە ساڵی 1920 و 200هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە.
•     نوێترین بومەلەرزە و تسونامی لە یابان لەساڵی 2011دا بوە كە زەرەروزیانەكانی بریتی بوون لە :
1.     لەدووری 100كم بوە لە نزیك كەناری میجی و 130كم لە ڕۆژهەڵاتی شاری سندای و بەقوڵی 24كم بوە.
2.     پلەكەی 8.9 پلەی ڕێختەر بوە لە بەشی باكوری ڕۆژهەڵاتی یابان ڕوویداوە.
3.     ژمارەیەكی زۆر چالاكی ئابوری پەكخستوە لەناوچە كەناریەكاندا.
4.     بۆتە هۆی ڕوودانی تسونامی.
5.     وێرانكردنی ژمارەیەكی زۆر ماڵ و بینا.
6.     120 هەزار  ماڵ بەتەواوەتی وێران بوون.
7.     278 هەزار ماڵ بە ڕێژەی 50% زیانیان بەركەوتوە.
8.     726هەزار ماڵ بە شێوەیەكی  كەم زیانیان بەركەوتوە.
9.     زیانە ماڵیەكان بە 199ملیار دۆلار خەمڵێنراون.
10.    28500 كەس بێسەروشوێن بوون.
11.    18500 بونەتە قوربانی.
12.    بۆتە هۆی تەقینەوەی 3 كورەی ئەتۆمی و دەرچوونی تیشكە زیانبەخشەكان.
•     لەكۆتایدا، بوومەلەرزە ئەو مۆتەكە و هەڕەشە لەناكاوەیە كە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانن پێشبینی ڕوودانی بكەن و مەترسیەكی گەورەو زیانبەخشێكی مەترسیدارە بۆ سەر تەواوی گۆی  زەوی و مرۆڤایەتی و تەواو دیاردەیەكی سروشتیە وەك لەوەی دەستكردی مرۆڤەكان بێت هەرچەندە هەندێك كار و چالاكی كاریگەریان هەیە لەسەر ڕوودانی. بۆیە گۆی زەوی و مرۆڤایەتی هەمیشە لە بەردەم مەترسیەكانی بوومەلەرزەدان و ناشتوانن خۆی لێبپارێزن و ڕێگریشی لێبكەن بۆیە قەدەر و چارەنوسی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی عفریتدایە . بەو هیوای هەموان پارێزراوبین لە زیانەكانی بوومەلەرزە و كوردستان و تەواوی مرۆڤایەتیش سەلامەت بن.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌