لافاو مەترسیە بەردەوامەكە بۆ سەر شارستانێتی مرۆڤایەتی !

وتار/ 12/08/2021 524 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

لافاو مەترسیە بەردەوامەكە بۆ سەر شارستانێتی مرۆڤایەتی !

نەوزادی موهەندیس

•     گۆی زەوی  و شارستانێتی مرۆڤایەتی بەگشتی لە دەستپێكی مێژوەوە تاكو ئێستا بە بەردەوامی لەبەردەم هەڕەشەی وێرانبوون و تێكدان و لەناوچووندا بوە،هەربۆیە هەمیشە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ژیان و گوزەران و شارستانێتیەكانیش هەمیشە لە دڵەڕاوكێ‌ و مەترسیدا ژیاون و هەر ئەمەش وایكردوە كە پلان و بیری نوێ‌ و داهێنانی پێشكەوتوو وەدیبێنن بۆ بەرەنگاربونەوە و ڕێگریكردن لە مان و بوونی خۆیان و درێژە بەكاروانی پێكەوەنان و بنیاتنان و پێشكەوتن و داهێنانەكانیان بدەن و دەستەوستان دانەنیشن لەبەردەم هەڕەشە و كارەسات و ڕووداو و مەترسیە سروشتی و دەستكردەكانی مرۆڤ خۆشیدا و بەم شێوەیە توانراوە كە بۆ ملیۆنان ساڵ ئەم گۆی زەویە بە ئاوەدانی و گەشەكردوویی بهێڵنەوە.
جا یەكێكێك لەو هەڕەشە و مەترسیە بەردەوامە سروشتیانەی كە بەدرێژایی ساڵ و وەرزەكان لە ناوچە جیاوازەكانی زەویدا دووبارە دەبێتەوە بریتیە لە لافاو. بەشێوەیەك 80-90% لە كارەساتەكان لە 10 ساڵی ڕابووردوودا لە ئەنجامی لافاو و وشكە ساڵی و گێژەڵوكەی كەمەرەیی و شەپۆلی گەرمای توند و گێژەڵوكە توندەكاتەوە بووە.
•     لافاو : بە واتای  ئاوێكی ڕۆیشتوو دێت كە لە وشەی كۆنی ئینگلیزیەوە FLOOD دێت، كە  بریتیە لە كۆبونەوەی بڕێكی گەورە لە ئاو كە زەوی دادەپۆشێت. لافاو زۆر جاران بە توڕەبوونی سروشتیش ناودەبرێت.
•     مێژووی لافاو:
لافاو مێژوویەكی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ لافاوە بەناوبانگەكەی سەردەمی نوح پەیامبەر.
•     هۆكارەكانی ڕوودانی لافاو:
1.     بەزۆری بەهۆی باران بارینی زۆرو بە خوڕەوە دەبێت.كە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە ڕێڕەوە ئاویەكاندا وەك جۆگەلە و ڕووبار و دەریاچەكان.
2.     ڕەنگە بەهۆی دیاردەكانی هەڵكشان و داكشانی ئاوی دەریاو و زەریاكانیشەوە ڕووبدات.
3.     بەرزبونەوەی پلەی گەرمای بەرگە هەوای زەوی لە ئەنجامی گۆڕانی كەشوهەواوە دەبێتە هۆی باران بارینی زۆر و بەخوڕ.
•     لافاو بە گشتی زیانبەخشە و لە كاریگەری  و زیانەكانیشی بریتیە لە :
1.تێكدان و ڕووخاندنی ماڵ و باڵەخانەكان.بەهۆی بەرزی فشارەكەیەوە بەشێوەیەك 1م3 ئاو كێشەكەی دەگاتە 1 تەن كە ئەمەش فشارێكی گەورە دروستدەكات و هەر كەس و بونەوەر و دروستكراوێك لەبەردەمیدا بێت ڕایدەماڵێت.
2. زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێل و دار و درەخت و باخچەكان.
3. زیانگەیاندن بە ڕێگاوبان و پرد و هێڵی شەمەندۆفێر و وێسگەكانی پۆستە و گەیاندن و دامەزراوە و  كارگە پیشەسازیەكان..
4. زیانگەیاندن بە وێسگە و هێڵەكانی كارەبا و تێكدان و هەڵتەكاندنی ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی ئاو.
5. تێكدان و زیانگەیاندنیش بە لەوەڕگا و زەویە كشتوكاڵیەكان و ڕەز و باخ و بێستانەكان.
6. ڕاماڵینی چینی سەرەوەی خاك وزەوی و بەفری سەر چیاكان.
7. داپۆشینی كەنار ئاوەكان بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و دەریاكان.
•     جا لافاویش چەندین جۆری جیاوازی هەیە لەوانە:
1.لافاوی ڕووبارەكان: كە دووجۆری هەیە: لافاوی هێواش كە بەهۆی باران بارینی بەردەوام وبەخوڕی وەرزی و گێژەڵوكەی كەمەرەیی و گڕكان و ڕەشەبا و بارانی گەرما ڕوودەدات .وجۆری دووهەمیش:لافاوی خێرایە و بەهۆی هەورەبروسكە و بارانی زۆر یان دەرچوونی لەناكاو و داڕمانی زەوی و بەفرەوە یان بەنداوەكانەوە ڕوودەدات.
2. ڕێژگەی ڕووبار و لافاوەكان: بەزۆری لە تێكەڵەی هەڵكشانی دەریایی دروست دەبێت بەهۆی ڕەشەباوە،یان گێژەڵوكەی كەمەرەییەوە یان گێژەڵوكەی دەرەوەی كەمەرەیی.
3.لافاوە كەنارییەكان:بەهۆی گێژەڵوكە بەهێزەكانی دەریاوە یان مەترسی تسونامی یان پاڵپێوەنانی گێژەڵوكە یان گێژەڵوكە كەمەرەیی و ناكەمەرەییەكانەوە ڕوودەدات.
4.لافاوە وێرانكەرەكان :بەهۆی ڕووداوێكی گەورەوە وەك داڕمانی بەنداو یان بوومەلەرزە یان تەقینەوە گڕكانیەكانەوە ڕوودەدات.
5.لافاوە لیتەییەكان: لە زەویە كشتوكاڵیەكاندا ڕوودەدات بەهۆی داڕمانی زەویەوە.
6. جۆرەكانی تری لافاو:
•     كاریگەری و ئاسەوارەكانی لافاو: چەند جۆرێك كاریگەری بەجێدێڵێت لەوانە:
1.     ئاسەوارە سەرەتاییەكان : لەناوبردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەك و زیندەوەران و ئاوارەبوون و ڕووخاندنی ماڵ و بینا و ڕێگا و پردەكان و ڕاماڵینی زەوی و ئۆتۆمبێل و تێكدانی ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی دابەشبوونی ئاو و كارەبا و ...هتد.
2.     ئاسەوارە لاوەكیەكان : پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبونەوەی نەخۆشیە گوێزراوەكان و ...هتد.
3.     ئاسەوارە درێژخایەنەكان : لەبواری ئابوری و گەشتیاری و ژێرخان و نۆژەنكردنەوەی بیناو ڕێگاوبانەكان و تۆڕەكانی ئاو و كارەبا و پەیوەندیەكان و كەمبونەوەی خۆراك و بەرزبونەوەی نرخەكان.
•     چۆن كۆنتڕۆڵی لافاوەكان دەكرێت ؟
1.     بەهۆی دروستكردنی بەنداوەكان.
2.     دانانی ڕێگریەكان.
3.     دروستكردنی كۆگاكانی ئاو.
4.     دانانی كیسی خۆڵ و لم و بۆری هەڵگیراو و فووتێكراو.
5.     دروستكردنی دیواری ڕاگر لە كەنار دەریاكان و ڕێگرەكانیش.
6.     ڕواندن و چاندنی دارو درەختی زۆر لە چواردەوری شارەكان و نەبڕینەوەیان.
•     ئەرێ‌ لافاوەكان تەنها زیانیان هەیە ؟ یان سوودیشیان هەیە؟
بەدڵنیاییەوە لافاوەكان سەرەڕای زیانەكانی سوودیشیان هەیە لەوانە:
1.زیادكردنی ئاوی ژێر زەوی.
2.بەپێزكردنی خاك بەدابینكردنی جۆرەها خۆراك بۆی.
3.پێدانی ئاو بەو ناوچانەی كە وشكن و بیابان و ڕووتەنین بەهۆی كەمبارانیەوە.
4.پارێزگاری كردن لە هەمەجۆری بایۆلۆجی دەكات.
•     توندترین لافاوەكان لە جیهاندا:
لە مێژوودا گەلێك جۆر لافاو لە جیهاندا ڕوویانداوە بە بەردەوامی بەڵام هەندێكیان لە ڕادەی توندی و بەهێزی و گەورەیی زیانەكانیاندا بەناوبانگ بوون وەك:
1.     هۆڵەندا ساڵی 1530 .
2.     لافاوەكانی وڵاتی چین لە ساڵانی 1887 و1931 و1935 و 1938 و 1975دا.
3.     تسونامی زەریای هندی ساڵی 2004.
4.     ڤێتنام ساڵی 1971.
5.     بەلجیكا و ئەڵمانیا و سویرسرا لەساڵی 2021دا.
•     چەند نمونەیەكی لافاوەكان و بڕی زیانەكانیان:
لە ساڵی 2020دا:
فلیپین: 2ملیار دۆلار
فەڕەنسا+ئیتالیا: 3.2 ملیار دۆلار
هندستان: 4 ملیار دۆلار
سودان: 3-4ملیار دۆلار
یابان: 8.5 ملیار دۆلار
چین: 12.9 ملیار دۆلار
ئەمریكا: 7.8 ملیار دۆلار
ئەندەنوسیا: 368.64 ملیۆن دۆلار
ساڵی 2021:
گەورەترین لافاو و بەزیانترین لافاو لەسەدەی 21دا لە كیشوەری ئەوروپا و بە دیاریكراویش لە ئەڵمانیادا لە ناوەڕاستی مانگی 7/2021دا ڕوویدا كە لەماوەی 100 ساڵی ڕابووردوودا گەورەترین لافاو بوە و ناویان لێنا لافاوی سەدە یان لافاوی مردن كە تیایدا:
170 كەس مردن.بەسەدان كەس بێسەروشوێن بوون.هەزاران كەس ماڵیان لە دەستدا.دەیان دامەزراوەی ئابوری لەناوچوون.سەدان ڕێگاو بان ڕووخاون. 600كم لەتۆڕی هێڵی شەمەندۆفێر تێكچوون. 20 وێسگەی شەمەندۆفێر نەماون. 140 وێسگەی بەرید و تۆڕی كارەبا و پەیوەندیەكان نەماون. بڕی قەرەبووی زیانەكان 400ملیۆن یۆرۆ بوە بۆ هاوڵاتیان و زیانە گشتیەكانیش بە دەیان ملیار یۆرۆ حسابدەكرێت.

بەم شێوەیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و شارستانێتیە پێشكەوتوەكەی هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و تووڕەبون و خەشمی سروشتدایە و ئەوەی مرۆڤەكان بە دەیان و سەدان ساڵ پێكەوەی دەنێن ئەوا سروشت لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا ژێرەوژووری دەكات و تەختی دەكاتەوە لەگەڵ زەویدا. هەربۆیە پێویستە لەكاتی بیناكردن و ئاوەدانی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا لە دیزاین و پلانەكاندا بەشێوەیەكی ئەندازیاری وورد كۆد و پێوانە ستانداردەكان لە نەخشەكاندا بچەسپێنرێن و حسابی وورد بۆ هەموو مەترسی و ڕووداوە سروشتیە لەناكاوەكان بكرێت بۆئەوەی سەلامەتی  مرۆڤەكان و ئاوەدانی و دەسكەوت و پیشكەوتنەكانی مرۆڤایەتی و تەواوی گۆی زەوی بپارێزرێت و بەكەمترین زیانی گیانی و ماڵی لێی دەربچێت.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌