کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا.. هەستێکی ناخۆش و خوێندنەوەیەکی خێرا

وتار/ 19/05/2017 1159 جار بینراوە

هاوژین عمر كریم

کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا..  هەستێکی ناخۆش و خوێندنەوەیەکی خێرا

هاوژین عمر كریم

کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان موستەفا، ڕووداوێکی ناخهەژێن و هەواڵێکی تاسێنەر بوو لە دوو ڕووەوە، یەکەم؛ کۆچی دوایی ناوبراو، کۆچی دوایی سەرکردەیەکی مەزن و قەڵەمێکی بەبڕشت و پشتیوانێکی گەورەی کەسانی مەدەنی و ئازادیخوازی گەلی کورد بوو، هەروەها کۆچی یەک لە ڕێبەرانی پرۆژەی دژەستەمکاریی و دیکتاتۆرییەت و وەستانەوە بە ڕووی ستەمی بنەماڵەکاندا بووە.
 لە لایەکی دیکەش، کۆچی دوایی بەڕێزیان کەوتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەموان لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بوون کە هاتنەوەی بەڕێزیان ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە بارودۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان و تەمەن ڕێگەی بدات ئەم دۆخە لە جموجوڵ و چارەسەر و یەکلاکردنەوە نزیک بکاتەوە.

هەربۆیە لە ناخی دڵەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بۆ کۆچی دوایی ئەو سەرکردە دیارەی کورد ڕادەگەیەنین و لە خوای گەورە دەخوازین ڕوحی شاد بێت و سەبووریی کەسوکار و بنەماڵە و هاوبیر و هاوڕێبازانیشی بدات.
 (إنا لله وإنا إليه راجعون).

بەندە پێم وایە کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان موستەفا، دەکرێت چەند خوێندنەوەیەکی دیکەش هەڵبگرێت:

یەکەم: کۆچی دوایی بەڕێزیان، هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ تۆخبوونەوە و فراوانبوونی نێوانی هەردوو بەرەی ستەمکاریی و دژەستەمکاریی لە هەرێم، بەو مانایەی لە دوای نەمانی نەوشیروان موستەفا، بیروباوەڕ و پرۆژە و بەرنامە و هەڵوێست و عەزیمەت، لایەنگرانی بەرەکەی ناوبراو کۆدەکەنەوە، نەک کاریگەریی و هەژموونی ڕووحیی کەسایەتییەکان. بەمەش بەرەی مەدەنیەت و دژەستەمکاریی هەرێم زۆر زیاتر قاڵبی دامەزراوەیی و فیکریی بەخۆوە دەبینێت. هەروەک لە غیابی ئەودا، هێزە سیاسییەکانی دیکەش نیازی راستەقینەیان بۆ خۆساغکردنەوە بە لایەکدا دەردەکەوێت، بەتایبەتیش ئەو هێزانەی کە تا ئێستاش نیاز و شوناس و سیاسەتی راستەقینەی خۆیان سەبارەت بەم ململانە سیاسییەی هەرێم ئاشکرا نەکردووە.

دووەم: کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا ڕەنگە بارودۆخی هەرێم لە بەلاکەوتن و یەکلابوونەوە نزیک بکاتەوە، جا بەلای بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و ئازادیخوازاندا بێت، یان بە لای ستەمکار و بەرژەوەندخوازاندا، بەو مانایەی لە غیابی ئەو بەڕێزەدا، نەیارانی پرۆژە و بەرەی دژەتاکڕەویی و ستەمکاریی لە هەرێم، ڕەنگە بە فرسەتی بزانن بە کودەتا بێت یان هەر جۆرێکی دیکە لە جموجوڵی نایاسایی و دوور لە ئەخلاقیاتی سیاسی، بارودۆخی پەرلەمان و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان یەکلایی بکەنەوە.

سێیەم: لە ناخی دڵەوە دەخوازم لە هەموو ئەوانەی هاوبیری نەوشیروان موستەفا بوون لە دژایەتییکردنی ستەم و ئیستیبدادی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بڕوایان بە سیاسەتکردنێکی سەردەمی و مەدەنییانە هەیە، لەمڕۆ بە دواوە لە پاڵ ناوهێنانی چەند کەسایەتییەکی نێو مێژووی هاوچەرخی کورد، ناوی نەوشیروان موستەفا وەک یەک لە سەرکردە دیار و گەورەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد بەرز بکەنەوە، ئەو سەرکردەیەی هەم رۆشنبیر و خاوەن بیر و روئیا و خوێنەوار بوو، هەم سەرکردە و خەباتکارێکی ڕاستەقینەی دژی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر بوو، هەمیش لە قۆناغی دوای رزگاریی کورددا لە کوردستانی باشوور، سەرکردەیەکی کاریگەری بەرەی دژەدیکتاتۆریی و ستەمکاریی دەسەڵاتدارێتیی کورد بوو. زۆرێک لەوانەی لە مێژووی کورددا بە ناهەق وەکو باوک و باپیری کورد ناویان دەبرێت! چارەکی ئەم پیاوە خزمەتیان نەکردووە لە هەموو ڕووەکانی فەرهەنگی و سیاسی و خەباتی چەکدارییەوە.

لە کۆتاییدا، دەبێت دۆست و نەیاری بیرکردنەوە و پرۆژەکانی نەوشیروان موستەفا بۆ سیاسەتکردن و دژایەتییکردنی گەندەڵی و خراپەکاریی لە پرۆسەی دەسەڵاتدارییدا ئەوە بزانن، مەنهەج و بیرکردنەوەی ناوبراو، نەک هەر لای خۆی و بزووتنەوەی گۆڕان بەردەست بوو، بەڵکو ساڵانێکی زۆرە لای هێزگەلێکی دیکە و دامەزراوە و کەسایەتی و نوخبەی دیکەی کۆمەڵگەی کوردیی تەبەننی و مومارەسەکراو بوون، واتە مردن و کۆچی دوایی کەسایەتییەکی کاریگەری وەکو نەوشیروان موستەفا، یان نسکۆی هێزێکی سیاسیی لە قۆناغێکی دیارییکراودا، هەرگیز ناکەنە لاوازبوون و بنەبڕبوونی بیر و مەنهەج و پرۆژەی گۆڕانکاریی و دژایەتییکردنی ستەم و بێدادیی و خراپەکاریی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان. ئەم بابەتە لە بیرەوە بووەتە پرۆژە و لە لایەن هەموو بوێر و دڵسۆز و ئاقڵمەندەکانی ئەم گەلەوە تەبەننی کراوە، نەک پاشکۆ و کۆیلە و بەرژەوەندخوازەکان.

نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌