دیسانەوە هەوڵە نادروستەکانی یەکێتی و پارتی!

وتار/ 24/02/2018 720 جار بینراوە

هاوژین عمر كریم

دیسانەوە هەوڵە نادروستەکانی یەکێتی و پارتی!

هاوژین عومەر

لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ئەمساڵ، دیسانەوە حیزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان کەوتنەوە جموجوڵ و هەوڵە نادروستەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی دەنگدەرانی هەرێم.. ئەمەش بەکارهێنانی دەسەڵات و سامانی گشتییە بۆ بەرژەوەندیی حیزب و سیاسەت و ڕەفتارێکی قێزەون و دواکەوتوانەشە..

ئەگەر سەرنج بدەن، لە ماوەی ڕابردوودا چ یەکێتی و چ پارتی، دوای داخستنی دۆزەخ بۆ دانیشتوانی هەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوودا و سزادانی گشتیی خەڵک و برسییکردنیان و بێمنەتبوون لە داواکارییەکانیان، ئێستا کەوتوونەتە بەخشینەوەی هەندێک ماف و ئیمتیازات بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران. نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەت هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا (بە تایبەتیش قوباد تاڵەبانی)، دوو بڕیاریان داوە، ئەوانیش تاپۆکردنی خانووە بێتاپۆکان و دابەشکردنی هەزارەها پارچە زەوییە بە ناوی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانەوە، دڵنیاشین هەوڵ و جموجوڵی دیکەشیان بەڕێوەیە.

هەرچی تایبەت بە پارتی دیموکراتیشە، ئەویش هەمان کار و جموجوڵی دەست پێکردووە، بۆ نموونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ناوی قەرزی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە (کە من بڕوام بەو سیناریۆیە نییە)، جادەی (١٢٠) مەتریی شاری هەولێریان کردەوە، هەر لەو سەروبەندەشدا ڕێگای نێوان هەولێر ـ موسڵیان کردەوە، لە کاتێکدا لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ڕێگاکانی کەرکوک ــ هەولێر، هەولێر ـ موسڵ، هەولێر ــ مەخموریان داخستووە و خەڵکی ئەو ناوچانەیان دووچاری زەحمەت و نەهامەتیی گەورە کردووە.. هۆکاری کردنەوەی ڕێگای هەولێر ــ موسڵ و نەکردنەوەی ڕێگای کەرکووک ــ هەولێر، ڕەنگە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە پارتی زیاتر گرەوی لەسەر دەنگەکانی دەنگدەرانی کوردی موسڵ بێت، بە پێچەوانەی کەرکووکەوە.

ئەو هەوڵانەی یەکێتی و پارتی لە سەروبەندی هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردندا، گوزارشت لە دواکەوتوویی بیرکردنەوەی سیاسیی ئەو دوو هێزە و ئیفلاسییان دەکەن، ئەوان هەرگیز نەیان توانیوە بە شێوەی ئاسایی و یاسایی بڕوا بە خەڵکی کوردستان بهێنن کە متمانە و شەرعییەتیان پێببەخشنەوە، بەڵکو هەردەم پێش هەڵبژاردنەکان لە ڕێگەی کۆمەڵێک بڕیاری حکومی و بە پەلەپەل و بە ساختەکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بە بەکارهێنانی دەسەڵات و سامانی گشتی، ئەو کارانەیان کردووە.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە دوای ئەو سێ چوار ساڵەی ڕابردوو کە گەورەترین نسکۆ و نەهامەتییان بە سەر ئەم گەلەدا هێنا، خەڵکی ئەم جارە بە هیچ هەوڵێکی ئەو دوو حیزبە نەخەڵەتێن و بە هەر بارێک بووە سزای یەکجارییان بدەن.

نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌