سیاسه‌تی کوردیی و دێوەزمەکانی!

وتار/ 03/09/2018 698 جار بینراوە

هاوژین عمر كریم

سیاسه‌تی کوردیی و دێوەزمەکانی!

هاوژین عومەر کەریم


سیاسه‌ت، لە فەرهەنگ و سەرچاوە زانستییەکاندا، بە واتاى به‌ڕێوه‌بردن و رێكخستنی‌ كاروباری‌ خه‌ڵكی‌، یان هونه‌ری‌ فه‌رمانڕه‌واییكردن دێت. واتا و کردەی‌ سیاسه‌ت له‌ هه‌موو ساتەوەخت و قۆناغە مێژووییەکاندا، له‌وه‌ نه‌ترازاوه‌. ئه‌وه‌ خاوەن پاشخان و ئایدیا‌ جیاوازه‌كانن چەشن و جۆری‌ ئه‌و سیاسه‌تكردنه‌ بڕیار ده‌ده‌ن و دەینەخشێنن.

سیاسه‌ت له‌ دیدی‌ ماكیاڤیللیدا "هونه‌ری‌ مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا" ده‌گه‌یه‌نێت، جا به‌ هه‌ر شێوازێك بووە. له‌ گۆشەنیگای ئیسلامییشەوە، به‌ڕێوه‌بردن و رێكخستنی‌ ژیان و فەزای گشتیی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سەردەمییانە، له‌ پێناسه‌ی‌ ئه‌و زاراوه‌یه‌دا كۆكراونه‌ته‌وه‌.

پایەکانی مۆدیلی‌ سیاسیی‌ مرۆڤدۆستانە و هاوچەرخ، له‌ دوو دانەدا خۆیان دەبیننەوە‌:
یه‌كه‌م: سیاسه‌تكردن بە مانای‌ داهێنان و کێبڕکێکردن دێت له‌ خزمه‌تكردنی‌ خه‌ڵكی‌ و ئاسانكردنى ژیانی ڕۆژانەیان.
دووه‌م: سیاسه‌تكردن سنووری‌ دیارییكراوی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، لێناگەڕێن‌ هه‌موو ژیان داگیر بكات.

له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كاندا، سیاسه‌تكردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، ته‌واو‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و دوو خاڵه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ن. له‌م هه‌رێمه‌ی خۆشماندا، چارەکە سەدەیەکە دەسەڵاتداران، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ ئامانج و پایەکانی حوکمی ڕەشید سیاسەت دەکەن، له‌م هه‌رێمه‌دا چاره‌نووسی‌ هه‌موو كایه‌كانی‌ تر دراونەتە دەستی سیاسەت و خراونەتە گیرفانی‌ سیاسییه‌كانەوە‌. سیاسه‌ت لێره‌ جگه‌ له‌ شوناس، واتاى ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆشی‌ له‌ده‌ست داوه‌، لێرە سیاسه‌تكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی تەسکی‌ حزبی و بنەماڵەیی و، زۆرێک لە سیاسییەکانیش لە کارەکتەرە حیزبییە بێبەهرە و مشەخۆرەکاندا کۆکراونەتەوە.

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ سایه‌ی‌ بیرکردنەوە و ئەزموونى‌ دەسەڵاتدارانیدا، جگه‌ له‌ باس و خواسی‌ سیاسه‌ت و حزبایه‌تی و ململانێى ناشەریفانە لەسەر چنینەوەی پشک و بەشەکان، هیچ باس و خواسێكی‌ تر نییه‌، سیاسه‌ت و حزبایه‌تی‌ گه‌شه‌ی‌ هه‌موو كایه‌كانی‌ ترى ژیانیان وه‌ستاندووه‌، چونكه‌ هه‌موویان وابه‌سته‌ی‌ ئامانجى حزبی‌ و بەرژەوەندیى سیاسیى كراون. لای‌ ئێمه‌ سیاسه‌ت و حزبایه‌تیی‌ سنووربڕن و له‌ بازنه‌ی‌ خۆیان هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دنیاى هاوچەرخدا ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، لای‌ ئێمه‌ بچووكترین ململانێی‌ سیاسیی‌ هه‌موو ژیان ده‌وه‌ستێنێت، لای‌ ئەوانى دى گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ سیاسیی ناتوانێت گه‌شه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ و ڕەوڕەوەى ژیان بووه‌ستێنێت!

سه‌یر له‌وه‌دایه‌، سه‌رانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ پێیانوایه‌ ئەزموونی سیاسیی ئه‌وان مۆدیلێكی‌ سیاسیی‌  سەردەمیی و پێشكه‌وتووخوازانه‌یه‌، ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ ڕاستییە، وڵاتێك ده‌توانێت مۆدیلێكی‌ سیاسیی‌ سه‌ركه‌وتوو پیشكه‌ش بكات و كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌ هەبێت، كه‌ لێگه‌ڕێ‌ هه‌موو كایه‌كان كاری‌ خۆیان به‌ ئازادیی‌ و پیشه‌ییانه‌ بكه‌ن. توركیا و كۆریای‌ باشوور له‌و وڵاتانه‌ن کە ته‌نها به‌ سیاسه‌ت و ئەزموونە سیاسییه‌كانیان پێشنه‌كه‌وتوون، ئه‌وان پێگه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابووریی‌، هونه‌ریی‌، زانستی‌ و ته‌كنه‌لۆژیی‌ و فه‌رهه‌نگییشیان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت درامای‌ ئه‌و سێ‌ وڵاته‌ پانتایى گەورەشیان لە شاشەى میدیاکانى ئێمەدا داگیرکردووە. به‌ڵام له‌م هه‌رێمه‌دا‌، شتانێک کە شانازییان پێوە دەکرا و کرابوونە پێوانەى بوونى حوکمێکی ڕەشید، "دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵات"، "گەشەى ئابووریى" و "باشبوونى گوزەرانى خەڵکى و بەرزبوونەوەى داهاتى تاک" بوون، بەڵام ئەوانیش بێئەنجام و فشەڵ دەرچوون.

كوا بایه‌خ و پێگه‌ی‌ فیكر له‌ وڵاتی‌ ئێمه‌دا؟! كامه‌یه‌ گه‌شه‌ی‌ ئابووریی‌ وڵات؟! كوا پێشكه‌وتنی‌ زانستی و تەکنۆلۆجییمان؟! بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری‌ ئێمه‌ پێش ناكه‌ون؟! ئه‌وانه‌ به‌شی‌ زۆریان په‌یوه‌ندییان به‌ چه‌شنی‌ سیاسه‌تكردنی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و جۆرى بەڕێوەبردنى کۆمەڵگەوە هه‌یه‌. نه‌ك به‌ ته‌نها كێشه‌ و ململانێی‌ سیاسی‌، به‌ڵكو لەم هەرێمە كێشه‌ی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سیاسییش دەکرێتە كێشه‌ی‌ هه‌موو گه‌ل و کاریگەریى نێگەتیڤ له‌سه‌ر کۆی ژیان دروستدەکات.

گه‌ر ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ لە هەموو ڕووەکانى سیاسى، ئابووریى، کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى پێش بخەین، ده‌بێت ده‌ستی‌ سیاسه‌ت و حزبایه‌تییكردن لە دەرەوەى سنوورى خۆیان ببڕین، ئه‌و كایانه‌ی دیکەش شكۆ و بایه‌خی‌ خۆیان په‌یدا بكه‌نه‌وه‌. به‌ده‌ر له‌مه‌، ئێمه‌ نه‌ سیاسه‌تمان سیاسه‌ت و نه‌ حوکمڕانییشمان ڕاشیدانە دەبێت‌، هەروەکو ئێستا، ئۆباڵی‌ ئەو چارەنووسەش،  له‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کلاسیکیی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌دایه‌!

نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌