پێش ئەوەی حوکم بدەن، لە سەرچاوەی هەواڵەکە بڕوانن!

وتار/ 01/08/2019 628 جار بینراوە

هاوژین عمر كریم

پێش ئەوەی حوکم بدەن، لە سەرچاوەی هەواڵەکە بڕوانن!

 
هاوژین عومەر
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دوای ئەوەی لە زیندانی نوگرە سەلمان و گۆڕەبەکۆمەڵەکەی شاری سەماوە گەڕاینەوە، بینیم بە ڕاست و چەپ هێرش کراوەتە سەر بەندە، بە تەنهاش بەندە نەک هیچ یەکێکی دیکە لە هاوەڵ و هاوڕێکانم!
پوختەی تۆمەت و ناوزڕاندنەکانیش ئەوەیە کە گوایە بەندە لە بەردەم ملازمێکی هەرزەکاری عەرەبدا بێهەڵوێست و بێغیرەت وەستاوین.. ئیتر لەوێشەوە بڕۆ بۆ دەیان قسەی کۆمیدیی و ناوزڕاندنی دیکە!
لەسەر ئەم بابەتە چەند خاڵێک دەڵێم:
یەکەم: جارێ سەرلەبەری ڕووداوەکە بەو شێوەیە نەبووە و نییە کە گوایا سووکایەتیی بە ئاڵای کوردستان کرابێت و لە یەخەی تاقانەیەکی ئەنفال کرابێتەوە، تەنها هەڵەتێگەیشتنێک هەبوو و چارەسەر کرا و بەخێریش شکایەوە، هەموو ئامادەبوان لە کەسوکاری قوربانییان و نوێنەرانی سەرۆکایەتیی کۆماریش ئەوەیان دووپات کردەوە. بەڵکو کەسوکاری قوربانییان بە زۆرینەی دەنگ داوایان لە ستافی پارێزگای سەماوە کرد ئەو کوڕە شایانی سزا و لێپرسینەوە نییە!
دووەم: هەندێک برادەر وادەزانن ئێمە لە شەڕەکەڵەشێر، یان شەڕەکەللــە بووین، هەربۆیە ئێمە بە بێغیرەت لەقەڵەم دەدەن، گوایا جووڵەمان نەبووە و پەلاماری گەنجە ملازمەکەمان نەداوە، ئەوان بابەتەکە بە زمانی شەڕی دەستەویەخە ڕاڤە دەکەن. ئێمە و هاوەڵانمان داوای لێبوردنمان بە ملازمەکە کرد، هەروەها بە بەرپرسەکەی کە بەرپرسی پۆلیسی سەماوەش بوو، هەروەها بە پارێزگار و ستافی پارێزگاش، ئێستا دەڵێن گەنجەکە گیراویشە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئێ باشە ئەو چەند کاکەیە بیریان چووە لە خۆیان بپرسن کە ئایا ئەم کارانە لە ئیشی کەسی بێغیرەت دەچن یان نا؟ نەیان زانیوە لەو میانەیەدا غیرەت بریتییە لە بەکارهێنانی ئەقڵ نەک ماسوولکە.. ئەی باشە ئەگەر ئێمە لە بێغیرەتیمانەوە کاردانەوەمان نەبووە، ئەی بێدەنگی و ڕێکوەستانی ئەو هەموو کوڕە گەرمیانییە بەجەرگە تووڕەیە چی؟ ئایا ئەوانیش بێغیرەت بوون؟ یان ڕاستییەکەی ئەوەیە بابەتەکە شایەنی باس نەبوو!! سەیریش لەوەدایە، زۆرێک لەو کەسانەی ئێمەیان بە بێغیرەت لەقەڵەم داوە لە پۆست و کۆمێنتەکانیاندا، خۆیان بە (.....) بەناوبانگن!
سێیەم: ئامانجی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بەو شێوە ناڕێکە، پەیوەندیی بە ڕاستی و ناڕاستییەکەیەوە نەبوو، بەڵکو شەڕێکی سیاسیی هێزێکی خاوەن نفوزە لەگەڵ من و برا و هاوڕێکانم، هەر ماوەیە و سیناریۆیەکمان بۆ دادەتاشن و لە پاڵیشیدا فەرمان بە بەردەستەکانیان دەکەن تەرویجی پێ بدەن. هەربۆیە هەموو ئەوانەی حوکمی نابەجێیان بەسەر ئێمەدا داوە، لە شوێنی رووداوەکە نەبوون تا بزانن چی گوزەراوە، تەنها رەسمێکیان بینیوە، کە میدیایەکی نەوتخۆر بڵاوی کردۆتەوە و فڕێی داوەتە گۆڕەپانەکەوە!
چوارەم: ئێمە وەفدی سەرۆکایەتیی کۆمار بووین، بەرپرسی سەربازیی خۆشمان لەگەڵ بووە، بێچەکیش نەبووین، ئەگەر کارەکە پێویستی بە کاردانەوەی فیزیکی بکردایە، ئەوا پێویستیی بە غیرەت و بێغیرەتیی نە من و نە کەسی دیکە نەدەکرد، ڕێگەچارەی دیکەی ئاسانتر و یاساییتر هەبوو بیگرینە بەر، بەڵکو ئێمە هەر ئەمرێک یان تەلەفونێکمان لەسەر بوو.. پێویستیشمان بەو جۆرە هەڕەشە و فشانەی بەرکامێرای هەندێک کەس نییە، دواتر کە دەتەوێت لە مەوقیفدا بیانبینیت و بە قسەی خۆیان لەگەڵ بکەیت، کەس نازانێت لە کوێ خۆیان حەشار داوە!
پێنجەم: ئەمڕۆ بۆمان دەرکەوت کە لە سنووری شاری سەماوە چەندین گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ هەن، هاوکات پارێزگاری ئەو شارە پێشی ڕاگەیاندین کە سەماوە بەشێکە لە هەرێم، هەروەکو چۆن بەشێکە لە عێراق و هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ خزمەتی پڕۆسەی ئاشکراکردن و هەڵدانەوەی گۆڕەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵکی شاری سەماوە بەوە ناسراون کە لە سەروەختی پڕۆسەکانی ئەنفالدا زۆر هاوکاریی کوردیان کردووە، بگرە تا ئێستاش هەندێک ماڵی کورد لەوێ نیشتەجێن.. جا کە ئەمە ئەسڵی واقیعەکە بێت، چ جوامێریی و پیاوەتییەکە تۆ بچیت سەرباری هەموو ئەو چاکانە، دوو شەق لە سەربازێکی گەنجیان هەڵبدەیت، کە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەت و پاسەوانیی تۆ ناردوویانە؟
شەشەم: هەندێک بەغیرەت لە پۆستەکانیاندا دەڵێن گوایا لە رەسمەکەدا بەندە وا دەرکەوتووم کە زۆر بێدەنگم و هیچ دەستم نەکردۆتەوە و کاردانەوەم نییە، ئەوان لە مەلامیح و ڕوانینەکەی ئێمە تێنەگەیشتوون، کە مەسەلەکە و کەسەکەش لەو ئاستەدا نابینین خۆمانیانی بۆ سەغڵەت بکەین، چ لۆژیکێکە دوو ڕاوێژکار و لیوایەک لەگەڵ کەسێکی ئاسایی بکەونە دەمەدەم و ئاستی خۆیان نزم بکەنەوە.. با ئەو پیاوە بەغیرەتانە سەیری وێنەی دانیشتنیشمان لەگەڵ پارێزگار بکەن، بزانن لەویا چۆنین!!
لە کۆتاییدا، ئامانجی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەوەیە لە زووترین ماوە و بە کاتێکی دیارییکراو، ئەو پڕۆسەیە بگاتە پایان و ڕوفاتەکان بەبێ گرفت و ئاریشە و لە مەراسیمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ناوەوە و دەرەوە، بەرەو زێد و وڵاتی خۆیان بەڕێ بکرێن و سپاردەی خاک بکرێن، دواتریش ئاوڕ لە گۆڕەکانی دیکەش بدرێتەوە.
ئایا کاری نابەرپرسانە لەگەڵ ئەو ئامانجەی سەرەوەدا دێتەوە؟! بێگومان نەخێر. کەواتە ئەسڵی مەسەلەکە چاکە و خراپیی ئێمە نییە، بەڵکو گوێنییەکە لە شوێنێکی دیکەوە کونی تێبووە!

نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌