میدیای‌ كوردی‌ له‌كوێی‌ گۆڕانكاری‌ و پێشهاته‌كاندایه‌ ؟

وتار/ 24/04/2017 643 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

له‌په‌راوێزی‌ یادی‌ 119 ساڵه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردیدا...
میدیای‌ كوردی‌ له‌كوێی‌ گۆڕانكاری‌ و پێشهاته‌كاندایه‌ ؟


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    سه‌ره‌تا ده‌بێت دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێین كه‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ ساڵی‌ 1991ی‌ گه‌له‌كه‌مان و  ئازادبوونی‌ هه‌موان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌هه‌موو بواره‌كاندا ، هه‌ریه‌كه‌ش ده‌ستی‌ دایه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كه‌ حه‌زیپێده‌كرد و له‌ناویشیاندا كاری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ و ڕۆژنامه‌نوسی‌ بره‌وێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی‌ فراوان بۆ خۆناسین  به‌خه‌ڵكی‌ و حیزب و سه‌ركرده‌كانیش،هه‌ربۆیه‌ زۆرێك له‌ گه‌نجان و ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ پێشتریش له‌و بواره‌دا كاریان كردبوو ده‌ستیان دایه‌وه‌ قه‌ڵه‌م و نوسین ،هه‌ربۆیه‌ سه‌رده‌می‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕین سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ بوو كه‌ تاكو ئێستاش به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 26 ساڵ و سه‌رده‌می‌ پێگه‌یاندنی‌ چه‌ندین كادری‌ شاره‌زا و لێهاتووی‌ ئه‌و بواره‌ و كه‌ڵه‌كه‌بوونی‌ ئه‌زموون و شاره‌زایی‌ لای‌ زۆرێكیان.
•    هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نوس و میدیاكارانه‌ی‌ ئێستا كه‌ ناو و ناوبانگێكیان هه‌یه‌ و هه‌یانه‌ بۆته‌ سه‌رنوسه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ و گۆفاری‌ به‌ متمانه‌ و به‌ناوبانگ و پڕ خوێنه‌ر و هه‌شیانه‌ بۆته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگایه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ و میدیای‌ به‌هه‌موو جوره‌كانی‌ (( نوسراو و بینراو و بیستراو و ئه‌لكترۆنیه‌وه‌))، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ژێر پاڵتۆی‌ میدیای‌ حیزبیه‌وه‌ ده‌رچوون و پێگه‌یشتون و پێشكه‌وتون و بونه‌ته‌ كه‌سانی‌ به‌ناوبانگ له‌ دونیای‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردیدا.
•    ئه‌رێ‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ حیزبی‌ زیانی‌ هه‌بوه‌ یان سوود؟
گه‌ر ئێستا ئه‌م پرسیاره‌ له‌ زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌نوسان بكه‌ین،ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت میدیای‌ حیزبی‌ كارێكی‌ نه‌گریس و خراپه‌ و ده‌بێت نه‌مێنێت و لێیدووربكه‌وینه‌وه‌،چونكه‌ ئازادی‌ ڕه‌خنه‌گرتن و نوسینی‌ تیادا نیه‌،و ناتوانرێت به‌ ئاره‌زووی‌ دڵی‌ خۆت تیایدا بنوسیت و  له‌به‌ر زۆری‌ چاودێری‌ و هێڵی‌ سوور.به‌لاَم ئه‌م وه‌لاَمه‌ ناهه‌قیه‌كی‌ زۆری‌ تیادایه‌،چونكه‌ هه‌ر میدیای‌ حیزبی‌ بوو كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ پێگه‌یاندنی‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌كان بوه‌  به‌گه‌نج و به‌ته‌مه‌نه‌كانیشه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌ویش بوه‌ ده‌ست والاَو یارمه‌تی‌ و كۆمه‌كی‌ مادی‌ كردوون و تواناكانی‌ پێشخستون،ڕاسته‌ حیزب ده‌سه‌لاَتداره‌ و له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ر ئه‌و توانیویه‌تی‌ كاری‌ ده‌رچوونی‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان بكات،به‌لاَم له‌وبواره‌شدا زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌نوسانی‌ پێگه‌یاندوه‌ و به‌خه‌ڵكی‌ ناساندوون، ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین كه‌ میدیای‌ حیزبی‌ میدیایه‌كی‌ ئاڕاسته‌كراو و قه‌تیسكراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبه‌كه‌دا و ئه‌م كاره‌ش نامۆ نیه‌ و كارێكی‌ زۆر ئاساییه‌،به‌لاَم هێنده‌ش به‌رته‌سك و داخراو نه‌بوون كه‌ ڕێگه‌ به‌هیچ ڕه‌خنه‌یه‌كی‌ بونیاتنه‌ر نه‌ده‌ن و كه‌موكوڕی‌ حیزب و حكومه‌تیش ده‌رنه‌خه‌ن،به‌ڵكو له‌هه‌ندێك كاتدا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ حیزبی‌ بوه‌ باشتر و بوێرانه‌تر ده‌ستی‌ خستۆته‌ سه‌ر كه‌موكوڕیه‌كان و پیشانیداون و جه‌ماوه‌ری‌ لێبه‌ئاگاهێناونه‌ته‌وه‌ و ڕای‌ گشتیشی‌ له‌سه‌ر بزواندون.
•    ئه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ به‌ناو ئازاد و بێلایه‌ن چیان كردوه‌؟
به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌ڵێن ڕۆژنامه‌ی‌ ئازاد به‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و سایته‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانیشه‌وه‌ هیچكامیان بێلایه‌ن و ئازاد  نین و ناشبن،چونكه‌ له‌لایه‌ك ستاف و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رنوسه‌ره‌كانیان بۆخۆیان كه‌سانی‌ سه‌ر به‌ حیزب و لایه‌ن و ئاڕاسته‌یه‌كی‌ سیاسی‌ دیاریكراون یاخود لایه‌نگری‌ سه‌رمایه‌دارێكن و له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن ئیمتیازه‌كه‌دا ده‌نوسن هه‌ربۆیه‌ چاوپۆشی‌ زۆریش ده‌كه‌ن له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و كه‌موكوڕی‌ له‌ پڕۆژه‌ و كارو و  سه‌رمایه‌گوزاریه‌كه‌یدا، ئه‌وان له‌ پێناو به‌رده‌وامبوونی‌ ڕۆژنامه‌كه‌ یان گۆڤار و سایته‌كه‌یاندا و ده‌ستخستنی‌ پاڵپشتی‌ مادی‌ بۆی‌  هه‌نگاو به‌سه‌ر هه‌موو ئیتیكێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌نێن و له‌پێناو بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند ڕیكلامێكدا هه‌نگاو به‌سه‌ر سه‌دان وتار و ڕه‌خنه‌ی‌ جدیدا ده‌نێن، ئه‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤار و سایتانه‌ ئه‌و وتارانه‌ بڵاوناكه‌نه‌وه‌ كه‌له‌گه‌ڵ بیروڕاو تێڕوانین و سیاسه‌تی‌ خۆیاندا ناگونجێن، هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌یان ڕه‌نگێكی‌ دیاریكراوی‌ بۆخۆی‌ هه‌ڵبژاردوه‌ و  له‌ میدیا حیزبیه‌كان زیاتر داخراوترن و ئازادیه‌كانیان به‌رته‌سك كردۆته‌وه‌.
•    ئایا ڕۆژزنامه‌وانی‌ كوردی‌ له‌ ئێستادا چی‌ خستۆته‌ سه‌ر بنه‌ و بارگه‌ و خه‌رمانی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ دێرین و ڕابووروومان؟
به‌ڕاستی‌ گه‌ر به‌چاوێكی‌ دیقه‌ت و به‌ویژدانه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و بواره‌ی‌ كه‌ له‌ ئێستادا  جمه‌ی‌ دێت و سیخناخ بوه‌ له‌ جۆره‌ها ڕۆژنامه‌ و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و گۆڤار و سایته‌كان،كه‌ هه‌موانیان یان سه‌ر به‌حیزبێكن یان سه‌ر به‌ ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ و كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سیاسین یان سه‌ر به‌ سه‌رمایه‌دارێكی‌ به‌ده‌سه‌لاَتن یان سێبه‌ر و پاشكۆی‌  ئاڕاسته‌یه‌كی‌ دیاریكراون، هیچ كامیان نه‌یاتوانیوه‌ ببنه‌ جێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خوێنه‌ر و ڕۆشنبیران و به‌ده‌لیلی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ ده‌رچوونیان له‌ 5000 هه‌زار ژماره‌ تێپه‌ڕ ناكه‌ن ((گه‌ر كه‌متریش نه‌بن)) كه‌ ئێستاش نه‌گه‌یشتونه‌ته‌  ئاستی‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی‌ حیزبی‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ش هۆكاری‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌:
•     ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن سه‌ره‌تا خۆیان ئه‌هلی‌ قه‌ڵه‌م و نوسین نین و ئه‌زمون و شاره‌زاییه‌ك و پسپۆڕیه‌كیان نیه‌.
•    ئه‌وكاره‌یان كردۆته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ژیان و گوزه‌رانیان نه‌ك حه‌ز و ئاره‌زوو و داهێنان و پسپۆڕبوون.
•    میدیای‌ ئێستا و میدیاكارانیش  له‌ژێر سایه‌ و ناوی‌ میدیای‌ ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و دژ به‌ده‌سه‌لاَتدا  ئه‌وه‌نده‌ی‌ هه‌وڵی‌ ناوزڕاندن و شكاندن و له‌كه‌داركردنی‌ لێپرسراوه‌ حیزبی‌ و سه‌ركرده‌ و  ئه‌وموون و ده‌سه‌لاَته‌كه‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌  ده‌ده‌ن به‌نیه‌تی‌ ته‌شهیركردن و  ناوزڕاندیان نیوهێنده‌ به‌ته‌نگ گه‌شه‌كردنی‌ ئه‌زموون و ئازدیه‌كان و ڕه‌خنه‌گرتن و پێگه‌یاندنی‌ كادری‌ پڕۆفیشناڵه‌وه‌ نین.
•    ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ی‌ كه‌ماوه‌ی‌ 3 ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ ڕووی‌ ڕاسته‌قینه‌ و توانای‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وی‌ زۆرێك له‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار وسایتانه‌ی‌ ده‌رخست كه‌ ته‌نها وه‌ك بوكه‌ڵه‌یه‌ك وابون به‌ده‌ست ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ كه‌ پشتگیریان ده‌كردن و خۆشبه‌ختانه‌  ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌نه‌كانی‌ لێك جودا كردنه‌وه‌ و  به‌هێز و جێگیره‌كانی‌ هێشته‌وه‌ و ئه‌وانی‌ تریشی‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌رگا داخستن و كڵۆمكردنی‌ كردنه‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌ك بازاڕی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ پاككرده‌وه‌، هێشتاش ماوه‌ ئه‌و كاره‌ ته‌واو بكرێت و بگاته‌ ئامانجی‌ كۆتایی‌.
•    ئایا میدیاكان به‌حیزبی‌ و ناحیزبیه‌وه‌ توانیویانه‌ ببنه‌ مینبه‌رێك بۆ ڕه‌خنه‌ی‌ ئازاد و جدی‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیاندا؟.
به‌داخه‌وه‌ كاری‌ ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بۆته‌ پیشه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ لای‌ زۆرێك له‌ نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌وانان،له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واریدا، ئه‌وه‌ی‌ هه‌موان ڕوویانتێكردوه‌ بریتیه‌ له‌ نوسینی‌ وتاری‌ ئاگرین دژی‌ ده‌سه‌لاَت و سیاسی‌ و سه‌ركرده‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ زووترین كات ببنه‌ پاڵه‌وانی‌ سه‌ر ڕووی‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان و ته‌له‌فزیۆن و سایت و ڕادیۆكان،نا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ و دیدو بۆچونێكی‌ زۆر جیاوازیان داهێناوه‌ به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌ر ناوزڕاندن و شكاندن و خۆده‌رخستنی‌ خۆ بوونه‌،چونكه‌ باش ده‌زانن ئه‌و بازاڕه‌ گه‌رمیه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌، ئه‌گینا كوان ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ كه‌ له‌ بواری‌ ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و فه‌رهه‌نگی‌ وژینگه‌یی‌ و  پزیشكی‌ و ئه‌ندازیاری‌ و یاسایی‌ و ..هتد. ده‌ركه‌وتون و قه‌ڵه‌میان خستۆته‌ كار.
ڕاسته‌ كاری‌ ڕه‌خنه‌گرتن ئاسان نیه‌ و كاری‌ هه‌موو كه‌س نیه‌، به‌لاَم خۆ ده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌ 26 ساڵی‌ ئه‌م ئه‌زمونه‌دا به‌نیوهێنده‌ی‌ نوسه‌ری‌ سیاسی‌ و ڕه‌خنه‌گری‌ سیاسی‌ ڕه‌خنه‌گرانی‌ بواره‌كانی‌ تریش ده‌ربكه‌وتنایه‌.كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ خۆ خه‌ریك ده‌كه‌ن به‌ ده‌ستخستنه‌ سه‌ر دیارده‌ دزێوه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و ناوچه‌گه‌رێتی‌ و زیندووكردنه‌وه‌ی‌ عه‌شره‌تچێتی‌ و بره‌ودان به‌دیارده‌ ئاینی‌ و خورافیه‌كان و دیارده‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان، كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ گرنگی‌ ده‌ده‌ن به‌بواره‌كانی‌ ژیان و ژیاندۆستی‌ و ژینگه‌ و ئه‌ندازیاری‌ و په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی‌ نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌.
هه‌ربۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی‌ ئازادیه‌كی‌ تاڕاده‌یه‌ك باش له‌م هه‌رێمه‌داو له‌م سه‌رده‌می‌ جیهانگیری‌ و تۆڕه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كاندا كه‌بونه‌ته‌ مینبه‌رێكی‌ باش و چالاك بۆ هه‌موان بۆ ده‌ربڕینی‌ ڕاوبۆچونه‌كان و ده‌رخستنی‌ زۆرێك له‌ دیارده‌ نه‌شازه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگاو به‌خێرایی‌ بلاَوبونه‌وه‌یان و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ڕای‌ زۆرینه‌یه‌ك له‌سه‌ریان و گه‌یشتنه‌ به‌رده‌م ده‌سه‌لاَتدارانیش به‌ خێرایی‌ و بێ‌ ڕتووش ،سه‌ره‌ڕای‌ زیان و لێكه‌وته‌ خراپه‌كانیشیان، به‌لاَم ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ هێشتا له‌ئاست ئه‌و گۆڕانكاری‌ و پێشهاته‌ نوێیانه‌دا نین كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌گشتی‌ و كورده‌واریش به‌تایبه‌تی‌ چاواڕوانین و و هێشتا به‌شكڵ و مۆدێله‌ كۆنه‌كه‌ی‌ جارانه‌وه‌ كارده‌كه‌ن و هێشتا ده‌زگا و  دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ و گرنگ و پڕۆفیشناڵی‌ نیشتیمانی‌ په‌یدا نه‌بوه‌ كه‌ كار بكات له‌سه‌ر  ڕێكخستن و ئاڕاسته‌كردنی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی‌ پڕۆفیشناڵی‌ و مۆدێرن و سه‌رده‌میانه‌ و ئازاد و لیبڕالاَنه‌ تا بتوانێت میدیای‌ ئازد و بێلایه‌ن بره‌و پێبدات و پاشه‌كشه‌ به‌میدیای‌ حیزبی‌ بكات، هێشتا حیزبایه‌تی‌ و كایه‌ی‌ سیاسی‌ هێنده‌ بره‌ و گرنگیان هه‌یه‌ كه‌ هێشتا كایه‌كانی‌ ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئه‌منی‌ و فه‌رهه‌نگی‌ له‌چاویاندا له‌ئاستێكی‌ نزمدان، هێشتا حیزبایه‌تی‌ ته‌سك بیر و ئه‌ندێشه‌ی‌ زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌وانانی‌ داگیركردوه‌،هێشتا وه‌لائو ئینتیما بۆ حیزب و سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌ له‌ پێش ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیماندان،جا تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌م هه‌موو  ئینتیما نه‌زۆكانه‌ كاڵ ده‌بنه‌وه‌ هیوایه‌ك به‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ په‌یدا نابێت،بۆیه‌ هه‌موان له‌به‌رده‌م ئه‌رك و چاره‌نوسێكی‌ مێژوویداین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕ‌وژنامه‌وانی‌ كوردی‌ ڕزگاربكرێت له‌ و فۆرمه‌ كۆن و ڕزیوه‌ی‌ جاران و ده‌ستبكرێت به‌ هه‌نگاوی‌ نوێ‌ و  له‌یادی‌ 120 ساڵه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردیدا هه‌ق وایه‌ هه‌موان خۆ ڕزگاربكه‌ین و به‌بیروڕاو تێڕوانینێكی‌ نوێوه‌ كایه‌كه‌ بره‌و پێبده‌ینه‌وه‌ و بتوانینرێت ڕۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ بگه‌یه‌نرێته‌ ئاستێكی‌ بالاَتر و پێگه‌یشتووتر كه‌ له‌ ئاست متمانه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌  و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ و پێشهاته‌ نوێكاندا بێت.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌