بە داخەوە بۆ ئەم ڕۆژەی کە پایتەختی تێکەوتووە!

وتار/ 13/04/2017 727 جار بینراوە

هاوژین عمر كریم

شاری قەڵا و منارە و سوڵتان موزەففەر
بە داخەوە بۆ ئەم ڕۆژەی کە پایتەختی تێکەوتووە!

لە سایەی دەسەڵاتی بێباک و نابەرپرسیاری هەرێمی کوردستاندا، شاری خۆشەویستی هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ستەم و ناوزڕاندن دەکرێتەوە، لە خاوەن و دانیشتوانی ڕاستەقینەی خۆی و ناوبانگە ئەسڵییەکانی خۆی دادەڕنرێت و ناوبانگی دیکەی نەگونجاوی بۆ دروست دەکرێت.. لە لایەن میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتەوە، لە شاری سوڵتان موزەففەر و منارەی چۆلی و قەڵاوە، دەکرێتە خاوەن ناوبانگێکی دیکە (چوارەمین مەڵبەندی مەسیحییەت لە جیهاندا). نەک هەر ئەوە، دێن و یەک لە بێئەرزشترین ڕۆژنامەکانی کوردستان بە ناوی (هەولێر)ەوە ناودەنێن و تەشهیر و ناوزڕاندن و شەڕی سیاسیی پێدەکەن!

لە هەڵگری ناوبانگی (دوبەی) و هەروەها پایتەختی کوردستان و پایتەختی گەشتیاریی عەرەبییەوە، دەکرێتە شارێکی پڕ لە چەتە و ڕێگر و پیاوکوژ، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لە نێو دڵی دانیشتوانەکەیدا. بە ئاشکرا هەر ڕۆژە و گرووپێکی ڕێگر و چەکدار، ناسراو و نەناسراو، تیایدا یان مامۆستایەکی ئاینی تیرۆر دەکەن، یان ڕیشی دەسووتێنن، یان ڕۆژنامەنووسێک دەفڕێنن و بە ئازارەوە تیرۆری دەکەن، یان تیایدا بازرگان و دۆلارفرۆش بێسەروشوێن دەکرێن، یان پارێزەرێک بە ڕووداوی گوماناویی گیان لەدەست دەدات، یان لە بازگەکانی، ڕێگریی لە یاساپارێز و نەیارە سیاسییەکان دەکرێت، یان تیایدا سووکایەتی بە کەسێکی وەکو فەرهاد پیرباڵ دەکرێت، وەک نوێترین ئەڵقەی ئەو زنجیرە ڕووداوە، یان میدیای ئازادی تێدا دەمکوت دەکرێت.. هەموو ئەمانەش لەسەر دەستی پیاوانی خاوەن دەسەڵات دەکرێن..

لە هەمووشی سەیرتر، بەڕێوەبەری پۆلیسەکەی، لەبری دەستگیرکردنی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان و ڕەواندنەوەی ترس و گومان لە ناو خەڵکیدا، لە سەرەتاییترین کاردانەوە و لێدوانییدا لەسەر ئەو ڕووداوگەلانە، پێش حوکمی مەحکەمە دەکەوێت و سیناریۆی پێکەنیناویی دەخاتە ڕوو.

بە داخەوە بۆ ئەم ڕۆژەی شاری هەولێری خۆشەویستی تێکەوتووە، ئێمە لە ناخی دڵەوە بیری هەولێری ڕەسەن و ڕاستەقینە دەکەین، هەولێرێکمان دەوێت خاوەنی ناوبانگە ئەسڵی و ڕەسەنەکەی خۆی بێت.. هەولێرێک بە نەریتە جوانەکانیەوە.. هەولێری پڕ لە دەوڵەمەندە خێرخوازەکانی.. پایتەختێک بەبێ بوونی کەسانی لە یاسا دەرچوو.. پایتەختێک کە هەموومان بەبێ جیاوازیی، بێ هیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێیەک، بە بازگەکانیدا تێپەڕ ببین و سەردانی بکەین و لە خواردنگە و چێشتخانە بەناوبانگەکانی وەکو (ئەبو شەهاب) و (کەباب ئاکۆ) و (چایخانەی مەچکۆ) نان و چایەکی بەتامی تێدا بخۆین و بخۆینەوە.. ئێمە زۆر بیری ئەو هەولێرە ڕاستەقینەیە دەکەین.

تکایە هەولێر بدەنەوە دەست خاوەنە ڕاستەقینەکانی خۆی و هیچ خاوەن و ناوبانگ و سیمایەکی ساختە و تەزویری بۆ دروست مەکەن.

نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌