بارزانی ، ئیشی چی بە ڕاپرسیە ؟
وتار/
08/04/2017
1058 جار بینراوە
هۆشیار عەبدوڵڵا
بارزانی ، ئیشی چی بە ڕاپرسیە ؟
هۆشیار عەبدوڵڵا
نەوشیروان مستەفا لە یەکێک لە ئەڵقەکانی ساڵی ۲۰۱۳ ی بەرنامەی ڕوبەرودا باس لەوە ئەکا ، هەر کاتێک پارتی بیەوێت ئەجێندایەکی خۆی جێبەجێبکا، لە ئاستی ناوخۆیی یا دەرەکی کێشە و فەوزایەک ئەنێتەوە کە بەهۆیەوە ئامانجە حزبیەکانی تێئەپەڕێنی . ئەو هەڵایەی بارزانی بە ڕوکەش بە ڕیفراندۆم دروستی کردوە بەشێکە لەو شێوازی کارکردنە.
پلانی بارزانی لە خۆبەخاوەنکردنی ڕیفراندۆم بۆ ئەوە نیە کە بە ئەنجامەکەی دەوڵەت دروست بکات ، بەڵکو پلانی وایە تا کۆتایی ساڵی ۲۰۱۷ جا ریفراندۆمەکە ئەنجامبدات یان نا ، بیکاتە کارتێکی دانوستان بۆ عێراقی دوای داعش ، بەتایبەت کە ئەزانێ، ئەمریکیەکان بە ڕونی وتویانە ((ئێمە لە ئێستادا یەکپارچەی خاکی عێراقمان مەبەستە)) .
بارزانی ئەو ڕیفراندۆمە ، وەک کارتی هەڕەشە ئەیهێڵێتەوە ، بۆ بەردەم ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و هێزە عێراقیەکان بەکاریئەهێنێ بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۱٨ ی پەرلەمانی عێراق ، جارێکی تر سەنگی سیاسی خۆی و حزبەکەی لە ئاستی عێراق بسەپێنێتەوە .
بارزانی دەیەوێت یاریەکی سیاسی ، حزبی تەواو بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە بکات و بیکاتە بەهانەی وەرگرتنی پۆست و پایە لە عێراقدا نەک جیابونەوە لە عێراق .
ئەو باش ئەزانێ کە حزبەکەی لە لاوازترین دۆخدایە لە ناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا ، چەندین پۆستی ئیداری وسەربازی باڵای بەهۆکاری جیا لە دەستداوە، لە ڕوی گوتاری سیاسیەوە کوتلە پەرلەمانیەکەی لە ناو پێنج کوتلە کوردستانیەکان وەتەق و تەنها کەوتوە و لەم خولەدا نەیتوانی وەک خولەکانی پێشو ، نوێنەرایەتی کوردستان قۆرغبکات .
هەوڵدان بۆ لێدان لەو قۆرغکاریەی پارتی کە بەناوی یەکڕیزی کوردەوە لە خولەکانی ڕابردو کردبوی یەکێک بو لە بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نوسەری ئەم دێڕانە کە بە هاوکاری فراکسێۆنەکەی و سێ فراکسێۆنە کوردستانیەکەی تر کاری زۆری بۆکراوە و تاڕدەیەکی باش تیایدا سەرکەوتو بون و لەچەندین هەڵویست و هەنگاودا هاوکێشەی چوار زائید یەکیان دروستکرد ، دوای بەغداد ئەو هاوکێشەیە گوازرایەوە هەرێم و لە هەولێریش بە تایبەت لەناو پەرلەماندا گوتار و دونیابینی سیاسی پارتی بەرامبەر چوار حزبەکە تەنها مایەوە .
ئەوەی باسکرا لە پەیوەست بە بەغدادەوە بو ، بێگومان بارزانی لە ئاستی ناوخۆی هەرێم و دەوڵەتانی دراوسێش ڕیفراندۆم بەکار ئەهێنێ بۆ بەرژەوەندی خۆی و حزبەکەی ، واتا ریفراندۆم جا ئەنجام بدرێت یان نا ، لای بارزانی بۆ زۆر شت دەست ئەدا ،دەوڵەت و سەربەخۆیی نەبێت ، خۆڕا نیە زو زو ئەڵێ ئەنجامیی ئەدەین بەڵام کار بە ئەنجامەکانی ناکەین.
نوێترین نوسینەکانی هۆشیار عەبدوڵڵا
-
هۆشیار عەبدوڵڵا
29/03/2020
-
هۆشیار عەبدوڵڵا
06/11/2019
-
هۆشیار عەبدوڵڵا
08/04/2017
-
هۆشیار عەبدوڵڵا
25/02/2017
-
هۆشیار عەبدوڵڵا
18/01/2017
-
هۆشیار عەبدوڵڵا
21/12/2016