ئەمە خۆئیهانەکردنە بەڕێزان

وتار/ 25/02/2017 1285 جار بینراوە

هۆشیار عەبدوڵڵا

ئەمە خۆئیهانەکردنە بەڕێزان

هەر بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو پڕۆژەی هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، چوار حزبیی تریش بون ، پارتیی هەوڵیدا کێشەکە لە کێشەیەکی یاسایی و پەرلەمانیەوە بگۆڕێ بۆ کێشەیەکی حزبیی نێوان گۆڕان و خۆی ، بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو بۆ لەبیر بردنەوەی فەزیحەی پۆستەکەی کاک مەسعود ئەوەی کرد ، بەداخەوە ئەو کاتەش وئێستاش بەشێک لەو حزبانە(هەمویان نا) هاوئاوازی پارتیی کێشەکە بە کێشەی نێوان گۆڕان و پارتیی لەقەڵەمیی دەدەن و هاوکاری پارتیان کرد لەوەی کێشە یاساییەکەی کورسیەکەی کاک مەسعود و ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنیی دەسەڵات بە سیاسیی بکەن و کورتی بکەنەوە بۆ کێشەی دولایەنی سیاسیی .

ئەو لایەنە سیاسیانەی کە ڕاستگۆبونیی گۆڕان لەسەر درێژنەکردنەوە بو بارزانیی و ئەنجام نەدانیی ۳۰ حوزەیرانێکی تر نانرخێنن و دەرکردنیی گۆڕان لە پەرلەمان و حکومەت لە لایەکەوە بە شکست بۆ گۆڕان دەزانن و لەلایەکی ترەوە کێشەکان قەتیس دەکەن لە ململانێی دو حزب و خۆیان بە فریادڕەس لەقەڵەم دەدەن ، با وەڵامیی دو پرسیاری ڕەوا بدەنەوە ؛

یەک ؛ ئایا مانەوەی ئەوان لە حکومەتیی هەرێمیی پاش ئینقیلاب و داننانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە کاک مەسعود وەک سەرۆکی هەرێم ، کوێی سەرکەوتنە و چ دەسەکەوتێکی بۆ خەڵک تێدا بوە ،موچەیان باشکردوە ؟ داهاتی نەوتیان ئاشکرا کردوە؟! کارەبایان باشکردوە؟ خزمەگوزاریان زیاد کردوه ؟! کە ئەمانەیان نەکردوه باشە نەیان دەتوانیی هەرنا لانیکەم وەک ئەو سەردەمەی گۆڕان لە حکومەتدا بوو موچەی تەواو بدەن و سیستمیی بێ مەعنای پاشەکەوت دانەهێنن و لە چارەنوس و سیاسەتی داهاتی نەوتدا بێدەنگیی هەڵنەبژێرن ؟! ، ئاخر کە گۆڕان ڕۆیشتە حکومەتەوە ، وەزارەتی دارایی کابینەی پێشوو کە لای یەکێتی بوو ، دو مانگ موچەی فەرمانبەران قەرزار بوو ، کە بە کودەتاش گۆڕان دەرکرا ، هەر دومانگ قەرزار بوو ، لە غیابیی گۆڕاندا موچە فرسەتیی لێهێنرا کە نەدرێت یان بەنیوە ناچڵ بکرێت کە گەورەترین تاوان و بەدکاری بوو دەرحەق بە خەڵکیی هەرێم کرا و ژیانی خەڵکی بە تەواوی بەرەو خراپ گۆڕی ، ئەو لایەنانەی ناو حکومەت باس لە کام شکستی گۆڕان و کامە سەرکەوتنەی خۆیان دەکەن لەناو حکومەت و پرۆسەی سیاسیدا ؟! ئایا هەر ئەوەندەی کودەتاکە لەوانەوە دور بوە بە سەرکەوتنیی دەزانن بۆ خۆیان ؟! با بۆمان ڕون بکەنەوە باس لە کام دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆخۆیان دەکەن؟

بۆ ئەوەی وەڵامێکی ئەوەش بدەمەوە کە ئەڵێن ئەی گۆڕان بۆ سەرەڕای دەرکردنیی ، وەزیرەکانی ئیستیقالەیان نەکردوە ، ئەگەرچیی من هەر لەئەساسەوە دژی بەشداریکردنی گۆڕان بوم لە حکومەت و پاش ئینقیلابەکەش لەگەڵ هاتنەدەرەوەی دەستبەجێ بووم و تا ئەم لەحزەیەش ئەو قەناعەتەم هەیە، بەڵام لەوەشیانا ڕاستیەکی تاڵ هەیە ، لەلایەکەوە بەشداری ئێمە خێر و مەکرەمەی پارتیی نیە تا بهێڵین وەزارەت وپۆستەکانمان بە ئارەزوی خۆی ببەخشێتەوە ، لە لایەکی ترەوە لە گەرمەی ئەو کاتەی ئێمە دەرکرابوین حزب هەبوو وەزارەتی نوێیان وەردەگرت و ئاڵوگۆڕی بە وەزارەتەکانیی دەکرد و جێگری سەرۆکی حکومەتیش داوای ئەکرد لامان ئاسایی بێت مەلەفیی وەزارەتی دارایی ئەو وەریبگرێت و وەریشی گرت ، قسەکه ئەوەیە ئەو ڕەخنەیە هێندەی چاو بڕینە پۆستەکانیی گۆڕانە بۆ ئەوە نیە بڵێن فەرموو با پێکەوە لەو حکوومەتە ئینقیلاب بەسەرداکراوە بکشێینەوە .

دو ؛ ئەو حزبانەی کە باس لەوە دەکەن کێشەکانیی هەرێم کێشەی نێوان پارتیی و گۆڕانن ، بزانن یان نەزانن ، پێیان خۆش بێت یان نا ، لەگەڵ ڕێزی زۆرمدا بۆیان ،جیا لە پاکانە بۆ پارتیی ئیهانەیەکی گەورەی خۆیان دەکەن ، ئیهانەی حەجم وسەنگیی خۆیان ، ئیهانەی پڕۆژە یاساکانیان بۆ گۆڕینی سیستمیی سیاسی دەکەن ، چونکە ڕیک وەک ئەوە وایە بەزمانیی حاڵ بڵێن؛(( ڕاستە ئێمەش پڕۆژەمان بۆ کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشکرد ، پارتیی باشیی کرد هەمو بەزمەکەی بە هیی گۆڕان زانیی ، چونکە فعلەن ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت ئێمە کوا ئەهلی ئەو جۆرە پڕۆژانەین و لە کوێ زاتمان هەیە ململانێی لەو شێوەیەی پارتیی بکەین کە بگاتە باسکردنیی کورسیەکەی بارزانیی؟! بە کورتیەکەی دەڵێن جگە لە گۆڕان حسابێکی ئەوتۆ بۆ ئێمە ناکات ، بۆیە لەکۆی پێنج لایەن کە داوای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیمان کردبوو ، پارتیی هەر گۆڕانی کردە ئامانج)).

بەشێک لەو لایەنە خاوەن پڕۆژانە ،هەر بەزویی ئەو بۆچونەی سەرەوەیان سەلماند چونکە دوای کودەتاکەی پارتیی پاشەکشەیان کرد و دەریانخست بە پشت و ئازایەتیی گۆران ئەو بەردەیان هەڵگرتوە ، لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە هەن کاک مەسعود لەسەر حەق دەبینن و تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی سەرۆکایەتی پەرلەمان ، هەشە داوا دەکات گۆڕان و پارتیی گوێ لە ئامۆژگاریەکانی بگرن و خۆی کردۆتە ناوبژیوانی یاریەک کە بە هەموو پێوەرێک تا دوێنێ خۆی بە هێڵی هێرشبردنی لایەک دەزانی بۆسەر لاکەی دیکە ، پرسیارەکە ئەوەیە ، ئایا کێشەی سیستمیی سیاسیی و سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان و داهاتیی نەوت و موچەیی فەرمانبەران و غەڕقبونی هەریم لە شکست وجەهلیی ساسیی و ئیداری و ئابوریدا ، بۆ بەس تەنێ کێشەی نێوان گۆڕان و پارتیە ؟!

ئەگەر هەر بە جدیی تەنها بزوتنەوەی گۆڕان وەک جەمسەرێکی ئەو ململانێ سیاسیە دەبینن لە دژی سیاسەتەکانیی پارتی ، ئەوە شەرەفێکی گەورەیە ، حەقە وایە برۆن دۆخێک بخوڵقێنن بە دڵیی پارتی بێت بۆ کاک مەسعودی دێژ بکەنەوە جارێکی تر و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بگۆڕن، ئێوە ڕێکبکەون و ئیعلانیی بکەن ، گۆڕان نابێتە کێشە با بەتەنها گورگ بیخوات .

هۆشیار عەبدوڵا
هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان

نوێترین نوسینەکانی هۆشیار عەبدوڵڵا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌