مامۆستایانی ئاینی، تکایە ڕەچاوی باری دەروونیی هاووڵاتیان بکەن!

وتار/ 01/04/2017 691 جار بینراوە

هاوژین عمر كریم

مامۆستایانی ئاینی، تکایە ڕەچاوی باری دەروونیی هاووڵاتیان بکەن!
هاوژین عومەر

هاووڵاتیانی کۆمەڵگەی ئێمە، هەموو کەسانی تێکشکاو و دڵتەنگ و شەکەت و خەمۆکن، ئەم دڵتەنگییە نەک بە ڕەنگ و ڕوویانەوە دیارە بە تەنها، بەڵکو لە جۆری خۆگۆڕین و پۆشاکیشیاندا ڕەنگی داوەتەوە. زۆرێک لەو دیاردانەش بە هۆی بارودۆخی پڕ لە قەیرانی هەرێمی کوردستانەوە سەریان هەڵداوە، هەندێکی دیکەشیان بۆ ناڕێکی لە پەروەردەی خێزانی و قوتابخانە و تەنانەت پەروەردەی ئاینی و گوتاری بەشێکی دیار لە واعیز و کارەکتەرە ئاینییەکانیش دەگەڕێنەوە.
بەدەر لە هەر هۆکارێکی دیکە، لێرەدا دەمەوێت سەرنجێک سەبارەت بە گوتاری بەشێک لە مامۆستایانی ئاینیی بەڕێز بخەمە ڕوو. لێرە و لەوێ، لە وتارەکانی هەینی و دیدار و بەرنامەکانی ڕادیۆ و تیڤییەکاندا، بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی، دوور لە هەر شارەزایی و ئاگاییەک لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی ڕووداوەکان و باری دەروونیی تاکەکان و دەرهاویشتەی قسەکانیان، ڕا و تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوەکان و دەقە پیرۆزەکان دەخەنە ڕوو.
ئەو بەڕێزانە زۆرجار بە هۆی تێگەیشتنی نازانستیی و ڕووکەشیانەی خۆیان بۆ دەقێکی پیرۆز، یان بە هۆی پاشخانی کۆمەڵایەتیی و ناوچەییان، یان تازەپێگەیشتوویی و نەبوونی ئەزموونی زۆریان، یان وەرگرتنی ڕای مەزهەبێکی دیارییکراو لەسەر حسابی کۆی ئیسلام و هتد، لە وتارەکانیاندا گرفتی گەورەی دەروونیی بۆ نوێژخوێن و مسوڵمانان دروست دەکەن و دەیان خەنە قەیرانی دەروونییەوە. بۆ نموونە، جارێک سەیران و گەشتکردن لە دڵی مسوڵماناندا نابوت دەکەن، جارێکیش بە ڕەهایی بەرهەم و بابەتە هونەرییەکانی نێو میدیاکان سووک و ڕیسوا دەکەن، وا دەکەن مسوڵمان کاتێک گەشت و سەیران دەکات، یان بەشێک لە کاتەکانی بە سەیرکردنی بڕگەیەکی هونەرییەوە بەسەر دەبات، خۆی بە گوناهبار و سەرپێچیکار لە فەرمانی خوای گەورە بزانێت و بەو هۆیەشەوە هەمیشە دڵتەنگ و غەمبار بێت.. زۆرجاریش بەهۆی باسکردنی نازانستییانەی قیامەت و نیشانەکانیەوە، ڕۆژی دوایی وەکو فیلمێکی خەیاڵاویی و ناخۆشی هیندیی وێنا دەکەن.
خولاسەی کەلام، نازانم بۆ بەشێک لەو مامۆستا بەڕێزانە لە دروستکردنی بارودۆخی دەروونیی ئاڵۆز بۆ مسوڵمانان و دروستکردنی فشار لە سەریان و هاوارکردن بە سەریاندا، چێژ وەردەگرن؟! لە کاتێکدا ئیسلام فەرمانی بە پێچەوانەکەی کردووە.
ئیسلام فەرمانی کردووە تاکی مسوڵمان لەسەر ڕەهەندە ئیجابییەکانی ژیان پەروەردە بکرێت نەک بە پێچەوانەوە، بۆ ئەوەی کارەکتەرێکی ئیجابی و گەشبین بێت لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا، بە زمانی ماف قسەی لەگەڵ بکرێت نەک حەڵاڵ و حەرامی موجەڕڕەد، فێری ڕۆشنبیریی ژیان بکرێت بەر لە ڕۆشنبیریی مردن و شەهادەت، فێری زەردەخەنە بکرێت نەک ڕقلێبوونەوە و داخراویی، لە پێشدا نیعمەت و چێژەکانی بەهەشتی بۆ باس بکرێن، نەک سزا و ناڕەحەتییەکانی دۆزەخ.
لە یەکێک لە مزگەوتەکاندا، ئامێری فێنککەرەوەکە لە هاویندا لە کار دەکەوێت، مامۆستای مزگەوتیش ئەوە بە فرسەت دەزانێت تا بیکاتە بابەتی وتارەکەی، بە نوێژخوێنان دەڵێت: بەو گەرما و ئارەقکردنەوەیەتاندا، بیر لە گەرما و ئاگری دۆزەخ بکەنەوە و پەندی لێ وەربگرن. مسوڵمانێکیش لێی ڕاست دەبێتەوە و پێی دەڵێت: مامۆستا گیان، جەنابت فێنكکەرەوەکە چاک بکەرەوە با فێنکمان بێتەوە، ئەوسا بەوەش نیعمەت و خۆشییەکانی بەهەشتمان بیر بخەرەوە! ئەم ڕووداوە بەڵگە و گوزارشتی تەواوە لەوەی لە نێوان بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی و وەرگرەکانیاندا دەگوزەرێت.
ئیسلام بۆ چاکەی هەموو مرۆڤایەتی هاتووە، نەک تەنها بۆ مسوڵمان، پڕە لە گەوهەری جوان و بنەما و بەرچاوڕوونیی بۆ خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی مرۆڤەکان، پڕە لە سۆز و بەزەیی و ئاسانکاریی و لێبوردەیی، ناکرێت گوتاری ئاینی پێچەوانەی ئەم بەهایانە دەرهاویشتەی لێ بکەوێتەوە.
مامۆستایانی ئاینی بۆ تێگەیشتنی قوڵتر و زانستییانەتر لە دەقەکان، پێویستیان بەوە هەیە نووسینی بیرمەندە گەورەکانی ئیسلام بخوێننەوە و تەنها ئیکتیفا نەکەن بەوەی وەکو زانیاریی موجەڕڕەد لە کتێب و سەرچاوەکاندا هاتووە و بە تێگەیشتنی سنوورداری خۆیان لێکیان بدەنەوە و ڕاڤەیان بکەن. ناکرێت لەم هەموو بارودۆخە ناهەموارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییەدا، ئەمانیش بێ گوێدانە هیچ بنەمایەک، بە ناوی ڕێنمایی ئاینییەوە، هێندەی تر باری دەروونیی مسوڵمانان ئاڵۆز و ناخۆش بکەن و ئیسلام وەکو سەرچاوەی نائارامیی دەروونی و سترێس و خەمۆکی بناسێنن و هەر لەم دنیایەدا ژیانیان لێ بکەنە دۆزەخ.
تێبینی:
ئەم سەرنج و ڕەخنانەم ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایانی ئاینیی نەکراون، بەڵکو سوپاس بۆ خوا، ژمارەیەکی زۆر لەوان تەجاوەزی ئەو حاڵەتەیان کردووە.

نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌