ڕاپرسیەكەی 16ی نیسانی توركیاو پێشبینیەكان..
وتار/
28/03/2017
661 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ڕاپرسیەكەی 16ی نیسانی توركیاو پێشبینیەكان..
نەوزادی موهەندیس
• لەو
كاتەوەی كە حیزبی ئاك پارتی (( پارتی عەدالەت و گەشەپێدانی )) توركیا بە سەرۆكایەتی
ئەردۆگان لەساڵی 2002وە هاتۆتە سەر حوكم و دەسەڵاتی گرتۆتە دەست تا ئێستاش ماوەی
نزیكەی 15 ساڵی ڕێكە بەتەنها بەردەوامە كە
ئەمە بۆخۆی لە مێژووی سیاسی توركیادا دیاردەیەكی دەگمەنە كە حیزبێك بتوانێت بەتەنها
بەبێ ئیئتیلافكردنی لەگەڵ حیزبەكانی تردا ماوەی 15 ساڵ بەردەوام بێت،هەر بۆخۆی ئەم
دیاردەیە لەلایەك نیشانەی سەركەوتن و ڕاست ودروستی سیاسەت و بەرنامەی ئاكەپە دەردەخات
كە بۆتە جێگەی متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی توركیا و لەهەمان كاتیش و لەلایەكی ترەوە
بۆتە هۆی دروستبوونی غرورو و خۆ بەزل زانین و هەنگاونان بەرە و تاكڕەوی و حسابنەكردن
بۆ هێز و پارت و سەركردەكانی تری توركیا و ئەم هەنگاوەش بۆخۆی زیاتر سەردەكێشێت بەرەو
نەمان و بچوكبونەوە و دەركردنی ئاكەپە لە دەسەڵاتدا لە ئایندەدا.
• ئاكاپە
و سەركردایەتیەكەی لە پێنج هەڵبژاردنی گشتی پەڕلەمانیدا زۆرینەی دەنگەكانی گەلی
توركیای بەدەست دەهێنا و لە پەڕلەماندا هەمیشە زۆرینەی بێ ڕكابەر بوە و هیچ كات پێویستی
بە دروستكردنی حكومەتی ئیئتیلافی نەبوە ، تەنها لە هەڵبژاردنی 6ی حوزەیرانی 2015دا
نەبێت كە دەنگەكانی كەمی كرد و پێویستی بە هاوبەشیكردنی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بوو هەربۆیە
حكومەتێكی كار بەڕێكەری پێكهێنا بەڵام هەرزوو كەوتە خۆ بۆ گۆڕینەوەی ئەو شكستە بەسەركەوتنێكی
گەورەتر و توانی ڕێژەی 48ر49% ی دەنگەكان وەدەستبهێنێت و 317 كورسی پەڕلەمان مسۆگەر
بكات دوای ئەوەی كە لەهەڵبژاردنی پێشووتردا تەنها 258 كورسی بەدەستهێنا. ئیدی لەدوای
هەڵبژاردنی 1ی نۆڤەمبەری ساڵی 2015وە ئەردۆگان و حیزبەكەی كەوتنە خۆ بۆ گۆڕینی سیستەمی
حوكمڕانی لە توركیادا لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی بەوێنەی ئەمریكا و فەڕەنسا كە
سەرۆك دەسەڵاتێكی فراوانی هەیە. ئەردۆگان هەموو ڕێگە و تولە ڕێگاكانیشی گرتە بەر بۆ
ئەوەی بتوانێت ئەو نیەت و پیلانەی كە هەیەتی سەربگرێت لە پەڕلەماندا، بەڵام بەبێ
نەرمی نواندن و تەنازولكردن بۆ سەركردە و یەكێك
لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆی نەدەچوە سەر چونكە هیچ كام لە حیزبەكانی (( جەهەپە و مەهەپە
و هەدەپە)) ڕازینەبوون بە هەمواركردنەوەی دەستوری و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەبەرژەوەندی
ئاكاپە و بەتایبەتیش ئەردۆگاندا.هەربۆیە ئەرۆدگان كەوتە تەنازولكردن بۆ حیزبی نەتەوەیی
توندڕەوی توركیا بەسەرۆكایەتی (( دەوڵەت باخچەلی)) كە دوژمنی سەرەكی مەسەلەی كورد
و كوردستان و هەموو نەتەوەكانی تری دەرەوەی نەتەوەی توركە و توانی لێكتێگەیشتن و لێكنزیكبونەوە
دروست بكەن ،بەوەی كە مەهەپە داواكاری كرد كە دەبێت بڕیاری لەسێدارەدان لە توركیادا
زیندوبكرێتەوە و و كاری پێبكرێت وتەنهاش بۆئەوەی
عەبدوڵائۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسێدارە بدرێت و هەندێك ڕێكەوتنی
ژێربەژێری تریش لەنێوانیاندا ڕوویدا،لەبەرامبەریشدا مەهەپە ڕازیبوو كە لە پەڕلەماندا
دەنگ بە بەرژەوەندی هەمواركردنەوەی 18 مادەی دەستوری بدات كەهەموانیان لەبەرژەوەندی
پاوانكردن و فراوانبوونی دەسەڵاتی سەرۆكی كۆمار دەبێت و سیستەمەكە لە پەڕلەمانیەوە
دەگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی كە لە ماوەی 94 ساڵی
تەمەنی توركیای نوێدا بەو شێوەیە بوە. ئێستا هەوەس و ئارەزوەكانی ئەردۆگان هەموو ئەو
مێژووە دەسڕێتەوە لە پێناو خواست و ئاواتە كەسیەكانی خۆیدا.
• ئەوەبوولە
پەڕلەمانی توركیادا و دوای زیاتر لە 20 ڕۆژ گفتوگۆی توندتێژ و شەڕ و پەلاماردانی پەڕلەمانتارانی
ناڕازی لە 20/1/2017دا پەڕلەمان پڕۆژەی هەمواركردنەوەی دەستوری پەسەندكرد و لە
10/2/2017شدا ئەردۆگان وەك سەرۆك كۆماری توركیا هەمواركردنەوەكەی پەسەندكرد و ڕۆژی
16 نیسانی داهاتووش دیاریكرا بۆ چێكردنی ڕاپرسی گشتی گەلانی توركیا لەسەر هەمواركردنەكە.هەربۆیە ئەم ڕاپرسیە خاڵی وەرچەرخانێكی مێژووی و گرنگ دەبێت
لە مێژووی دەوڵەت و حوكمڕانی توركیادا ، چونكە لەدوای پەسەندكردن یان ڕەتكردنەوەی
هەمواردرنەكە نە توركیا وەك جاران دەمێنێتەوە و نە حیزب و گەلانی توركیاش وەك پێشتر
هەڵوێستیان دەبێت.
• جا
زۆرێك پێشبینی و گریمانە هەیە بۆ ئەنجامەكانی ئەو ڕاپرسیە،لەوانەش ،ئەگەر ڕاپرسیەكە
زۆرینەی دەنگی ((بەڵێ )) ی مسۆگەر كرد بە ڕێژەی 51% ئەوا ئەم پێشبینیانە سەردەكەون و دەبنە ئەمری واقیع و هەموانیش
پابەند دەكات كە پێوەی پابەندبن و ڕێزی ڕای زۆرینەش بگرن لەوانە:
1. توركیا
لە وڵاتێكی دیموكراسیەوە هەنگاو بەرەو تاكڕەوی تاك حیزب و تاك سەركردە دەنێت و مێژووی تاڵ و ڕەشی سەردەمی ئەتاتورك وەبیردێنێتەوە
بەڵام بە بەرگێكی ئیسلامیانەی ئیخوانیانەی ئەردۆگانەوە.
2. ئەردۆگان
دەبێتە تاكە پیاوی بەدەسەڵات لە توركیادا چونكە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای خۆی كۆ دەبێتەوە
و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر كابینەی حكومەت دەبێت
(( چونكە پۆستی سەرۆكی حكومەت نامێنێت و سەرۆك دەبێتە سەرۆكی كابینەی حكومەت)) و
دادوەری (( دەسەڵاتی دانانی دادوەر و داواكاری گشتی و لابردنیشیانی دەبێت)) و سەربازی
(( دەسەڵاتی خانەنشینكردن و دوورخستنەوە و دانانی كەسانی نوێ و مەرسومی كۆماری بۆ
پلە سەربازیەكان دەبێت و دەسەڵاتی دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەربازی و نەتەوەیشی
دەبێت)) و یاسادانانیشدا (( دەتوانێت كە پڕۆژە
یاسای نوێ پێشنیاز بكات و پڕۆژە یاساكانیش
ڕەتبكاتەوە و پەڕلەمانیش هەڵبوەشێنێتەوە)), بەم شێوەیە ئەردۆگان خەونە نەزۆك و ڕزیوەكەی
دێتە دی بە زیندووكردنەوەی سەردەمی دەسەڵاتی
زێڕینی سوڵتانەكانی عوسمانی سەدەكانی ناوەڕاست و دەبێتە سوڵتانێكی مۆدێرنی سەدەی بیست
و یەك.
3. توركیا
هەنگاو بەرەو لێكترازانی ڕیزەكانی گەل و سوپا و ڕێكخراوە مەدەنیەكان و تەواوی چین
و توێژەكانی كۆمەڵگەی توركی دەنێت و درزێكی گەورەتر دەخاتە ناو لاشەی پێكهاتەی
توركیاو توركیایەكی یەك و یەكگرتوو نامێنێتەوە بەتایبەتیش كەسەرەتای ئەو درزتێبونە
لە ئەنجامی كودەتا سەرنەكەوتوەكەی 15 تەموزی ساڵی 2016 وە سەریهەڵدا. كە لە ئەنجامی
سیاسەتی ڕەشبەگیری ئەرۆگان و حیزبەكەیەوە بە هەزاران كەسی مەدەنی لە دادوەر و مامۆستا
و مامۆستای زانكۆ و كرێكار و سەربازیش لە
جەنەڕاڵەكاندا گیران و خرانە زیندانەوە و لەسەر وەزیفەكانیان دەركران و دوورخرانەوە
و چەندین خوێندنگە و زانكۆكانی بەناو سەر بەڕەوتی گوڵەنیەكان داخران و چەندین ڕۆژنامە
و سایت و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ داخران و چەندین ڕۆژنامەنوسی دیار و بەناوبانگ
دەستگیركران.
4. ئاكاپە
سیاسەتە توندڕەوەكانی خۆی زیاتر دەردەخات وەك ڕێكخراوێكی ئیسلامی سەلەفی ئیخوانی
توندڕەو وەكو نمونەی ئیخوانەكانی میسر كە تەنها ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتدا
و ئەنجامیش شكستیان دووریەوە.
5. ڕەنگە
ئاكاپە و ئەردۆگان لەگەڵ مەسەلەی كورددا توندتربن و بەهیچ شێوەكیش دەست نەدەنەوە پڕۆسەی ئاشتەوای كە وەكو تەكتیك
دەستیان پیًكرد، بەڵام دووریش نیە لە پێگەی
دەسەڵات و بەهێزیەوە ئاكاپە و ئەردۆگان هەندێك داواكاری كورد دانپیادا بنێن بۆ هێوركردنەوەی
دۆخی شڵەژاوی توركیا و كورد هێمن بكەنەوە و هاو سەرۆكەكانی هەدەپەش و سەرۆك شارەوانیەكان
و ئەندام پەڕلەمانەكانیش و لایەنگرانیان لە
زیندان ئازادبكەن و بەمەرجی خۆیان دەستبكەنەوە بە پڕۆسەی ئاشتەوایی.
6. توركیا هەنگاوە دژەكانی بەرامبەر وڵاتانی ناوچەكە لە ئێران و سوریا و عێراق و میسر و ..هتد. توند
دەكاتەوە بە بەرژەوەندی هێڵی سونەكانی عەرەب لە سعودیە و قەتەر و...هتد.
7. بەرامبەر
ئەوروپیەكانیش توندتر دەبێت بەهۆی ئەو دژایەتیەی ئەوروپیەكان بەگشتی و بەتایبەتیش
(( ئەڵمانیا و هۆڵەندا و دانیمارك و بەلچیكا و فەڕەنسا و سوید و سیوسرا و ..هتد))
دژ بەهەڵمەتەكانی ئەردۆگان و ئاكاپە بۆ كۆبونەوە و هەڵمەتی كۆكردنەوەی دەنگی ((بەڵێ )) بۆ ڕاپرسیەكە.كە ڕێگەیان نەدا نە بە
ئەردۆگان و نە بەسەرۆك وەزیران و وەزیر و ئەندام پەڕلەمانەكانی تورك كە بەشداری كۆبونەوە
جەماوەریەكان بكەن لەو وڵاتانەدا.تەنانەت وەزیرەكانی توركیان دەستگیر دەكرد و فڕۆكەكانیان
دەگێڕانەوە .
8. ڕەنگە
ئەرۆدگان و ئاكاپە دوای بێهیوابونیان لە بون بە ئەندام لە یەكێتی ئەورپادا كە ماوەی زیاد لە 50 ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن ڕووبكەنەوە بنچینە ڕۆژهەڵاتی و ئیسلامیەكەیان لە كیشوەری
ئاسیادا و هاوپەیمانی نوێ لەگەڵ ڕوسیا وچین
و وڵاتانی بەزمان توركی سۆڤێەتی جاران و دروست بكات.
9. گەر
بڕوانینە دوایین هەڵبژاردنەكانی توركیا و ئەنجامی دەنگەكان ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێت بلێێن
ڕاپرسیەكە سەركەوتن بەدەست دێنێت و (( بەڵێ )) وەردەگرێت. چونكە لەو هەڵبژاردنەدا ئاكاپە ڕێژەی 48ر49% ی دەنگەكانی وەدەستهێناو
317 كورسی بردەوە و هاوپەیمانكەی ئێستاشی
(( مەهەپە)) ڕێژەی 90ر11% دەنگەكانی وەدەستهێناو 40 كورسی بردەوە و بەم شێوەیە بێت
ئەوا كۆی دەنگەكانی ئاكاپە و مەهەپە دەگاتە ڕێژەی 38ر61% ی دەنگدەران كە زۆر زیاترە لە ڕێژەی زۆرینەی سادە كە بریتیە
لە ڕێژەی 51% كە پێویستە بۆ پەسەندكردنی هەر ڕاپرسیەكی جەماوەری،چونكە پارتەكانی جەهەپە ڕێژەی 31ر25% و 134 كورسی وەدەستهێناو
هەدەپەش ڕێژەی 75ر10% و 59 كورسی وەدەستهێنا و لەبەرامبەر ئاكاپە و مەهەپەدا دەبنە
كەمینە. بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كە دوای كودەتاكەی 15 تەموزی 2016 ئەوا هەموو هاوكێشەكان
و هاوسەنگی هێزەكان گۆڕدراوە لەناوخۆ و دەرەوەی توركیاشدا، بۆیە لەكاتی سەرنەكەوتن
و وەدستنەهێنانی متمانەی جەماوەری توركیا بۆ ڕاپرسیەكە و سەركەوتنی دەنگی ناڕازیەكان
(( نا)) بۆ ڕاپرسیەكە ،ئەوا كۆمەڵێك پێشبینی و گریمانەی تر دێنە بوون ،لەوانەش:
1.زیندەبەچاڵبوونی خەونە زڕەكانی ئەردۆگان لەبوون
بەسەرۆك كۆمارێكی بەدەسەڵات و بەهێز بۆماوەی 10 ساڵی تر و تا ساڵی 2029،و بەمەش ئەردۆگان
توشی شۆك و هێستریا دەبێت و سیاسەتێكی زۆر توند و شڵەژاو و ناجێگیر دەستپێدەكات دژی
هەموان تا ئەوكاتەی لەدەسەڵاتدا بێت تاساڵی 2019.
2. هێندەی تر دیموكراسیەت و ئازادیەكان بەرتەسك
دەبنەوە و ئاكاپە و ئەرۆدگان دەبنە دوژمنی هەموان و هێندەی تر دژی فەتۆچیەكان و پەكەكە
و كورد توندتر دەبێت.
3.توركیا هەنگاو بەرەو ئیرهاب بوونی زیاتر دەنێت
و پشتیوانی لە تیرۆریستان و تیرۆری دەوڵەت و ڕێكخراو دەكات.
4.دەبێتە هۆكاری نانەوەی ئاژاوە و پشێوی زیاتر
لەناوچەكەدا و بە باش و بەخراپ ڕێگە نادات ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا و عێراقدا جێگیر
ببێت بەبێ پاراستنی مافەكانی توركیا و بەدەستهێنانی دەسكەوتی سیاسی و ئابوری گەورە.
5. ڕەنگە بەناچاری و لە پێگەی بێهێزیەوە پڕۆسەی
ئاشتەوای لەگەڵ كورداندا دەستپێبكاتەوە وەك
تاكتیك نەك ستراتیژ و لەگەڵ ئەوروپیەكانیشدا خاوتر ببێتەوە و بیەوێت ئەمریكاو ڕوسیاش
لە سیاسەتەكانی ڕازی بكات و بەناچاری دان بنێت بەمافەكانی كورد لە سوریا و عێراق و
لەناو توركیاشدا.
• بەم
شێوەیە ئەم ڕاپرسیە دوو لایەنەیە و هەركامێكیشیان سەركەوتوو بێت تەنها بەقازانجی ئەردۆگان
و ئاك پارتی تەواو دەبێت نەك توركیا و گەلانی توركیا. هەربۆیە لەو پێشبینیانە و ڕاپرسیانەی
كە تائێستا كراون ئەوە دەردەخەن كە ئەنجامەكانی بە (( نا )) زیاترە وەك ئەوەی لەلایەن
سەنتەری یۆرۆ ئاسیاوە ئەنجامدراوە لە ماوەی 18-22/3/2017 لە 26 پارێزگا و قەزا و
ناحیەی توركیادا و دەریدەخات كە بەڕێژەی 53ر55% بە(( نا ))دەنگ دەدەن و بەڕێژەی
53ر44% بە ((بەڵێ)) دەنگ دەدەن. تەنانەت ڕێژەیەكی بەرچاو لە لایەنگرانی ئاكاپە و
مەهەپەش ڕازینین بەو هەمواركردنی دەستور و گۆڕینی ئەو سیستەمی حوكمڕانیەی توركیا هەربۆیە
ئەم هەوڵەی ئەردۆگان ناحەز و دوژمنی زۆری هەیە لەناوخۆی ئاكاپە و مەهەپە و هەردوو
حیزبەكانی جەهەپە و هەدەپە و لایەنگرانی فەتوحوڵا گولەن و كورد و ئەرمەن و كەمە نەتەوەیەكانی
تر و لەدەرەوەی توركیاش هەموو وڵاتانی دیموكراسیخواز و ئازادیخواز دژین،هەربۆیە ئەوانە
هەموو لەلایەك بە (( نا )) دەنگ دەدەن و لەلایەكی تریشەوە لە كاتی گریمانەی سەركەوتنی دەنگی(( بەڵێ )) شدا دژایەتی زیاتری
توركیا دەكەن و پەیوەندیەكانیشیان ساردوسڕتر دەبێت.توركیاش دەبێتە وڵاتێكی بێزراو
و چارەنوس نادیار و بەرەو هەڵدێر و لێكهەڵوەشان و دووركەرتبوونی زیاتر دەچێت لەسەر
هەموو ئاستە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی و ..هتد.
لە ئێستادا كە كەمتر لە 20 ڕۆژی ماوە بۆ چێكردنی ڕاپرسیەكە
،ئەم ڕاپرسیە تەواو مەترسیدارە بۆ سەر ئایندەی توركیا ، هەربۆیە بەهەموو پێودانەكان گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا لە پەڕلەمانیەوە بۆ
سەرۆكایەتی دەبێتە مایەی بەدبەختی بۆ توركیا و گەلەكەی و هەنگاو نان بەرەو دیكتاتۆریەتی
حیزبی و تاكە كەسی و لەگۆڕنانی دیموكراسیەت و ئازادیەكان و بۆ كوردیش هێندەی تر بە
زیان و سەركوتكردن و كوشتوبڕین و پێشێلكردنی مافەكان دەشكێتەوە،بەڵام خۆشبەختانە زۆرینەی
گەلانی توركیا و ناوچەكە و دونیاش لەبەرامبەر سیاسەتە هەڵە و پەشۆكاویەكانی توركیا
و ئەردۆگاندا بەرچاو ڕوون و دژایەتی توندی دەكەن و ئەگەری سەرنەكەوتنی ڕاپرسیەكە و پەسەند نەكردنی زۆر گەورەیە و بەهیوای ئەوەی
ئەم جارە دەنگی (( نا)) كان زاڵتر و تۆختر بێت بەسەر دەنگی (( بەڵێ))كاندا لە پێناو
پاراستنی ئاشتی و ئارامی و دیموكراسیەت و ئازادیەكانی گەلانی توركیا و ناوچەكە و
دونیاشدا، چونكە توركیا و پێگە جیۆسیاسیەكەی گرنگیەكی گەورە و كاریگەری هەیە بە
باش یان خراپ لەسەر تەواوی ناوچەكە و دونیاش.
[email protected]
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021