وتەکانی هەڵەدنی و دڵشاد شەعبان گوزارشت لە چی دەکەن؟!
وتار/
26/03/2017
1294 جار بینراوە
هاوژین عمر كریم
وتەکانی هەڵەدنی و دڵشاد شەعبان گوزارشت لە چی دەکەن؟!
هاوژین عومەر
بەدەر لە ڕاستی و دروستیی ئەو ئامارانەی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و
ئەندازەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکانی دەخرێنە ڕوو، بەتایبەت لە
لێدوان و وتەکانی هەریەک لە بەڕێزان ئەبوبەکر هەڵەدنی و دڵشاد شەعبان، خودی
ئەو مشتومڕەی لە نێوان ئەو دوو پەرلەمانتارەدا دروست بووە، دەرهاویشتەی
دۆخێکی دیکەیە و گوزارشت لە چەند ڕاستی و هەقیقەتێکی دیکە دەکات، کە بەشێکی
زۆری ئەو ڕاستییانەش مەرج نییە پەیوەندییان بە ئەسڵی بابەتی ورووژێنراوەوە
هەبێت..
بە ڕای بەندە، بەشێک لەو ڕاستییانەش کە ئەم جۆرانە لە مشتومڕ و وەڵام و وەڵامکاریی گوزارشتیان لێدەکەن، بریتین لە:
یەکەم: ئەگەر گریمان هەڵەدنی ئامار و دیدگاکانیشی هیچ ڕاست نەبن، خۆ
لەوەدا ڕاست دەکات کە هەر تاکێکی دانیشتووی زۆنی ئەملا لە ناخەوە ئەو
هەستەی لەلا دروست بووە، کە نە بڕیاری سیاسی لە لای ئەمە و نە داهاتی وڵات و
نە هیچ خێر و بێرێکی دیکەی هەرێمیش سوود و خێریان بۆ ئەم نەبووە، بەڵکو
هەریەک لە دانیشتوانی ئەم زۆنە پێیان وایە ئەو کوردستانەی پارتی دیموکرات
بانگەشەی سەربەخۆیی پێوە دەکات، تەنها نەهامەتی و قوربانییدانەکەی بۆ ئەم
بەشەی هەرێم بووە، هاوبەشبوون و سوودمەندبوونی بنەماڵەیەک، یان گرووپێکی
سیاسیی ئەملا لە داهاتی نەوت، مانای سوودمەندبوونی هەموو تاکێکی زۆنی سەوز
ناگەیەنێت لە خێر و بێری ئەم ناوچەیە.. پاشانیش کامە بڕیاری سیاسی و
ستراتیجیی ئەم هەرێمە ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕە سیاسییەکانی حیزب و ڕێکخراو و
تاکەکانی نێو ئەم زۆنەیە؟!
دووەم: ئەم مشتومڕە بەرئەنجامی ئەو
ڕەفتار و سیاسەتە ماڵوێرانکەرەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە بە داخەوە
بریتی بووە لە تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان نەتەوە و
پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێم و عێراقیش بەتایبەت، ئەوەش بە تەنها لە پێناو
بەرژەوەندیی و ئامانجی حیزبی و سیاسیی بەرتەسکدا..
ئایا پێداگیرییە
گوماناوییەکانی پارتی و پێچوپەنا ئینتیخابییەکانی نین وایان کردووە تاک
تاکی وڵات و زۆربەی هێزە سیاسییەکان و تەنانەت زۆرێک لە تورکمان و مەسیحییە
ڕەسەنەکانیش بۆ خۆیان، سەرنجی زۆریان لەسەر ڕێژە و ئاڕاستەی سیاسیی زۆرێک
لە نوێنەرانی پێکهاتە و کۆتاکانی ناو پەرلەمان بۆ دروست ببێت؟! ئایا
دروستبوونی بەدگومانی لە نێوان هێزە سیاسییەکان و ژمارەیەک لە پێکهاتەکان
هەر لە ئەستۆی هەڵەدنی و هاوشێوەکانین، یان بە پێچەوانەوە؟! لەمێژە خەڵکانی
دڵسۆزی ئەم هەرێمە هۆشیارییان لەوبارەیەوە داوە، کە ئەگەر دۆخەکە بەم
شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت، بێمتمانەیی گەورە لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و
ئاینییەکانی هەرێم دروست دەبێت، ئەویش لە سایەی سیاسەتەکانی پارتیدا.
سێیەم: ئەگەر وتەکانی دڵشاد شەعبان ڕاست بن کە (٦۸%)ی نەوتی هەرێم هی
هەولێر و دهۆکن و هەناردە دەکرێن، ئەوە زۆر ڕاستترە کە هاووڵاتیانی زۆنی
ئەملا لە سایەی سیاسەتەکانی حیزبەکەی جەنابیان و هاوبەشەکانیدا، بایی ئەو
(۳۲%)ـەی خۆشیان سوودمەند نەبوون.. ئەمە جگە لەوەی ڕێژەکە زۆر بێت یان کەم،
داهاتەکەی هەر بۆ ئەو گرووپە مافیائاسایانە بووە، کە دەسەڵاتی کوردستانیان
قۆرخ کردووە. خستنەڕووی ئامار بۆ وڵاتێک دروستە کە یاسا و دەستوور و بەها و
ئەخلاقی سیاسیی تێدا سەروەر بێت، نەک پێچەوانەکانیان.
چوارەم:
پاشانیش تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارانێکی وەکو هەڵەدنی و سۆران عومەر و
غەیری ئەوانیش بە توندڕەویی و داعشبوون و شوبهاندنیان بە تیرۆستانی وەکو
ئەبوبەکر بەغدادیی و ناپاککردنیان بەوەی دژی بەرژەوەندیی کوردستانن، بە
تەنهاش لە پای خستنەڕووی چەند دیدگایەکی سیاسی و داکۆکییکردن لە مافی
هاووڵاتیان، گوزارشتی سەددەرسەدە لەو ئیفلاسە سیاسی و لەو بێئیتیکییەی لە
مامەڵەی سیاسییدا کەسانی وەکو دڵشاد شەعبان مومارەسەی دەکەن.. کەی ئەوە
دروستە لە پای هەڵوێستی سیاسیی ڕۆژانەدا، جارێک بەرانبەر و نەیارەکانت
بکەیتە هێمای تیرۆر و توندڕەویی و جارێکی دیکەش بیانکەیتە هێمای ئاشتی و
ئارامی و پێکەوەژیان؟!
ترسناکیی ئەو جۆرە لە پرۆژەی سیاسی و لە
مامەڵە و کاردانەوە سیاسی و حیزبییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندام
و کادیرانیان، لەوەدا دەردەکەوێت کە تەنانەت کەسانی نوخبە و هۆشیار و
بیرفراوانی کۆمەڵگەشیان ناچار بەوە کردووە هەندێکجار پەنا بۆ گوتاری
ناوچەیی بەرن، ئەویش تەنها لە پێناو ڕزگاربوون لەو قەیرانە گەورانەی بۆ
خەڵکی کوردستان دروست کراون و ئەم جۆرە هێزانە لێیان بەرپرسیارن..
کاتێک دەبێت قسە لە هەستیاریی و ئاساییبوونی وتە و لێدوانەکان بکرێت، کە
بارودۆخی گشتی ئاسایی بێت، وەگەرنا لە دۆخێکی ئاڵۆز و نائاسایی وەکو ئەوەی
لە هەرێمدا بەرپایە، پەنابردن بۆ ئەو جۆرە لێدوانانەی هەڵەدنی و غەیری
ئەویش، کارێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراون.
نوێترین نوسینەکانی هاوژین عمر كریم
-
هاوژین عمر كریم
01/08/2019
-
هاوژین عمر كریم
04/02/2019
-
هاوژین عمر كریم
03/09/2018
-
هاوژین عمر كریم
23/04/2018
-
هاوژین عمر كریم
24/02/2018
-
هاوژین عمر كریم
10/09/2017