قه‌رزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌نێوان ڕاستی‌ و چاوبه‌سته‌كیدا!!!

وتار/ 07/03/2017 750 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

قه‌رزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌نێوان ڕاستی‌ و چاوبه‌سته‌كیدا!!!
 
•    حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ هیچ كات باسی‌ له‌ قه‌رزداری‌ نه‌كردوه‌ تا سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2014 به‌دواوه‌ و ئه‌وكاته‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ به‌غداده‌وه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ بریتی‌ بوو 17% بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق بڕدرا و ئیدی‌ له‌وكاته‌وه‌ تاكوئێستا ماوه‌ی‌ 3 ساڵی‌ ڕێكه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕووبه‌ڕووی‌ قه‌یرانێكی‌ ئابوری‌ و دارایی‌ توند بۆته‌وه‌.و تائێستاش هیچ پلانێكی‌ ڕوونی‌ زانستی‌ و واقعی‌ نیه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ و كاریگه‌ریه‌ زۆر خراپه‌كانی‌. هه‌ربۆیه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ بۆ چه‌ند ساڵێكی‌ داهاتووش درێژه‌ بكێشێت.


•    حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌بیانوی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ هه‌ستا به‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ كوردستان به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ و بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی‌ به‌غداد له‌ 20/6/2015دا به‌و هیوایه‌ی‌ له‌لایه‌ك قه‌یرانی‌ دارایی‌ پێچاره‌سه‌ر بكات و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ گه‌ره‌كێتی‌ داهاتی‌ نه‌وت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و قازانجی‌ نوخبه‌یه‌كی‌ ده‌ستڕۆیشتووی‌ ناو حكومه‌ت و كابینه‌ی‌ هه‌شت بگێرێته‌وه‌  دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ میله‌ت،ئه‌م كاره‌شی‌ ته‌نها و ته‌نها له‌ ژێر فشاری‌ حكومه‌تی‌ توركیادا ئه‌نجامدا و به‌شێوه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی‌ 50 ساڵه‌ی‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت و ڕێكه‌وتنێكی‌ 26 ساڵه‌شی‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی‌ غازی‌ سروشتی‌ له‌گه‌ڵ توركیادا واژۆكردوه‌. به‌لاَم چونكه‌ پڕۆسه‌كه‌ نیه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خزمه‌تكردن و خۆشگوزه‌رانكردنی‌ هاولاَتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌بوو،خۆشبه‌ختانه‌ زه‌ره‌روزویانه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هێنده‌ گه‌وره‌بوون كه‌ خه‌ریكه‌ سه‌ری‌ خاوه‌نه‌كه‌شی‌ ده‌خوات، هه‌مووشی‌ به‌هۆی‌ نه‌زانین و به‌هه‌ڵه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ هاوكێشه‌ ئابوریه‌كانی‌ دونیا و بازاڕه‌كانی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ و بێئاگاییان له‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ناوچه‌یی‌ و دواتریش فریوخواردنیان به‌ده‌ستی‌ دوژمنانی‌ نه‌ته‌وه‌ و میله‌ته‌كان له‌م هه‌رێمه‌دا ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی‌ توركی‌ فاشیزم و خوێنه‌خۆری‌ سه‌ری‌ كوردانه‌.


•    هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ پێناو ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تریش خۆی‌  ڕزگاربكاته‌وه‌،كه‌وته‌ هه‌ڵپه‌ی‌ هێنانی‌ كۆمپانیای‌ زۆر و زه‌وه‌ندی‌ ناوچه‌یی‌ و دونیاش كه‌ زیاد له‌ 50 كۆمپانیا ده‌بن و سه‌رزه‌مین و ژێرزه‌مینی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ به‌خشیه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا(( 28 بلۆكی‌ نه‌وتی‌ ))  و به‌ نیازیشه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا (( 20 بلۆكی‌ نه‌وتی‌ تر بداته‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان)) به‌ناوی‌ ((گرێبه‌ستی‌ شه‌راكه‌ته‌وه‌))(( 42 گرێبه‌ست له‌ ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2002 تا 2011)) و نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ ئه‌م هه‌رێم و میله‌ته‌ی‌ تالاَنفرۆش و هه‌ڕاج كرد له‌ بازاڕه‌كانی‌ دونیادا و به‌شێوه‌یه‌ك هه‌میشه‌ نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌ 10 دۆلار كه‌متر ده‌فرۆشرێت له‌ بازاڕه‌كانی‌ دونیادا،ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و تانه‌ و سكالاَ و ناڕه‌زاییانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌لایه‌ك و كۆمپانیاكانیش له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌به‌ر به‌هه‌ده‌ردان و به‌ قاچاغ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ عێراق و نه‌دانی‌ موسته‌حه‌قاته‌ داراییه‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌، تازه‌ به‌تازه‌ و دوای‌ زیاتر له‌ 10ساڵ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ وا هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم به‌جێدێڵێت چونكه‌ كاركردن له‌ بوار و كه‌رتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمدا به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا به‌قازانج نیه‌ به‌تایبه‌تیش دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی‌ و به‌رتیل وه‌رگرتن و شه‌ریك دروستبوونه‌ بۆیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَتدارانی‌ ئه‌و كه‌رته‌وه‌.


•    هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌وته‌ قه‌رز وه‌رگرتنی‌ پێشه‌كی‌ له‌و كۆمپانیایانه‌ و به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێدان كه‌ به‌نه‌وت ده‌یانداته‌وه‌،به‌لاَم ئه‌م حكومه‌ته‌ بێئاگایه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ جیهانی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت ،هیچ كات پێشبینی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ نه‌كردبوو له‌ 115 دۆلاره‌وه‌ له‌مانگی‌ 6/2014دا بۆ  25 دۆلار له‌ مانگی‌ 11/2015دا كه‌ زیاتر له‌ 70% نرخه‌كانی‌ دابه‌زی‌، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌یخواست ده‌ستی‌ بكه‌وێت له‌و نرخه‌ به‌رزانه‌ی‌ نه‌وت دوور له‌ داهات و ده‌سه‌لاَتی‌ عێراق بۆی‌ نه‌چوه‌ سه‌ر و كه‌وته‌ ژێر باری‌ قه‌رزێكی‌ گه‌وره‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا و بۆ 10ی‌ ساڵی‌ ئاینده‌ش ناتوانێت بیانداته‌وه‌.


•    لێره‌دا پرسێارێك دروست ده‌بێت ،كه‌ ئایا حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ڕاستی‌ قه‌رزاره‌ یان چاوبه‌سته‌كی‌ له‌ میله‌ته‌كه‌مان ده‌كات؟ ئایا قه‌رز وه‌رگرتن كارێكی‌ ئاساییه‌ یان دژاور و كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌؟هه‌رێم چۆن ده‌كه‌وێته‌ ژێر باری‌ لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌وه‌؟


به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ ناشه‌فافیه‌ت و تاریكاندن و شاردنه‌وه‌ی‌ ڕاستیه‌كان و ئامار و زانیاریه‌كان ده‌رباره‌ی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان و چۆنێتی‌ فرۆشتن و هێنانه‌وه‌ی‌ داهاته‌كان و دواتریش خه‌رجكردنه‌كانی‌، ته‌واوی‌ پڕۆسه‌ی‌ ده‌رهێنان و فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم كه‌وتۆته‌ ژێر پرسیارگه‌لێكی‌ گه‌وره‌وه‌ و هه‌موانی‌ توشی‌ شۆك و دڵه‌ڕاوكێ‌ كردوه‌ بۆ ئاینده‌ و هه‌موانیشی‌ توشی‌ گومان و دوودڵی‌ كردوه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاَت و نوخبه‌ی‌ ده‌ستڕۆیشتوی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت و ئه‌و ئامار و ڕاپۆرتانه‌ی‌ كه‌ بلاَوی‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌،هه‌میشه‌ شاردنه‌وه‌ و پێنه‌دانی‌ زانیاری‌ ڕاست و دروست گومان و دڵكرمێبوونی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ،ئه‌گه‌رنا هیچ كات زه‌ره‌رمه‌ندبون له‌ بارزگارنی‌ و به‌هه‌ڵه‌داچوون گوناهێگی‌ لێخۆشنه‌بوو نه‌بون له‌ دونیای‌ سیاسه‌ت و ئیداره‌ی‌ ولاَته‌كاندا، به‌لاَم له‌م هه‌رێمدا وه‌ك ته‌واوی‌ پڕۆسه‌كه‌ نادیاره‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ زیانی‌ گه‌وره‌ و كه‌وتنه‌ ژێر باری‌ قه‌رزێكی‌ زۆره‌وه‌ی‌  لێكه‌وتۆته‌وه‌ و نه‌وته‌كه‌ی‌ خۆمان بۆته‌ ده‌رد و هه‌موانی‌ توشی‌ نه‌خۆشی‌ و برسێتی‌ كردوه‌ ،كه‌چی‌ هێشتا ده‌سه‌لاَت دان به‌ ناهه‌قی‌ و هه‌ڵه‌ و ته‌نانه‌ت تاوانه‌كانی‌ خۆشیدا نانێت به‌رامبه‌ر تاك به‌تاك و خێزان به‌خێزانی‌ ئه‌م میله‌ته‌دا، له‌كاتێكدا هه‌موان خواستمان بوه‌ و به‌ خۆشی‌ بێت و به‌نابه‌دڵیش  بوبێت له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ خۆماندا بوین له‌ پێناو بون به‌ نیعمه‌تێكی‌ نه‌بڕاوه‌ بۆمان،به‌لاَم له‌ ئێستادا باس ده‌كرێت كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ نزیكه‌ی‌ 27 ملیار دۆلار قه‌رزاری‌ كۆمپانیا ده‌ره‌كی‌ و ناوخۆییه‌كانه‌،  و له‌ 21/2/2017شدا ڕێكه‌وتنێكی‌ نوێی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌(( ڕوسنه‌فت))دا كردوه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ بڕی‌ 3 ملیار دۆلاری‌ تر  به‌و نیازه‌ی‌ به‌نه‌وت بیداته‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ 3-5 ساڵی‌ ئاینده‌دا كه‌واته‌ بڕی‌ قه‌رزه‌كه‌ بۆته‌ 30 ملیار دۆلاری‌ ته‌واو.كه‌ گه‌ر وه‌ك ڕاگه‌یه‌نراوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ وا ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ كورستان بۆته‌ 5ملیۆن و 760 هه‌زار كه‌س، ئه‌وا ئه‌و بڕه‌ قه‌رزه‌ گه‌ر دابه‌شی‌ بكه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و 5ملیۆن كه‌سه‌ ئه‌وا هه‌ر تاكێك بڕی‌ 6000 دۆلار قه‌رزار ده‌بێت، ئایا ئه‌مه‌ له‌ پێناو چیدا ؟ له‌كاتێكدا گه‌ر ڕۆژانه‌ 500هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیش فرۆشرابێت ئه‌وا مانگانه‌ ده‌كاته‌ 15 ملیۆن به‌رمیل و له‌ ساڵێكیشدا ده‌كاته‌ 180 ملیۆن به‌رمیل كه‌ گه‌ر كه‌مترین نرخیشی‌ بۆ دابنرێت به‌ 40 دۆلار ئه‌وا ده‌كاته‌  6 ملیار دۆلار، كه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌ی‌ ته‌واو وخه‌رجیه‌كانی‌ مانگانه‌ی‌ حكومه‌ت وه‌ك ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ته‌نها بڕی‌ 1 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار پێویسته‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ته‌نها داهاتی‌ نه‌وتی‌ بۆریه‌ ، گه‌ر داهاته‌كانی‌  به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان (( 150 ملیۆن دۆلار مانگانه‌ )) و داهاتی‌ نه‌وتی‌ تانكه‌ر به‌ (( 150 ملیۆن دۆلار مانگانه‌)) و داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی‌ تر (( 130 ملیار دینار )) دابنرێت ئه‌وا حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئێستاشدا ده‌توانێت ته‌واوی‌ مووچه‌ و خه‌رجیه‌كانی‌ حكومه‌ت و پڕۆژه‌كانیش جێبه‌جێبكات .له‌كاتێكدا نه‌ قورسایی‌ شه‌ڕی‌ داعش و نه‌ بوونی‌ 2 ملیۆن ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌بیشی‌ له‌سه‌ر ماوه‌ وه‌ك سه‌ره‌تاكانی‌ ساڵی‌ 2014 و دواتر.


خۆئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم بتوانێت سالاَنه‌ بڕی‌ 1 ملیار دۆلار قه‌رز بداته‌وه‌ ئه‌وا پێویستمان به‌ 30 ساڵ ده‌بێت واته‌  ته‌مه‌نی‌ یه‌ك نه‌وه‌ی‌  ئێستامان له‌ ژێر باری‌ قه‌رزاریدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.


بۆیه‌ له‌م ژماره‌ و له‌ ڕاستی‌ داهاته‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌ك قه‌رزار نیه‌ به‌ڵكو بابه‌تی‌ قه‌رز وه‌رگرتن و قه‌رزاریه‌كه‌شی‌ كردۆته‌ هۆكارێك  یان بیانویه‌ك بۆ زیاتر شاردنه‌وه‌ و په‌رده‌پۆشكردنی‌ داهاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ گله‌ییه‌كانی‌ خه‌ڵك، ئه‌گینا شاره‌زایان و ڕاستی‌ و دروستی‌ داهاته‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چاوبه‌سته‌كی‌ له‌خه‌ڵكی‌ ده‌كات و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌موو داهاته‌ به‌م شێوه‌ ناشه‌فافه‌ و شاردنه‌وه‌ی‌ ته‌نها  بۆ پێویستی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبی‌ و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگكڕین و ساخته‌كاری‌ به‌كاردێنێت له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزب و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیاردا.


پرسیارێكی‌ زۆر ساده‌ له‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌، كه‌ ئایا له‌م 2 مانگه‌دا بتوانێت 3 مووچه‌ (( چاره‌ك و بۆ سێیه‌كی‌ مووچه‌ )) بده‌یت له‌كاتێكدا داهاتی‌ نه‌وتی‌ 3 مانگت (( 12/2016 و 1 و 2/2017)) ئاشكرا نه‌كردوه‌ ،ئه‌ی‌ ئه‌م داهاته‌ له‌كوێوه‌ هات ؟ و سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ چیه‌؟


گه‌ر نه‌وتت نه‌فرۆشتبێت و داهاته‌كشیت نه‌شاردبێته‌وه‌؟ خۆ نه‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ و نه‌كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ و نه‌كه‌رتی‌ گه‌شتیاریمان بوژاندۆته‌وه‌؟
هه‌موان دان به‌و ڕاستیه‌دا ده‌نێین كه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڵكو عێراق و ته‌واوی‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و دونیاش ڕووبه‌ڕووی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ بونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی‌ وه‌ستاندنی‌ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی‌ پیشه‌سازی‌ دونیا و دابه‌زینی‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وت و هه‌لاَیسانی‌ شه‌ڕو پێكدادان  و جه‌نگ دژی‌ تیرۆریستان، به‌لاَم له‌هه‌موان خراپتر دۆخی‌ ئابوری‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ له‌ئه‌نجامی‌ نه‌بوونی‌ پلانی‌ زانستی‌ و واقعی‌ ئابوری‌ و بێباكی‌ ده‌سه‌لاَت  و له‌كارخستنی‌ داموده‌زگا شه‌رعیه‌كانی‌ په‌ڕله‌مان و شه‌له‌لكردنی‌ حكومه‌ت و نه‌هێشتنی‌ یه‌كڕیزی‌ و ئیجماعی‌ نیشتیمانی‌ له‌سه‌ر بچوكترین مه‌سه‌له‌كان.بۆیه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ندین جار ده‌كه‌وێته‌ ژێر باری‌ خراپ و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی‌ ئه‌م قه‌رزوه‌رگرتن و نه‌دانه‌وه‌یدا ،له‌كاتێكدا بۆ هه‌موو ولاَتان و له‌كاتی‌ قه‌یرانه‌كاندا قه‌رز وه‌رگرتن وه‌ك ڕێگا چاره‌سه‌ریه‌كی‌ كاتی‌ و له‌ پێناو وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ و پێشخستن و وه‌به‌رهێنانی‌ پڕۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ و ستراتیژیدا كه‌ له‌ئاینده‌دا داهاته‌كه‌ی‌ زیاتر ده‌بێت له‌و قه‌رزه‌ كارێكی‌ زۆر ئاساییه‌وه‌ وه‌رگرتن و دانه‌وه‌شی‌ یاساییه‌، به‌لاَم له‌ دۆخی‌ هه‌رێمدا وه‌رگرتنی‌ بڕی‌ قه‌رزێكی‌ زۆر و سووده‌كانی‌ و غرامه‌ی‌ دواكه‌تنه‌كانی‌ هێنده‌ گه‌وره‌ و مه‌ترسیدارن كه‌ هه‌موان بۆ چه‌ندین ساڵی‌ ئاینده‌ له‌ژێر قورسایی‌ و كاریگه‌ریه‌كانیدا ده‌رناچین و هه‌ست به‌ خۆشگوزه‌رانی‌ و نیعمه‌تی‌ نه‌وت و سامان سروشتیه‌كانمان ناكه‌ین.


بۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ ئه‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌لاَته‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ زانستی‌ و واقعیانه‌ی‌ چاكسازی‌ و ڕیفۆرم و گۆڕانكاری‌ له‌ سیسته‌م و كه‌سه‌كان و بیر و به‌رنامه‌ و یاساكاندا بكات و خۆی‌ بگونجێنێت له‌گه‌ڵ تازه‌گه‌ریه‌كانی‌ دونیاو ناوچه‌كه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ووردتر و زانایانه‌ تر و به‌ئاگایانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و دونیاشدا بكات،و خوێن و فرمێسك و ئه‌م هه‌موو ده‌سكه‌وته‌ی‌ 26 ساڵه‌ی‌ ڕاپه‌ڕینی‌ گه‌له‌كه‌مان نه‌كاته‌ قوربانی‌ چه‌ند ملیار دۆلارێكی‌ ناڕه‌واو حه‌رام بۆ خزمه‌تی‌ سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌ و حیزب و ده‌وڵه‌تانی‌ ده‌وروبه‌ر.


نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌