تەونی كۆمەڵایەتی و نەمانی چینی ناوەراست

وتار/ 21/02/2017 904 جار بینراوە

سیروان رەشید

تەونی كۆمەڵایەتی و نەمانی چینی ناوەراست
سیروان رەشید
ئەو هەژاریەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە، بەشێك نیە لە هەژاریەكی سروشتی راستەقینەی ناو هەرێمێكی بێدەرامەت، بەڵكو هەژارییەكە، بەرهەمی شێوازێكی حكومرانی زۆر نادادپەروەرو نابەرپرسیاری دابەشكردنی سامانی نیشتیمانی هەرێمە.
گیۆرگ زیمل، كۆمەڵناسی‌ گەورەی‌ ئەڵمانی‌ لەپێناسەی‌ هەژاریدا، دەڵێ "هەژاران ئەو كەس و گروپانەن كە سەرچاوەی‌ مادی‌ و پێویستیان لەبەر دەستدا نیە، بۆ بەشداریكردن و چێژ وەرگرتن لە خۆشگوزەرانی‌ كۆمەڵگا".
ئەم تیۆریزەكردنەی‌ زیمێڵ لە زۆرینەی‌ كۆمەڵگاكان راستی‌ خۆی‌ لەدەست نەداوە. بەتایبەت بۆ دۆخی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئێستای‌ خەڵكی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ئەوەش لە سایەی‌ حكومەتێكی‌ شكستخواردو و بێباك بەژیانی‌ هاوڵاتیەكانی.‌
ئێستا دەرەنجامەكە؛ جیاوازی چینایەتی نێوان زۆرینەیەكی هەژارو كەمینەیەكی دەوڵەمەندی خستۆتەوە و چینی ناوەراستی بەرەو نەمان بردووە.
چینی ناوەراست بەو كەس و خێزانانە دەوترێ‌ كە لەرووی داهات و خاوەندارێتیەوە دەكەونە نێوانی هەردوو چینی هەژارو دەوڵەمەندەوەو، ئاستی داهاتی خێزانیان مامناوەندە. كە بەشێوەیەكی گشتی چینی ناوەراست خاوەن كارو بازرگانی و پیشە بچوكەكان و فەرمانبەری دەوڵەتن و باری ئابورییان خراپ نیە.
بەڵام مەترسیە تۆقێنەرەكە ئەوەیە قەیرانی دروستكراوی دارایی هەرێم ئێستا پاشەكشەیەگی زۆری بەپێگەی چینی ناوەراست كردووەو دایخزاندۆتە ناو چینی هەژاریەوە!.
بۆیە ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو كۆمەڵگەی كوردستان دابەشبووە بۆ دووچینی سەرەكی، چینێكی هەژار كە زۆرینە پێك دەهێنێ‌، لە بەرامبەر ژمارەیەكی كەمی چینی دەوڵەمەند، كە زۆریەنەی ئەم چینەش بەستراونەتەوە بە گروپی دەسەڵاتداری هەرێمەوە.
ئێستا بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە چەندین كێشە بەرۆكی‌ خەڵكی‌ كوردستانی‌ گرتووەو كاری‌ كردووەتە سەر تەونی‌ كۆمەڵایەتی‌ و هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگە، كە بەڕادەی‌ یەكەمیش پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەو دۆخە بەرپرسیارە، چونكە دەستی گرتووە بەسەر سەرچاوەكانی‌ داهاتدا.
واقیعی هەژاری ئێستای هەرێم، هەژاریەیەكی دروستكراوە، چونكە بەدرێژایی مێژووی باشوری كوردستان، بەقەدەر ئەو 14 ساڵەی پاش روخانی رژێمەكەی سەدام حسێن پارەی خەیاڵی نەهاتۆتە كوردستانەوە، كە بڕەكەی نزیك بۆتەوە لە 130 ملیار دۆلار!
چەند گروپێكی بچوكی دەسەڵاتدارو نزیك لە دەسەڵاتدار بێحساب دەوڵەمەند بون، كە لەبەرامبەردا قەبارەی ئەو چینەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ئێستادا هەژار دەبن، هەزاران ئەوەندەی چینی دەوڵەمەندە!
لە چەند مانگی رابردوودا، چەندین هەواڵمان لەمیدیاكانەوە بینی، كە دایك و باوكەكان لەبەر نەبونی و نەداری، مناڵی ساوای خۆیان نەویست و، لە نەخۆشخانەكاندا بەجێیان هێشتن! كە ئەگەر ئینسانێك هەژاری ناچاری كردبێت مناڵی خۆی نەوێت، ئاساییە نیشتیمان و نەتەوەی خۆی نەوێ و ئیدی سنورێك نامێنێتەوە تفێكی گەورە لە هەموو ئەو شتانە بكات..
بەهۆی كێشەی ئابوری و ناكۆكیە سیاسیەكانەوە، ئاشتی كۆمەڵایەتی لە ئێستای كوردستاندا لە مەترسی تێكچون و شێواندندایە، كە یەكێك لەمەرجە گرنگەكانی بەرجەستەكردنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاشتی كۆمەڵایەتیە؛ كە ئەویش بریتیە لە هەست كردنی هاوڵاتی بەوەی كە بێ‌ گوێدانە ئینتیمای حیزبی و ناوچەیی، هاوبەش بێت لە بەركەوتی سامان و داهاتی نیشتیمانی وڵاتەكەی، بەڵام واقیعی حاڵ ئەوەمان پێناڵێت!
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێ‌ لەوە تێبگەن كە كوردستان لەسەر رێی بون بەسۆماڵە و كاتی ئەوە هاتووە واز لەخورافەی دروستكردنی دەوڵەت و درۆی دەستپێكردنی چاكسازی بێنن و نەهێڵن ئەو هەرێمە ببێتە سۆماڵێكی راستەقینەیە بۆ هاوڵاتیەكانی!

نوێترین نوسینەکانی سیروان رەشید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌