لە ساڵرۆژی زوڵمە گەورەكەدا!

وتار/ 02/02/2017 821 جار بینراوە

سیروان رەشید

لە ساڵرۆژی زوڵمە گەورەكەدا!
سیروان رەشید
سبەینێ‌، ساڵێكی تەواوە، بڕیاری جێبەجێكردنی سیستمی روبعە موچەو پاشەكەوتی فەرمانبەرو مامۆستایان و هێزەكانی پۆلیس، بەزۆرە ملێ‌ بەسەر فەرمانبەراندا جێبەجێدەكرێ‌..
رۆژی 3/2/2016 سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران فرسەتیان لە مووچەی فەرمانبەران هێناو سیستمی بەناو پاشەكەوتی لەمووچە داهێنا، كە كە بڕیارەكە هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە!
بەپێی خاڵی پێنجەمی بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیرانەكەی، دەبوایە هەموو مانگێك بەپێی رێژەی بەرزبونەوەی داهاتی نەوت و داهاتی زیادكراوی باجەكان، گۆرانكاری لەموچەدا بكرایە كە ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت بەرەو ژووری پەنجا دۆلارە كە ئەوكاتەی بڕیاری پاشەكەوت درا نرخی بەرمیلێك نەوت 28 دۆلاربوو، بەڵام حكومەت نەك هەر ئەمەی جێبەجێنەكردووە، بگرە تا رۆژی 31/1/2017 كە دوا كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە، لەراگەیەنراوەكەیاندا بەهیچ شێوەیەك بەلای گۆڕانكاری بەسیستمی موچەدا نەچوون.
شیكردنەوەی ئێمەش وایە ئەم دەسەڵاتدارە بێویژدانانە هەتا فشاری جدییان لەسەر دروست نەكرێ‌، ناچنە ژێر باری دەسكاری كردنی سیستمی موچە.
ئێمە لێرەدا دەپرسین، كە بڕیاری سیستمی پاشەكەوتی موچە هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە؛
ئەركی دادگاو دادوەرە بەرێزەكان چیە لەپاش ساڵێك لەجێبەجێكردنی ئەو ستمە؟ ئایا مادام موچەی خۆیان گۆڕانكاری تێدا كرا، بێدەنگ دەبن بەرامبەر خەڵكی زوڵملێكراو؟
ئەركی داواكاری گشتی چیە كە بڕیارە ئەم دامەزراوەیە پاراستنی بەرژەوەندی گشتی خەڵك ئەولەویەتی كارەكانی بێت؟
ئەركی وەزیرە بەرێزەكانی كابینەی هەشت چیە؟ ئایا هەروا هەڵوێستیان بەلاوازی دەمێنێتەوە؟
ئەركی پەرلەمانتارانی بەرێز چی تر دەبێ‌ لەپاش ساڵێك؟
ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی شارستانی چی دەبێ‌؟
هەڵوێستی فەرمانبەرو مامۆستایانی مەزڵوم چی دەبێ‌؟
ئێستا دۆخی دارایی و ئابوری كوردستان، لە سایەی سیاسەتی چەوتی حكومڕانانەوە شكست خواردوترین جۆری بەرێوەبردن و كۆیلەترین جۆری ئابوری هەیە.
ئەم دۆخە دژوارە داراییەی كە بڕیار بەدەستان لە ملی مووچە خۆرانیان ئاڵاندووە، بەشێكی سەرەكی پەیوەستە بەدۆخە سیاسیەكەوە و بەدیاریكراوی قەیرانی دروستكراوی سەرۆكایەتی هەرێم خولقاندویەتی، چونكە تائێستا سیستمی سیاسی هەرێم بەجۆرێكە، شەخسی سەرۆكی هەرێم بەرپرسە لەشادەمار و جومگە سەرەكیەكانی حكومڕانی، كە مەلەفی دارایی و نەوت، تائێستا لە چوارچێوەی سەڵاحیەتە زۆرو زەوەندەكانی بارزانی ئیدارە دەدرێ‌! كە روونە دەیانەوێت مووچە؛ ئامرازی سەر پێ دانەواندنی هەژاران و دەستەمۆكردنی موچەخۆران و لایەنە سیاسیە ركەبەرەكانیان بێت!
ئەوەی حكومەت ساڵێكە بەرامبەر خەڵكی كوردستان ئەنجامی دەدات، كتومت؛ "ئیرهابی بژێوی"یە بەرامبەر خەڵكی ستەمدیدەو بەشمەینەتی هەرێم! لەدروستبونی بێكاری و بەرزبونەوەی ئاستی هێڵی هەژاری و زیادبونی لەشفرۆشی و دزی و لێكجیابونەوەی هاوسەرگیری و دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی تر!
لەئێستادا دەسەڵاتداران تادێ دەوڵەمەندتر دەبن و میللەتیش برسیتر، ئێمە لێیان دەپرسین بۆ تەنها فەرمانبەرو مامۆستایان قوربانی ئەم رۆژە رەشە بن كە بەسەر میللەتدا هێناوتانە.. ئەی بۆ دەست نابەن بۆ لێدان و كەمكردنەوەی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆتان!

نوێترین نوسینەکانی سیروان رەشید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌