زنجیرەی سێیەم لە زنجیرەكانی پەروەردەی منداڵ

وتار/ 17/01/2017 1242 جار بینراوە

موحسین حسێن

زنجیرەی سێیەم لە زنجیرەكانی پەروەردەی منداڵ
موحسین حوسێن
دایكان‌و باوكان فڕۆكەوانن
ئەو گەشتانەی بە فڕۆكە دەكرێن، بێگومان كاتەكەی دیاریكراوەو گشت سەرنشینەكان دەزانن ڕۆژی كەی‌و كاتژمێر كەی فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەوە هەڵدەستێت‌و كەیش دەگاتە شوێنی مەبەست.
هەمووشمان دەزانین كە گشت فڕۆكەیەك دوو فڕۆكانی هەیە، كە هاوسازو پێكەوە گونجاون‌و هاوكارو تەواوكەری كاری یەكترن، جا پێش ئەوەی باڵفڕ بكات نەخشەی گەشتەكە لای هەردوو فڕۆكەوانەكە هەیەو ڕێگای تەندروستی خۆیان دەزانن‌و پێویستیشە بە درێژایی گەشتەكە لەسەر نەخشەی دیاریكراو هەنگاو بنێن‌و لە سنور دەرنەچن، مەگەر ئەو كاتانە نەبێت كە لە كاتی فڕیندا هەواڵێكیان پێ‌ بگات كە ڕوداوێكی سروشتی وەك باران‌و ڕەشەبا یان هەر ڕوداوێكی ناخۆش لە سەر ڕێگای ئاڕاستەی گەشتەكەیان ڕویداوە، یان پێشبینی ڕوداوێك دەكرێت.
دیارە ئەم جۆرە ڕوداوانە بەشێك لەگەشتەكان پەكدەخەن، یان هاتووچۆی فڕۆكەكان دەشێوێنن، بەڵام ناگاتە ئەو ڕادەیەی كە فڕۆكەو فڕۆكەوان متمانە لە دەست بدەن، بەڵكو لەو كاتەدا هەردوو فڕۆكەوان بە یەكەوە بڕیار دەدەن كە لادانێكی كاتی‌و كەم لەگەشتەكەیاندا بكەن، كاتێكیش لە سەرچاوەی زانیاریەكانەوە ئاسایی بوونەوەی دۆخەكە بە فڕۆكەوانەكات دەگات دەچنەوە سەر ئاڕاستەی خۆیان‌و بەو پەڕی متمانەوە ڕێگاكە دەبڕن، پاش ئەوەش بە شێوەیەكی هێمنانە سەرنشینەكان ئاگادار دەكەنەوەو دڵنیاییان پێدەدەن.
بێگومان ئەگەر لەسەر زەویدا هەمان حاڵەت بۆ ئۆتۆمبێلێك بێتە پێش، ئەوا جگە لە شۆفێرەكە سەرنشینەكانیش خۆیان بە بەر پرسیار دەزانن‌و قسەی تیا دەكەن یان هاوكاری شۆفێرەكە دەكەن، بەڵام فڕۆكە بە ئاسمانەوەیە بۆیە تەنها فڕۆكەوانەكان لێی بەرپرسن.
كەواتە لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانكارییەی كە لەگەشی ئاوو هەوادا ڕودەدات، دەبینین لە سەرەتاوە تا كۆتایی گەشتەكە تەنها فڕۆكەوانەكان لێی بەرپرسن، ‌وە لادانێكی كاتی كەم لە مەساری دیاریكراودا دەكەن، كاتێكیش هەواڵی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكەیان پێدەگات خێرا ڕاستكردنەوە دەكەن‌و دەچنەوە سەر ئاڕاستەكەی پێشوو.
ئومێدو ئەمەلی ڕزگاربوون‌و سەركەووتنی گەشتەكە لە كاتی لادانەكەدا كەمدەكات، بەڵام كاتێك بە سەرنشینەكان ڕادەگەیەنرێت كەوا چوینەوە سەر ڕاستە ڕێگاو بەپێی نەخشەڕێگاكە هەنگاو دەنێین دڵنیایی ڕاستەقینە بۆ سەرنشینەكان دەگەڕێتەوە.
جا دایكان‌و باوكانی خۆشەویست، دڵنیابن كە گەشتكردن بە فڕۆكەش وەك ژیانی خانەوادەكان وایە، هەموو ئەندامانی خێزانەكەت لە گەشتی ژیاندان، ئێوەی بەڕێز دوو فڕۆكەوانەكەن، منداڵەكانیشتان سەرنشینەكانن، نەخشە ڕێگاش ئەو بەرنامەیەیە كە تۆو هاوسەرەكەت بەیەكەوە داتانناوە‌و لاتان پەسەندە بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانتان.
پێویستە باوكان‌و دایكان وەك فڕۆكەوانی گەشتی ژیان هاوكاری یەك بن‌و ئەو ڕاستییەش بزانن كە خۆشبەختی لای خانەوادەكەیان لەو كاتانەدا نایەتە دی كە لە ئاڕاستەی تەندروست لایانداوە، بەڵكو لەو كاتەدا بەرجەستە دەبێت كە بەڕێوەبردنی خانەوادەكە لەسەر ئاڕاستەی سروشتی خۆی بەپێی نەخشەڕێگای دیاریكراو دەڕوات.
جا ئەو حاڵەتە نا ئاساییانەی لە نێو خانەوادەكاندا ڕوودەدات پەروەردە دەشێوێنێ‌، بەڵام گرنگە دووا ڕوداوەكان پۆزش بۆ منداڵەكان بهێنرێتەوەو دڵنیا بكرێنەوە كەوا گەڕاینەوە سەر ئاڕاستەی سروشتی خۆمان، جا پێویستە چۆن كاتێك نینۆكمان درێژ دەبێت نینۆكەكە دەبڕین نەك پەنجەكان، بەهەمان شێوە پێویستە لەكاتی ڕوداوە نەخوازراوەكانی ناو خانەوادەكان، گرفتەكە چارەسەر بكەین نەك پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان بپچڕێنین.
بەو هیوایەی ئەم دوو فڕۆكەوانە دڵنیایی بدەنە سەرنشینەكانی فڕۆكەكەو گەشتێكی سەركەوو ئەنجام بدەن.

نوێترین نوسینەکانی موحسین حسێن

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌