بۆچی ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك دوا بخه‌ن

وتار/ 10/08/2016 674 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

قسه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ، بێ‌ كه‌ركوك ، جارێكی تر سوكایه‌تیه‌ به‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی له‌ 2005ه‌وه‌ مافی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایان لێسه‌ندوه‌ته‌وه‌ ، به‌ بیانوی تایبه‌تمه‌ندی و بارودۆخی تایبه‌تی كه‌ركوكه‌وه‌ ، سوكایه‌تیه‌ به‌و مانایه‌ی نایانه‌وێ‌ كه‌ركوك هه‌مان ئه‌و مافانه‌ی هه‌بێت كه‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق هه‌یانه‌و تا ڕاده‌یه‌كی باش خۆ سه‌ری ئابوری و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریان هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا كه‌ركوك چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و مافه‌ی نیه‌ ، ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ ، كه‌ركوك جۆرێك له‌ بێخاوه‌نی پێوه‌ دیار بێت ، له‌ كاتێكا یه‌كێكه‌ له‌ پارێزگا هه‌ره‌ ده‌وڵمه‌نده‌كانی عێراق و له‌ سه‌ر ئاستی دنیاش ناسراو ترینیانه‌ ، به‌ڕێوه‌ نه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك واته‌ ڕازی بوون به‌وه‌ی كه‌ركوك هه‌میشه‌ به‌م جۆره‌ بمێنێته‌وه‌ ، به‌شێكی به‌ ده‌ست داعشه‌وه‌و به‌شێكی له‌ بن چنگی لیوایه‌كی نه‌وت و گازی هه‌رێم كه‌ نه‌وته‌كه‌ی بای حه‌سه‌ن و هاڤانا ده‌بات و ئه‌وی دیكه‌یشی تا ئێستا نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌.
له‌ 2007ه‌وه‌ تا ئێستا 10 ساڵه‌ كه‌ركوك تایبه‌تمه‌ندیه‌كی سته‌مكارانه‌ی دراوه‌تێ‌ ، تایبه‌تمه‌ندیه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی زیانی لێداوه‌ كه‌ سه‌ت ساڵی ده‌وێت بۆ قه‌ره‌ بووكردنه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی 12 ساڵه‌ هه‌ر یه‌ك ده‌سته‌ ده‌م و چاو له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌شیانه‌ خواخوایه‌تی له‌و ێ‌ نه‌مێنێ‌ ، ئه‌مه‌یان ده‌كرێت له‌ خۆیان بپرسن ، هه‌ڵبه‌ت له‌و باره‌یه‌وه‌ چیرۆك و بابه‌تی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌شمان لایه‌ ،له‌ دوازده‌ ساڵدا هه‌زاران خه‌ڵكی تر پێگه‌یشتوون ده‌یانه‌وێ‌ له‌و شاره‌دا جڵه‌وی كارو بارو خزمه‌ت بگرنه‌ ده‌ست هیچ بیانویه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یان لێداگیر بكرێت .
له‌ ڕاستیدا ئه‌ركی نوێنه‌رانی كه‌ركوكه‌ له‌ پارله‌مانی عێراق شه‌ڕ له‌سه‌ر كه‌ركوكیه‌كان بكه‌ن و هه‌ر له‌ خه‌می خۆیاندا نه‌بن ، نوێنه‌رانی كه‌ركوك له‌ به‌غدا به‌رپرسیاره‌تی داكۆكی كردنیان له‌ كه‌ركوك ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ، به‌ تایبه‌ت له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا له‌ ناو كه‌ركوكیشدا كه‌ركوكیه‌كان پێویستیان به‌ ئه‌نجومه‌نێكه‌ شه‌ریان له‌سه‌ر بكات و داكۆكیان لێبكات ، ئه‌نجومه‌نێك نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ بكات نه‌ك حزبه‌كان ، ئه‌نجومه‌نێك بتوانێ‌ له‌ به‌غداو هه‌رێمیش داوای مافی خوراوی كه‌ركوكیه‌كان بكات .

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌