دیموکراسی و هەڵبژاردن لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا
وتار/
05/09/2021
604 جار بینراوە
دانا مەنمی
دیموکراسی
و هەڵبژاردن لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا
دانا مەنمی
هەر حیزبێک
بتوانێت گوزارشت لە واقیعی ئەو کۆمەڵگایە و خواستی چین و توێژو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی
نێو کۆمەڵگا بکات ، ئەوا ئەو حیزبە گەشە دەکات و پێچەوانەی ئەم دەربڕینەیش هەر ڕاستە
، جەبری کۆمەڵایەتی زۆرجار حیزبێک ناچار دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا کەسێکی بێ توانا
و بێ وزە بە کوردییەکەی پۆخڵەوات کاندید بکات بۆ هەڵبژاردن چونکە خواستی کۆمەڵگایان
لەسەرە جا هەر چەندە کەسانێکی ئاست نزمیش بن ، بە نمونە لە پەڕلەمانی کوردستان چەندین
پەڕلەمانتار هەیە کە شیاوی ئەوەنەبوون بچنە پەڕلەمان و ببنە پەرلەمانتار ، بەڵام بە
هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری بنەماڵەکەی بووەتە ئەمری واقیع بەسەر حیزبەکەیەوەو
بەناچاری ملکەچی ئەو واقیعە دواکەوتوویە ببن لە پێنا بە دەستهێنانی دەنگی خەڵک .
هەموو کۆمەڵگایەکی
دواکەوتوو تەسلیم بە واقیعێکی کۆنەپەرستییە و زۆر بە زەحمەت پایەکانی دیموکراسی دەچەسپێت
و بە زەحمەتیش هێزەکان دەبنە دیموکراتخواز ، گۆڕانکاری ڕیشەیی کۆمەڵایەتیش نایەتەدی
و حیزبەکانیش لەناو ئەم جۆرە فۆڕمەی کۆمەڵگادا زیاتر کاریان لەخۆڕازیکردنی خەڵکە نەک
پەروەردەکردن و فێرکردن ، خۆئەگەر حیزبێک
لە ناو ئەم پێکهاتە خێڵەکییەدا بیەوێت گۆڕانکاری بکات و دژایەتی سیستەم و پێکهاتەی
خێڵ و عەشیرەت بکات ، ئەو کاتە لە ناو کۆمەڵگاو ئەو پێکهاتە خێڵەکییەی کە کۆمەڵگای
ڕەنگڕێژ کردووە لاواز دەبێت و ڕۆڵ و کاریگەری لە واقیعە کۆمەڵایەتیەکەدا لە دەست ئەدات
، لەناو حیزبە کوردستانیەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە هێزەکانی تر مۆرکی
خێڵەکی هەڵگرتووە و هێزێکە زیاتر عەقڵی خێڵ هەڵیدەسوڕێنێت و خودی پارتیش دیدو ڕوانینێکی
خێڵەکییانەی هەیە بۆ ژیان و دونیای دیموکراسی و دونیای مۆدێرن و هەتا هونەری بەڕیوەبردن
، ترسی ئەم حیزبە لە گۆڕانکاری لە دەستدانی پێگە و سەنگ و قورساییە خێڵەکییەکەیەتی
کە لە گۆڕانکاری و چاکسازیدا کۆمەڵگا سودمەند دەبێت و خەڵکانێکی بەرژەوەندیخواز و
مشەخۆریش زیانمەند دەبن ، بۆیە پارتی لە ترسی لە دەستدانی خەلکانێکی مشەخۆر و گەندەلکار
نەخۆی دەگۆڕێت و بیریش لە گۆڕینی سیستەمەکە و گۆڕانکاری و چاکسازی ناکاتەوە دواجاریش
پارتی وەک حیزبێکی کۆنەپارێز ئەو نەریتانە زیندوو دەکاتەوە کە کۆمەڵگای خێڵەکی پێویستی
پێیەتی و بەرهەمهێنانەوەی نەریتی کۆنەپارێزی خێڵەکییانە یەکێکە لە پێداویستییەکانی
حیزبە کۆنەپاریزەکان و بەشێکە لە هێزی مانەوەیان لەناو کۆمەڵگای دواکەوتوودا .
کەواتە لەم
ڕووەوە سیستەمی دیموکراتی و هەڵبژاردن نەک ئیمکانی نییە کۆمەڵگا ڕزگار بکات لە مێنتەڵییەتی خێڵ و حیزبی کۆنەپارێز بەڵکو دەبێتە
کەرەستە و ئامرازێکیش بۆ موزایەدەی سیاسی ، پاشان بەهۆی نەبوونی هوشیاری کۆمەڵگا خەڵک
وا دەزانێت چوار ساڵ جارێک تەنها مافی هەڵبژاردنی هەیە نەک مافی لێپرسینەوە و ئیدی
حیزبی براوە ئازادە چۆن هەڵسوکەوت دەکات و دەستکراوەیە لە هەر شتێک تا چوار ساڵی
تر !! ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و کۆمەڵگا خۆی بۆخۆی دەخولقێنێت ، کۆمەڵگای زیندوو
هوشیارو بەئاگا پاشەکشە ناکات لە بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ڕێگە نادات حیزب
و حکومەتەکان زوڵم و نادادی و کەڵەگای لە سیاسەتدا بکەن و سەروەری یاسا پێشێل بکەن و زیان بە بەرژەوەندی
و چاکەی گشتی بگەیەنن ، ئیرادەی کۆمەڵگا سنوردار ناکرێت لە چوار ساڵ جارێکدا ڕۆژێکی
بە دەستەوەیە بۆ سزادانی حیزبەکان ، لەکاتێکدا هێزێکی وەکو پارتی لەو رۆژەدا هەموو
ئیمکانی خۆیان دەخەنەکار بۆ بێ بەهاکردنی هەڵبژاردن و لە ڕێگەی تەزویرەوە ئیرادەی
کۆمەڵگا تێک دەشکێنن .
بە داخەوە
پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی پێکهاتەیەکی پچڕپچڕ و ناڕێکخراو و یەکڕیز نییە، ئەمەش تایبەتمەندی
و ڕەنگدانەوەو هەستی مێنتەڵییەتی خێڵە بەسەر کۆمەڵگاوە کە هێشتا بەدوای پاراستنی بەرژەوەندی
شارچێتی و بنەماڵەچێتی و مەزهەب و تەریقەتەوەیە ،لێرەدا هێزە سیاسییەکانیش ناتوانن
کاریگەری ئەم تایبەتمەندییانە نادیدە بگرن و هەر حیزب و هێزێکی سیاسی بەشێک لەو پێکهاتە
پچرپچرەی لەخۆگرتووەو کۆمەڵگایان بە حیزبی کردووە ، لەم دۆخەدا کۆمەڵگاش ناتوانێت
گۆڕانکاری جەوهەری بهێنێتە دی ،چونکە کۆمەڵگا بە حیزبی کراوەو شتێک نامێنێتەوە بە
ناوی کۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەقینە تا بتوانێت هوشیارانە سنوری دەسەڵات دیاری بکات و
دەسەڵاتیش ملکەچ بکات بۆ سیستەمێکی دیموکراسی ، خۆئەگەر کۆمەڵگایەکی مەدەنیش لە هەناوی
کۆمەڵگایەکی خێڵەکیدا لە دایک بێت ئەوەندە لاوازە ناتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر و
حکومەت ناچار بە گۆڕانکاری بکات ، بۆیە کۆمەڵگا بۆ ڕزگاربوونی خۆی نابێت پشت بە هێزە
سیاسییەکان ببەستێت و چاوی لەوە بێت سەرکردەیەکی دادپەروەر و چاکەکار بێتە سەر دەسەڵات
و تا سیستەمێکی ئەوپەڕی دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بنیات بنێت ، ئەم جۆرە ڕوانینە
هی مرۆڤە بێ ئاگا و دەست و پێ سپییەکانە کە هەمیشە نزا دەکەن خودا فریشتەیەکیان بۆ
بنێرێت ، بە دەردی نیچە دەڵێت ؛ مرۆڤەکان دەبێ خۆیان سۆپەرمانی خۆیان بن .
نوێترین نوسینەکانی دانا مەنمی
-
دانا مەنمی
12/09/2021
-
دانا مەنمی
05/09/2021
-
دانا مەنمی
31/08/2021
-
دانا مەنمی
26/08/2021
-
دانا مەنمی
21/08/2021
-
دانا مەنمی
16/08/2021