پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیرو دەسەڵات

وتار/ 21/08/2021 587 جار بینراوە

دانا مەنمی

پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیرو دەسەڵات

دانا مەنمی
دەسەڵاتی کوردی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆشنبیران لەسەر بنەمای دابەشبوونی ڕۆشنبیران و خۆیەکلایکردنەوەیان یان خۆساغکردنەوەیان بۆ بەرژەوەندی دەسەلات دیاری دەکات ، هەر بۆیە مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی جیاواز بووە لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دژی دەسەڵاتن هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دەستەمۆی دەسەڵاتن ، لە دیدی منەوە ئەو ڕۆشنبیرانەی کە هەڵوێستەکانیان دژە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرگای گفتوگۆکردن و گەنگەشەکردنیان لەگەڵ داخراوە خۆئەگەریش ناوبەناو ئەو دەرگایە بکرێتەوە بۆ ئەوەیە کە چاودێری بکرێن نەوەک دیدو ڕوانینەکانیان بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتییەوە .

بەڵام ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دەستەمۆی دەسەڵاتن و بوونەتە پارێزەری دەسەڵات زیاتر لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە گوێیان لێ دەگیرێت ، ئەم جۆرە لە تایپی ڕۆشنبیر ناکەونە ناو بازنەی ڕۆشنبیر بونەوە چونکە ئیلتزامی ئەخلاقی و ئینسانی ویژدانی خۆیان لەبەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵاتدا لە دەستداوە ،دواجار ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەگرتنە لەو واقيعەی کە سەروەری و کەرامەتی ئینسانەکان ناپارێزێت و پێشێلی دەکات ، حیزبی کوردی لە هەرێمی کوردستان ڕۆشنبیرێکی ناوێ کە سەربەخۆو ڕەخنەگر و خاوەنی هەڵوێستی کوردانە و ڕاستگۆیانە بێت زیاتر ڕۆشنبیرێکی دەوێت کە دەستەمۆکراو بێت گوێگرێکی گوێرایەڵ بێت تا پروپاگەندەی بۆ بکات .

ئیشکالی سەرەکی لێرەدایە کە حیزبی کوردی ناتوانێت چەتری کۆکەرەوەی هەموو دیدو روانین و بیروڕا جیاوازەکان بێت بەدەر لە ئایدۆلۆژیای سیاسی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دا و سود لەو مەعریفانە وەربگرێت کە عەقڵ ڕۆڵی تێدا دەگیڕێت تا کاریگەرییان لەسەر شێوازو سیستەمی سیاسی و هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگا هەبێت ، ڕۆشنبیرانی کورد لە قۆناغی خەباتی شاخ دا هاوسەنگەری حیزبەکان لە خەباتی چەکداریدا بەیەکەوە خەباتیان دژ بە ڕژێمی بەعس دەکرد لە پێناو گەیشتن بە کەناری ئارام و ئازادی تا لە ژێر دەستەی ڕزگاریان بێت ، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەم پەیوەندی هاوخەباتییە گۆڕا بۆ هاوتەخوینی یەکتر و  گرژی تێکەوت ، گلەیی و گازندەی ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و ڕەخنەگر لە حیزبەکان و دەسەڵاتی کوردی و هەتا سەرکردەکانیش ئەوەیە کە بەهەمان عەقڵییەتی خەباتی شاخ سیاسەت دەکەن ئیمکانی پلاندانان و شارەزایی و پسپۆڕییان نییە ، خێزانە سیاسییەکان مەیلێکی تاکڕەوانەیان لە هونەری بەریوەبردندا هەیە مۆدێلێکی خێزانی باڵادەستی بەڕێوە دەبەن لە سەر بنەمای میزاجی شەخسی و پەیوەندی خوێن و خزمایەتی بەربەستە لەبەردەم گەشەسەندنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان .

ئاشکرایە هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان کاریگەری عەقڵییەتی شاخی بەسەرەوەیە و ڕگریش بووە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە سەر بنەمایی دیموکراسی و شارەزایی و پسپۆڕی و سیستەمی سیاسی ڕێچکەی دامەزراوەیی وەرنەگرتووە ، پرۆژە و عەقڵ ڕوانینی ڕۆشنبیران لە پشت هونەری بەڕێوەبردن و دەسەڵاتەوە نییە ، سەرباری نەبوونی شەفافییەت لە بەڕێوەبردن و هەبوونی گەندەڵی لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی دا هاوڵاتیان لە ماف و ئەرکدا یەکسان نین ، رۆژ لە دوای ڕۆژیش لە نێوان حکومەت و خەڵک ، حیزب و ڕۆشنبیران درزو کەلێنی گەورە دروست دەبێت ، بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان حکومەت و خەڵک ، ڕۆشنبیران و حیزب پێویستە دیالۆگی ڕاستگۆیانە بە بیروڕاو دیدو ڕوانینی جیاوازەوە دروست بێت حکومەت و حیزبەکان دەرفەت برەخسێنن بۆ رۆشنبیران تا بەشدار بن لە بڕیارە سیاسییەکاندا .

نوێترین نوسینەکانی دانا مەنمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌