یەکێتی و مێژوو ململانێی ئامۆزاکان

وتار/ 26/08/2021 610 جار بینراوە

دانا مەنمی

یەکێتی و مێژوو ململانێی ئامۆزاکان

دانا مەنمی
مێژووی یەکێتی مێژووی پڕ لە قەیران و ململانێی بەرەو باڵ و قاچ بووە ،سی و حەوت ساڵی تەمەنی یەکێتی شکست و سەرکەوتن بووە بە سەر قەیراندا ، بە نمونە : شەهیدبوونی ئارام و لە سێدارەدانی شەھید شەھابی شێخ نوری وعەلی عەسکەری وھاوڕێکانی لە کارەساتی هەکاریدا ، شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی ، یەکێتی و بەعس ، یەکێتی و ئێران هەتا جیابونەوەی سۆسیالست و قەیرانی مەلا بەختیارو و ئاڵای شۆڕش و گەلەکۆمەی پارتی و بەعس لە ٣١ی ئاب و جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا قەیرانی گەورە بوون و یەکێتی توانیویەتی خۆی دەرباز بکات بە کەمترین زیان .

پاڤڵ تاڵەبانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەبێ لاهور شێخ جەنگی و دەستەوتاقمەکەی لەسەر کاری ناشایستەو تاوانکاری بە یاسا سزا بدرێن ، لەبەرامبەریشدا لاهوری شێخ جەنگی و براکانی ئامادەییان دەربڕیووە کە ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن چونەتە بەردەم دادوەرو بە کەفالەت ئازاد کراون ، ئەگەر بڕیار بێت یاسا سەنگی محەک بێت وچەتریک بێت کە خێزانە سیاسییەکان موحاکەمە بکات ، ئەوکات پێویستە پاڤڵ تاڵەبانی لەخۆیەوە دەست پێبکات و دەست پێشخەر بێت لەبەردەم دادوەردا ئامادەی خۆی دەرببڕێت بۆ هەر گومان و لێکۆڵینەوەیەک ،چوونی لاهور شێخ جەنگی مانای ئەوە نییە کە بێ تاوانە و شانی پاڤڵ تاڵەبانیش پاک ناکاتەوە لە تاوان ئاشکرایە سەرکردەی هیچ حیزبێکی سیاسی و نەوەی هیچ خێزانێکی سیاسی لە کوردستان لەو پەڕی عەلمانییەوە بۆ ئەوپەڕی ئیسلامی بێ خەوش نیین ، ئەگەر بانگەشەکەی پاڤڵ تاڵەبانی ئامانجی چاکسازی نەهێشتنی گەندەڵی و تاوان و کاری ناشایستەیە، هەقی وەهایە لە خۆی و بنەماڵەکەی و دواتر لە سەرکردایەتی و بنکردایەتی حیزبەکەیەوە دەست پێ بکات ، کارزانی تێگەیشتن و عەقڵ ئەوەیە کە لە سیاسەتدا لە پێناو چاکەی گشتی دا نیازپاکی بخەیتە ڕوو و ئاسایش و ئارامی بۆ کۆمەڵگا دەستەبەر بکەیت .

لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا لە کەناڵی ئێن ئاڕتی گوێبیستی چاوپێکەوتنێکی حامیدی حاجی غالی بووم کە دەڵێت ؛ یەکێتی موڵکی کوڕەکانی مام جەلالە و منیش هەتا یەکێتی بم موڵکی ئەوانم .! ئەم مۆدێلی بیرکردنەوەیە کە لای زۆرینەی سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی هەیە و نەک حیزب بەڵکو خۆیانیش بە موڵکی خێزانە سیاسییەکان دەزانن ، روانینێکی نالۆژیکی خێڵەکییانەو تێنەگەیشتنە لە دونیای ئەمڕۆی سیاسەت دونیای دیموکراسی ، دەمەوێت لێرەوە بە حامیدی حاجی غالی و حامیدەکانی تری ناو یەکێتی و حامیدەکانی ناو پارتیش بڵێم کە حیزب کەرەستەو ئامرازەو حیزبایەتیش پرۆسەیەکی ئارەزوومەندانەیە و ئامانجی گەورە لە ناو حیزبدا خودی مرۆڤە کە بەهاو ئیرادەی خۆی لە پێناو چاکەی گشتی دا لە دەست نەدات ، سیاسەتیش بە بێ عەقڵ بەڕێوە ناچێت و نابێت ، کایەی سیاسەت لە ناو حیزبایەتیدا نابێت بۆ تەنها مرۆڤێک و خێزانێکی سیاسی قۆرغ بکرێت ، لە کاتێکدا سیاسەت کایەیەکی هەرەوەزییەو بە کۆمەڵێک تەکنیکی کارگێری و بەهای هاوبەش و دیدو ڕوانینی جیاوازەوە مومارەسە دەکرێت .

ئێستا حاڵی ئەو یەکێتییەی کە یەکێتییەکان پێی دەڵێن، (سەفین لە بن دێت، یەکێتی لەبن نایەت) لە گێژاوێکی سیاسی قوڵدایە و دوایین پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو هێنان و بردنی هێز بۆ نزیکی ماڵی لاهوری شێخ جەنگی و بڕیاری ئەمڕۆی پاڤڵ تاڵەبانی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتیەوە بەفەرمی گەیەنراوە بە لاهور شێخ جەنگی کە دەبێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا کوردستان بەجێ بهێڵێت ، پێمان دەڵێ ئەم جۆرە بڕیارانە بڕیاری قەرەقوشی و کەڵەگاییە کە لەناو ژینگەیەکی هەڵچوون دا دراوەو  هێزەکانیش هێزی حیزبین و بە ئیعازی شەخسی و تاکڕەوییانە جوڵەی پێکراوە ئامانجیش لە جوڵە پێکردنی دەزگا ئەمنییەکان دژ بە لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەوەیە کە لایەنگرانی بێدەنگ بن و ژینگەیەکی پڕ لە ترس بخولقێنن بۆ نەیارەکانیان و قۆرخکردنی تەواوی جومگە سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابوری و دیپلۆماسییەکان و هەتا بازاڕو بازرگانی و قاچاغچێتی … هتد بکەن ، لەلایەکی ترەوە جێگەو ڕێگەی یەکێتی لە گۆرەپانی سیاسەت و لە بەرامبەر هێزێکی وەکو پارتی کە حەفتا ساڵە کار لە سەر ناشیرینکردنی تاڵەبانیەکان دەکەن داشکاندن و پاشەکشەی گەورەتر بەخۆیەوە دەبینێت ، دیوێکی تری ئەم بڕیارانە بۆ خۆی لێدانە لە شکۆی یەکێتییەکان  و هەنگاوێکە بۆ بێ ئیرادەکردن و بێدەنگردنی یەکێتییەکان کە بێدەنگ بن  و بترسن لە خۆیان و لە سەرۆکی حیزبەکیان کە هەمان چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی نەبێتە قسمەتیان ، لە بنەڕەتدا پاڤڵ تاڵەبانی خواستی گفتوگۆکردن و دیالۆگی نەبووە لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای حیزبەکەی ، بەڵکو خواستی خۆسەپاندن و بڕیاردانی بە بێ گفتوگۆو گەنگەشەکردن گرتووەتەبەر، هەتا ئازادی بیرکردنەوەشی لە یەکێتییەکان سەندووەتەوەو یەکێتییەکانی دابەشکردووە بۆ بەرەی دۆست و بەرەی دوژمن!

نوێترین نوسینەکانی دانا مەنمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌