هێزە ئیسلامییەکان، گەڕانەوە بۆ مێژوو یان هەنگاونان بۆ داهاتوو، ڕۆڵی کورد لەم نێوەندەدا

وتار/ 21/08/2021 425 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

هێزە ئیسلامییەکان، گەڕانەوە بۆ مێژوو یان هەنگاونان بۆ داهاتوو، ڕۆڵی کورد لەم نێوەندەدا
هیوادارم بەوردی بیخوێننەوەو تێبینی و سەرنجی خۆتان بنوسن.
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا ماوەی سەد ساڵە بەچڕی کار لەسەر ئەوەدەکەن کە لە ناخی دانیشتوانی جیهاندا ئیسلام وەک هێزێکی دژ بە شارستانییەت و دژ بە مێژوو و دژ بە جولەکەو مسیحی بناسێنن. بەڵام بەرهەمی کارەکەیان تەنیا ماندوو بون بوو، وتەکانی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا شاهیدن بۆ ئەوەی کە ڕەنج بەخەسار بون و هەوڵ و کۆششیان هەمووی بەبا ڕۆشت لەو پێناوەدا. ئەوەتا بەپێی دانپێدانانی خۆیان سەدان ملیار دۆلاریان خەرج کرد بەڵام ئامانجی خۆیان بەدی نەهێنا و شکستیان هێنا لە کەنارخستنی هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکە. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا پرسیار له (سلاڤۆی ژیژەک) دەکرێت و لێی دەپرسن: ئایا تۆ وەکو چەپێکی ڕادیکال هیچ ترسێکت له بەهاری عەرەبی هەیە؟ ئایا ڕات چیە لەسەر تێزەکانی فۆکۆیاما (کۆتایی مێژوو) کە دەڵێت سەرکەوتنی کۆتایی تەنها بۆ سیستمی لیبڕاڵی و دیموکراتییە.
لەوەڵامدا ژیژەک دەڵێت: (پێش هەموو شتێک ئێستا چیتر خودی فۆکۆیاماش بڕوای بە تێزەکەی خۆی نیە)
ئەو بۆچونەی کە پێی وایە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا سیستەمی لیبڕاڵی و دیموکراتی جێگیر دەبێت و سیستەمی لیبڕاڵی و کەپیتالیزمی هاوشێوەی ڕۆژئاوا دروست دەبێت، بۆچونێکی زۆر هەڵەیە، چونکە هێدی هێدی ئەم جۆرە سیستەمە لەوڵاتانی ڕۆژئاوایشدا بەرەو شکست دەچێت.
نامۆبون بە سیستەمی لیڕاڵی و دیموکراتی یان کۆمۆنیستی
سروشتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێکە کە پێش ئەوەی داگیرکەر بیان گۆڕێت ئەوان داگیرکەر دەگۆڕن، لەم ناوچەیەدا بەگشتی سیستەمی لیبڕاڵی و دیموکراتی شکستی هێناوە و ئەوەی هەیە دیموکراتیەکی کارتۆنییە و لەسەروی سیستەمی دیموکراتییەوە بنەماڵە و هۆز و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بڕیاردەدەن کە کێ براوەی هەڵبژاردنەکانەو کێ بڕیادەری یەکەمی وڵاتەکانی ناوچەکەیە. بە تێگەیشتن لە درۆی دیموکراسی گەلانی ناوچەکە تێگەیشتون کە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سیستمی ئیسلامی ڕاستەقینە کە تێیدا هیچ گەلێک براگەورەی گەلێکی دیکە نیە. مێژوو پێمان دەڵێت کە دانیشتوان و گەلانی ناوچەکە نامۆن بە سیستەمێک کە کلتور و مێژوویان بسڕێتەوە و پێش ئەوەی سیستەمە نامۆکە ئەمان بگۆڕێت ئەمان سیستەمەکەیان گۆڕیوە.
هێزە ئیسلامییەکان لەنێوان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەنگاونان بۆ داهاتوودا
هەر دەوڵەتێک یان هەر هێزو لایەنێک کە بازنە بەدەوری خۆیدا بکێشێت و پێی وابێت (نوێگەری) بەمانای شوێنکەوتنی ڕۆژئاوادێت، ئەوا هەڵەیە، چونکە ئیسلام لە بنەڕەتدا نوێگەری و نوێ بونەوەبوەو هەنگاونان بووە بۆ گەیشتن بە ڕوناکی و دەرچون لە تاریکی. یەکێک لەهۆکارەکانی ڕوخاندنی دەوڵەتی عوسمانی ئەوەبوو کە پێیان شەرم بوو چەک و پێداویستیی نوێ بۆ جەنگەکان دروست بکەن، سوپای دەریایی عوسمانی یەکێک لە سوپا بەهێزەکان بووە بەڵام لەکاتی ئاشتیدا لەبری ئەوەی داهێنانی نوێ بکەن و پێداویستی نوێ دروست بکەن، دەوەستان و پشویان دەدا. لەهەمانکات و سەردەمدا پرتوگالییەکان کەشتی نوێیان دروست دەکرد و چەکی تازەیان بەرهەم دەهێنا. عوسمانییەکان لەبری هەنگاونان بۆ داهاتوو هەمیشە لەبیری ڕابردوودابون هەر بۆیەش دەوڵەتە بەهێزەکەیان شکستی هێنا.
مەغۆلەکانیش هەمان شێوەی عوسمانییەکان لەو پانتاییە زۆرەی لەبەر دەستیاندا بوو لەبری داهێنانی نوێ بکەن کەچی نەیانتوانی خێوەتەکانیان بدڕێنن و کۆچکردن تێپەڕێنن و نیشتەجێ بن.
بۆیە پێویستە هێزە ئیسلامییەکان بەبێ ترس هەنگاو بنێن بۆ داهاتوو و تەحەداکانی بەرانبەریان بە ئاسانی ببڕن و ئیسلام وەک سیتەمێک کە دژ بە تاریکییە بکەن بە بنەمای کارو تێکۆشانیان بۆ داهاتوو، تا بتوانن نمونەکانی وەک( مالیزیا و ئیمارات و ئەندەنوسیا )، لەناوچەکەدا زیاتر بکەن. بۆ نمونە ئەگەر( طالیبان ) بیەوێت ئەفغانستان بەرەو وڵاتێکی پێشکەوتوو ببات پێویستە چاو لە (شێخ زاید بن سوڵتان ال نهیان)بکەن و ببین چۆن وڵاتێکی یەکگرتووی وەک ئیماراتی دروستکرد و توانی ئینتیمای هۆز بگۆڕێ بۆ ئینتیما بۆ دەوڵەت و دامەزراوەو دەزگای فەرمی دروست بکات و هۆز و خێوەتەکان تێپەڕێنێت بۆ ژیان لە بیناکاندا.
 وتەکانی (ذبیح اللە مجاهد) لەبارەی ئافرەتانەوە، بڕیاری لێخۆشبونی زیندانییە سیاسیەکان لە لایەن (هوبیت اللە اخوندزادە)ی سەرۆکی طالیبانەوەو گفتووگۆکانی (ملا عبدلغنی بەرادەر) لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پێشوی ئەفغانستان بۆ ڕێککەوتن و  هەنگاون بەرەو داهاتوو، لە ئێستادا جێگەی دڵخۆشییە بۆ گەلانی ناوچەکە کە هێزێکی وەک طالیبان لەبری چەق بەستوی و مانەوە لە ڕابردوودا هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێت.
ئێمەی کورد-گەڕانەوە بۆ ئیسلام
ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە بیانوی ئەوەی کە ئەوان نە مێنن لە ناوچەکەدا، ناوچەکە بەتەواوی وێران دەبێت. ئەوان بەو بیانوەوە ترسێکیان دروستکردووە لە هزری کەمینەیەکی خەڵکدا کە پێیان وایە بونیان پەیوەستە بەبونی ئەمریکاوە، کە ئەمەش برینێکی ترسناکەو وردە وردە ساڕێژ دەکرێت و دەبێت بەتەواویش ساڕێژ بکرێت، هەروەک چۆن ئێرانییەکان بە ڕابەری (ایت اللە خومەینی) ئەو دەردەیان ساڕێژکرد و ئەفغانییەکان بە ڕێبەرایەتی( هوبەیت اللە اخوند زادە) دەردەکەیان چارەسەر کرد. لەم ناوچەیەدا هیچ فکرێک نیە بۆ ماوەی سەد ساڵ خۆڕاگر بێت جگە لە ئیسلام،هەر بۆیە گەلانی ناوچەکە هێدی هێدی دەگەڕێنەوە بۆ ئیسلام و سیستەمە نامۆکانیان جێهێشت.
ئێمەی کورد بەجێماوین و پێویستە هەنگاوەکانمان خێرابکەین
وەک چۆن ( فارس و تورک و عەرەب )،سودیان لە ئیسلام وەرگرتوەو سەرەڕای سەپاندنی داگیرکاری و سزا سیاسی و ئابورییەکانی ئەوروپاو ئەمریکا بەسەریاندا خۆیان خستۆتە سەرپێ. ئێمەی کوردیش بۆئەوەی ببین بە ژمارەیەکی گرنگ لەناوچەکەو جیهاندا پێویستە بەخۆدا بجینەوەو ئیسلام بکەین بە بنەمای کارمان، با ڕون و ڕۆشن بڵێین: ئیسلامێک بە بنەما بگرین کە بەرانبەر قبوڵ بکەین تا کاتێک قبوڵمان بکات! واتە ئیسلامە ڕاستەقینەکە کە مرۆڤەکان تێیدا ئازادن و لە عیبادەتدا نەبێت کەسیان لە کەسیان گەورەترنین، ئیسلامێک کە چۆن ئاساییە تێیدا (تورک و فارس و ‌و عەرەب و ئەفغان و هتد...) خاوەن دەوڵەت بن ئاواش ئاسایی بێت کورد تێیدا دەوڵەت و ژمارەی سەرەکی بێت.
ڕاستە وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکارییان کردوین بەلام هەر خۆیان بون کە لە ڕێککەوتنامەی( لۆزاندا) کوردستانیان لەسەر سینی زێرین پێشکەشی چوار وڵاتی چواردەورمان کرد، ڕاستە لەم کاتەدا بونی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستاندا زەرورە چونکە حیزبە دەسەڵاتدارەکان شکۆی کوردیان شکاندووە، ئێمە کاتێک ئەمریکامان پێویست نابێت هێزێکی کوردی ئیسلامی بەهێزمان هەبێت کورد بپارێزێت و سنورە دەستکردەکان بسڕێتەوە و جیهادی دراوسێکانمان بەرانبەر کورد بە جیهاد وەڵام بداتەوە، واتە هەمان چەکی فیکری بەکار بهێنین بۆ بەرپەرچدانەوەیان.
 هەندێک لە ڕۆشنبیران و نوسەرانی کورد کە خۆیان لەڕاستی لادەدەن و پێیان وایە ئیسلام نەی هێشتوە کورد ببێتە دەوڵەت ئێمەیش لێیان دەپرسین:
۱- شێخ محمودی حەفید، شۆڕشی بۆ کورد کرد نەک ئیسلام. کەچی ئینگلیزەکان نەفیان کرد بۆ هێندستان، دواتریش یەکەمین وەجبەی فڕۆکە کە ئینگلیز فرۆشتی بە عێراق بۆردۆمانی سلێمانی پێکرا. ئەپرسین ئایا ئینگلیزەکان ئیسلام بوون؟
۲- شۆڕشی قازی محمد لەپێناو کورددا بوو نەک ئیسلام. ئەپرسین کێ بوو لەوکاتەدا پشتی لەکورد کرد و کۆماری مەهابادی ڕوخاند؟
یەکێتی سۆڤیەت، کە پەیڕەوکاری مارکس و دژە (سەرمایەداری) بوو. ئەپرسین ئایا سەرانی سۆڤیەت لە لینینەوە بۆ ستالین و تا خرۆشۆف و میخائیل گۆرباتشۆفی کۆتا سەرۆکی سۆڤیەت کامیان موسوڵمان بوون و بڕوایان بە دین و دەوڵەت هەبوو؟
بێگومان کەسیان. ئایا ئەوەش ئیسلام بوو؟
۳- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، لە پێناو کورددا بوو نەک ئیسلام. کەچی کەمال ئەتاتورک بەو پەڕی تواناوە دژایەتی کرد بۆ ئەوەی شکستی پێبهێنێت، ئەپرسین ئایا ئەتاتورک موسوڵمان بوو؟ بێگومان نەک موسوڵمان نەبوو بەڵکو مزگەوتەکانیشی داخست و لەچکی قەدەغە کرد و وەزارەتی ئەوقاف و بانگدانیشی قەدەغە کرد، کە لەسەردەمی (عدنان مندریس)دا هەمووی ئاسایی کرایەوە.
٤- شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی،لەپێناو کورددا بوو نەک ئیسلام. کاتێک شای ئێران لەڕێککەوتنامەی جەزائیر کوردی فرۆشت بە (شطل العرب) و شۆڕشەکەش شکستی هێنا، ئایا شای ئێران موسوڵمان بوو؟ یان باشتر بڵێین حکومی وڵات ئیسلامیەکی ڕاستەقینە بوو؟
٥- ساڵی ۲۰۱۷ کاتێک لە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ کرا، لەپێناو کورددا بوو نەک ئیسلام.کەچی بینیمان کە ئەمریکاو شوێنکەوتووەکانی پشتیان لەکورد کرد و کوردیان تەنیا کرد، ئایا ئەمریکا وڵاتێکی ئیسلامیە؟ ئایا فەڕەنسا وڵاتێکە ئیسلام تیایدا حکوم بکات؟ بێگومان نەخێر، ئەدی بۆچی بەرۆکی ئیسلام بەرنادەن و شکستەکانتان ئەخەنە ئەستۆی ئیسلام؟
٦- لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش بۆ کورد کرا نەک بۆ ئیسلام. کەچی بینیمان بەبڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ کوردەکان فرۆشران و دیسانەوە تەنیا کران. ئایا ئیسلام شکستی بەم شۆڕشەش هێنا؟
 بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو بە ئێستاشەوە ئەوەندەی ئیسلامییەکان قوربانییان بەخۆیانداوە له پێناو تەبایی و یەکڕیزی ماڵی کورددا، نیو هێندە هێزەکانی تر قوربانییان نەداوە. لەکاتێکدا دەسەڵاتیش لای پارتە عەلمانیەکان بووە و دەبێ لەوان بپرسرێت بۆچی کوردیان گەیاند بەم ڕۆژە؟ زۆرێک لە بەناو ڕۆشنبیرانی کورد بەبێ ئەوەی تێ بگەن لە ئیسلام دێن و کۆی تاوانەکان بە جلگیری پاکی ئیسلامدا هەڵدەواسن، لە ئیسلامدا جیاوازی لە نێوان مرۆڤدا نیە مەگەر بە عیبادەت، ئێمە باسی ئیسلام ئەکەین نەک هێزو وڵاتانێک کە خۆیان بە ئیسلام ئەزانن و هیچ بنەمایەکی ئیسلامیشیان جێ بەجێ نەکردووە.!
لەکۆتاییدا وەک وەبیرخستنەوەیەکی مێژووی هەندێک نمونە باسدەکەین کە چۆن پێغمبەر د.خ ڕێزی لە کورد و کلتوری کورد گرتوە و چۆنیش خەلیفە عومەر ر.خ فەرمانڕەوایی خۆجێی داوە بەکوردەکان وه پێویستە بزانین گەلانی ناوچەکە بە مێژووی ئیسلام  قەرزداری کوردن و هەر له (ابن صلاحی شارەزورییەوە هەتا صلاحدین) ر.خ، ئاینی ئیسلام لە هیچ کات و شوێنێکدا  بەدێڕێک دژایەتی کوردی نەکردووەو بگرە ڕێزێکی زۆریشی لێ گرتوین.
پۆشاکی کوردی لە لای پێغەمبەر د.خ چۆن بووە؟
۱- پێغەمبەر د.خ نوێژیکردو پشتەماڵێکی ڕەنگاو ڕەنگی لەبەردابوو جا فەرمووی: ڕەنگاو ڕەنگی ئەم پشتەماڵە سەرقاڵی کردم و بیری لە نوێژەکەم لادام، پاشان فەرموی: پشتەماڵەکە بۆ (ابی جهم) ببەنەوە و پشتەماڵە سادەکەیم بۆ بهێنن، جا کە پشتەماڵەکەیان بردەوە پشتەماڵەیەکی کوردی وەرگرت لەبری، جا فەرمویان ئەی پێغەمبەری خودا قوماشی پشتەماڵە ڕەنگاو ڕەنگەکە لەم کوردییە باشتربو، بەڵام پێغمبەر کوردییەکەی وەرگرت.
(حدیث حسن رواء ابوداود فی باب النظر فی صلاە، وشطرە الاول فی بخاری و مسلم).
۲- پێغەمبەر د.خ هاتە لامان و مامەڵەی شەرواڵێکی لەگەڵ کردین، ئێمەش پێمان فرۆشت،بە پارەدەرەکەی فەرمو: لەپارەکەی خۆی زیاتریشی پێ بدە.
(رواء اصحاب السنن بسند سحیح).
۳- لە حەدیسێکی دیکەدا کە حەزرەتی (ابی هریرە) گێڕاویەتیەوەو ئەفەرموێت: لەگەڵ پێغەمبەر د.خ ڕۆشتینە بازاڕ، پێغەمبەر شەرواڵێکی کڕی بە چوار درهەم،گوتم ئەی پێغەمبەری خودا تۆش شەرواڵ دەبەر دەکەی؟ فەرموی: بەڵێ لە سەفەر و لەماڵەوە، بەشەو و بەڕۆژ، چونکە من فەرمانم پێکراوە: باش خۆم داپۆشم.
٤- ایمامی (القسطلانی) گێڕاویەتیەوە: یەکەم کەس کە شەرواڵی لەبەر کردووە پێغەمبەر ئیبراهیم بووە، پێغەمبەر موساش سەلامی خوای لەسەر بێت لەو ڕۆژەی لەگەل خودا گفتووگۆی دەکرد شەرواڵی دەبەردا بوو. واتە سونەتە شەرواڵ لەبەر کرێت.
(ارشاد الساری لشرح سحیح البخاری، ب٨ لا ٤۲۷).
خەلیفە عومەر فەرمانڕەوایی خۆجێی دەدات بەکوردەکان:
کاتێک سەحابەی بەڕێز (جابانی کوردی) خوا لێی ڕازی بێت، گەڕایەوە بۆ کوردستان، بەلێهاتوی خۆی توانی خۆی بگەیەنێت بە هێزە تایبەتەکەی (کیسرا)ی پادشای فارسەکان، هێزە تایبەتەکەی کیسرا کە لە (٥۰۰۰) هەزار سەرباز پێک هاتبوون سەرجەمیان کوردبون و سەرکردە (دێلم)سەرکردایەتی دەکردن، جا بۆیە هەموویان کوردبون چونکە کیسرا متمانەی بە غەیرە کوردەکان نەبو. کاتێک لەشکری ئیسلام لەساڵی ۱٥ی کۆچی بە سەرکردایەتی (سعد ابن وقاس) لە قادسیە ڕوو بەڕووی لەشکری فارسەکان بویەوە، کە (روستم) سەرکردایەتی فارسەکانی دەکرد، لەناکاو(سعد) بینی کە هێزێکی فارسی دەیەوێت بەدەوری لەشکری ئیسلامدا بسوڕێتەوە، بۆیە فەرمانی دەرکرد هێزێک بەرەو ڕووی ئەو لەشکرە بچێت. ئینجا کە هێزەکەی ئیسلام گەیشتنە هێزە فارسەکە سڵاویان لێ کردن و گوتیان: ئێمە برای ئێوەین، ماوەیەکی زۆرە موسوڵمان بوین و چاوەڕێی ئەم ڕۆژەبوین، ئێوە سەبرگرن تا بەتەواوی دەسوڕێینەوە ئینجا دەبینن چی بەسەر لەشکری (رستم)دا دێنین.
دواجار هێزەکە سوڕانەوەو لەهەموو لایەکەوە بەرەو سوپای فارسەکان ڕۆیشتن و تێکیان شکاندن. ئەو هێزە لە بنەڕەتدا هێزی تایبەتی بون و کیسرا بۆ یارمەتی (رستم ) ناردبونی، نەیشزانی بوو موسوڵمان بوون، دواجار هێزەکە ڕۆستەمیان کوشت و کیسراش هەڵهات بۆ ئێران. دواتر ئەم هێزە تێکەڵ بە سوپای ئیسلام کراو ناویان لێ نرا ( حمراء دیلم)، دواتر لەشکری ئیسلام (مدائین و جلولا و حلوانیان ڕزگارکرد.
کاتێک (سعد) موژدەی سەرکەوتنو شێوازی جەنگەکەی بۆ ئیمامی عومەر نارد ر.خ، ئیمامی عومەریش (سلمانی فارسی) کرد بە حاکمی مدائین و دوو کوردیشی کرد بە حاکمی حلوان و جلولا.
ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کورد بە ئاشتی و لەسەر قسەی جابانی کوردی موسڵمان بون و بەڵگەشە لەسەر ئەوەی کە ئیمامی عومەر ر.خ متمانەی بە گەلی کورد کردوەو دانی بەوەدا ناوە کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لێهاتون، هەر وەک چۆن لە جەنگیشدا لێهاتون. هەروەها ساڵانەش زیاتر لە یەک ملیۆن درهەمی زیو لە لایەن ئیمامەوە تسلیمی دێلم دەکرا تاوەکو دابەشی بکات بەسەر سەربازە کوردەکانداو کارەکانیانی پێ ڕای بکات.
ئەمیر مام والی

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌