ڕێگا چارە چیە؟

وتار/ 05/12/2020 779 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

ڕێگا چارە چیە؟

ئەمیر مام والی
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرێک لە ئێمە ڕۆژانە ئاڕاستەی خۆمانی دەکەین و هەمیش ئاڕاستەی یەکتری دەکەین. پرسیارێکی ئاسان و وەڵامێکی قورس، پرسیارێک لەدڵەوە ئەکرێت و وەڵامێک بەدەم ئەدرێتەوە، پرسیارێک کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەهلی وەڵامدەرەوەکانی زۆرتر ئەبێت و بکەرانی وەڵامدەرەوەکانیشی کەمتر ئەبێت.
پێش ئەوەی باسی ڕێگا چارەی دەربازبونمان بکەین دەبێ بپرسین ئایا ئێمە ئامادەیمان تێدایە بۆ دەربازبوون؟
لەکۆی نزیکەی ۷۰۰۰۰۰ هەزار مووچەخۆری ناڕازی بەزمان، لەواقیعدا ۷ هەزاری ئامادەنین بۆ دەربازبوون. لەکۆی گەلێکی ٦ ملێۆنی ٦ هەزار کەس ئامادەنین بۆ چارەسەرکردن.
ئێمە بە غەیری زمان کردارمان نیە،هەموومان بەزمان شۆڕشگێڕین بەڵام کە هاتە سەرکردار ئەقڵ و لاشەمان گێڕ ئەبێت و لەجوڵە ئەکەوین. بۆگۆڕانکاری سەرەتاسەری دەبێ واز لەداواکاری پێدانی مووچە بهێندرێت و ئاستی داواکارییەکان فراوانکرێت.

ئەی ڕێگاچارە چیە؟

۱-دیاریکردنی دروشم
هەر ئاینێک یان بەرنامەیەک یان حیزبێک، هەتا لەئاستی تاکیشدا کە دەیەوێت کارێک بکات دەبێ دروشمەکەی بۆخەڵک ڕوون بکاتەوە، ناڕەزایەتی بەبێ دروشم نەزانی و نەفامییە. تۆ دەبێت دروشمەکانت دیاری بکەیت و بەخەڵک بڵێیت کە چیت دەوێت و بۆچی هاتویتە سەرشەقام. گەر دروشمەکەت بۆ مووچەیە ئەوا مووچە چارەنوسی نادیارە. گەر دروشمەکە بۆ چاکسازییە بەدڵنیاییەوە حکومەت ناتوانێت چاکسازی بکات چونکە خۆی خراپەکاری سەرەکی و خوڵقێنەری ئەم دۆخە خراپەیە.
خەڵک بەئاسانی خوێنی خۆی بەقوربانی ناکات تا نەزانێت لەخوێنەکەی چی سەوز ئەبێت، خەڵک نایەوێت لەخوێنەکەی گروپێک ترسنۆک و بێ مۆڕاڵی دیکە زیاد بن کە بانگەشەی لادانی فیرعەونیان دەکرد و ئێستاش خۆیان بوون بە فیرعەون.

۲- خۆبەکەمزان نەبین
ڕێگاچارەی خەڵک بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە ئەوەیە کە ئیدی ئومێد لەسەر قسەی سواوی هیچ حیزب و لایەنێک هەڵنەچنن،
نابێ خەڵک چاوەڕێی موسایەک بێت بەدار عەسایەک لەم دۆزەخە بەهەشتێکی بۆ بخوڵقێنێت، دەبێت هەموومان بەرگی خۆ بەکەمزانی و ترس لەناخمان فڕێ بدەین، نابێ هەرکەس و چاوڕەڕێی کەسێکی دیکە بکات ڕزگاری بکات دەبێ ئێمە خۆمان ڕزگارکەری خۆمان بین.

۳- کاری پێکەوەیی
پێویستە لەناو خۆپیشاندەراندا تیمێکی شارەزا دروستبکرێت بۆ ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندانەکان. دەبێت بەزووترین کات بەبەرنامه ئاستی داخوازییەکان و ڕێژەیی داخوازیکەران زیاد بکرێت و ڕێگا بەکەسانی حیزبی و دەستەمۆکراوانی حیزب نەدەین خۆیان بکەن بەخاوەنی ناڕەزایەتیەکان.

٤- لۆبی و تەڵەکەی میدیا
پێویستە لۆبییەکی فراوان هەم لەناوەوەو هەم لەدەرەوەی هەرێم دروست بکەین و نوێنەرانی ئەمرێکاو وڵاتانی دیکە لەم زوڵموو زۆرە بەئاگا بهێنن. وەک ئەزانرێت حکومەت لەڕێگەی میدیاوە دەیەوێت خۆپیشاندانەکان سوک و بێ بەهابکات.نابێ بکەوینە داوی میدیا تەڵەکەبازەکانی حیزب و حکومەت و سارد ببینەوە لەداواکانمان.ئێمە پێویستە بەردەوامبین و پشتمان بەخوداو بەیەکتری بەهێز بێت ونیەتەکەمان بۆ چاکەی گشتی بێت تا هەم خوداو هەمیش خۆمان هاوکار بین لەبەدی هێنانی مافەکانی خۆماندا.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌