یەکێتی و کۆنگرە هێرشی قەرەقوشانەی پاڤڵ تاڵەبانی

وتار/ 17/07/2021 782 جار بینراوە

دانا مەنمی

یەکێتی و کۆنگرە هێرشی قەرەقوشانەی پاڤڵ تاڵەبانی

لە دوای کۆنگرەی چوارەمەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تووشی پەتایەکی سیاسی بووە کە ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر ئاکارو هەڵویست و هەنگاوو جوڵەکانی لە گۆرەپانەکەدا هەیە ، ئەم جوڵە نایاساییانەی یەکێتی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتی هەرچەندە بانگەشەی نوێبونەوە دیموکراسی و ئازادی بکات ،هەرچەندەش خۆی پێ حیزبێکی سۆسیال دیموکرات بێت ناتوانێت بەرگە خێڵەکییەکەی فڕێ بدات و بەرگی مۆدێرنی سۆسیال دیموکرات و نوێبونەوە لەبەر بکات ، یەکێتی دوای کۆنگرەی چوارەم بڕیاریدا کە بەرگە خێڵەکییەکەی بگۆڕێت بە بەرگێکی نوێ بە مۆدێلێکی نوێ وە جیاواز لەو مۆدێلە تەقلیدییەی پارتی و گۆڕان مومارەسەی سیاسەت بکات ، ئەم بەڵێنانە بۆ یەکێتی بارێکی قورس بوو نەک نەیتوانی بەڵێنەکانی بەجێبهێنێت بەڵکو سیمای خێڵەکی و حیزبایەتی لەناو دامو دەزگاکانی حکومی و ئۆرگانەکانیدا تۆختر کردەوە ، لە کرداردا یەکێتی نەیتوانیوە نوێ بێتەوە و فەلسەفەو لۆژیکی سۆسیال دیموکرات بەرجەستە بکات ، هەتا نەیتوانیوە مومارەسەی پرەنسیپەکانی سۆسیال دیموکراتیش بکات .

لەکۆنگرەی چوارەم دا جۆش و خرۆشی کۆمیتەو مەڵبەندەکان گەیشتە کەشکەلانی فەلەک ، دروشم و بانگەشەکانی “هەمووان پێکەوە کار دەکەین بۆ خزمەتی یەکێتیەکان  “ نەیتوانی یەکێتی لە پاشکۆیەتی بۆ پارتی و زەلیلی خۆپەرستییەکانی پارتی دەربهێنێت و باڵانسی هێز هاوسەنگ بکاتەوە ، بەڵام دوای کۆنگرە تاکە سەرکردەیەک کە دژی هەژمونخوازی بارزانییەکان و دژی هێڵە سورەکانی پارتی وەستایەوە ئەویش لاهور شێخ جەنگی بوو ، لاهور شێخ جەنگی بوێرانە و ڕاستگۆیانە لەگەڵ خۆی یەکێتیەکان لە چەندین وێستگەدا پارتی  توشی شۆک کرد ،بەتایبەت لە کێشەی زینی وەرتێ، پرسی لامەرکەزی بۆ پارێزگای سلێمانی ، بابەتی لابردنی پارێزبەندی سەر پەڕلەمانتار سۆران عومەر  ، پرسی دانانی بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کە پشکی یەکێتی یە ، بابەتی خەندەقی پارتی دژ بە ڕۆژئاوا ، لەشکرکێشی تورکیاو چاوساغی پارتی ، پرسی هێرش و پەلاماردانی دکتۆر غالب محەمەد هەتا ئازادکردنی چەقۆ کێشەکانی پاراستن و پرسی ئاگرخۆشکردنی شەڕی پارتی دژ بە پەکەکە و چەندین پرسی تر تاکە دەنگی ناو یەکێتی بوو کە ستۆپی بە پارتی کرد ، بەڵام ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە نەوەکانی تاڵەبانی بەبێ خوێندنەوەی دۆخەکە بارودۆخی خۆیان و یەکێتیەکانیان بەرەو لێواری مردن و داڕمان برد ،هێرشی قەرەقوشانەی پاڤڵ تاڵەبانی یەکێتی لە موڵکی هەموو کوردێکەوە گۆڕی بۆ موڵکی تاکەکەس وبنەماڵە و یەکێتی داماڵی لە سیفەتی مام جلال و رێزی لە هیچ یاساو ڕێسایەک و تەنانەت شەرعییەتی کۆنگرەش نەگرت ، دەکرێت بپرسین لە نەوەکانی تاڵەبانی کاک “ پاڤڵ و قوباد” ئایا بە لۆژیکی هێز و هێرش و پەلاماردان یەکێتیەکان بەرەو کەناری ئارامی دەبەن ؟! و پاشان چۆن ئاییندەیەکی ڕووناک بۆ میللەت و قەڵەمڕەوییەکەی یەکێتی و یەکێتیەکان دروست دەکەن ؟! ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دڵی یەکێتیەکانی بریندار کرد ، هەست بە ئازاری ڕۆح و دەرون دەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا هیواو ئومێدێکیان هەر بە لاهور شێخ جەنگی یە و دەیانەوێت کۆتایی بە خەمە گەورەکەیان بهێنن کە دەستی پارتی تێدایە ماڵە گەورەکەی یەکێتی بنیات بنێنەوە ، تاکە خەونی پارتی خەونی پەرتبوونی نێوماڵی یەکێتی و یەکێتیەکانە، خەونی پارتی خەونی خێڵ و مێنتەڵییەتی خێڵە و  بازاڕی شێواو چەتەگەری و تاڵانچێتی دەوێت .

ئێستای یەکێتی ئێستایەکە نە شۆڕشگیرەکان و نە بنەماڵەی شەهیدان و نە بنکە جەماوەرییەکەی ئەو حیزبە خۆزگەی پێ ناخوازن ،یەکێتی لە ئێستادا زیاتر حیزبێکی بێ موراڵ و بێ بەڵێن بێ ڕوو دوو ڕووی ناو کایەی سیاسییە ، حیزبێک هەر ڕۆژەی لە ئاوازێک دەخوێنێت ، بانگەشەکانی مامی بچووک  “ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و هەلیکار “ لەهیچ گۆشە و سوچێکی قەڵەمڕەوییەکەی یەکێتی دا بوونی نییە ، بە پێچەوانەوە ئەو تۆزە ئارامیی و ئاوەدانی هەلیکارەیش کە هاونیشتیمانیان لە سایەیدا ژیانیان دەگوزەراند بووەتە قوربانی ململانێی ئامۆزاکانی ناو یەکێتی ! یەکێتی قاچێکی لە حکومەتەو قاچەکەی تری لە بەرەی شەقام و لای حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان! لەژێر سێبەری پارتیدا دەخوات و خۆیشی لە هەموو بەرپرسیارەتییەکی ئەخلاقی ویژدانی ئینسانی قەڵەمڕەوییەکەی دزیوەتەوە ، ئەم دوو ڕوویە سیاسییەی یەکێتی هەقیقەتی ئەوەیە کە شانی لە شانی پارتی خاوێنتر نییە لە وێرانکردن و قاچاخچێتی نەوت و بازرگانی دەرمان و سەرکوتکردنی دەنگی ئازادو هێرش و پەلاماردان و پێشێلکاری دژ بە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان ،هەتا چاکسازی ڕیشەیی و سزانەدانی گەندەڵکاران پشکی شێری بەر دەکەویت .

دواجار بۆ ئەوەی خەونی نەزۆکی پارتی نەیەتەدی و یەکێتیەکان ببوژێنەوە و ئامانجی شەهیدان بێتەدی ،پێویستە جەنابی پاڤڵ تاڵەبانی کەشتییەکەی یەکێتی ڕاست بکاتەوەو گرێ کوێرە و تەنگژە و ململانێی سیاسییەکان بکاتەوە و رێز لە یاساو لە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەی بگرێت و یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتیەکەی شەهیدئارام و کاکە نەوە! ئێستا خێرە دۆست و هاوخەباتەکانیش لەخۆتان دەکەن بە دوژمن و چوار دۆستان ھەیە ئەوانیش لە خۆ دەتۆرێنن؟! خەڵک لە قەڵەمڕەوی حیزبەکەی مام دا ئازادی لە قالب دراوە ، نانی بڕاوە ، مووچەکەی خوراوە ، کەرامەت و کەسایەتی مرۆڤەکان شکێندراوە ، سەدان مرۆڤی کۆیلەو گرگن و گەنەخۆرو نامەردتان کرد بە کەڵەگای خەڵک!

نوێترین نوسینەکانی دانا مەنمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌