نامەیەك بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
وتار/
28/06/2021
467 جار بینراوە
مهعروف مهجید
نامەیەك بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
دوای زیاتر لە 34 رۆژ هێشتا بڕیارەكەت
نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
مەعرووف مەجید*
كاك مەسرور بارزانی؛ ئەوەت لە بیرە هەموو
سەرۆكی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی دەستبەكاربوونیان، سوێندی
ئەوەیان خواردووە كە بەبێ جیاوازیی خزمەت بە خەڵكی هەرێم و یەكڕیزیی گەلەكەی دەكەن.
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ماوەی پێنج
ساڵە سلێمانی لە وەرزی هاویندا بە دەست كەمی ئاو بۆ باخچە و بلوار و پاركەكان دەناڵێنێت،
ئاخۆ ئەم گرفتە بۆ تەنها لەم پارێزگایەدا لە وەرزی ئاوداندا سەر هەڵدەدات؟
ئەوەی من دەمەوێ لێرەوە لە بەڕێزتانی
بپرسم:
ئایا شارەكانی دیكەی هەرێمیش هەمان
گرفت و كێشەیان هەیە، یان تەنها سلێمانییە؟
ئاخۆ نووسراوی بەشی باخچە و ئەندازەی
پاركەكانی هەولێر و دهۆكیش هەمان ڕۆتیناتیان هەیە بۆ ئاودان و خزمەتكردنی باخچەكان،
یان ئەوە تەنها بۆ سلێمانییە؟
ئایا حكومەت كەمتەرخەمە لە ئاست ئەم
گرفتە، یان كاری ڕۆتینات و گرفتە سیاسی و ئیدارییەكان وای كردووە كە نەك لە ڕووی سیاسییەوە،
تەنانەت لە ڕووی سەوزاییشەوە هەرێم بە دوو ئیدارەیی ببینرێت؟!
بۆیە جارێكی دیكە دەمەوێ بە بیری بەڕێزتانی
بهێنمەوە كە لە ڕۆژی 23/5/2021 لە كاتی
دانانی بەردی بناغەی سایلۆ و بەبازاڕكردنی گەنم لە سلێمانی، وتت: بڕیاری پێدانی پێنج
ملیار و 700 ملیۆن دینار تایبە ت بە باخچەكانی سلێمانی دەدەین.
دواتر بە نووسراوێك كە ئاڕاستەی وەزارەتی
دارایی كراوە واژۆی د. ئومێد سەباح سەرۆكی
دیوانی ئەنجومەنی وەزیرنی لەسەرە، لە بەرواری 6/6/2021 بڕیاری چوار ملیار و 527 ملیۆن
و 454 دینار بۆ هەر سێ پڕۆژەی (چاكسازی هەواری
شار، بلواری مەلیك مەحموود، بلواری سلێمانی تاسڵوجە)، تەرخان بكرێت.
ئێستا كە ئەم نامەیە بڵاو دەكەمەوە، 34
ڕۆژ، واتە مانگێك و 4 ڕۆژ بەسەر قسەكانتدا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا یەك دینار بۆ ئەو
سێ مەبەستەی ئاماژەی پێ كراوە، تەرخان نەكراوە.
من لێرەوە چەند بەروارێك دەخەمە پێش
چاوی بەڕێزتان كە لە ساڵانی ڕابردوو سلێمانی، دار و باخچە و بلوار و پاركەكانی بە
هۆی كاری ڕۆتیناتەوە تووشی گەورەترین گرفت بوون، بەو هۆیەشەوە بە هەزاران بنەدرەختی
بە تەمەن، وشك بوون.
هەمووان دەزانین كە وەرزی
ئاودان لە مانگی حوزەیران، واتە مانگی شەش، ئەگەر كەشوهەوا گونجاو بێت دەست پێ دەكات،
بەڵام هیوادارم ئەم چەند بەروارەش ببینی.
لە ساڵی 2016 لە مانگی 11 ڕەزامەندی
دراوە بۆ ئاودانی درەختەكان.
لە ساڵی 2017 لە بەرواری 7/3 ڕەزامەندی
دراوە بۆ ئاودان.
لە ساڵی 2018 لە 8/4 ڕەزامەندی دراوە
بۆ ئاودان.
لە ساڵی 2019 ئاودان دراوە بە كۆمپانیا،
بەڵام لە مانگی شەشی 2020 گرێبەستەكە كۆتایی هاتووە، حكومەت بۆی تازە نەكردووەتەوە
و كارەكەی جێهێشتووە.
ئەمساڵیش لە مانگی دوو نووسراو ئاڕاستەی
وەزارەتە پەیوەنددارەكان كراوە، بەڵام ئێستا كە 26/6/2021ــە، هێشتا ئاودانی فەڕمیی
دەستی پێ نەكردووە.
سەرەتا تەنها بۆ ئاودانی باخچە و
بلوار و پاركەكان، ڕۆژانە پێویستی بە یەك ملیار لیتر ئاو هەیە، لە مانگەكانی 7 و 8
پێویستی بە چوار ملیار لیتر هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی من، لەم ماوەیەدا
130 ملیۆن دینار تەنها بۆ ئاودان تەرخان كراوە، ئەویش 100 ملیۆن دینار لەلایەن شێخ
لاهوور هاوسەرۆكی یەكێتی و 30 ملیۆن دیناریش لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە دراوە
بە شارەوانی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە،
لە چەند ڕۆژی داهاتووداشدا ئەو پارەیە
كۆتایی پێ دێت.
لە كاتێكدا بەشی باخچەكانی سلێمانی
داوای یەك ملیار دیناریان كردووە بۆ ئەم وەرزە و تا كۆتایی وەرزی ئاودانیش پێویستیان
بە پێنج ملیار و 700 ملیۆن دینارە بۆ سەرجەم كارەكانیان.
من تەنها باسی گرفتی ئاودانم كردووە،
واتە لە ڕووی سەوزایی و ژینگەكەیەوە، ئەگەرنا لە زۆربەی ڕووەكانی دیكەوە سلێمانی
ستەمی لێ كراوە، واتە هەر لە ڕووی باخەوان و بوودجەی ساڵانە و دەیان گرفتی دیكەی بەشی
باخچەكان...
بەڕێز سەرۆكی حكومەت، نازانم شەقامەكانی
سلێمانیت لە نزیكەوە بینیوە؟ ئایا بلوارەكانی هەولێر و سلێمانی وەكو یەكن؟
ئایا كەسانێك هەن كەمتەرخەم بن و شایەنی
سزا بن، یان حكومەتە جیاوازی دەكات لە نێوان شارەكاندا، تەنانەت لە ڕووی سەوزایشەوە...
ئێستا كە ئەم نامەیە دەنووسم سەعات 9:30
خولەكی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم بەرواری 27/6/2021ـە، یەك دینار لەو پارەیەی كە بڕیار
بوو بدرێت بە باخچەكانی سلێمانی، بە وتەی بەرپرسانی پەیونددار نەگەیشتووەتە دەستیان،
خۆشتان دەزانن ئەگەر ئەم كارە بدرێتە كۆمپانیا و بەڵێندەرەكان ئەوا دڵنیابە زیاتر
لە یەك مانگی دەوێ.
كەواتە، مانگی تەممووزیش ئاوی پێویست
ناگات بە درەخت و بلوار و باخچەكان، ئەمە لە كاتێكدایە بەشێك لەو سەوزاییە گوڵ و نەمامی
تازە چێندراون، بە پێی هۆشدارییەكانی كەشناسییش، ئەم چەند ڕۆژە پلەكانی گەرما بەرز
دەبنەوە.
كەواتە بەهۆی كەمتەرخەمییەكانەوە هەمووان
چاوەرێی وشكبوونی نەمام و درەخت و گوڵەكانی سلێمانی دەكەین...!
بۆ زانیاری بەڕێزتان، لە بەرواری 10/6/2019،
لەسەر هەمان گرفت نامەیەكم ئاڕاستەی كاك قوباد تاڵەبانی جێگری ئەو كاتە و ئێستای سەرۆكی
حكومەت كرد، بەڵام بە داخەوە گرفتەكە وەكو خۆی مایەوە..
*سەرۆكی
رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
نوێترین نوسینەکانی مهعروف مهجید
-
مهعروف مهجید
28/06/2021
-
مهعروف مهجید
20/06/2021
-
مهعروف مهجید
13/02/2021
-
مهعروف مهجید
07/12/2020
-
مهعروف مهجید
04/11/2020
-
مهعروف مهجید
04/09/2020