لەیادی ڕاپەڕیندا، ڕاپەڕین ڕاپەڕینێکی تری پێویستە

وتار/ 06/03/2021 525 جار بینراوە

دارا سێكانیانی

لەیادی ڕاپەڕیندا، ڕاپەڕین ڕاپەڕینێکی تری پێویستە

ڕاپەڕین بۆ ئازادی بوو بۆ هەمووان
نەک، هەمووان ڕاپەڕین بۆ بەرژەوەندی هەندێکتان.

لە بەرە بەیانی (5/ 3/ 1991 ) لە شاری ڕانیەی سەر بەرزەوە ڕاپەڕین یەکەم چەخماخە و پڕیشکی ئازادی لێداو  دواجار ڕقی تۆڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان هەموو شار و شارۆچکەکانی گرتەوە ئەوە بوو دوای (15 ) ڕۆژ شاری کەرکوکی نەوت و نەسرەوت چەپکە گوڵی نێرگز و نەورۆز و  ڕزگاری لەسەر ناو سەرجەم شار و شارۆچکەکان ئازادکران، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە و هیوایەکی لە مێژینەی گەلی کورد بوو کە دەیان ساڵ بوو خەبات و قوربانی ئەدا لە پێناوی سەربەخۆیی خاک و خەڵکی کوردستان ئەویش بە یەکڕیزی و تەبایی هەوڵ و تێکۆشانی سەرجەم لایەن و هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتی بە بەرهەم هات.
بەڵام ئەوەی جێگای داخ و مایەی لە سەر وەستانە دوای (30 )ساڵ لەو ڕاپەڕینە مەزنە دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ئەم هەرێمە نەیان توانی ئەزموونێکی حوکمڕانی سەرکەوتوو بنیات بنێن و ئەو ئامانجەی کە ڕاپەڕینی بۆ کرا بەداخەوە لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی شێوێنراو خەونی سەدان ساڵەی گەل کە بە هەزاران قوربانی لە پێناویدا درا بەدەستی دەسەڵاتدارانی کورد لە گۆڕنرا، هیوا و ئاواتی ئەم گەلە بەش مەینەت و خێر لە خۆنەدیوە بە بادرا، لە دوای سی ساڵ لە ئازادی و ڕاپەڕین ئێستا ئازادی سنوردار کراوە دەنگە ئازا و قەڵمە بوێرەکان و خەمخۆرانی گەل تیرۆر ئەکرێن و زیندانی ئەکرێن و ناو ناتۆرەیان لێ ئەنرێت و سوکایەتیان پێ  ئەکرێت، تۆمەت بار ئەکرێن.
هاووڵاتیان کاتێک ڕاپەڕین قەیرانی بێ مووچەی ، نەبوونی، بێکاری ، بێکارەبایی، بێ سوتەمەنیان نەبوو بەڵکو تەنها و تەنها ئازادی بوونی نەبوو دیکتاتۆریەت حوکمی ووڵاتی ئەکرد.
بەداخەوە لە دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتداری دەسەڵاتدارانی کورد لە کوردستاندا هاووڵاتیان نائومێد بوون ژیانی ڕۆژانەیان بە زنجیرەیەک قەیرانی یەک لەدوای یەکدا گوزار ئەکات لەدوای ئەو هەموو ماوەیە تازە بەتازە ئەڵێن بەیەکەوە نامان کرێ و داوای جیابوونەوە و لەتکردنێکی تری ئەم هەرێمە ئەکەن، کەواتە ئەو هۆکارانەی کە ڕاپەڕینیان لە پێناودا ئەنجامدرا هەرماوە. ئێستا هاووڵاتیان خۆپیشاندان ئەکەن داوای مافی ڕەوای خۆیان ئەکەن بەڵام ئەم جارەیان لە دەسەڵاتدارانی کورد ناڕازین چونکە ئەم دەسەڵاتە لەماوەی ( 30)ساڵدا نەک نەیتوانی خزمەتیان  بکەن  بەڵکو کێشەو قەیرانەکان زیاتربوون متمانەیان نەهێشت، کۆتاییان بە عەقڵیەتی تەسکی حیزبی نەهێنا، ووڵاتیان تاڵانکرد، بەلکێشی سوپای دووژمنان و نەیارانی گەل و خاکی کوردستانیان کرد، شەڕی ناو خۆیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا هەزاران ڕۆڵەی گەلیان کردە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی و کەسایەتی خۆیان کەواتە ئەتوانین بڵێین لە دوای ( 30 ) ساڵ ڕاپەڕین ڕاپەڕینێکی تری پێویستە تا دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ گەل.

            دارا سێکانیانی 5/ 3/ 2021

نوێترین نوسینەکانی دارا سێكانیانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌