وڵات و كۆمەڵگا چۆن پێش دەكەون ؟
وتار/
03/03/2021
706 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
وڵات و كۆمەڵگا چۆن پێش دەكەون ؟
نەوزادی موهەندیس
• ئاشكرایە پڕۆسەی پێشكەوتن
و گەشەسەندنی وڵات و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان پڕۆسەیەكی مێژووكرد و دوورودرێژە و پێویستی
بە زەمەن و زەمینی گونجاو هەیە تا بتوانێت بەشێوەیەكی ئاسایی گەشەبكات و هەنگاو بەرەو
پێشەوە هەڵنێت.
• جا پڕۆسەیەكی وا گەورە
و گرنگ و درێژخایەن پێویستی بە پشوو درێژی و بەرنامە و پلانی زانستی و واقعی هەیە
كە لەلایەن ئیدارەیەك و دەسەڵاتێكی ڕاشد و ژیر و دووربینەوە بەڕێوەببرێت،جا ئەم پڕۆسەی
پێشكەوتنە لە كۆمەڵگایەك بۆ كۆمەڵگایەكی تر و لە وڵات بۆ وڵاتێكی تر جیاواز دەبێت
لەسەر بنەمای مێژوو و جوگرافیا و هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكی و ژمارەی دانیشتوان و ئاستی
هوشیاری و زانستیان و بوونی كەسانی زانا و دانا و بیرمەند و لەسەرو هەمووشیانەوە دڵسۆزی
و خەمخۆری و خۆشەویستیان بۆ گەل و نیشتیمانی خۆیان بنەمایەكی تری سەركەوتنە.
• بەهەمان شێوە سەروەربونی
یاسا و ڕێساكان و كارئاسانیكردن بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژە ئەندازیاری
و ئاوەدانیەكان هۆكارێكی تری پێشكەوتنەكانە.
• بنەمایەكی تری پێشكەوتن
بریتیە لە بوونی سەرچاوە سروشتیەكان وەك كەرەسەی خاو بۆ پیشەسازیەكان و بوونی كەشوهەوایەكی
گونجاو و لەباریش لە بەفر و باران و خاك و هەواو ئاو بۆ هەڵسوڕاندن لەهەموو جێگە و گۆشەیەكی وڵاتدا.
• بۆیە هەر وڵات و كۆمەڵگایەك
بۆ ئەم پڕۆسەی پێشكەوتنە پێویست دەكات كە لەسەر ئاستی هەموو بوار و كەرتەكانی ژیان
پلان و بەرنامەی زانستی هەبێت هەر لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و سەرچاوە
مرۆییەكان و پەروەردە و تەندروستی و ئاوەدانی و خوێندنی باڵاو ئەمنیشەوە.
بۆیە ناكرێت و كارێكی لۆژیكیش نیە كە دەسەڵاتەكان تەنها گرنگی بەبوارێكی تایبەت
و دیاركراوی ژیان بدەن و ئەوانی دی پشتگوێبخەن.چونكە كۆمەڵگا و خواست و داواكاری و
پێداویستیەكانی سەرجەمی بوارەكان دەگرێتەوە و هەموانیش وەكو یەكتر گرنگن،بۆیە هەر
دواكەوتنێك و پاشەكشەكردنێك لە یەكێك لە بوارەكاندا كاریگەری خراپ دادەنێت لەسەر كۆی
پڕۆسەی پێشكەوتنەكە.
• خاڵێكی گرنگتر لەهەموان
بون و دابینكردنی بودجەیەكی پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پلان و پڕۆژەكان،چونكە بەبێ
بوونی بودجەیەكی تەرخانكراو ناتوانرێت هیچ هەنگاوێكی پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگاو
وڵات هەڵبنرێت.
• هەربۆیە كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان
گەرەكە لە ڕووی جەستەیی و دەرونی و فكر و هزریشەوە ئازاد وتەندروست و ساغڵەم بن
تابتوانێت لە كۆمەڵگایەكی بەرخۆر و تەمەڵ و دواكەوتوو و هەژار و نەخۆشەوە ببێتە كۆمەڵگایەكی
بەرهەمهێن و بەبەخشش و داهێنەر و سەركەوتوو و پێشكەوتوی خۆشگوزەران.چونكە هەمیشە
تاكی ئازاد و سەربەخۆ داهێنەر تر و بە بەخششترە لەتاكێكی كۆیلە و دەستەمۆ.
• بەشێوەیەكی گشتی هەموو
ئەو خاڵانەی لای سەرەوە بنەمای سەرەكین بۆ پڕۆسەیەكی ئاسایی پێشكەوتنی كۆمەڵگاكان،بەڵام
بەشێوەیەكی تایبەتی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی گرنگی گەورەتریان هەیە و ڕۆڵی
بەرچاو دەبینن لە پڕۆسەی گەشەكردن و پێشكەوتندا،ئەوەتا وڵاتە گەورە پیشەسازیەكان هەموانیان بە پلەی یەكەم
لە كشتوكاڵەوە پێداویستیە ناوخۆییەكانی خۆیان دابیندەكەن و بەهۆی كەرتی پیشەسازیشیانەوە
توانیویانە كە سوود لەهەموو سەرچاوە سروشتیەكانی سەرزەوی و ژێر زەوی ببینن و لەڕێگەی
ئەم كەرتەشەوە هەلی كاری زۆر و زەوەند دابینبكەن و بێكاری و هەژاری نەهێڵن و كۆمەڵگا
بگۆڕن بەكۆمەڵگایەكی چوست و چالاك و داهێنەر.
• جا ڕابەری ئەم پڕۆسەی
پێشكەوتن و داهێنانە بەندە لەسەر پسپۆڕیە جیاوازەكانی زانستەوە هەر لە پزیشكی و ئەندازیاری
و یاسا وئەمنی و ...هتد.بۆیە گرنگە تاكەكانی كۆمەڵگا دابەشببنە سەر هەموو لق وپۆپەكانی
زانستەكان و بۆئەوەی كۆمەڵگا پێكەوە و لەسەر ئاستی هەموو بوارەكان بەرەو پێشەوە هەنگاو
بنێن.
بۆیە گرنگە دەسەڵاتەكان گرنگی بەهەموو پسپۆڕ و زانا و داهێنەرەكان بدەن بەبێ
جیاوازی و لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتیشدا گرنگی گەورە بدن بە توێژی ئەندازیاران
چونكە كۆڵەكە و پایەی بەهێزی هەموو پلان و پڕۆژەكانن.
• جا هەر دەسەڵاتێك ئەم
خاڵ و بنەمایانەی بە ووردی و بەدیقەت و پلانەوە جێبەجێكرد،ئەوا بەدڵنیایی پێشكەوتن
و گەشەكردن مسۆگەر دەكات و بەپێچەوانەشەوە دواكەوتن و هەژاری و نەخۆشی و بێكاری بەرۆكی گەل و وڵاتەكەی بەرنادات.بۆیە گەرەكە دەسەڵات لەم
هەرێمەی كوردستاندا هەموو ئەم ڕاستیانەی لا ڕوون بێت بۆ دەربازبوون لە خولانەوە لەبازنەیەكی
بۆشدا و خۆڕابپسكێنێت لەم هەموو كۆت و بەند و بێ پلانی و بێ بەرنامەیەی كە هەیە لە
كۆكردنەوەی داهاتەكان و لە خەرجكردنەوەشیدا بەمەبەستی دەربازبوون لەم قەیرانە داراییە
تاقەت پڕوكێنەی كەزیاد لە 6 ساڵە بەرۆكی ئەم وڵات و هەرێم و كۆمەڵگایەی گرتوە. بەداخیشەوە
تروسكاییەكی ئومێدیش بەدی ناكرێت.هەربۆیە ئومێدەكان بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگاكەمان و دەربازبوون
و بازدان لە كۆمەڵگایەكی بێكار و دواكەوتوو و هەژارەوە گەلێك زەحمەتە بەرەو بونیاتنانی
كۆمەڵگایەكی ساغڵەم و تەندروست و داهێنەر و پێشكەوتوو وەكو هەموو كۆمەڵگا مرۆڤایەتیە
ئازاد و دیموكراسیخوازەكانی دونیای سەردەم.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021