ئایا مرۆڤ كائینێكی ئەخلاقی سیاسی یە ؟!
وتار/
27/02/2021
662 جار بینراوە
دانا مەنمی
ئایا مرۆڤ
كائینێكی ئەخلاقی سیاسی یە ؟!
سیاسەت و ئەخلاق
یەکێکە لەو پرس و بابەتانەی کە لە مێژووی فکر و فەلسەفەی سياسيدا پانتاییەکی
فراوانی داگيرکردووە ، بەشێک لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان پێکەوە گرێداوە بەشێکی تریش لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان لێکجیاکردووەتەوە
،ئەرستۆ تاليس دەڵێت: مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی سياسيە. کەواتە سياسەت دياردەیەکی مرۆییە
و مرۆڤ ناتوانێت سياسەت نەکات ،سیاسەت بووەتە پێویستی ژیان بۆ ئینسانەکان و کۆمەڵگا
، لەبەرامبەردا فەيلەسوفی ئەڵمانی
ئيمانويل کانت پێی وایە کە مرۆڤ کائينێکی ئەخلاقيە. دیارە مەبەستی کانت لە تێزەکەیدا
ئەوەیە کە مرۆڤ کائينێکی ئازادە و دەتوانێت لە نێوان کاری باش و کاری خەراپ، یەکێکيان
بە ئيرادەی خۆی هەڵبژێرێت ، کەواتە مرۆڤ کائینێکی ئازادەو یەکێک لە مەرجەکانی ئەخلاق
بريتييە لە ئيرادەی ئازاد، ئێستا ئەتوانین بڵێین لە مرۆڤدا سیاسەت و ئەخلاق وجودیان
هەیە و لە پەیوەندی دەرەوەی خۆی و ناوەوەی خۆیدایە .
ئەوەی پێویستە
بپرسین ئەوەیە ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟! زانستی سیاسەت هاوشێوەی زانستە مرۆییەکانی تر پێناسەیەکی
دیاریکراوی بۆ سیاسەت نییە ، چونکە سیاسەت لەکات و لە شوێن و لە قۆناغێکەوە بۆ کاتێک
و شوێنێک و قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەردادێت ، بەڵام سیاسەت و زانستی سیاسەت دوو
بابەتی جیاوازن و لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا جیاوازی هەیە ، سياسەت پراکتيکە و
زانستی سياسەتیش تيۆرە، سیاسەت لە واقیع دا مومارەسە دەکرێت بەڵام زانستی سياسەت هەوڵدانە
بۆ تەفسير و تێگەيشتن لەو دياردەیە،یەکێک
لە پێناسەکانی زانستی سیاسەت بۆ سیاسەت بریتی یە لە (هونەری بەڕێوەبردن ) لێرەدا سياسەت دەبەسترێتەوە بە بوونی دەزگاکانی دەوڵەت
و دەستور و سەروەری یاسا کۆمەڵێک ئۆرگانی دەوڵەتی .
با بێینەوە
سەروەڵامدانەوەی پرسیارەکەمان ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی
جیاوازن ؟! ئەفلاتون و ئەرستۆ ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین، بەڵام لەڕوانگەی
میکیاڤێلییەوە ئەخلاق و سیاست هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکەوە نییە،تێزی میکیاڤێلی بۆسیاسەت
و ئەخلاق ئەوەیە كە هیچ شتێ سیاسەتمەدار پابەند ناکات بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ
بەدەست هێنانی دەسەڵات و مانەوە پەنا بۆ هەموو تەکنیکێکی فێڵ و تەنانەت درۆش دەبردرێت
. ئیمانوێڵ کانت لەبارەی ئەخلاق و سیاسەت دەڵێت: ئەوەی بۆ خۆت بەرەوای دەبینی بۆ خەڵکیش
بەرەوای ببینە. کانت پێی وایە مرۆڤی سیاسی
دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت.
چەمکی ئەخلاقیش
لە کۆمەڵێک بەها و چاکە یان کۆمەڵێک یاساو ڕێنمایی کە ڕەفتاری مرۆڤ ڕێکدەخەن ،چەمک
و فەلسەفەی ئەخلاقیش وەکو سیاسەت لە کۆمەڵگایەک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت
،ئیمانوێڵ کانت پێی وایە کە بەها ئەخلاقی و یاسا ئەخلاقيەکان کۆمەڵێک یاسای بابەتی
و رەها و گشتين، لە هەموو سەردەم و لە هەموو شوێنێک بەها ئەخلاقيەکان ئامادەگی هەیە
ولە ناو ناچن ، کەواتە مادام ئەخلاق دەبەسترێتەوە بە بەهاکان و بەهاکانیش لە لقە فەلسەفییەکاندا
بەتایبەت ئاکسیۆلۆژیا فەلسەفەی ئەخلاقی تێدا ڕوون کراوەتەوە ، لای ئەرستۆ بەختەوەری
بريتييە لە چاکەی باڵا و بەختەوەریش دەبەستێتەوە بە حیکمەت و حیکمەتیش باڵاترین فەزیلەتە
، واتە دۆخێکی عەقلانی و فەلسەفيە ، هەموو ئەم تیۆرانە کە پێشتر باسمان کرد قسە و
باسێکی زیاتری دەوێت،بەڵام لێرەدا تەنها کورتەیەکمان لەبارەیانەوە باس کرد تا بەرچاو
ڕوونیەکمان هەبێت لە بارەی سیاسەت و ئەخلاق ، ئەگەر نا ئەم بابەتە و ئەو چەمک و تێزانەی
دەکەونە ناو ئەم تیۆرانەوە بمانەوێت هەقی خۆیانی بدەينێ پێويستی بە نووسين و کتێبی
تايبەت هەیە.
نوێترین نوسینەکانی دانا مەنمی
-
دانا مەنمی
12/09/2021
-
دانا مەنمی
05/09/2021
-
دانا مەنمی
31/08/2021
-
دانا مەنمی
26/08/2021
-
دانا مەنمی
21/08/2021
-
دانا مەنمی
16/08/2021