خەونەكانمان بۆ ساڵی 2021 ی سەدەی 21 چۆن و چی بن ؟

وتار/ 23/02/2021 397 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خەونەكانمان بۆ ساڵی 2021 ی سەدەی 21 چۆن و چی بن ؟

نەوزادی موهەندیس
•     ئاشكرایە گوزەركردن و تێپەڕینی هەر ڕۆژ و مانگ و ساڵێك لە تەمەنی مرۆڤەكان خۆیان كەمدەبێتەوە و هەنگاوێك زیاتر نزیك دەبنەوە لە مردن و بەجێهێشتنی ئەم جیهانەی كە هەموان دڵیان زۆر پێی خۆشە و هەوڵ و ماندوبونی زۆر دەدەن بۆ گەیشتن بە خواست و ئاوات و خەونەكانیان،بەڵام زۆرینەی هەرە زۆریان ناتوانن لانی كەمی خەون و ئاواتەكانیان وەدیبێنن و ئەو كەمینەیەشی كە چانسی سەركەوتن و مانەوە و دەوڵەمەندبونیان پێبڕاوە بەهۆی بوونی ئەو زۆرینە هەژار و خەمبار و بێئومێدەی لە چواردەوریانن،ناتوانن وەك پێویست خۆشی لەو سەروەت و سامان و خوداپێداویەی خۆیان ببینن ،بەتایبەتیش ئەوانەیان كە كەمێك ویژدانیان بە زیندوویی ماوەتەوە یان هەستێكی مرۆڤانەیان لە دەرووندا هەیە. بۆیە بەگشتی هەردوولای هاوكێشەكە بەئومێد و بێئومێدەكان  و بە هەژار و خوداپێداوەكان هیچ كامیان  ئەوەی كە دڵخوازی خۆیانە بەخۆشی بیگوزەرێنن بۆیان نایەتە دی.
•     هەربۆیە ئەم جیهان و بونەی كە تیایداین وەك دەڵێن وێسگەیەكی ڕاگوزەر و كاتی و كورتە و بەشی ئەو هەموو ململانێ‌ و خەم و پەژارە و هەڵپەكردن و شەڕ و جەنگ و كوشت و كوشتار و ناعەدالەتیە ناكات كە مرۆڤەكان بە هۆكار و بەبێ‌ هۆكاریش بەرامبەر یەكدی ئەنجامیدەدەن،بۆیە گەرەكە هەموان تەواوی هەوڵیان بۆ ئەوە بێت كەمێك خۆشی و  پشوو و ئارامی دەروونی بەدەستبێنن نەك تەنها هەڵپەی كۆكردنەوەی سەروەت و سامانیان بێت.چونكە تەنها ئەوەی مرۆڤەكان بەبێ‌ جیاوازی دڵخۆش دەكات  و هەموانیش بەدوایدا وێڵن  بەڕێگا و شێوازی جیاواز تەنها و تەنها بریتیە لە ئارامی دەروون و تەندروستی باش و ساغ و سەلامەتی جەستە و دەروونەكان ،بەتایبەتیش لەم قۆناغ و سەردەم و ساڵانەی پەتای كرۆنادا كە هەموو جیهان و هەموو وڵات و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكانی بەگەورەو و بچوكەوە بەهەژار و خوداپێداوەوە گیرۆدە كردوە تائێستا زیاد لە 108ملیۆن كەس توشبوە و نزیكەی 2.5 ملیۆن كەسیشی لەناوبردوە و هەموان تەنها هەناسەیەكی پاك و دەرونێكی ئارام و جەستەیەكی ساغڵەمیان گەرەكە و زۆرێك لە خوداپێداوەكان ئامادەن هەموو سامانەكەیان بدەن لە پێناو ڕزگاركردنی خۆیان یان تەنها لەپێناو هەڵمژینی چەند چركەیەك لە هەناسەیەكی ئارام و خاوێندا بەڵام چنگیان ناكەوێت و بەبێ‌ ئومێدی ئەم دونیایە بەجێدێڵن و هەموو سەروەت و سامانەكەیان كە تەواوی ژیانیان بۆ كۆكردنەوەی تەرخانیان كردبوو بە ڕەوایی یان ناڕەوایی دادیان نادات، هەربۆیە گەرەكە پەندێك لەم قۆناغەی مرۆڤایەتی وەربگرین كە زۆر سادەیە و بریتیە لە هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی دەرونێكی ئارام و تەندروستیەكی باش،نەك ژمارە گەورە و قەبەكانی حسابە بانكیەكان و سەروەت سامان كۆكردنەوەكان.
•     بۆیە ئەم ساڵی 2021 و لەم سەدەی 21مەدا گەر بەڕێكی و جوانی ناوەكەیدا بێت ئەبێت ئومێد بەخش بێت بەتایبەتیش دوای ساڵی 2020 كۆرۆناوی دێت،هەرچەندە زۆربەی جاران مێژوو ڕێكەوت و هەڵكەوتە جوانەكان لەناخ و ناوەڕۆكیاندا كۆمەڵگەلێك كارەساتی دڵتەزێن و بۆنەی ناوخۆش و كارەساتباراویان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتوە.بەڵام وەك دەوترێت هەموو كات ئومێد و تێڕوانین و بیرۆكە باشەكان و گەشاوەكان بەختی باش دێنن،هەربۆیە  ئاوات دەخوازین كە ساڵی 2021 ساڵێكی پڕ خێر و بەرەكەت و تەندروستی باش و ساڵی ئارامی دڵ ودەرونەكان بێت و دوور بێت لە برسێتی و قاتوقڕی و ناعەدالەتی لە جیهاندا و ساڵی گۆڕان و وەرچەرخانی باشیش بێت بۆ كوردو و كوردستان.
كە هەمیشە لەم وەرزی بەهار و سەرەتای ساڵی نوێی كوردی 2721دا وێكدێتەوە، بەهیوای ئەوەی كە 21 ئازار كەسەرەتای ساڵی نوێی كوردیشە و ئاگر و مەشخەڵی نەورۆزی كوردانی تیادا دادەگیرسێت ، ساڵی 2021ی سەدەی 21 بۆ كوردان ساڵ و قۆناغ و سەردەمی نوێگەرایی بێت لەسەرجەم بوارەكاندا و هەرێم و وڵات و كۆمەڵگایەكی خۆشگوزەران پێكەوەبنێین لەسایەی سەروەری یاسا و دادگەری و یەكسانی و ئازادی كامڵبوودا و دووربكەوینەوە لە جوانكردن و نمایشكردنی ساختەكارانەی دەسەڵات و حوكمڕانیەكەمان و بەزۆر سەپاندنی مەیل و خواستی كەمینەی دەسەڵاتدار بۆ ئەوەی ئەزمونی حوكمڕانی 30 ساڵەمان بەهەدەر نەدەین و خوێن و فرمێسكە بێنازو ڕژاوەكانیش ڕسوای مێژوونەكەین و نەوەكانی ئایندەش بێ‌ ئومێد  ڕێگەیان پیشان نەدەین.
ڕەنگە هەموو ئەم خواست و ئاواتانە تەنها لەچوارچێوەی خەونێكی وەدینەهاتوودا بمێننەوە گەر دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەگەڵ ڕەوتی سروشتی گەشەكردنی كۆمەڵگا و گۆڕانكاریەكانی سەردەمدا هەنگاو نەنێن و نەتوانن خۆیان بگونجێنن و بەتەواوی قەناعەتیشیانەوە بڕوا بە دابینكردن و فەراهەمكردنی ئازادی و نان و خۆشگوزەرانی تاك و كۆمەڵگا نەهێنن و دوورنەكەونەوە لە پەرستنی كورسی دەسەڵات و دەستهەڵنەگرن لە بەرژەوەندی خۆیان و پشتكردنە زۆرینەی جەماوەری گەلەكەمان.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌