شاندی هەرێم و(نان بۆ قەساب و گۆشت بۆ نانەوا)
وتار/
02/02/2021
436 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
شاندی هەرێم و(نان بۆ قەساب و گۆشت بۆ نانەوا(
عەلی قەڵادزەیی
ئەو خاڵەی کە هەمیشە پێویستە بۆ عەقڵە ئیداری و سیاسیەکان مایەی لەسەر وەستان و جۆرێک لەئەزمونکردن بێت ئەوەیە کەپێشینانی کورد هەمیشە لەئامۆژگاریەکانیاندا لەچوارچێوەی مەقولەکانیان بەو ئاقارە عەقڵانیەدا ڕۆیشتون کە دۆسێکان بدەنە دەست پسپۆڕیەکانیان ( نانیان داوەتە دەست نانەواکان و گۆشتیان داوەتە دەستی قەسابەکان)، کەواتە پێشینانی کورد زۆر پێش مۆدێرنەی ئەوروپی کەوتون و بونەتە خاوەن ئەو بیرۆکە ئیداریەی کە مرۆڤە شیاوەکان دەخاتە شوێنی شیاوی خۆیانەوە.
لەڕۆژگاری شارستانیەت و مۆدێرنەدا کەهەموو پرسەکان و پۆستەکان خراونەتە سەر ڕێچکەی پسپۆڕێتی خۆیان و هەروەها بەبێ لەبەر چاوگرتن و ئەزمونکردنی ئامۆژگاریەکانی پێشینان، زۆر سەیرە ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی لەسیستمی حکومڕانی خۆیدا هاوکێشەکەی تەواو پێچەوانە کردۆتەوە و نانی داوەتە دەست قەساب و گۆشتی تەسلیم بە نانەواکان کردوە، ئەوەتا بەڕێز قوباد تاڵەبانی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە ڕاسپێردراوە کەسەرۆکایەتی شاندێک بکات و بچێتە بەغداو دانوستان لەسەر پرسێکی گرنگی هاوشێوەی نەوت بکات، لەکاتێکدا ئەوەی مایەی پرسیار لێکردنە ئەوەیە کە وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم (کەمال ئەتروشی) کە دۆسێی نەوتی هەرێمی لەناو جانتا دبلۆماسیەکەیدا حەشارداوە لەناو ئەم شاندەی مامی بچوکدا هیچ وجودێکی نیە، لەکاتێکدا دەبوایە وەزیری سامانە سروشتیەکان گەر سەرۆکایەتی شاندەکەشی نەکردبوایە بۆ بەغدا ئەوا (أضعف الإيمان ) دەبوو لەسەر یەکێک لەکورسیەکانی وەفدی دانوستانکاری کوردی بەجانتا پڕ لە دۆسێ شاراوەکانی نەوتی هەرێمەوە بونی هەبوایە، بەو پێیەی کە ئەم وەزیرە پسپۆڕی بواری نەوتە و پارتیە و کەسایەتیەکی زۆر نزیکە لە ماڵباتی دەستڕۆیشتووی بارزانی کە هەموو دەسەڵات و دیوە شاراوەکانی دۆسێی نەوتیان لەژێر دەستایە ساڵانێکە لەکوردستان، بێگومان هەموو ئەم خاڵانە ئەمڕۆکە خاڵی قوەتی ئەم وەزیرەن
و زەرورەتی ئامادەگی ئەو لەدانوستانەکاندا لەگەڵ بەغدا دەسەلمێنن.
کەواتە فەراغی وەزیری سامانە سروشتیەکان لەناو شاندەکەی هەرێم ئەمڕۆ جێگەی جۆرێک لە دروستکردنی هزری بەدگومانیە لەناو عەقڵی زۆرینەی شەقامی کوردی و شەقامی عەرەبی عێڕاقی و خودی تەیارە سیاسیە شیعیەکانی عێڕاقی لەسەر چۆنێتی جیدی بونی سەرانی هەرێم لەدانوستانەکانیان لەگەڵ بەغدا بەئاراستەی ڕادەستکردنی نەوت و گەیشتنە ڕێکەوتنی کۆتایی، کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت لەناو ئەجێندەکەی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا هەر بەتەنیا بریتیە لەبەردەوامێتی دان بەو کلتورە سیاسیە ناشیرینە ماکیاڤیلیانەی کەخۆی حەشارداوە لەخۆڵکردنە چاوی خەڵک بەناوی دانوستاندنکردنەوە لەلایەن حزبی دەسەڵاتخوازی کوردیەوە، کەبێگومان لەکۆتایدا دۆسێکەی بریتی دەبێت لە تۆمەتبارکردنی دەسەڵاتدارانی بەغدا بە بڕینی قوت و موچەی خەڵک و لەولاشەوە پرسی بە
فریشتەکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێمیشی لێدەکەوێتەوە.
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021