ساڵی 2020 ناسۆرترین ساڵەكانی ئەم چارەكەی سەدەی بیست و یەكەمی جیهان !

وتار/ 28/12/2020 536 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ساڵی 2020 ناسۆرترین ساڵەكانی ئەم چارەكەی سەدەی بیست و یەكەمی جیهان !

نەوزادی موهەندیس
•     بەداخەوە مێژووی مرۆڤایەتی سیخناخە لە كارەسات و جەنگ و كاولكاری و نەخۆشی و  ململانێی ناڕەوا و داگیركاری  و زوڵم و چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و زیندەوەران و تەنانەت ئەو ژینگەیەی كە خۆشی تیایدا دەژی.مرۆڤ بۆخۆی بونەوەرێكی لەلایەك داهێنەرو ئاوەدانكەر و خاوەنی شارستانێتیە نەمرەكانی مرۆڤایەتیە و زیاد لە  پێنج هەزار ساڵە لەسەر گۆی زەوی گوزەران دەكات و  گەلێك داهێنانی گەورە و ناوازە و سەرسوڕهێنەری داهێناوە تا كاراوانی مرۆڤایەتی و گەشەسەندن و ئاوەدانی گەیاندۆتە ئەم قۆناغەی ئێستا.بەڵام لە پاڵ هەموو ئەم كار و چالاكییە بێوێنە و سەرسوڕهێنانەیدا، سەدان و هەزاران كارەسات و كاولكاری و نغرۆكردنی مرۆڤایەتی و شارستانێتیەكانیشی ئەنجامداوە،كە زۆرێكیان بێ مەبەست و لە نەزانین و غافڵگیرییەوە بوە و زۆربەی تریشیان بە مەبەست و بەپلانی پێشوەختە ئەنجامیداون،گەلێك جاران هۆكارەكان كەسی و بنەماڵەیی و نەتەوەیی و یان ئاینی و مەزهەبی بوون،كەبونەتە هۆی هەڵایسانی جەنگە گەورەكانی جیهانی یان جەنگە ناوخۆییە نەبڕاوەكان یان سەرهەڵدانی دوژمنایەتی و كوشت و كوشتار  و كاولكاری كە لەكۆتایشدا تەنها و تەنها مرۆڤایەتی و ژینگەی گۆی زەوی زیانی گەورەیان پێكەوتوە.
•     جا هەر قۆناغە یان سەدە یان ساڵ و مانگ و ڕۆژەكانی مێژووی مرۆڤایەتی هەریەكەیان بە ڕووداوێكی گەورە و گورچكبڕ و كارەساتبار دەناسرێنەوە،ئەوەتا سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپا بە پەتای تاعون دەناسرێتەوە كە بە ملیۆنان كەسی كوشتوە،ساڵانی 1914-1918 جەنگی جیهانی یەكەم و ساڵی 1929-1933 چەقبەستوویی گەورەی ئابوری و ساڵانی 1939-1945 جەنگی جیهانی دووەم و ساڵانی 1952-1991 جەنگی سارد و دەیان نمونەی زیندووی تر.كە هیچ كات مرۆڤایەتی بەبێ‌ جیاوازی ئاوات بۆ ئەو قۆناغ و سەردەمە تاریكانەی مرۆڤایەتی ناخوازێت.
•     جا لەوچوارچێوەیەشدا سەدەی بیست و یەكەم و بە دیاریكراویش ساڵی 2020 كە سەرەتای بەناو سەدە و قۆناغێكی نوێ‌ بوو،بە كارەساتێكی مرۆڤایەتی دەستیپێكرد كە بریتیە لە پەتای كۆڕۆنا ((كۆڤید-19))كە لەسەرەتای ساڵەوە تاكو ئێستا كە نزیكبوینەتەوە لە كۆتایی ساڵی 2020،هەر بەردەوامە و هیچ كەس و لایەن و وڵاتێكیش ناتوانێت پێشبینی كۆتاییەكەی بكات، تائێستا تەواوی مرۆڤایەتی و زانست و زانیاری و زاناكان دەستەوستانن لەبەردەم ئەم پەتا كوشندەیەدا كە لەماوەی تەنها 12مانگدا زیاد لە 80 ملیۆن كەس توشبوون و زیاد لە 1ملیۆن و 500 هەزار كەسی تری كوشتوە و بە سەدان ملیار دۆلار زیانی ئابوری گەیاندۆتە تەواوی گۆی زەوی و بە ڕادەیەكی بەرچاو ترس و دڵەڕاوكێ‌ و مەترسی بڵاوكردۆتەوە بەناو تەواوی وڵاتان و كۆمەڵگاكاندا و  ئاشتی كۆمەڵایەتیشی خستۆتە بەر مەترسی و داڕمانی ئابوری زۆرێك لە وڵاتانی پێشخستوە و كورتهێنانی بودجە و داهاتی ساڵانەیان و گەشە و ئاوەدانیانی خستۆتە بەر مەترسیەوە.پەتای كۆڕۆنا بۆتە پەتای سەردەم و سەدەی بیست و یەك و بۆتە بكوژ و مەترسیەكی گەورە بۆ سەر ئێستا و ئایندەی تەواوی مرۆڤایەتی.
•     بەم شێوەیە ساڵی 2020 لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆتە ساڵێكی ڕەش و پڕ مەترسی و كوشندە و ناسۆر بۆ تەواوی گۆی زەوی،ئەم ساڵە ساڵی نەهامەتی و برسێتی و بێكاری و دواكەوتوویی و ڕاوەستانی گەشەی ئابوری تەواوی مرۆڤایەتی بوو.ساڵێك بوو كە هیچ كات ئاواتی پێناخوازرێت،ساڵێك بوو كە لەناو ساڵەكانی ئەم سەدەیەدا ڕەنگە ببێتە وێسگە وخاڵێكی تاریكی ئەوتۆ كە جیاكەرەوە دەبێت لە پێش و لەدوای خۆی.گەر هەندێك ساڵ بۆ ئەو كۆكەڵگا یان ئەو وڵات یان ئەو ناوچەیەی جیهان ساڵێكی پڕ وەیشومە و كارەسات و جەنگ و كارەساتی سروشتی و ژینگەیی كوشندە بوبێت،ئەوا ساڵی 2020 ساڵێكی ئیقلیمگیری سەرتاسەری و جیهانی بوو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و هەموانی وەكو یەك بێزار و دڵتەنگ و كارەساتبار كردوە بەهۆی لەدەستدانی زۆرێك لە خۆشەویستان و ئازیزانیان و زۆرێك لە خێزانەكانی هەڵوەشاندۆتەوە و زیاتریشی لە منداڵان بێ دایك و باوك و بێ‌ سەرپەرشتیار خستوە،گەلێك كەسی كۆستباران كردوە و لەوەش زیاتری بێكار و برسی كردوە،ئەم ساڵە و ئەم پەتایە هەموو مرۆڤایەتی یەكسانكردوە لە تووشبون و كوشتن و نەهامەتی و برسێتی و هەژاركەوتندا،چونكە دەوڵەمەند و هەژارانی وەكو یەك گرتۆتەوە،ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای پێكەوە گرێداوە لە نەهامەتیدا،جەنگ و ململانێكانیشی تاڕادەیەك گەرمتر كردوە،ڕەنگە ببێتە هۆكاری سەرهەڵدانی ناچاری هێرش و پەلامار و جەنگی گەورەتریش لە جیهاندا.
•     بەداخەوە بۆ كوردستانیش چەندان هێندە بەناسۆر و ناخۆشی و برسێتی و بێ‌ مووچەیی و بێكاری و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ململانێی ناڕەوا بوە وساڵی  ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكان بوە بە ناهەق. هەربۆیە بەهەق ئەم ساڵی 2020 و ئەم سەرەتای سەدەی بیست ویەكەش ئەوەمان پێدەڵێن كە ئایندەی مرۆڤایەتی زۆر ڕۆشن نابێت لەبەر چاوچنۆكی سەرمایەداران و دونیای سەرمایەداری لەلایەك و سەرهەڵدانی جەنگ و ململانێ ناڕەوا سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانیش لەلایەكی ترەوە لەنێوان هەمواندا لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ،لەنێوان باكور و باشووریەكانیشدا،لەنێوان دەوڵەمەند و هەژارەكاندا،لەنێوان ڕەش پێست و سپی پێستەكاندا،بۆیە گەر بیركردنەوە و ڕكابەرایەتی مرۆڤەكان بگاتە ڕادەی شێتبوونی تەواوەتی ولە عەقڵ و ئاوەز دەربچێت،ئەوا ڕەنگە دەیان ساڵی تری وەكو ساڵی 2020 لەم سەدەیەدا دووبارە ببنەوە و هێندەی دی ئایندەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ئاوەدانی و گەشە و پێشكەوتنەكان بەرەو تونێڵێكی تاریك و تونتر ببەن و ژیان و گوزەرانی سەر گۆی زەویش بكەنە مێژوویەكی ڕەش و كاولكاری و ئەم شارستانێتیە پێشكەوتوەش بكەنە هەواڵێكی ڕابووردوو لەنەمان و لە ناوچونی وەك هەموو شارستانێتیەكانی سۆمەری و بابلی و گریكی و ڕۆمانی و یۆنانی و ...هتد.
•     بەهیوای ئەوەی ساڵی 2020 زوو كۆتایی پێبێت و قۆناغ و سەردەمێكی ئومێدبەخش چاوەڕوانی هەموان بكات و هەموو بەڵا و ناسۆر و ناخۆشیەكانی ساڵی 2020 مان لە بیر بباتەوە.و بڕواش ناكەم هیچ كەسێك ئاوات بەساڵی 2020 بخوازێت و بڵێَت خۆزگەمان بە پار.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌