شۆڕشی گەنجان بەڕێوەیە

وتار/ 10/12/2020 452 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

شۆڕشی گەنجان بەڕێوەیە

عەلی قەڵادزەیی
گەر  بەهاری  نەوەدو  نۆ  ناوبنێین  بەشۆڕشی  شۆڕشگێڕە  تەقلیدیەکانی  کورد  لەدژی  ستەم و دیکتاتۆریەتی  بەعسیەکان  لەکوردستان، گونجاوە  کەخۆپیشاندان و توڕەیی  چەند  ڕۆژی  ڕابردووی  کوردستان  ناوبنێین  بەشۆڕش و ڕاپەڕینی  گەنجان، نابێ  بیرمان  بچێت  کەئەم  شۆڕشەی  گەنجان  بۆ  پرسی  لێدزین و دواکەوتنی  موچە  نیە، بەڵکو  گەنجان  ئەمجارە  هاتوون  بۆ  ئەوەی  بەم  دەسەڵاتە  ناعادڵ و ستەمکارو  پیسخۆرەی  بنەماڵەکان  بڵێن  کەئێوە  توانای  ئیدارەدانێکی  سەرکەوتو و بەڕێوەبردنێکی  عەقڵانی و خزمەتکردنی  خەڵکتان  نەماوە جگەلە  دزی  نەبێت، بۆیە  پێویستە  بڕۆن، سەربار  شۆڕشی  گەنجان  بەرەنجامی:
١- گەنجی  کورد  دوای  زیاتر  لەدوانزە  ساڵ  شەونخونی و ماندوبون و هەوڵدان  ئەوجا  دەتوانێ  قۆناغی  خوێندنی  ئامادەیی  تەواو  بکات، کەچی  لەپڕێکا  هەست  بەو  واقعە  تاڵە  دەکات  کەهیچ  دەستکەوت و بەروبومێکی  لەخوێندنەکەی  نەچنیوەتەوەو  ڕەنج  بەخەساربووە، چونکە  لەهیچ  زانکۆیەک  ناوی  ناگەڕێتەوە، ئەم  دیاردەیەش  سیاسەتێکە و دەسەڵات  زۆر  بێویژدانانە  چەند  ساڵێکە  لەکوردستان  مومارەسە  دەکات، بەئامانجی  چۆڵنەبونی  ئەو  زانکۆ  ئەهلیانەی  کەسیاسیە  بازرگانەکانی  کورد  چەند  ساڵێکە  کردویاننەتەوە  لەسەر  گیرفانی  گەنجی  کورد.
٢- دوای  چوار  ساڵ  لەمومارەسەی  خوێندن  لەسایەی  ژیانێکی  کولەمەرگی  پڕ  لەساردی و گەرمی و نەبونی  لەناو  شوقەکانی  زانکۆکانی  کوردستان، کەچی  گەنجان  پاش  تەواوکردنی  پڕۆسەی  خوێندن  دەبن  بەکارەکتەرێکی  دەستبەتاڵ و بێکار و شەهادەکەیان  لەپڕێکا  دەبێت  بەوەرەقەیەکی  پڕکراوەی  بەنمرەو  لەماڵەوە  تۆزی  لێدەنیشێت، چونکە  ئەم  حکومەتە  لەڕابردودا  هیچ  چانسێکی  بۆ  دامەزراندن  لەکەرتی  حکومی  بۆ  گەنجان  نەهێشتۆتەوەو  کارکردن  لەکەرتی  تایبەتیش  بەتەواوی  لای  حزبە  دەسەڵاتدارەکان  بۆ  ڕەعیەتەکانیان  قۆرغکراوەو  جێگەی  مرۆڤە  ئازاد و بێپشتەکانی  ئەم  هەرێمەی  تیادا  نابێتەوە.  
٣- داهێنانی  سیاسەتی  لێدزین و نەدانی  موچەی  فەرمانبەران  بەتەواوی  جوڵەی  بازاری  لەکوردستان  ئیفلیج  کردوەو  هیچ  چانسێکی  بۆ  گەنجان  نەهێشتۆتەوە  کەبتوانن  بەهۆی  کارکردنی  ئازادەوە  دەستیان  بخەنە  ناو  گیرفانیانەوەو  ببن  بەخاوەن  ئابوریەکی  خودی، لەکاتێکدا  چاویان  دەکەنەوە  دەبینن  کەکەمینەیەکی  کەم  لەم  هەرێمەدا  لەسەر  حسابی  ژیانی  ئەوان  ژیانێکی  شاهانە و موفت  ئاسا  دەژین و خەونەکانی  ئەوانیش  زیندەبەچاڵدەکەن.
کەواتە  ئەو  گەنجانەی  ئەمڕۆ  هاتونەتە  سەر  شەقام و  پڕبەدەم  هاواردەکەن  گەنجانێکن  هاوشێوەی  باوانیان  بارەگاکانی  حزب  بەدیوەخانی  خۆیان  نازانن و وێنەی  هەڵواسراوی  سەرکردە  شۆڕشگێڕەکانیان  لا  موقەدەس  نیە و سیاسیە  چاوچنۆکەکان  بەمەرجەع  نابینن، بۆیە  سوتاندنی  ئەمانە  بەلایانەوە  کارێکی  ئاسانە و بەشێکە  لەجێبەجێکردنی   ئەو  دروشمەی  کەدەیانەوێت  بەدەسەڵات  بڵێن  نامانەوێن  ئیتر  بەسە  تاڵانچیەکان  بڕۆن.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌