بەڵێنەكانی پارتی و كابینەكەی برا گەورە
وتار/
30/11/2020
625 جار بینراوە
دانا مەنمی
بەڵێنەكانی پارتی و كابینەكەی برا گەورە
دانا مەنمی
نامەوێ هەروا لولەی تۆپی ڕەخنەی بێ سەرو بەر ئاراستەی
پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم ،بەڵام ڕێگەش لە ڕەخنەگرتن ناگیرێت ،ڕەخنە یارمەتیدەرە
تا هەڵەو كەموكوڕییەكان بخرێتە بەرچاو لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت و چارەسەری
گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە ،دیارە كێشەو ئاڵنگارییەكان زۆرن ،لەبەرامبەریشدا كەموكوڕی
لەبەریوەبردندا هەیە و هەروا بە ئاسانی ڕەخنەی رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران لە دەسەڵات
نابڕیتەوە ، پارتی سەرەڕای ئەم هەموو پاشقولگرتنە لە دۆزی كورد نایەوێ ڕاستگۆیانەو
ڕاشكاوانە دان بە شكست و هەلەكانیدا بنێت ، كەس نەیوتووە پارتی گۆچانی سیحری بەدەستەوەیە
و كوردستانمان بۆ بكاتە شامی شەریف و نانمان بەدەمەوە بكات ! بەڵام خەڵك چاوەڕێیی
پارتییە ڕاستگۆیانە قۆڵی لێ هەڵماڵێ بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەلێن و دروشمانەی كە بانگەشەی
بۆ دەكات و ڕۆژانە گوێبیستی دەبین .
من نامەوێ لەم نوسینەم دا كێشەو ئاڵنگاریی وبەلێن و موژدەكانی
پارتی یەك بەیەك شیبكەمەوە ،پارتی بە دروشمی "كوردستانێكی بەهێز!" بەشداری
لە هەڵبژاردنەكانی ۳۰ی ئەیلولی ۲۰۱۸ دا كردو بەرنامەی لیستی پارتی لە ۱۰ بەش
و لە ٦۰ بەڵێن پێكهاتبوو ،لە كۆی شەست
بەلێنیش لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوای دووساڵ پارتی نەیتوانیوە هیچ
كام لە بەلێنەكانی جێبەجی بكات ،لەكاتێكدا سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی لە هەڵبژاردنەكاندا
بانگەشەی دەكرد و دەیگوت :بەڵێنێك نادەین كە پێمان جێبەجێ نەكرێت !.
بەڵێنەكانی كابینەی نۆیەمی براگەورە لەیەكەمین ئەزمونی
حكومەتداریدا زۆربەیان جێبەجێ نەكراون،بەلێنی براگەور لە كابینەی نۆیەم دا بەهێزكردنی
ئابوری كوردستان و پرسی چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتینات و بەرتیلدان
وكۆكردنەوەی داهاتی حكومەت بوو لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دا ،ئێستا ئەگەر
هەڵسەنگاندن بۆ بەڵێنەكانی پارتی و بەڵێنەكانی براگەورە بكەین زۆرینەیان موزایەدەی
سیاسی و خۆڵكردنە چاوی خەڵك بووە و ئەوەشی كە ماوە هیچی لێ سەوز نەبووە ،لەبانگەشەی
بەهێزكردنی ئابوری كوردستاندا موچەخۆران لەساڵێدا چوار موچەو سێ مانگ جارێك موچەیەك
وەردەگرن !بەلێنی چاكسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی كابینەی نۆیەم نەك نەیتوانیوە
كابینەی هەشتەم تێپەڕێنێت و فاشلترین كابینەیە لەبەر ئەوەی كابینەیەكی قەرزارەو
توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی نییە و ناتوانیت خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ
هاوڵاتیان دابین بكات ،لەبارەی نەهێشتنی ڕۆتینات و بەرتیل لە كابینەی نۆیەم دا ،هیچ
حكومەتێك هێندەی كابینەی نۆیەم ڕۆتیناتی تێدا نییە ،ڕۆتین هێلانەی لەناو پایەكانی
حكومەت و دام و دەزگاكاندا داكوتاوە و هاونیشتمانی ئەگەر مامەڵەیەكی هەبێت و خێرۆمەندێك
نەناسێ بەدەست ڕۆتیناتەوە دەبێتە پۆڕی خوراو ، دام و دەزگاكان لەبری كارئاسانی بۆ
خەڵك بونەتە بارگرانی و بێزاری خەڵك .
براگەورە لە كابینەی نۆیەم دا هیچ پرۆژەو بەرنامە و پلان
و ستراتیژو سیاسەتێكی جێگیری نییە لە بارەی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان و قەیرانی
داراییودابینكردنی موچەی فەرمانبەران و پرسی چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و
نەهێشتنی رۆتینات وكۆكردنەوەی داهات ،كابینەكەی براگەورە كابینەیەكی پڕ لە دەردەسەری
لە هەڕەشە و ئیهانە و سوکایەتی و كپكردنی دەنگی ئازاد وزیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان
و چالاكوانان و ئازادیخوازان بووە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ خراپتر
دەبێت و ڕووی لەهەڵكشانە ،تەنانەت پەڕلەمانتارانیش نەپارێزراون و پەلاماردراون ،بەلای
خۆی بەڵێنی براگەورە لە كابینەی نۆیەم دا بەڵێنی پێداگری لەسەر چەسپاندن و بەهێزكردنی
بنەما دیموكراسی و ئازادییەكان بوو!
داخستنی ئۆفیسی كەناڵەكانی راگەیاندن، دەستگیركردنی رۆژنامەوانان
و ئازاردانیان، رێگریكردن لە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی دەربڕین، پەلاماردانو ئەشكەنجەدانی
خۆپیشاندەران، هەڵكوتانەسەر ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنیو سیاسیو دەستگیركردنو
بێسەروشوێنكردنیان لەپاڵ كولەمەرگی خەڵک و خراپی ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەخششی
كابینەكەی براگەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان تا لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن و گرتن و زیندانیکردن
و ئەشکەنجەو پەلاماردان و بەشەق ولێدان و، قۆناغەتفەنگ نوزە لە ئازادی ببڕن ،وەكچۆن
لە خۆپیشاندانەکانی دهۆك و زاخۆو شیلادزێ وهەولێر بینیمان و پێشتریش لەسلێمانی وهەڵەبجەو
سەیدسایەق و شارو شارۆچکەکانی تریش بینیومانە!
نوێترین نوسینەکانی دانا مەنمی
-
دانا مەنمی
12/09/2021
-
دانا مەنمی
05/09/2021
-
دانا مەنمی
31/08/2021
-
دانا مەنمی
26/08/2021
-
دانا مەنمی
21/08/2021
-
دانا مەنمی
16/08/2021