گۆڕان و سەردەمی خۆبەدەستەوەدان
وتار/
27/11/2020
426 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
گۆڕان
و سەردەمی خۆبەدەستەوەدان
عەلی
قەڵادزەیی
بڕیاربوو گۆڕان کاری لەپێشینەی تێکشکاندنی ئەو کلتورە سیاسیە باوە بێ کەساڵانێکە هەموانی پاش هەڵبژاردن خستۆتە دوای دەسەڵات، بڕیاربوو گۆڕان کلتوری لەدواوە ڕۆیشتن نەهێڵێت و مۆدێلێکی نوێباو لەکاری سیاسەتکردن دابهێنێ کە سیاسەت بکاتەوە بەهونەری خزمەتکردنی خەڵک و ڕاستگۆبوون بەرامبەر کۆی بەڵێنەکان،
بەڵام بڕیارنەبوو گۆڕان ببێ بەهاوبەشی خەڵکانێک کەبەسەر خوێنی شەهیدانەوە هاتن و بونە بارگرانی بەسەر گوتاری کوردایەتی و ئەزمونی هەرێم و تاکە خەونیان قاچاخچێتیکردنە بەنەوت و خاڵەسنوریەکان و کەڵەکەکردنی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ حزب
و ماڵباتەکانیان و خەرجکردنی بەشێکی ئەم پارە حەرامەش لەکڕینی قەڵەمی ڕۆژنامەنوسان و قەڕەباڵغکردنی کەناڵەکانیان بەحەشامەت، کەچی لەناو ئەم قەرەباڵغیەی کەناڵەکانی ئەواندا وەک دەڵێن گۆڕان لەبەر دەستکورتی توانای کردنەوەی کەناڵێکی زمانحاڵ بەخۆی نیە، لێرەوە دەکرێت هاوبەشی گۆڕان بەچەند جێکەوتێکی سلبی فرەڕەهەند ئاماژە پێبکەین:
١- شەقامی کوردی: هاوبەشی گۆڕان تەواو هاوکێشەی دونیابینی مرۆڤی کوردی گۆڕی، چونکە گەر گۆڕان لەدوای ٢٥ی تەمموز شانازی ئەوەی پێبڕابێت کەدوبارە ئومێدی بۆ مرۆڤە بێئومێدەکانی کۆمەڵگەی کوردی گێڕابێتەوە بەرامبەر بەسیاسەت و حزبایەتی و کاری ئۆپۆزسیۆنبون و بەشداری سیاسی خەڵک، هەر گۆڕان بوو لەدوای هاوبەشی دەسەڵات بەهۆی خەیاڵپڵاوی چاکسازی دوبارەی ئومێدی مرۆڤی کوردی سفرکردەوەو شەقامی کوردی گێڕایەوە بۆ سەردەمی تێکشکانی ئیرادەی بەرەنگاربونەوەی ستەم و لاوازکردنی توانای قوربانیدانی خەڵک بۆ گۆڕانکاری، بیرمان نەچێ هەر ئەم سیاسەتی بێئومێدکردنەی گۆڕان وای کرد کەمرۆڤی کورد ئەمڕۆ بەدوای مەملەکەتێکی جیاوازتردا بگەرێت بۆ دوبارە دروستکردنەوەی ئومێد بەپایەکانی ژیان، بۆیە گەر کۆچی بەلێشاوی خەڵک بۆ هەندەران کەمتەرخەمی دەسەڵات دیوێکی بێ بەتەنیشتیەوە ئەم سیاسەتی هاوبەشی و بێئومێدکردنەی گۆڕان دیوەکەی تریەتی.
٢- گۆڕان: لەڕۆژگاری هاوبەشی گۆڕان سیاسەت لەهزری ژمارەیەک هەڵسوڕاودا گۆڕا بۆ بزنس لەڕێگەی وەرگرتنی پلەو پۆست و بازرگانیکردن، بزنسمانەکان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی بزنسکردنیان هەر کاتێک مەترسی لەسەر کارەکەیان هەبوبێت بێدودوڵی خوا حافیزیان بەکۆمەڵێ گلەییەوە لەگۆڕانکردوە، ئەم ئاوێتەکاریەی سیاسەت و بزنس وێنای گۆڕانی لەهزری مرۆڤی کورددا یەکسانکردوە بەوێنای حزبەکانی دەسەڵات.
خەیاڵپڵاوی گۆڕان بەچاکسازی و سوربونی بزنسمانەکان بۆ بەردەوامیدان بەهاوبەشی، ئەنجام سەردەمی نائومێدبوونی گەیاندە ناوماڵی گۆڕان و گۆڕانخوازان، پێرێ لەسلیمانی (عومەر و عوسمان و قادر و ڕۆستەم) بەناچاری کەشکۆڵیان هەڵگرتوو چونەوە ماڵەوەو دوێنێش پۆلێک لەهەڵسوڕاوانی ڕانیە کەشکۆڵی نائومێدیان لەناو گۆڕانەوە بەکۆڵداداو بردیانەوە ماڵەوە، بێگومان گەر عەقڵمەندانی گۆڕان بیرێک لەم دۆخی بێئومێدبونەی ناوماڵی خۆیان نەکەنەوە دڵنیام سبەیش ئەم دۆخی بێئومێدبونە کاروانی زیاتری هەڵسوڕاوان بەدڵشکاویەوە دەنێرێتەوە ماڵەوە.
گەر گۆڕان دوێنێ شانازی ئەوەی کردبێت کەبزوتنەوەیەکە تاکە پشت و پەنای خەڵکانی دەنگدەری کوردستانە، بەداخەوە ئەمڕۆ واخەریکە هاوکێشەی ئەم شانازیکردنە بەدەنگدەر بەتاڵدەبێتەوە، چونکە ئەزمون دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کەئەمڕۆ بڕیار بەدەستانی ئەم بزوتنەوەیە هیچ باکیان بەنائومێدبوونی دەنگدەرانیان و چونەوە ماڵەوەی هەڵسوڕاوانیان نیە، وەک ئەوەی گۆڕانیش هاوشێوەی حزبەکانی دەسەڵات کورسیەکانی مفت بێت و بوون و نەبونی دەنگدەر هیچ لەهاوکێشەی کورسیەکان نەگۆڕێت.
٣- پارتی و یەکێتی: هاوبەشی گۆڕان بۆ هەردوو حزب بەرەکەتێکی خواییە، چونکە ئەم هاوبەشیە دروستبونی سەردەمی خۆبەدەستەوەدان بوو، خۆبەدەستەوەدانی هەموان ئەنجام هەردوو حزبی بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکی کردن بەحزبی ڕەهای باڵادەست و بێمنەت لەهاتوهاوارو دروشمەکانی خۆپیشاندەران، چونکە گەر لەڕابردوو سیاسیەکانی دەسەڵات لەتوڕەیی و قەڵسیان بەهاتوهاوارو کۆبونەوەی خۆپیشاندەران حەماسی بوبن و بیانگوتبێ: (با خۆپیشاندەران بۆخۆیان هەڵپەڕن و سەما بکەن)، وەک دەبینین ئەمڕۆ ئەم قەڵسیەشیان بونی نەماوە.
سەبارەت بەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق یەکێک لەئەندامانی خولی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان لەلیستی یەکێتی هەر لەڕێگەوە پێشبینی ئەوەی کرد کەحزبەکەی لەم هەڵبژاردنەدا کورسیەکانی هەردوو پارێزگای سلیمانی و کەرکوکی مسۆگەر کردوە، بێگومان گەر ئەم پێشبینیەش هیچ مانایەکی هەبێ، ئەوا بریتیە لەمەدلولی شانازیکردن بەهەڵکشانەوەی نفوزی یەکێتی و داکشانی نفوزی جەماوەرێتی گۆڕان لەسایەی چاندنی بێئومێدی لەدەرونی خەڵکدا، چونکە بیرمان نەچێ سەردەمانێک بەسلیمانی دەگوترا زۆنی نیلی و بەیەکێتیش دەگوترا کەمینەیەکی دەسەڵاتدار لەم شارەدا.
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021