عێراق و هەرێم یەكێتی دژەكان !
وتار/
21/10/2020
572 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
عێراق و هەرێم یەكێتی دژەكان !
نەوزادی موهەندیس
• ماوەی زیاتر لە 6 ساڵە هەرێمی كوردستان گیرۆدەی قەیرانێكی دارایی توند بۆتەوە كە
تائێستاش بەردەوامە و كاریگەری زۆر خراپیشی كردۆتە سەر تەواوی بوار و جومگەكانی ژیان
و گوزەرانی هاوڵاتیان و حكومەتیش و تەنانەت كارگەیشتۆتە شەلەلكردنی حكومەت كە
ناتوانێت لانی كەمی پێداویستی و شایستەی مووچەخۆرانی خۆی بدات لە مووچەی مانگانەی 30
ڕۆژی و نەتوانینی دابینكردنی خەرجیەكانی دامودەزگاكانی حكومەت و وەستانی زۆرێك لە
پڕۆژە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەكان و كاری
وەبەرهێنانیش بەتەواوەتی ڕاوەستاوە.لە ئێستاشدا هیچ ئومێدێك بۆ دەربازبوون و تێپەڕاندنی
ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە وەدیناكرێت.و هەموان لە چاوەڕوانی گۆدۆداین و ئەویش هەر
پەیدا نابێت.
• عێراقیش
لە ئێستادا و ماوەی نزیكەی ساڵێكە،بەهەمان شێوە تووشی هەمان قەیران بۆتەوە و لە ئێستادا
كارگەیشتۆتە ئاستێك كە نەتوانێت مووچەی مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا دابەشبكات و بیر لە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆی و دەرەكی زیاتر دەكاتەوە
یان پلانی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خەرجیەكانی هەیە بەهەمان شێوەی هەرێمی
كوردستان. بەم شێوەیە هەردوو حكومەتكەی هەرێم و بەغداد لەهەردوولا مەست و حەیرانن
و نەدەتوانن حوكمڕانیەكی سەركەوتوو بكەن و نەدەشتوانن خۆیان و گەلەكانیان لەم نەهامەتیانە
ڕزگاربكەن.و خاوەنی هیچ دەستپێشخەریەكی جدیش نین بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی كورت و دڵخۆشكەر.
• بەم
شێوەیە هەرێم و عێراق پێكەوە و لەیەك كاتدا ڕووبەڕووی گەورەترین و سەختترین بارودۆخی
سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەندروستی بونەتەوە كە هیچ نەیارێك حەسوودیان پێنابات. و
لەگەڵ یەكتریشدا هەڵناكەن و بێ یەكتریش
ناتوانن هیچ كامیان لەسەر قاچەكانی خۆیان بوەستن و پێویستیان بەیەكتر نەبێت و دەڵێی
جمكن و جیابونەوەیان لەیەكتر زۆر مەحاڵ بوە لانی كەم لەم قۆناغەدا. بەڵام دڵنیام كە
ڕۆژێك دێت كە تەنها چارەسەر و بەناچاری هەردوولا ڕووی تێدەكەن ئەویش جیابونەوەیەكی
ئاشتیخوازانەیە كە لە ئایندەدا ببنە دۆست و دراوسێیەكی باش و كۆتایی بەم جەنگ و
ململانێ 100ساڵەییان بهێنن .و بەم شێوەیە هەرێم و عێراق لە ئێستادا بونەتە ئەو دوو
دژەی بەرامبەر یەكتر بەڵام لە چوارچێوەیەكی زۆرەملێی و پەستێنراودا یەكیان گرتوە،كە
جێگەی هەردووكیانی تیادا نابێتەوە و زۆر بە بەریان تەنگە،جا بۆ خۆدەربازكردن لەم دۆخە
تەقینەوە و جیابونەوەیەكی ئاشتیخوانە پێویستە نەك بە جەنگ و كوشتار،چونكە قەدەریان
لە دوای جیابونەوەش هەر دراوسێ و سنور بەسنورەوە دەبن.بۆیە هەق وایە لە هەردوولاوە
بە ئەقڵیەتێكی نوێوە كار بكەن بۆ ئەم پڕۆسە چارەنوسساز و یەكلاكەرەوەیە،چونكە تا ڕۆژگارەكان
ئاوها بەردەوام بن نە هەرێم و نەعێراق خۆشی و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاوەدانی بەخۆیانەوە
نابینن.
• لێرەدا
پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ ئەم قەیرانەی هەرێم و عێراق لەخۆڕا سەریان هەڵداوە؟ یان دەستكردە؟
ئایا لە ئەنجامی بێپلانی و بێ بەرنامەیی بوە؟ یان سەپێنراوە و لەدەرەوەی سنورەكانەوەن؟
ئەی چۆن هەوڵبدرێت خۆ دەرباز بكرێت و ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنرێت ؟ و دەیانی پرسیاری
تر..
سەرەتا هەموان دەزانین كە عێراقی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی لەساڵی 2003 وە لەلایەن گروپێكی
مافیایی لە حیزب و سەركردە سیاسیە نوێكانەوە بەڕێوە دەبرا كە تەنها لە حوكمڕانیان
نەدەزانی و شەلم كوێرم ناپارێزم كەوتنە گیانی هاوڵاتیان و ژێرخان و سەرخانی وڵات و
كەوتنە دزی و ڕاووڕووت و گەندەڵی كە لە ئێستادا وەك باسدەكرێت بڕی 250 ملیار دۆلار
بەهەدەر دراوە لە عێراقدا، كەوتنە دروستكردنی میلیشیای چەكداری توندڕە و ،بۆ هەڵایسانی
شەڕی ناوخۆی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی. كەوتنە داتەپاندنی ئەو ژێر خانە لەرزۆكە
ئابوریەی كەهەبوو. كەوتنە لێكهەڵوەشانی كۆمەڵگای عێراقی،داهێنەری سیستەمی پشكپشكێنەی
تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی بوون لە حوكمڕانیدا. سەرەڕای ئەمانەش جەنگی تیرۆر و تیرۆریستانیش
هاتە بانی و ئاوارەبوون و لەجێگەی خۆدەركردن و چوونەدەرەوەی هەندەران و كاول و وێرابوونی
شار و شارۆچكەكان و داگیركردنیان لەلایەن داعشەوە،هۆكارێكی تری قەیرانەكە و توندتری
بون.لەلای سێهەمیشەوە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و دونیاش بۆ كاروباری
عێراق و هەرێمیش پێكەوە هێندەی تر وڵاتی لاواز و بێهێز كرد و كردیەە گۆڕەپانی
ململانێكان و دەرگای لەسەر شكاندنی شكۆ و سەروری گەل و خاكی عێراق كردەوە بە
كوردستانیشەوە.
لەهەمووشیان گرنگتر،بێ پلانی حكومەت لەهەموو بوارەكاندا
و پشتبەستنی تەنها بەسەرچاوەی نەوت بەڕێژەی 95% وایكردوە كە لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانی
نرخەكانی نەوتەوە و دابەزینی نرخی 1 بەرمیل نەوت لە 115دۆلارەوە لەساڵی 2015دا بۆ 30 دۆلار و كەمتریش،عێراق و هەرێمی
كوردستان گەورەترین و سەختترین لێدانی ئابوریان بەربكەوێت كە نەتوانن تەنانەت مووچەی
مووچەخۆران دابین بكەن بەهۆی كەمی داهات و لە سەرەتای ساڵی 2020یشەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی
نەخۆشی و پەتای كۆڕۆناوە هێندەی تر دۆخەكانی شڵەژاند و لە ئێستادا وادەبینرێت كە لە
كۆنتڕۆڵ دەرچووبێت.وڵاتێكی وەكو عێراق بڕی 125 ملیار دۆلار و حكومەتی هەرێمیش زیاد
لە 28 ملیار دۆلار قەرزار بن.
بەداخەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەكان لەهەرێم
و عێراقیش نەبوونە هۆی دەربازبوون لەم قەیرانە،گۆڕینی حكومەتەكان و كابینەكانیش هێندەی
تر دۆخەكانی تێكچڕژان.نمایشكردن و خۆدوورخستنەوە لە لێپرسراوێتی قەیرانەكە و خستنە
ئەستۆی كابینەكانی پێشووتر لە هەرێم و بەغداد نەیانتوانی توڕەیی و بێزاری و كەمتەرخەمی
جەماوەر لە لێپرسراوانی ئێستا كاڵبكەنەوە.بۆیە هەموو ئەم فاكتەرە خۆی و بابەتیانە
هۆكاری سەرەكی بوون بۆ سەرهەڵدان و بەردەوامی و توندبوونی قەیرانەكە. بەڵام لەهەمان
كاتیشدا زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش بەهەمان قۆناغ و مەترسی و ئاڵنگاریەكاندا
تێپەڕین،بەڵام لای ئەوان سووكتر و تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵكراون،ئەی بۆچی لای هەرێم و عێراق
هەر بەرەو توندتر و سەختتر هەنگاو دەنێت؟
هۆكارەكان ڕوون و ئاشكران كە خۆیان دەبیننەوە لە:
• بێباكی
دەسەڵاتداران و حیزب و سەركردە سیاسیەكان بە ژان وئازار و مەینەتی و گوزەرانی هاوڵاتیان.
• بێ
پلانی حكومەتەكان لەڕووی زانستی و كردارەكیەوە بۆ چارەسەری قەیرانەكان.
• دەستبردن
بۆ كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆران وەك ئاسانترین ڕێوشوێنی نایاسایی.
• نەوێرانی
دەسەڵات و حكومەت بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و بڕینی دەستی مافیا و گەندەڵكارانی حیزب لە
ناو حكومەتدا.
• كۆنەكردنەوەی
داهاتەكان بەشێوەیەكی توند و لێدانی هەموو هێز و میلیشیاكان.
• ململانێ
نهێنی و ئاشكرای سیاسی لەنێوان ماڵی شیعی و سونی و كورد و ئەوانی تریش لەناوخۆیان
و لەگەڵ یەكتریشدا.
• بەردەوامی
دەستوێوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لەكاروباری عێراق و هەرَمیشدا.
• نەبوونی
سوپایەكی بەهێز و باڵادەستی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعیەكان و نەمانی هەیبەتی دەوڵەت.
• ئەی
چۆن دەتوانرێت ئەم قۆناغ و قەیرانە لە هەرێم و عێراقدا تێبپەڕێنرێت؟ چۆن لانی كەم
كاریگەرە نەرێنیەكانی سوكتر بكرێت؟پلان چیە؟ئایندە بەرەو كوێ ئاڕاستە دەگرێت؟
بەكورتی بە حكومەتێكی بەهێز دەكرێت كە دوور بێت لە
پشكپشكێنەی حیزبی و تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی.بەحكومەتێكی تاكلایەنە و پاڵپشتكراو
بەزۆرینەی پەڕلەمانی دەبێت دوور لە حكومەتێكی ئیئتیلافی لەرزۆك و لاواز.بە گەڕانەوەی
هەیبەتی دەوڵەت و یاسا و دامودەزگا شەرعیەكان دەبێت. بەلێدان و بڕینی دەستێوەردانی
حیزب و سەركردە و میلشیا و مافیا و دەوڵەتانی
ناوچەكە دەبێت لە كاروباری حكومەتدا.بەدانانی پلانی زانستی دەبێت بۆ زیادكردنی
داهاتەكان و كەمكردنەوەی خەرجیە ناپێویستەكان و دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات جگە
لەنەوت.
بەم شێوەیە دەكرێت ئاسەواری قەیرانەكە سووك بكرێت تائەوكاتەی
پەتای كۆڕۆنا كۆنتڕۆڵدەكرێت و دۆخی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی
ئاسایی و نرخەكانی نەوت بەرزدەبنەوە و جوڵەی
گەشتوگوزاری زیاد دەكاتەوە.بۆیە لە ئێستادا و لانی كەم بەداخ و كەسەرێكی گەورەوە بۆ ماوەی 5-10 ساڵی
تریش ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی نە هەرێم دەكات نە عێراقش لەسایەی ئەم هەموو ئاڵنگاریانەی
كە باسكران كە زۆرێكیان دروستكراوی دەسەڵات و حكومەتەكانن نەك سروشتی و خۆڕسك بن.بۆیە
جۆری دەسەڵات و عەقڵیەت و پلانی دەسەڵاتەكان جۆری حوكمڕانیەكان دیاریدەكەن،چەندە
حوكمڕانیەكی ڕاشد و حەكیم و بەتەگبیر و دووربین بن ئەوەندە سەركەوتوودەبن بە پێچەوانەشەوە
بەرەو خراپتر و هەڵدێرتر و تاریكوتونتر هەنگاو دەنێن.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021