پۆلیس و ئاسایش ئه‌مه‌ بۆ؟

وتار/ 02/12/2016 704 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

پۆلیس و ئاسایش ئه‌مه‌ بۆ؟
لەتیف فاتیح فەرەج
ئه‌وانه‌ی 17ی شوباتی 2011و رۆژانی دواتریان بیره‌، چاك ده‌زانن، هیچ له‌ سته‌مكاری و توندو تیژی سه‌وز نابێت، خه‌ڵكی سلێمانی و یه‌كێتی و حزبه‌كانی تریش، شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌میشه‌ سلێمانی به‌ خۆپیشاندان و ئازایه‌تی ڕووبه‌ڕووی به‌ عس بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ كراوه‌ته‌ چیرۆك و داستان و شیعر، به‌ڵام هێشتا ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیش فێری ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، كه‌ زه‌برو زه‌نگ ده‌نگه‌كان كپ ناكات، ئه‌گه‌ر وابوایه‌ ده‌بوایه‌ دوای 17ی شوبات و كوشتنی ئه‌و هه‌موو جوانخاسه‌ سلێمانی و ده‌ورو به‌ری، جارێكی تر نه‌هاتنایه‌ته‌ سه‌ر جاده‌، ده‌یان جاری دیكه‌ش زه‌برو زه‌نگ هه‌بێت، خه‌ڵكی ده‌سبه‌رداری داواو خواسته‌كانی خۆی نابێت، بۆیه‌ گرتن و بردن چاره‌سه‌ر نین، وه‌ڵام دانه‌وه‌ چاره‌سه‌ره‌ ..

من لام وابوو رۆژێ‌ دێ‌ ئاسایش و پۆلیس بكوژانی 17ی شوبات ده‌گرن و ده‌یانبه‌نه‌ به‌رده‌م دادگا، لام وابوو پشتگیری خواستی ڕه‌وای مامۆستایان و موچه‌خۆران ده‌كه‌ن، لام وابوو به‌ دووی دۆزینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل سوتێنه‌كانی مامۆستایاندا ده‌گه‌ڕێن، كه‌چی ئه‌م به‌یانیه‌ ئه‌وان شتێكی تریان كرد، ئاخۆ گرتنی مامۆستایان و ئازادیخوازان كۆتای رێگه‌كه‌یه‌ یان ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان نه‌كرێ‌ له‌ شوێنی ترو كاتی تر سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌، ئایه‌ گرتنی خه‌ڵك چاره‌سه‌ره‌؟

ئاسایش و پۆلیس، پارێزه‌ری خه‌ڵكن نه‌ك سته‌مكاری، هه‌ركات بوونه‌ پارێزه‌ری سته‌مكاری، ئیدی هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ئه‌وان و خه‌ڵكا نامێنێ‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكا خۆیان كوڕو براو كه‌سی خه‌ڵكن، ناكرێ‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی ئه‌و بارو دۆخه‌ بێت، كه‌ خودی ده‌سه‌ڵات له‌ ئاكامی تاڵانی نه‌وت و ملهوڕیه‌وه‌ دروستی كردووه‌، هه‌رگیز به‌م شێوه‌یه‌ ناتوانرێ‌ سلێمانی و ده‌ورو به‌ری به‌ ده‌ردی دهۆك و هه‌ولێر ببرێ‌، باشه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانی و نێچیروان و قوباد تاڵه‌بانی و هه‌موو لایه‌ك هه‌ق ده‌ده‌ن به‌ مامۆستایان و موچه‌ خۆران، ئیدی ئه‌م سته‌مكارییه‌ بۆ؟

راسته‌ پێویسته‌ ده‌رگای خوێندنگه‌و قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه‌، راسته‌ ناكرێ‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ خوێندن بێبه‌ش بن، به‌ڵام ئه‌ی موچه‌و قوتی خه‌ڵكی، ئه‌ی ژیانی خه‌ڵك ، ئه‌ی كاره‌باو سوته‌مه‌نی و پێویستیه‌كانی رۆژانه‌، ئایه‌ بیانوتان چیه‌ بۆ نه‌بونی كاره‌باو سوته‌مه‌نی و موچه‌و بودجه‌، ئێوه‌ بیرتانه‌ مه‌سعود بارزانی وتی: هه‌ر منداڵێك كه‌ له‌ دایك ده‌بێت له‌ كوردستان موچه‌و پشكی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م دوایه‌ ئاشتی هه‌ورامی باسی ئه‌وه‌ی كرد "هه‌ر منداڵێك كه‌ له‌ دایك ده‌بێت قه‌رزاره"، به‌ منداڵی ئه‌و ئاسایش و پۆلیسانه‌شه‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ كه‌وتنه‌ وێزه‌ی مامۆستایان و هاواری خه‌ڵك.

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌