دیوی پشتەوەی حکومەتی پۆلیسی براگەورە

وتار/ 12/10/2020 418 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

دیوی پشتەوەی حکومەتی پۆلیسی براگەورە

ئەمیر مام والی
حکومەتی براگەورە دەیەوێت هەموو شتەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت ناڕەزایەتی و بۆچونی جیاوازی قبوڵ نیە و لەرێگەی پۆلیسەکانەوە سەرکوتیان دەکات، شکۆ بۆ دەزگا و دامەزراوەکان ناهێڵێت بەجۆرێک خەڵک دەخەسێنێت کە تاقەت و حەوسەڵەی ئەوەیشی نەمێنێت کە داوای مافەکانی خۆیشی بکات.حکومەتی براگەورە  گۆڕەپانی حکومی خۆی وەک گۆڕەپانەکەی ڕۆمای کۆن لێدەکات، هەر جارەو دوو قارەمان دەدات بەگژ یەکتریدا و بۆخۆیشی بینەر دەبێت، حکومەتی پۆلیسی وا لە هاوڵاتیان دەکات دژی یەکتری بجەنگن و وزەی خۆیان لە شکاندنی یەکتریدا بە فیڕۆ بدەن.
هەرکاتێکیش گروپێکی یەکگرتوو پەیداببن بۆ بەگژدا چوونەوەی هەر بەو خەڵکە مەزڵومەی کە زوڵمیان لێکراوە گروپەکە دەداتە بەر دەیان تانەو تەشەری جۆراو جۆر و گومانیان جۆراو جۆریان لەسەر درووست دەکات.

ئەم جۆرە حکومەتە بەجۆرێک خەڵک سەرقاڵ دەکات کە لەسەر هەموو شتێک قسە بکەن جگە لە قسەکردن لەسەر مافەکانی خۆیان.ئەم جۆرە حکومەتە بەجۆرێک خەڵک ئەترسێنێت و بەلاڕێیاندا دەبات، کە لەبری ئەوەی لەزاڵم بپرسن بۆ زوڵم دەکەیت، بەرۆکی مەزوڵم دەگرن و لۆمەی زوڵملێکراو دەکەن لەسەر ئەوەی کە بۆچی قسەی حەق دەکات. کاری سەرەکی ئەم حکومەتە شۆردنەوەی ئەقڵی تاکەکانی کۆمەڵگایە، وا لە تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات کە هەرکات هەرچیەکی بوێت بە ئاسانی پێیان بکات،ئەگەر کەسانێکیش هەبن کە هاوشێوەی کۆی میللەتەکە گوێڕایەڵ و دەستەمۆ نەبن، ئەوا له ڕێگەی پۆلیسەکانەوە کە بەشێکن لەخەڵک یان دەستگیریان دەکەن یان تیرۆریان دەکەن یانیش لەژێر ئەشکەنجەدا دەیانکەن بەلایەنگری خۆیان. لەژێر دەسەڵاتی براگەورەدا هەموو شتێک ئاساییە جگە لە داواکردنی مافەکانت، یان دەبێت بێدەنگ بیت یانیش دەبێت بەرگەی ئازارەکانی قسەکردن بگریت.

شاگردەکانی براگەورە لە ڕێگەی میدیاوە دەیانەوێت خەڵک ئەوە ببینێت و ببیستێت کە براگەورە بڕیاری لەسەر دەدات، بەدەر لەوە هیچ بینین و بیستنێکی جیاوازیان قبوڵ نیە.حکومەتی براگەورە ستراتیژو ڕێگای تایبەتی خۆی هەیە بۆ کۆنتڕوڵکردنی خەڵک و ئاڕاستەکردن و بە مێگەل کردنیان،شێوازی کارکردنی ئەم جۆرە حکومەتە هاوشێوەی مەزرای ئاژەڵانە کە تیایدا ناپلێۆنی بەراز لە ڕێگەی گەله سەگێکەوە تەواوی ئاژەڵانی کێڵگەکەی کردووە بە ڕۆبۆتی کارکردن و بەتەنیا خۆی و نوخبەیەکی کەم بەروو بوومی ڕەنج و ماندوو بوونی کێڵگەکەش دەخۆن. لە حکومڕانی براگەورەدا قەیرانەکان لە قەیرانی ئابوری و سیاسییەوە دەبن بە قەیرانی نەمانی ئەخلاق، هەر کۆمەڵگایەکیش کە ئەخلاق تیایدا باڵادەست نەبوو هێدی هێدی بەرەو داڕمان دەچێت، حکومەتی براگەورە دەیەوێت بە بیانوی جیاوازی فیکریی و بە درووستکردنی تۆمەتی جیاواز لەڕێگەی داردەستەکانیانەوە ناڕازییەکان و یاخی بووەکان بدات بەگژیەکتریدا. بۆ دەرباز بوون لەم جۆرە حکومە دەبێت بە هێندەی کۆششی حکومەت بۆ پەرتکردنی دەنگی ناڕازی کۆشش بکرێت بۆ یەکخستنی دەنگە ناڕازییەکان تا لە ڕێگەیەوە براگەورە بخرێتەوە قاڵبی مرۆڤایەتی خۆی.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌