پێكەوە ژیان یان لێكترازان ؟
وتار/
11/10/2020
1279 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
پێكەوە
ژیان یان لێكترازان ؟
نەوزادی
موهەندیس
• هیچ خێزانێك یان گروپێكی
ئیتنی یان ئاینی یان مەزهەبی تەنانەت ڕێكخراوە پیشەیی و مەدەنیەكان و تا دەگاتە
ئاستی حیزبە سیاسیەكان و دواتریش تەواوی كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان بەگەورە و بچوكیانەوە
ناتوانن بە بێ بنەمای پێكەوە ژیان لەگەڵ یەكدا لە چوارچێوە و سنور و بەرنامە و پەیڕەو
ناوخۆی خۆیاندا هەڵبكەن و پێكەوە بژین،كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش داڕێژراوە
و هەمووان لەسەری ڕێكەوتوون و پێشی ڕازین و كاریش بۆ سەركەوتنی دەكەن.جا ئەو چوارچێوەیە
سیاسی یان ئابوری یان ئەمنی و یان كۆمەڵایەتی یانیش فەرهەنگی و كەلتوری بێت.چونكە
پێكەوە كاركردن و بەشێوەی گروپ و كۆمەڵ و كۆمەڵگاش بەتەواوەتی و بەتایبەتیش لەم سەردەمی
بەجیهانی بوون و دونیا پڕ جەنجاڵی و بەرژەوەندپەرستی و مادیەتی تەواو وپڕ ململانێی
ناڕەوا و پڕ مەترسی و پەتاكوشندەكانیش،ئەوەیان لەسەر هەموان سەپاندوە كە پێكەوە و
لەناو چوارچێوەی گروپ یان كارتێلی گەورە و بەهێز و یەك و یەكگرتوودا كاربكەن، نەك
بەشێوەی تاك و پەرش و بڵاوی و لێكدابڕان و دووركەوتنەوە و دڕدۆنگی و دواتریش
دوژمنایەتی و نەیاری یەكتری.
• قەوارەی مەترسیەكان هێندە
گەورە و كاریگەرن لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر
ئاستی هەموو بوارەكان و ژیان و گوزەرانی مرۆڤایەتی چەرخی بیست و یەكەم.كە پێویست بە
پێكەوە ژیان دەكات نەك دووركەوتنەوە و لیكترازان.بۆ نمونە كۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای
كوردی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستانی گەورە و بەتایبەتیش لەسەر ئاستی هەر
پارچەیەكیش بەتەنها ،هەمان یاسا و ڕێسای جیهان و هەمان مەترسی و هەڕەشەكانیان لەسەرە،جا
بۆیە لەم قۆناغ و سەردەمەدا لەهەموو كات زیاتر كۆمەڵگای كوردی پێویستی بە كاری پێكەوەیی
و پێكەوە ژیانی ئاسایی و هێمن و ئاشتیانە هەیە،دوور لە یەكتر شكاندن و هەڵدانەوەی
لاپەڕە خوێناوی و ڕەشەكانی ڕابووردوو بەناوی نوسینەوەی بیرەوەریەكان كە كەمترین دەسكەوت
و سەروەریان تیادا بەدیدەكرێت،دوور لە ململانێی تەسكی حیزبی ناڕەوا،دوور لە هەلپەرستی
و موزایەداتی سیاسی،دوور لە خۆگیڤكردنەوە و چاوسووركردنەوە و هەڕەشەو گوڕەشەكردن لەیەكتری،دوور
لە نەیاری و كەنارخستن و پەراوێزخستنی دۆست و نەیارەكان لەناوخۆ و عێراق و ناوچەكە
و دونیاشدا،دوور لە گیانی خۆپەسەندی و خۆسەپاندن و قۆرخكاری دەسەڵات و تەواوی جومگەكان،بەناوی
زۆرینە و دیموكراسیەت و ئازادی و ژمارەی
كورسی پەڕلەمانیەوە.
• بەداخەوە هەموان خەڵكی
ئەم وڵاتەیان و هەمووشمان زۆر باش لە فریودانەكان و ساختەكاری و گزی و فزیەكانی حیزب
و سەركردەكان دەزانین لە هەڵبژاردنەكان و
كاری ڕۆژانەی حكومەت و دزینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە وكە چۆن بونەتە براوە و دەسەڵاتدار،
بۆیە ناكرێت ئەوەی لەدەسەڵاتدا بوو لاف و گەزافی براوەی گەورە لێبدات و وابزانێت كە
بە ماف و ماندووبون و خۆشەویستی و متمانەی جەماوەر گەیشتۆتە دەسەڵات،بەهەمان شێوەش
ئەو حیزب و لایەنانەی كە نەیانتوانیوە كورسی و قەوارەی سروشتی خۆیان بهێنن وابزانن
كە ئەوە قەوارە و هێز و توانای جەماوەری ڕاستەقینەی خۆیانە.
• بۆیە واباشترە هەردوولا
لەسەر ئاستی حیزب و سەركردەكان كاری گەرموگوڕتر بكەن پێكەوە بۆ زیاتر لێكنزیكبونەوە
و تێگەیشتن لەیەكتری .
• لەسەر ئاستی حكومەت و
ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان شێوە دوو جەمسەری بەهێزی ململانێكەری ڕەوا پێكبێنن و لە كێبڕكێیەكی
جدی خەمخۆرانەدا بن بۆ گەل و نیشتمانەكەمان.
• لەسەر ئاستی جەماوەر و
دەسەڵاتیش پێوییستە دەسەڵات ببێتە دەسەڵاتێكی خەمخۆر و بە باك و خزمەتكاری ڕاستەقینە
و كاری سەرەكی دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیان و گوزرەانێكی پڕ شكۆ و ئەمنیەت
و پاراستنی سەر و سامانی هاوڵاتیانی بێت.هەربەمەش متمانەی هەموان و زۆرینە وەدەستدێنێت.
نەك بە گەندەڵی و مشەخۆری و خۆسەپاندن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی میلەت.
ئەوەتا
دوای نزیكەی 30 ساڵ لە ڕاپەڕین و حكومەت و پەڕلەمان و دەسەڵاتێكی خۆماڵی نەتوانراوە
كە بچوكترین و سادەترین ماف و داخوازی گەل جێبەجێبكرێت،ڕاستە گەلێك هۆكاری ناوخۆیی
و ناوچەیی و دونیایش لە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەندروستی ڕێگربوون،بەڵام دەتوانرا
گەلێك كاری باشتر و بناغەیەكی تۆكمەتری حوكمڕانیەكی ڕاشد و حەكیم و بەهێز دابمەزرێنرێت،نەك
وە ك ئەوەی لە ماوەی 30ساڵ و 9 كابینەی حكومەتدا ساڵ بەساڵ میلەت هەژارتر و قەرزارتر
و برسیتر و بێكار تر و نەخۆشتر ببێت و لە ئێستادا بڕی زیاد لە 28 ملیار دۆلار قەرزار
بێت كە هەر تاكێكی ئەو 5ملیۆن كەسەی ئەم هەرێمە بڕی 5700 دۆلار قەرزار بێت.بۆیە بەڕاستی
ئەمە مەترسیەكی گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت
و ئایندە و ئاسۆكانیش تاریكتر دەكات.
• لەكۆتایدا ئەوەی مەبەستە
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پڕ مەترسیە پێویست بە پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی سەرتاسەری دەكات
لەنێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا و لەنێوان سەرجەم
چین و توێژەكان و حكومەتدا.لەنێوان خێزان و تاك بەتاك و كۆمەڵە و ڕێخكراوەكاندا،هەربەم
ئاڕاستەی پێكەوە كاركردن و پێكەوە ژیانە گرەوی سەركەوتن و دەربازبوون دەبینەوە نەك
بە لێكترازان و دور لەیەكتری و ناكۆكی و ململانێ ناڕەواكان و دیاردە دزێوەكانی بەهەرێمكردن
و ناوچەگەرَتی و شارچێتی و حیزب
حیزبێنەی بەرتەسك كە 30 ساڵی زیانی گەورەی لێداوین.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021