پێناسە و بایەخی زانکۆ

وتار/ 07/10/2020 2259 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

پێناسە و بایەخی زانکۆ

ئەمیر مام والی و میران تاریق
زانکۆ دامەزراوەیەکە بۆ فێرکردنی باڵا کە لە چەند کۆلێژێک پێک دێت،ئەرکی رێکخستنی خوێندنە لە چەند بوارێکدا، مافی پێدانی بڕوانامەی هەیە، یاخود زانکۆ شوێنی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە و بڕوانامە دەبەخشێت و چەند کۆلێژێک و هەندێ جار رەنگە پەیمانگاش لە خۆ بگرێت.یاخود بە پێناسەیەکی دیکە زانکۆکان دامەزراوەی زانستی کۆمەڵایەتی ئەکادیمین،کار بۆ پێدانی ئەو زانیاری و شارەزایی و کارامەییانە بە خوێندکاران دەکەن کە لە ژیانیاندا پێویستیانە، وە دەبێتە هۆی کارلێکیان لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیان و دەیانخاتە سەر ڕێگەی برەودان و گەشەدان بە تواناکانیان.جگەلەوەش زانکۆکان کلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و شارستانی کۆمەڵگە لە نەوەیەکەوە دەگوازنەوە بۆ نەوەیەکی تر تا لە دەروونی خوێندکاراندا بیچێنن و بەهۆیەوە بتوانن رەفتاری کۆمەڵایەتی شیاو بنوێنن، هەروەها زانکۆکان کار لەسەر پەرەپێدانی توانا و بەهرە خودیەکانی خوێندکاران دەکات و هانیان دەدات بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە تا بتوانن رووبەڕووی پێشهات و مەترسیەکان ببنەوە.وێرای ئەمانە زانکۆکان رێگە خۆش دەکەن تا خوێندکاران تێکەڵ بە ژینگە گەورە کۆمەڵاییەتیەکە ببن، چۆن هەلی ئاشنابوون بە کلتور و فەرهەنگ و ئەزموونی گەلانی دیکەیان بۆ دەرەخسێنیت، هەروەها کێشە و گرفتەکانی خوێندکاران دەخاتە ڕوو، لە پێناو دۆزینەوەی رێگە چارە بۆیان، هەروەها خوێندکاران رادەهێنێت لەسەر رەچاوکردنی یاسا و سیستمە جۆراوجۆرەکان و دوا جار پێکهێنانی کەسایەتیان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە.

زانکۆکانی جیهان بەتایبەت ئەوروپا و ئەمریکا، ساڵانە چەندین داهێنان و ئامۆژگاری لەبوارە جیاجیاکاندا پێشکەش بە جیهان دەکەن و هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتدا هەمیشە لەگەشەدایە. لەهەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی زانکۆکانی جیهان نەک توێژینەوە و خزمەت پێشکەش بەکۆمەڵگا ناکرێت، بەڵکو زانکۆکان بوون بە بار بەسەر کۆمەڵگاوە، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حیزبەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم نەک هەر نەبوون بە ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی زانکۆکان بگرە بوون ڕێگیر لە پێشڤەچونی زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندندا، بەرپرسانی کورد لەڕێگەی کردنەوەی زانکۆی ئەهلی و تایبەتەوە شکۆی زانکۆ حکومییەکانیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە و بە ئەستەم دەبینیت ئەو خزمەتەی بە زانکۆ ئەهلییەکان دەکرێت پێشکەشی زانکۆ حکومییەکان بکرێت. زانکۆکانی جیهان ساڵانە چەندین زاناو دانا لە دەیان بواری جیاجیادا پەروەردە دەکەن بۆ خزمەتی کۆمەڵگا. کەچی لەکوردستان یەکەمەکانی زانکۆ پێویستیان بە تزکیەیی حیزبی حاکم هەیە بۆ ئەوەی کاریان دەست بکەوێت و تەعین ببن.
خۆری عیلم لە زانکۆکانی کوردستاندا هێدی هێدی ئاوادەبێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمیش هیچ باکی پێی نیە. لەبنەڕەتدا زانکۆ و خوێندکاری زانکۆ داینەمۆی گۆڕانکاری و پێشخستنی کۆمەڵگان کەچی زانکۆ و خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان نەک هەر ئامرازێک نین بۆ گۆڕانکاری بەڵکو لەڕێگەی حیزب و دەستی حیزبەوە بوون بە ناوەندێک بۆ ڕاگرتنی حیزب و تێکدانی کۆمەڵگا و لێکدابڕانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی پشێوی و چاندنی تۆوی ئاژاوەو دووبەرەکی لەنێوان خوێندکاراندا.
پێوستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕێکی جدی لە زانکۆکان بداتەوەو بتوانێت هەلیکار بۆ دەرچوانی زانکۆکان بڕەخسێنێت و لەڕێگەی توانای گەنجان و خوێندکارانەوە کۆمەڵگا زیندوو بکاتەوە.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌