كورد لە ناوجەرگەی جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ..

وتار/ 05/10/2020 666 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

كورد لە ناوجەرگەی جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ..

نەوزادی موهەندیس
•     لە مێژوویەكی دێرینەوە كورد لەناوچەی قەفقاسدا ژیاوە و جێگە و پێگە و دەسەڵاتی هەبوە هەر لە زەمانی ئیمپراتۆریەتی میدیاوە و دوای ئەوەش توانیویەتی پارێزگاری لە بوون و مانی خۆی بكات گەرچی بە لاوازی و ژێر دەستەی دەسەڵات و دەوڵەتەكانی تریش بوبێت.كورد لەوناوچەیەدا گەلێكی نەناسراو نەبوە و نیشە،بەڵكو هەموان مێژوو و جوگرافیا و ڕۆڵ و كاریگەری كورد دەزانن و پێی ئاشنان.بەڵام هەمیشەش ویستویانە بچوك و بێدەسەڵات و پەرتەوازەی بكەن و خاك و كۆمەڵگاكەی داگیر و دابەش بكەن .هەروەك چۆن لەگەڵ كوردستانی گەورەدا كردیان لەساڵی 1916 و دواتریش لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانەوە. ئەو بەشەی كوردستان كەوتۆتە نێوان هەردوو كۆماری هەڵوەشاوی یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئازەربایجان لە ڕۆژهەڵات كە لە 30/8/1991 لە یەكێتی سۆڤیەت جیابۆوە و سەربەخۆیی خۆی ڕگەیاند، و ئەرمینیاش لە ڕۆژئاواوە  كە ئەمیش بەهەمان شێوە لەساڵی 1991دا سەربەخۆی خۆی ڕاگەیاند.
•     كوردستانی سوور یان پارچەی پَنجەمی كوردستان دامەزرێنرا لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی بەلشەفی ڕوسیاو دواتریش لە ساڵی 1929دا ئەو كۆمارە سورەش هەڵوەشێرانراوە.دوای ساڵی 1991 و ئازادبون و سەربەخۆبوون و جیابونەوەی كۆمارەكان لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئەم هەرێمە كوردنشینە بوە جێگەی ناكۆكی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و هەریەكەیان دەیویست بیخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە لەناوچەی ناگۆڕنۆ- قەرەباغ. ئیدی لەو كاتەوە چەندین گەڕی شەڕی گەرم و ناكۆكی سیاسی و سەربازی لە نێوانیاندا هەڵایساوە و هەمووشی لەسەر خاك و ئاو و كۆمەڵگای كوردنشینی ئەو ناوچەیە بوە و زەرەر و زیانی گەورە هەر بەر كوردان كەوتوە.
•     لەئێستادا و ماوەی هەفتەیەكە لە 28/8/2020وە جەنگێكی گەرمی توند هەڵایساوەتەوە و ئەم جارەیان و لەم قۆناغە شڵەژاوەی دونیادا لەلایەك بەهۆی نەخۆشی كۆرۆِنا و لەلایەكی تریش بوونی شەڕی گەرم و ململانێی توندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سپی و ناوچەی قەفقاس و ململارنێی ئەمریكا و چین و كۆریاكان مەترسیەكان گەورەتر و تۆقێنەرترن.چونكە لەلایەك وڵاتانی توركیا و ئێران بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستتێوەردانیان كردوە و هەریەكە بە ئاشكرا و بەنهێنی و بەناردنی شەڕكەران و توندڕە و تیرۆریستانی سەر بەخۆیان و چەك و تەقەمەنی و فڕۆكە و ..هتد. یارمەتی لایەك دەدەن. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە كە توركیای سونە مەزهەب یارمەتی ئازەری توركی شیعە مەزهەب دەدات تەنها لەبەرئەوەی وەك دەڵێن ((نەتەوەیەكن لە دوو وڵاتدا)) و لەولاشەوە ئێرانی شیعە مەزهەبی ئیسلامی یارمەتی ئەرمینیای مەسیحی ئەرسۆدەكس دەدات.تەنها لە دژایەتی توركیا.بەم شێوەیە ئەم جەنگە بۆتە هۆی بازدان بەسەر ئاین و نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكاندا و تەنها بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جیۆپۆلەتیكەكان ڕۆڵیان هەیە و جوگرافیا و هێزی ناوچەكەیان دابەشكردوە.
•     پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ،كورد پێگە و ڕ‌وڵی چییە لەم جەنگەدا؟ ئایا زیانی پێدەگات؟ یان هەروەك تەماشاكەر بمێنێتەوە؟بەرژەوەندی كورد چیە لەم جەنگەدا؟ و دەیان پرسیاری تریش.
•     بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستە گەرچی بەكورتیش بێت سەیرێكی مێژوو و ڕابووردوو بكەین و هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە بەرامبەر كورد بزانین،ئەوكات بڕیار بدەین كە كورد چی بكات و بەرژەوەندی لەگەڵ كامیاندایە و بە چ جۆر و بە چ لایەكدا بیشكێنێتەوە.
•     هەڵوێستی ئازەرە توركەكان ،هەمیشە توند بوە بەرامبەر كورد و هەرگیزخۆشی پێیان نەهاتوە و گەر هەنگاو و كار و كردەوەیەكی ئەرێنیشی هەبوبێت تەنها كاتی و بچوك و قەتیس بوە، هەربۆخۆشی لە ژمارەی دانیشتوانی لەساڵی 2010دا كورد ڕێژەی تەنها 13ر0 % ی كۆمەڵگای ئازەری پێكهێناوە كە دەكاتە 150-180 هەزار كوردی كرمانجی شیعە مەزهەب و ئیسلامن. ئەم دوژمنایەتیەی ئازەریەكان بۆ كورد لەبەرئەوە بوە كە لە چاوی حكومەت و دەسەڵاتدارانی توركیاوە ڕوانیویەتیە كورد و ئایندە و داخوازی و مافە ڕەواكانیەوە و لەهەر جێگەیەكیش دەسەڵاتی هەبوبێت دژایەتی كوردی كردوە ،ئەوەتا لەناو ئێرانیشدا لەشاری خوێی و شەڵماش و ..هتد. ڕێگە نادات كورد ئازادانە داواكاریە ڕۆشنبیریەكانی خۆی بڵاوبكاتەوە و كەلتور و فەرهەنگی كوردی ڕابگەیەنێت.هەرزووش سەفیری ئازەربایجان لە توركیا ڕایگەیاند كە كورد لە ڕێگەی یەكێتی و پەكەكە و پەیەدەوە یارمەتی ئەرمەنیەكان دەدەن لەم جەنگەدا,وەك پێكەوەبەستنی سیفەتی تیرۆریستی بەكوردەوە وەك چۆن دەڕواننە پەكەكە و پەیەدە.
•     هەڵوێستی ئەرمەنەكانیش زۆر باشتر نیە لە ئازەریەكان بۆ كورد،ئەوان بەدرێژایی مێژووی جەنگی ڕوسیای قەیسەری و عوسمانیەكان هەمیشە پێشقەوڵی سوپاكانی ڕوسیا بوون بۆ داگیركاری و كاولكاری كوردستانی باكور و كوردیش بەداخەوە بەناوی ئیسلامەوە و فریواندنیەوە هەمیشە پێشقەوڵی سوپای عوسمانیەكان بوە و بەهۆی دراوسێیەتی كوردستان و ئەرمەنستان و نزیكیان لەیەكەوە هەمیشە بونەتە دوو شەڕكەری خوێنەخۆری یەكتر و ئەرمەنیەكان تائێستاش تاوانی جینۆسایدی خۆیان لەساڵی 1915 دەخەنە سەر ئەستۆی كورد، ژمارەی كورد لە ئەرمینیادا دەگاتە 42139  كوردی كرمانجی و ئێزیدین ، ئەمانیش لە مێژە ڕادیۆو و ئەنستیتۆی كورد و كۆلێژی زمانی كوردی و ڕۆژنامەی كوردیان هەیە،بەڵام بەهەمان شێوەی هەموو داگیركارانی كوردستان هەر بۆ تاكتیك بوە و هیچی تر،هەرچەندە گرنگی و كاریگەری خۆشی هەبوە و مایەی دەستخۆشی و خۆشحاڵیشە.
•     بەم شێوەیە كورد لای هیچ لایەكیان دۆست نیە و تەنها وەك نەیار و دوژمن و گەلێكی داگیركراو لێیڕوانراوە.هەربۆیە كورد گەرەكە بێلایەن و تەماشاكەر بێت و نەچێتە جەنگێكی ماڵوێرانكەرەوە كە ئایندەی ڕۆشن نیە ،چونكە كورد نەدەتوانێت خاكەكەی بەجێبهێڵێت و نەدەشتوانێت كۆمارێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت،هەربۆیە بچوك و قەتیس و بێدەسەڵات دەمێنێتەوە.بەڵام بەلایەنگری لایەك دژی لایەكی تر دەبێتە ژمارە و هاوسەنگی جەنگ و ئاشتیەكان دەتوانێت تێكبدات،بەڵام بۆ هەمیشە پارێزراو نابێت لە ئاگری ڕق و تۆڵە سەندنەوەی هەردوولا. بۆیە گەلەك باشترە كە بێلایەنی خۆی بپارێزێت و درێژە بەمان و بوون و پێگەی ئاسای خۆی بدات و سەرقاڵی كار و چالاكی و بزاڤی ڕۆشنبیری خۆی بێت ،بۆیە نابێت لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستانیشەوە ئەم جەنگە بكرێتە جەنگی كورد و هێندەی تر ماڵوێرانی و كاولكاری ئەو ناوچە كوردیانە بگرێتەوە و جارێكی تریش ئێران و توركیای داگیركاری كوردستان بكەینە دوژمنی سەرسەختی هەرێمەكەمان و لە باكور و ڕۆژئاوای كوردستانیش.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌