داعش و كۆرۆنا كامیان مه‌ترسیدارترن ؟

وتار/ 27/09/2020 470 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

داعش و كۆرۆنا كامیان مه‌ترسیدارترن ؟
==========================
نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس
•     له‌ په‌راوێزی‌ زیاد بوون و هه‌ڵكشانی‌ ژماره‌ی‌ تووشبوان به‌ په‌تای‌ كۆرۆِنا و ژماره‌ی‌ مردوانیش له‌گه‌ڵیدا له‌ ته‌واوی‌ جیهان و عێراق و به‌تایبه‌تیش كوردستاندا،ده‌بێت هه‌موان ئه‌و ڕاستیه‌ مه‌ترسیداره‌ درك پێبكه‌ین كه‌ په‌تای‌ كۆڕۆنا زۆر مه‌ترسیدارتر و كوشنده‌تره‌ له‌  ڕێكخراوی‌ داعشی‌ تیرۆریستی‌ له‌هه‌موو ڕووه‌كانی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ته‌ندروستیشه‌وه‌،ئه‌وه‌تا:
•    ڕێكخراوی‌ داعش وه‌ك ڕێكخراوێكی‌ توندڕه‌وی‌ سه‌له‌فی‌ و تیرۆریستی‌ جیهانی‌ و ناوچه‌یی‌ و كوردستان و عێراق له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2014-2019 سه‌ریهه‌ڵدا و گه‌شه‌یكرد و مه‌ترسی‌ خۆی‌ پیشانی‌ ته‌واوی‌ جیهاندا و ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هاولاَتیانی‌ سیڤیلی‌ كرده‌ ئامانج به‌بێ‌ گوێدانه‌ ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانه‌كانیان،ترس و دڵه‌ڕاوكێی‌ خسته‌ ناو ده‌روونی‌ هه‌موانه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌لاَت و ڕۆژئاوای‌ جیهانه‌وه‌ بۆ باكور و باشووریشی‌. به‌لاَم گه‌ر به‌كورتیش بێت زیان و مه‌ترسیه‌كانی‌ داعش بێنینه‌وه‌ به‌رچاوی‌ خۆمان له‌ماوه‌ی‌ 6 ساڵدا ((2014-2019)) ئه‌وا ده‌بینین له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا داعش توانیبووی‌ :
1.    له‌ ڕووی‌ سیاسیه‌وه‌: دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێم بشڵه‌قێنێت و بهه‌ژێنێت و ڕووبه‌ڕووی‌ ناجێگیری‌ و ناسه‌قامگیری‌ بكاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر هه‌ولێری‌ پایته‌ختش دروستكرد و زۆرێك له‌ناوچه‌كانی‌ موصڵ و كه‌ركوك و گه‌رمیانی‌ داگیركرد و كارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر شاری‌ كه‌ركوكیشدا،بۆیه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌كان داعش مه‌ترسیه‌كی‌ جدی‌ سیاسی‌ بوو بۆ سه‌ر كیان و قه‌واره‌ی‌ هه‌رێم گه‌ر بیتوانیایه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت.به‌لاَم ئه‌م مه‌ترسیه‌ بوه‌ هۆكاری‌ یارمه‌تیدان و هاوكاری‌ هاوپه‌یمانان له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان. و به‌ كه‌ڵك و سوود گه‌ڕایه‌وه‌.
2.    له‌ڕووی‌ ئابوریه‌وه‌: هه‌رچه‌نده‌ بوه‌ هۆی‌ ماڵكاولی‌ و ڕووخان و وێرانكردنی‌ شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كان ،داعش بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئاواره‌ به‌نزیكه‌ی‌ 2ملیۆن و نیو كه‌س له‌ ناوه‌ڕاستی‌ عێراقه‌وه‌ ڕووبكه‌نه‌ كوردستان و ئه‌مه‌ش بارگرانیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ كرده‌ سه‌ر داهات و خه‌رجی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، به‌لاَم هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌ داهات و مووچه‌ی‌ خۆیان هه‌بوو ته‌نانه‌ت ببونه‌ هۆی‌ بوژانه‌وه‌ و گرانبوونی‌ كرێی‌ دوكان و میوانحانه‌ و چێشتخانه‌ و جولاَنه‌وه‌ی‌ بازاڕ و بازرگانیش و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هه‌ر داعش ببوه‌ هۆی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ بازرگانی‌ نا یاسایی‌ و قاچاغ له‌نێوان خۆیان و هه‌ندێك له‌ سه‌رمایه‌دارانی‌ كوردستاندا و گه‌لێك سوود و به‌رژه‌وه‌ندی‌ پێگه‌یاندن.
3.    له‌ڕووی‌ ئه‌منیه‌وه‌: داعش ببوه‌ مۆته‌كه‌ی‌ سه‌ر دڵ و ده‌روونی‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ لێوه‌ی‌ نزیك بوون و شڵه‌ژانێكی‌ ئه‌منی‌ به‌هێزی‌ تیادا دروستكردبوون،به‌لاَم هه‌ر ئه‌م مه‌ترسیه‌ی‌ داعش بوه‌ هۆكاری‌ پێدان و پشتگیركردنی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان و سوپای‌ عێراقیش به‌ پڕچه‌ككردنی‌ نوێترین چه‌ك به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و پته‌وكردنی‌ توانای‌ ئه‌منی‌ داموده‌زگاكان و یارمه‌تی‌ مادی‌ زۆر و زه‌وه‌ندیان بۆ كورد و كوردستان.
4.    له‌ڕووی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌وه‌: داعش مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ بوو بۆ سه‌ر تاك به‌تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌،به‌هۆی‌ توندڕه‌وی‌ و دڕنده‌ییان به‌رامبه‌ر نێر و مێ‌ و مندالاَنی‌ كورد و عێراق و هه‌موو دونیاش و ئه‌وان له‌ڕوانگه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌موانیان به‌ سه‌بایا و دیل و كۆیله‌ و ده‌سكه‌وتی‌ جه‌نگ ده‌زانی‌ و بۆ خۆیانیان حه‌لاَڵ ردبوون.
5.    له‌ڕووی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌: وه‌ك نه‌خۆشی‌ و په‌تایه‌ك نا به‌ڵكو به‌هۆی‌ دڕنده‌یی‌ و مه‌ترسیانه‌وه‌ ته‌نها كاریگه‌ری‌ ده‌روونی‌ خراپی‌ هه‌بوه‌ بۆ سه‌ر دڵ و ده‌روونی‌ هه‌موو ئه‌و تاكانه‌ی‌ كه‌ كه‌وتبونه‌ ژێر ده‌ستیان و ڕووبه‌ڕووی‌ توندوتیژی‌ ببونه‌وه‌،به‌لاَم هێشتا بارته‌قای‌ په‌تا كوشنده‌ نه‌خۆشیه‌كان نه‌بوه‌ و به‌تایبه‌تیش په‌تای‌ كۆڕۆنا.
•    به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌ماوه‌ی‌ 6 ساڵدا داعشی‌ بێ‌ دین و بێ‌ نه‌ته‌وه‌ و بێ‌ مه‌زهه‌ب له‌شه‌ڕێكی‌ به‌رده‌وامی‌ مه‌ترسیداردا توانی‌ ته‌نها 1816 پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵه‌ی‌ قاره‌مانی‌ گه‌له‌كه‌مان شه‌هید بكات و زیاد له‌ 10 هه‌زار بریندار و كه‌مئه‌ندام و 44 بێسه‌روشوێن بكات. (( كه‌ ته‌نها دڵۆپه‌خوێنێكی‌  یه‌ك پێشمه‌رگه‌ ناتوانرێت به‌كه‌م سه‌یر بكرێت، به‌لاَم گه‌ر به‌راوردێك بكرێت له‌گه‌ڵ زیانه‌كانی‌ په‌تای‌ كۆڕنادا زۆر كه‌متره‌))، هه‌ربۆیه‌ له‌مه‌زیاتر داعش نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ مه‌ترسیه‌كی‌ به‌رده‌وام و نه‌بڕاوه‌ و هه‌میشه‌یی‌،هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی‌ هێز و تواناوه‌ زۆر لاواز بوه‌ و پێگه‌ و بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌ده‌ستداوه‌ به‌لاَم وه‌ك هێزێكی‌ خاوه‌ن فكرێكی‌ توندڕه‌وی‌ نامرۆڤانه‌ وده‌مارگیر توانیویه‌تی‌ خۆی‌ بئاخزێنێته‌ ناو دڵ و ده‌روون و هه‌ست و نه‌ستی‌ زۆرێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ ئاینده‌.
•    ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌تای‌ كۆرۆناوه‌ كه‌ ته‌نها ته‌مه‌نی‌ 9 مانگه‌ و كاریگه‌ری‌ كرداریشی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا ته‌نها 6 مانگه‌،به‌لاَم بارته‌قای‌ 6 ساڵی‌ داعش زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌یاندۆته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ڕووی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئه‌منی‌ و ته‌ندروستیشه‌وه‌.
1.    له‌ڕووی‌ سیاسیه‌وه‌: تائێستا مه‌ترسیه‌كانی‌ سه‌ر هه‌رێم نه‌ڕه‌ویونه‌ته‌وه‌ ، به‌هۆی‌ كاریگه‌ریه‌ خراپه‌ ئابوریه‌كانه‌وه‌ ،هه‌رێم زۆر لاواز و بێ‌ توانا بوه‌ و به‌هۆی‌ هۆكاره‌كانی‌ تریشه‌وه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم و به‌غداد و ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كانیش ڕوو له‌ كزین به‌ ئێستاشه‌وه‌.
2.    له‌ڕووی‌ ئابوریه‌وه‌: كۆڕۆنا بۆته‌ هۆكاری‌ داته‌پینی‌ ئابوری‌ و بارزگارنی‌ و بازاڕی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و بۆته‌ هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وت و داهاتی‌ حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ناتوانێت مانگانه‌ مووچه‌ بدات و ده‌ستیداوه‌ته‌ نه‌ك پاشه‌كه‌وتكردن به‌ڵكو لێبڕینی‌ ڕێژه‌ی‌ 18 و 21 و 50% مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆران.كۆمه‌ڵگای‌ توشی‌ بێكاری‌ و برسێتی‌ و شڵه‌ژانێكی‌ زۆر مه‌ترسیدار كردۆته‌وه‌.
3.    له‌ڕووی‌ ئه‌منیه‌وه‌: به‌هه‌مان شێوه‌ و له‌به‌ر بێتوانایی‌ دارایی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگاكانی‌ تری‌ ناوخۆ،ناتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ توندوتۆڵ ئه‌منیه‌تی‌ ناوشار و سنوره‌كان بپارێزرێت،خۆشبه‌ختانه‌  كۆرۆنا داعشیشی‌ لاواز كردوه‌ ئه‌گینا زۆر مه‌ترسیدار تر ده‌بوو له‌خودی‌ داعش خۆی‌.
4.    له‌ڕووی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌وه‌: ئه‌م په‌تا نه‌گریسه‌ بۆته‌ هۆكاری‌ مردن و له‌ناوبردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌هاولاَتیان و مه‌ترسی‌ دروستكردنی‌ هه‌ڵوه‌شانی‌ خێزانه‌كان و زیادبوونی‌ تاوانه‌كان و ...هتد.
5.    له‌ڕووی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌: بۆخۆی‌ په‌تایه‌كی‌ مه‌ترسیداری‌ ڤاپرۆسیه‌ و تائێستا نه‌توانراوه‌ ڤاكسینێكی‌ بنبڕ و به‌هێز بدۆزرێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر و نه‌هێشتنی‌ و ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كه‌ی‌ زیاتر كردوه‌ بۆ ته‌واوی‌ جیهان و به‌تایبه‌تیش كوردستان و هه‌رێمه‌كه‌مان.
•    به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا په‌تای‌ كۆڕۆنا له‌ 6 مانگی‌ ڕابووردوودا و تا ڕێكه‌وتی‌ 27/9/2020بۆته‌ هۆی‌ تووشبونی‌ 45731 ومردنی‌  1671 كه‌س. كه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌كان زیانه‌كانی‌ كۆڕۆنا له‌هه‌موو ڕوه‌كانه‌وه‌ زۆر گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارترن له‌ داعش.
وه‌ك ده‌وترێت 20% توشبوانی‌ كۆرۆنا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌مرن، خۆئه‌گه‌ر كۆی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم 5 ملیۆن كه‌س بێت ئه‌وا له‌ ماوه‌ی‌ 6 ساڵدا به‌ به‌راوورد به‌ داعش  ژماره‌ی‌  20052 كه‌س ده‌مرن كه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ 11 جار له‌ ژماره‌ی‌ شه‌هیدانی‌ ده‌ستی‌ داعش زیاتره‌ و هیچ كات داعش ئه‌مه‌ی‌ به‌سه‌رماندا نه‌هێناوه‌.
•    بۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و داموده‌زگاكان و هاولاَتیان خۆشیان زۆر زیاتر له‌ 6 مانگی‌ ڕابووردوو خۆیان بپارێزن و ڕێكاره‌ ته‌ندروسیه‌كان له‌ ناوماڵ و شوێنه‌ گشتیه‌كاندا پیاده‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌م وه‌رزی‌ پایز و به‌ره‌و زستانه‌دا كه‌ خوێندنگا و زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌كرێنه‌وه‌.هه‌موو زانیاریه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن كه‌ شه‌پۆلێكی‌ نوێی‌ كۆرۆنا ته‌واوی‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ و كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌،كه‌ هێنده‌ی‌ تر مه‌ترسیه‌كان زیاتر ده‌كات له‌ ئاینده‌دا و ئه‌وه‌تا ولاَتانی‌ ئه‌وروپا و ناوچه‌كه‌ش ڕێوشوێنه‌ ته‌ندروستیه‌ تونده‌كان پیاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
بۆیه‌ گه‌ر به‌م شێوه‌ خێراو مه‌ترسیداره‌ كۆرۆنا له‌هه‌ڵكشاندا بێت و به‌رده‌وامیشی‌ هه‌بێت،ئه‌وا به‌دڵنیای‌ مه‌ترسی‌ و كاریگه‌ری‌ و لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی‌ گه‌لێك گه‌وره‌تر و زیانبه‌خشتر و به‌ئازارتر ده‌بێت بۆ تاك و خێزان و ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌شمان و ماك و ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانیشی‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیاندا بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دوور و درێژتر ده‌مێنێته‌وه‌.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌