هەرێم و بەغداد تەواوكەر یان تێكدەری یەكترن ؟
وتار/
21/09/2020
512 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
هەرێم و بەغداد تەواوكەر یان تێكدەری یەكترن ؟
نەوزادی موهەندیس
• نەهامەتی و خوێنڕشتن و قاتوقڕی و برسێتی و جەنگ
و ماڵكاولی و داگیركردن و براكوژی و هەژاری و دواكەوتوویی، هەموانیان وەك نەفرەتێكی
خودایی گەردنی ئەم كۆمەڵگا و وڵاتەی گرتۆتەوە كە ناودەبرێت بە عێراق و عێراقیەكان،نەك
تەنها بۆ ماوەی كەمی دوای دروستبوونی بەزۆرەملێی ئەم دەوڵەتە لەساڵی 1921ی سەدەی ڕابووردوە
و كە نزیكبۆتەوە لە 100 ساڵ،بەڵكو ئەم نەفرەتی خوداییە درێژدەبێتەوە بۆ 5هەزار ساڵ
لەمەوبەر و هەر لەوكاتەی یەكەمین شارستانێتی مرۆڤایەتی و سۆمەریەكان لە میزۆپۆتامیا
و وڵاتی دوو ڕووبار و وڵاتی خاكی ڕەش و ...هتد. و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
• دروستكردنی دەوڵەتی عێراق پێش 100ساڵ بەزۆرە
ملێی بەریتانیای داگیركەر و لە پێناو مسۆگەركردنی جێگە و پێگەی خۆی لەناوچەكەدا و
دزین و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی زۆر وزەوەندی ئەم وڵاتە،بەشێوەیەك كە هیچ كات
نابێتە وڵاتێكی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی لەبەرئەوەی لەلایەك بەزۆر پێكەوەلكێنراوە
لەنێوان دوو خاكی جیاواز و دوو نەتەوەی سەرەكی جیاوازدا كە عەرەب و كوردە و دواتریش
پێكهاتە و كەمینەی تری توركومان و كلدۆئاشوری و ..هتد. تێخزێنراوە و سەرەڕای ئەمەش
جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیشی هاتۆتە سەر و هەمیشە ئەم هەموو جیاوازی و دژ
بەیەكانە لە ململانێ و خوێنڕشتنی یەكتردا بوون و ئیدی كات و زەمانی پێویستیان نەبوە
بۆ بیركردنەوەیەكی مرۆڤایەتی كە پێكەوە بەئاشتی و ئارامی بژین ،ئەوەندەی لەهەوڵی تۆڵەكردنەوە
و خوێنڕشتنی زیاتردا بوون نیوهێندە بەتەنگ ئاشتبونەوە و پێكەوەژیان و گەشەو و پێشكەوتنی
وڵاتەكەدا نەبوون. هەربۆیە لەو مێژووە 100 ساڵەیی دوایدا هیچ دەیە ساڵێك شك نابەیت
كە عێراق و عێراقیەكان بە ئارامی گوزەرانیان كردبێت.بەڵكو هەمیشە سەرگەرمی شەڕ و جەنگ
و كوشت و بڕی یەكتر بوون بەتایبەتیش لە نێوان عەرەب وەك نەتەوەی سەردەست و كوردیش
وەكو نەتەوەیەكی داگیر و كوردستانیش وەك خاكێكی دابەشكراو.
• هەربۆیە نەعێراق لەماوەی 100 ساڵی ڕابووردوودا
گەشە و پێشەكەوتنی بەخۆوە بینیوە و نەئارامی و ئاسایشیشی بۆ جێگیر بوە،لەبەرامبەریشدا
كورد و كوردستانیش بونەتە قوربانی بەردەوام و سووتماككردنی خاك و نەتەوە و نیشتیمانەكەی
بۆ ماوەتەوە.بۆیە گەرەكە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی صدامی لە 2003دا و هاتنە سەر دەسەڵات
لەلایەن نوخبە و كەسان و سەركردەی سیاسی نوێوە،ئەو بەرنامە و نەهج و فكر و تێڕوانینە
شۆڤێنی و دەمارگیری عەرەبە وەلا بنرێت و لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشهاتە نێودەوڵەتی و
ناوچەییەكاندا مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بگۆڕێت و بە پلەی 180 پێچەوانەی
هەموو ئاكار و خوو و ڕەوشتە قێزەونەكانی پێشوو هەنگاو بەرەو ئاشتبونەوە و پێكەوەنانی
كۆمەڵگایەكی دیموكراسی و ئازادی و وەكیەكی و خۆشگوزەران هەنگاو بنێت و ڕێز لەمافی
تەواوی هاوڵاتیان بگرێت بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانەوە. تەنها پێوەر
هاوڵاتیبون و ئینتیما و خۆشەویستی و خەمخۆری بێت بۆ وڵات و كۆمەڵگاكان. كاربكرێت بۆ
بەشداریكردنێكی ڕاستەقینەی كورد و ئەوانی تریش لەناوەندە گرنگ و بڕیار بەدەستەكانی
بەغدادا،نەك وەك پێگەیەكی كارتۆنی لێیان بڕوانرێت ،كاربكرێت بۆ بەشداریپێكردنێكی هاوسەنگ
و ڕاستەقینە لەتەواوی جومگەكانی حوكمڕانیدا،بۆئەوەی هەموان هەست بكەن بە ماف و شكۆ و كەرامەتی نەتەوەیی و ئاینی
و مەزهەبی خۆیان و وەك هاوڵاتیەكیش لەم نیشتیمانەدا.دەكرێت هەموو كێشە و كەڵەكەبوەكانی
چەند ساڵە لەسەر مێزی گفتوگۆ و شەفافانە و دوور لە توندوتیژی و دوور لە هەژموونی دەوڵەتانی
دراوسێ پێكەوە و وەك یەك تیم گفتوگۆ بكەن و كاریش بۆ چارەسەركردنیان بكرێت،هەموانش
دەستبگرن بە دەستور و ڕێزی بەند و مادەكانیشی بگرن. هەرێم و بەغداد ببنە تەواوكەری
یەكتری نەك دوژمن و نەیار و تێكدەری قەوارە و سەروەری و ئارامی و ئاسایشی یەكتری.
• گەر وانەكەن و بەو ئاڕاستەیە هەنگاو نەنێن،ئەوا
نەعێراقێكی ئارام و نە كوردستانێكی هێمنیش پەیدا دەبێت و نەگەشە و پێشكەوتن ڕوودەدات
و بگرە ڕەوڕەوی مێژوو بە پێچەوانەوە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.مەسەلەی كورد هەم لە عێراق
و هەم لە ناوچەكەشدا گرنگ و كاریگەرە و لە ئێستادا بۆتە كارتی فشار و تەنانەت یاریزانێكی
سەر گۆڕەپانەكانە و هەموان بە زلهێز و وڵاتانی ناوچەكەشەوە هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی
و هەمئاهەنگی دەدەن لەگەڵیدا. چونكە كورد بەشێكی گرنگ و زۆر هەستیاری كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستە بەهۆی بوونی لە 4 وڵاتی ناوچەكەدا و لەئێستاشدا بۆتە كێشە و مەسەلەی
ژمارە یەكی ناوچەكە و پاڵی بە مەسەلەی فەلەستینیەكانەوە ناوە بۆ دواوە.
• بۆیە گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەلایەك و بەغدادیش
لەولاوە لەم حەقیقەت و ڕاستی و گۆڕانكاریانە بگەن و لەسەر ئەو بنەمایانەش مامەڵە لەگەڵ
یەكتردا بكەن، چونكە تا ئەو كاتەی قەدەری ئەم بەشەی باشوور بە دەوڵەتی عێراقەوە گرێدرابێت
دەبێت بەناچاری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەوەی لەماوەی 17 ساڵی ڕابووردوودا هەستی
پێدەكرێت و لەسەر زەمینەی واقعیش دەبینرێت ئەوەیە كە هەرێم گەرەكێتی لەو قەفەسی
100 ساڵەییە ڕزگاری ببێت كە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە وبەزۆر پێوەی لكێنراوە و دەیهەوێت
هەنگاو بەرەو جیابونەوە و سەربەخۆی هەڵبنێت و لەولاشەوە عێراقیش لە گرنگی(( سیاسی
و ئابوری و ئەمنی و ...هتد)) و بون و مانەوەی هەرێم لەچوارچێوەی دەوڵەتەكەیدا باش
تێگەیشتوە و نایهەوێت بەهیچ جۆرێك لێیداببڕێت،هەربۆیە نە پێكەوە دەتوانن بە متمانەوە
كاربكەن و نە دوور لەیەكیش دەتوانن هاوكاری یەكتر بن لانی كەم لەم قۆناغەدا و ئیدی
نازانرێت ئایندە چی بۆ پەنهان داون. بۆە ناكرێت بەم شَوەە بەردەوام بن و وەك دوو دەسەڵاتی نەزۆك تەنها لە بازنەیەكی بۆشدا بخولێنەوە
و هیوا و ئاوات و ئایندەی هەم كورد و كوردستان و هەمیش عێراق و عێراقیەكان لە گۆڕبنێن
لە خەونبینین بە ئاشتی و ئارامی و گەشە و پێشكەوتنەوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021