(ئامادەنەبونی پەرلەمانتاران) لە نێوان توڕەیی سەرۆک و خۆشحاڵی شەقام

وتار/ 11/09/2020 478 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

(ئامادەنەبونی پەرلەمانتاران) لە نێوان توڕەیی سەرۆکی پەرلەمان و خۆشحاڵی شەقامی کوردی: 

عەلی قەڵادزەیی
   دوا  بەدوای  کۆبونەوەی  پەرلەمانی  کوردستان  لەڕۆژی(٩ی  ئاب) بۆ  گفتوگۆکردن  لەسەر  پڕۆژە  یاسای (ئەرک و مافەکانی  نەخۆش)، سەرۆکی  پەرلەمان  لەپرێس  کۆنفڕانسێکدا  ڕوی  دەمی  کردە  فڕاکسیۆنەکان  و  ئەندامانی  پەرلەمان و بەکەمتەرخەم  لەئامادەبون  لەدانیشتنەکانی  پەرلەمانی  کوردستانی  گلەیی  بارانیکردن، لێرەوە  دەمەوێت  بەپێچەوانەی  سەرۆکی  پەرلەمان  دەستخۆشی  لەو  ئەندامە  بەڕێزانە  بکەم  کەلەدانیشتنە  لابەلا و  بێبەرهەمەکانی  پەرلەمان  ئامادەنابن و تاقەتیان  لێیچوە، کۆبونەوانێک  کورد  گوتەنی: (مرۆڤی  کورد  سکی  دێشێ  کەچی  پەرلەمان  پشتی  بۆ  دەشێلێ)، بەسەرۆکی  پەرلەمانیش  دەڵێم  تخوا  ئەندامانی  پەرلەمان  بۆ  ئامادەی  کۆبونەوە  وەرەسکەرەکانی  پەرلەمان  بن، لەکاتێکدا:

١- پەرلەمان  متمانەپێدەری  حکومەتە، لەبەرئەوە لەساتی  پێویستدا  وەک  عورفێکی  پەرلەمانی  دەبێ  هەردوو  کاری (چاودێری و لێپرسینەوە) لە بەرامبەر  حکومەت  مومارەسە  بکات، بەڵام  لەهەموو  مێژووی  تەمەنی  پەرلەمانی  کوردستان  نەمانبینی  بۆ  تەنیا  جارێکیش  بێت  ئەم  دامەزراوەیە  متمانە  لە (١) وەزیر  بسەنێتەوە نەک  لە هەموو  ستافی  حکومەت، لەسەر  دۆسێی  کەمتەرخەمی و دەستپیسی و پیسخۆریان بەڕۆژی  ڕوناک  لەداهاتی  خەڵکی  کوردستان، دکتۆر (عزەت  سابیر) ئەندامی  خولی  پێشوی  پەرلەمانی  کوردستان  دەڵێت: ( داهاتی  نەوتی  هەرێم  ٪٣٠ی  بۆ  گیرفانی  خەڵکە و ٪٧٠ی  دەچێتە  گیرفانی  کۆمپانیاکانی  حزبەوە)، دەزانن  لەم  پڕۆسەی  تاڵانیەشدا  کێ  قوربانیە  سەرەکیەکەیە؟ بێگومان  خەڵکی  کوردستان  بەگشتی و موچەخۆرانن  بەتایبەتی  کەبونەتە  قوربانی  بێویژدانیەکانی  هەڵپەی  حزب و کۆمپانیاکانی، چونکە  ئەمە  خەڵکە  ئەمڕۆ  بە (٢) مانگ  موچەیەک  بەلێدزینەوە  لەم  حکومەتە  وەردەگرێت، کەچی  ئەم  پەرلەمانە  لەبەرامبەر  ئەم  تاڵانچێتی و ناحەقیانەدا  لۆکەی  خستۆتە  گوێکانیەوە و وەک  خوێندکارێکی  تەمبەڵی  عاقڵ  لێی  دانیشتوەو  لەترسی  مامۆستاکەی  کە  حکومەتە  نقەیەک  ناکات، کەچی  بەداخەوە  لەکوردستان  دۆخی  محاسەبەکردن  تەواو  پێچەوانەیە، چونکە  وەک  عورفێکی  نادیموکڕاتیزەکراو  ئەوە  حکومەتە  محاسەبەی   پەرلەمان و پەرلەمانتاران  دەکات و هەر  تەنیا  لەسەر  قسەکردن  بەبوێری و ئازایەتیش  لە بەدواداچون  بۆ  دۆسێکان حکومەت (سۆران عومەر) ناچار  بەدەستلەکار  کێشانەوە  دەکات و دەینێریتەوە  ماڵەوە.

٢- حکومەت  وەک  بەڕێوەبەرایەتیەک  مامەڵە  لەگەڵ  پەرلەماندا  دەکات، ئەمە  قسەی  (کاروان گەزنەیی) ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستانە، چونکە  کاتێک  ئەندامێکی  پەرلەمان  وەک  عورفێکی  پەرلەمانی و یاسایی  پرسیارێک  ئاراستەی  وەزیرێک  دەکات  دەبێ  وەڵامەکەی  بەفەرمی  بدرێتەوە، لێرەوە  بەسەرۆکی  پەرلەمان  دەڵێم  ڕەوشەکە  بەجۆرێکی  ترە  لەکوردستان، چونکە  چ  ڕەوای  حەقە  ئەندامێکی  ئەو  پەرلەمانەی  کەتۆ  سەرۆکایەتی  دەکەیت  کاتێک  پرسیارێک  ئاراستەی  وەزیرێک  دەکات  دوای (٨) مانگ  لەسەر  تێپەرین  بەسەر  تەمەنی  پرسیارەکەدا  ئەوسا  کاکی  وەزیر  بەنافەرمی و لە کەناڵەکانی  ڕاگەیاندنەوە  وەڵامێکی  کاڵ و کرچی  پرسیارەکەی  کاکی  پەرلەمانتار  بداتەوە، ئەم  حاڵەتەش  گەر  هیچ  ناوی  هەبێت  دەتوانین  ناوی  بنێین  بەدۆخی  حسابنەکردنی  حکومەت  بۆ  پەرلەمان  و بێئەرزشکردنی  کاری  پەرلەمانتاری  لەکوردستان.

لەسۆنگەی  هەموو  ئەم  بەڵگانە و چەندانی  ترەوە  لاموایە  ئەمڕۆ  ئامادەبون و ئامادەنەبوونی  ئەندامانی  پەرلەمان  لەکۆبونەوە  فەرمیەکانی  پەرلەمان و تاکو  دەگات  بەداخستنی  دەرگاکانی  پەرلەمانیش  هاوشێوەی  خولی  پێشوو، لاموایە  هەموو  ئەمانە  تەنیا  لای  سەرۆکی  پەرلەمان  نەبێت  ئەگینا  لای  زۆرینەی  خەڵکی  کوردستان  مایەی  نیگەرانی  نین، چونکە  ئەمانە  نەهیچ  لە پڕۆسەی  دیموکڕاسیەتی  کوردی  ناشیرینتر  دەکات و  نەهیچش  لە ژیان و گوزەرانی  خەڵکی  کوردستان  دەگۆڕێت، کەواتە  کوردی و پوختیەکەی ئەوەیە  کە بڵێین  بون و نەبونی  ئەم  پەرلەمانە  بەم  ناکاراییە و لاوازی  گیانی  بەرپرسیاریەتیەوە  بەرامبەر  کێشەکانی  خەڵک  بون و نەبونی  هەر  وەک  یەکە.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌