جیهان لە سایەی پێشبڕكێی كەر و فیلەكانی ئەمریكادا !
وتار/
08/09/2020
599 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
جیهان لە سایەی پێشبڕكێی كەر و فیلەكانی ئەمریكادا !
==========================
نەوزادی موهەندیس
• كەمتر لە 2 مانگ ماوە بۆ كۆتایهێنان
و پەردە دادانەوە بەسەر ئەو شانۆگەریەی كە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە لە ئەمریكادا
لە نێوانی پارتی كۆماریەكان ((فیلەكان)) كە سیمبولی كۆماریەكانە و قەوارەیەكی گەورە
و ترساوی هەیە و پارتی دیموكراتەكان ((كەرەكان)) كە سیمبولی خۆڕاگری و بەهێزیە.ئیدی
بۆ 4 ساڵی ئایندە جیهان جارێكی تر دەبێت بەناچاری خۆی ڕێكبخات و بگونجێنێت لەگەڵ سیاسی
و سیاسەتە نوێكەی ناو كۆشكی سپی لە ئەمریكادا.دوو گریمانەی سەرەكی هەن بۆ ئەنجامی
هەڵبژاردنەكان:
• یەكەمیان دەرچوونەوەی دۆناڵد
ترامپە بۆ جاری دووەم و بەردەوامبوونی ساسیتەكانێتی كە كەم كەس و وڵات و سەركردە پێشبینی
دەكەن چونكە ئەم پیاوە لەم 4 ساڵی ڕابووردوەدا مۆدێلێكی نوێی لە سیاسەت و حوكمڕانی
پیشانی دونیایدا كە زۆر جیاواز بوو لە چەندان ساڵی ڕابووردووی حوكمڕانی لە ئەمریكادا،چونكە بۆخۆی كەسێكی سیاسی
نەبوە و تەنها بازرگانێكی سەركەوتوو بوە،هەربۆیەش سیاسەتەكان و ئیدارەدانەكانیشی ڕەنگدانەوەی
عەقڵیەت و پاشخانە بازرگانی و ئابوریەكانێتی نەك پاشخانە سیاسیەكەی كە خاڵی خاڵی
بوە لە تاكتیك و ستراتیژێكی نوێی چەسپاو.ترامپ هێندەی وەك سەركێش و زۆرجارانیش وەك
نمایشكارێك خۆی پیشانداوە و هێندەی گرنگی بە پەیوەندیە كەسیەكانی داوە لەگەڵ سەرۆك
وڵاتەكاندا نیوهێندە وەك سیاسیەكی دونیا دیدە و موحەنەك خۆی دەرنەخستوە و بڕیار و
هەنگاوەكانیشی زۆرجاران پەلەكردن و نەگەڕانەوەی پێوەدیار بوە بۆ دامودەزگا ئۆرگانیەكانی
حوكمڕانی و تاڕادەیەكی زۆریش شڵەژان و ناسەقامگیری بە ئیدارەكەیەوە دیاربوە و ئەوەتا
لە 2 ساڵی یەكەمی حوكمڕانیدا زیاد لە 20 وەزیر و كارمەندی باڵا لە ئیدارەكەیدا دەستیان
لەكاركێشایەوە یان ترامپ دەریانیكردوە.دەسكەوتەكانی
ترامپ لەم 4 ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی كە پەتای كۆڕۆنا ساڵی 2020 لێتێكدا و نەیتوانیوە
كاری بەرچاو ئەنجامبدات بەڵام ئەوەی جێگەی ستایشكردنە،لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش و پشتیوانیكردنی كوردەكانی ڕۆژئاوای
كوردستان و هەڕەشە و گوڕەشەكردنێتی لە توركیا و ئەردۆگان و گەمارۆخستنە سەر ئێران
و كوشتنی قاسم سولەیمانی و ابومەهدی موهەندیس ودژایەتیكردنی چین و ڕێكەوتنی ئیمارات
و ئیسڕائیلە و لەناوخۆش جگە لە ساڵی 2020 توانیبووی كە ئابوری ئەمریكاش تاڕادەیەك
گەشە بەخۆوە ببینێت.بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لەهەندێك كار و هەنگاودا شكستی هێناوە،وەك
لە عێراق و سوریا و بەرامبەر كۆریای باكور و و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپیە هاوپەیمانەكانیشدا
پەیوەندیەكانی ساردو سڕكردوە.جا بە دەرچوونەوەی ترامپ 4 ساڵی ئایندەش دونیایەكی پڕ
مەترسی و شڵەژاو و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری بەردەوام دەبێت و چارەنوسی هەموو
دونیا لەسەر نوسینی تویتە درەنگ وەختەكانی ترامپ دەوەستێت.كە ئەم كار و هەڵویستەی
ترامپ لەهەموو مێژووی حوكمڕانی ئەمریكادا وێنەی نەبوە.
• گریمانەی دووەم برتیە لە دەرچوونی
كاندیدی دیموكراتەكان ((جۆ بایدن)) كە ڕكابەرێكی سەرسەختی ترامپە و سیاسیەكی دیار
و بە ئەزموون و و پێشترش جێگری سەرۆك ئۆباما بوە و خاوەن تێز و تێڕوانینی خۆیەتی بۆ
بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان و لانی كەم گەر بڕیار بەدەستی یەكەمیش نەبوبێت
ماوەی 8 ساڵ وەك كەسی دووەم لەدوای ئۆباماوە ئاگاداری ڕوودا و پێشهاتەكانی دونیا بوە و كاریگەریشی هەبوە.بەسروشتی
دیموكراتەكان و سیاسەت و بەرنامەكانیان ئەوان هەمیشە پشتیوانی بابەتە ناوخۆییەكانی
ئەمریكان لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی و باج و ڕسومات و داد و دادگاكان و فێركردن و
خوێندن و زانست و توێژنەوە و ...هتد. نەك بابەتە دەرەكیەكان و هەمیشە لایەنگری
ئاشتی و گفتوگۆو نەرمونیان بوون و حەزیان بەبەكارهێنانی جەنگ و توندوتیژی و بژاردەی
سەربازی نەكردوە بە كۆتری ئاشتی ناسراون،بە
پێچەوانەی كۆماریەكان كە بەهەڵۆكان ناسراون و هەمیشە لایەنگری بەكارهێنانی هَزی سەربازی بوون بۆ یەكلاكردنەوەی
كێشە نێودەوڵەتیەكان.
ئاشكرایە جۆ بایدنیش دژایەتیەكی توندی ئەردۆگان و سیاستە
ئیسلامی و فراوانخوازیەكانی دەكات لەناوچەكەدا و لە دونیاشدا و بڕیاریداوە كە یەكەم
كاری ڕووخاندنی ئەردۆگانە ئەمەش گەر بەووردی لێیبڕوانین هۆكاری ئاینی و ئیتنی لە
پشتەوەیە وەك لەوەی سیاسی بێت چونكە جۆبایدن جولەكەیە و پشتیوانیەكی گەورەی ئیسڕائیلە
و توركیاو ئەردۆگانی ئیخوانیش بەمەترسی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی ئیسڕائیل و
تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەكانی كەنداویش.دانانی جێگرەكەشی كە ژنێكی ڕەشپێستی توندڕەوە
(( كامالا هاریس)) ، دژی توركیا و ئەردۆگان جارێكی تر سیاسەتەكانی دووپات دەكاتەوە.بەڵام
ئەوەی جێگەی سەرنجە بە پێچەوانەی ترامپەوە بەڵێنی داوە كە ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ
ئێراندا كارا بكاتەوە و ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێك لەگەمارۆ
ئابوریەكانی لەسەر هەڵبگرێت،كە بۆخۆی ئێران وەك وڵاتێكی خاوەن نفوز و هێز لەناوچەی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسیەكانی هیچی كەمتر نیە لە توركیا و ئەردۆگان و بەدرێژایی
40 ساڵی ڕابووردووش دژایەتیەكی سەرسەختی سیاسەتەكانی ئەمریكای كردوە لەناوچەكە و جیهاندا.لەبابەتی
چین و كۆریای باكور و ڕوسیاشدا سیاسەتەكانی پێچەوانەی ترامپن.
بەم شێویە جیهان لەچاوەڕوانیەكی بێهودەدا دەژین لەماوەی
ئەم 2 مانگەدا و دەرچوون یان دەرنەچوونی هەر كامێكیان بە قازانجی كۆمەڵَێكە و بە دژایەتی كۆمەڵێكی
تر تەواو دەبێت.
• پرسیارێك كە تایبەت بە
كورد و هاوپەیمانێتی و ئایندەی لە سیاسەتی هەردوو كاندیدەكەی سەرۆكایەتیدا لە چ
ئاست و پلە و گەرموگوڕیەكدان؟
خۆشبەختانە كورد و مەسەلەكەی لە بەرنامە و بەڵێن و
كارنامەی هەردوو كاندیدەكەدا جێگە و پێگەیەكی دڵخۆشكەری هەیە و هەردوولایان بەلایانەوە
گرنگە كە چارەنوسی كورد لەهەر 4 بەشەكەی كوردستاندا بەرەو ئایندەیەكی ڕۆشنتر ببەن
و لەو نەهامەتی و قاتوقڕی سەدان ساڵە ڕزگاری
بكەن و بەڵگەی زیندووش هاوپەمانی و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوور و
چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هاوكاری و پشتیوانی گەرموگوڕی
كوردانی ڕۆژئاوا و میانگیریەتی لەنێوان پەكەكە و توركیادا و كاركردنیانە بۆ دەستوپێكردنی
ڕژێمی ئێران و جوڵە و بوژاندنەوەی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتیشە.كوردیش بەڕۆڵی خۆی لەماوەی
10 ساڵی ڕابووردوودا كارامەیی و لێهاتوویی و گیانفیدای پیشانداوە لەدژی داعش و وەك
بەرگریكارێكی سەرسەخت لەجیاتی هەموو دونیا و وەك دۆست و هاوپەیمانێكی سەر ڕاست ئەركەكانی
خۆی جێبەجێكردوە و قوربانی زۆری داوە.كە ناكرێت هچ كاندیدێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەم
ڕۆڵ و قوربانی و بەرگریكردنەی كوردان لەبەرچاو نەگرن و كوردیش وەكو دۆستێكی
ستراتیژی تر لەناوچەكەدا دەبینن.
ئەوەی ماوەتەوە كورد و سەركردایەتیەكەیەتی كە بزانن چۆن
خۆ دەگونجێنن لەگەڵ سیاسەتی ئایندەی سەرۆكی نوێدا و وەكو 10 ساڵی ڕابووردوو دەبنە
جێگە متمانە و ستایشی ئەوان. خۆشبەختانە تر كارتی كورد و مەسەلە ڕەواكەی لە ئێستادا
بۆتە جێگەی بایەخ و پێگە و سەنگینی خۆی هەیە لەلایەن تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و دونیا
و ئەوروپا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواییەكان و هچ كامیان ناتوانن فەرامۆشی بكەن.بۆیە
گرنگە كوردیش بە عەقڵەیەتێكی كراوەتر و بە فراوانتر لە دونیا و پەیوەندیە سیاسی و
ئابوری و ئەمنیەكانی بڕوانێت و باشتر و ووردتر هاوكێشە و حساباتەكان بخوێنێتەوە.بەهیوای
ئەوەی كە كورد و دونیاش لەدوای 2 مانگی تر دڵخۆش و پڕ هیوا بن بەوەی كە سەرۆكی دڵخوازی
خۆیان دەرچوە و لەگەڵیدا خەون و ئاواتەكانیان بۆ دێنێتە دی.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021