هیوادارم حکومەت وڵامی (پرساندن)ی پەرلەمان نەداتەوە، دەزانن بۆچی؟

وتار/ 02/09/2020 522 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

هیوادارم حکومەت وڵامی (پرساندن)ی پەرلەمان نەداتەوە، دەزانن بۆچی؟ 

عەلی قەڵادزەیی
دوا بەدوای  چەند  هەفتەیەکی  یەک  دوای  یەکی  پڕ  لەخۆهیلاککردن و هاتن و چونی ژمارەیەک  لەفڕاکسیۆن و ئەندامانی  پەرلەمان  لەفڕاکسیۆنە  جیاوازەکان، بە ئامانجی  کۆکردنەوەی  ژمارەی  یاسایی  واژۆکان  بۆ  لێپرسینەوە  لەهەریەک  لە سەرۆکی  حکومەت و جێگرەکەیی و وەزیری  دارایی  لەسەر  پرسی  بەنایاسایی  لێبڕینی  ڕێژەی  (٪٢١) لەموچەی  فەرمانبەرانی  هەرێم، بەڵام  وەک  دەڵێن  سەرۆکی  پەرلەمان  هەر  لەڕێگەوە  یەکەمین  بزماری  لەتابوتی  ئەم جموجۆڵەداو  بەر  لەدایکبونی  فاتیحەی  مردنی  لەسەر  خوێند  بەپاساوی  نایاسایی  بوونی  هەنگاوەکان.
لەسۆنگەی  تێگەیشتنی  منەوە  ئەویش  لەدەلاقەی خوێندنەوەم  بۆ  واقعە  مێژوییە  نزیک  مەوداکان  دەکرێت  بڵێم  ناکاراکردنەوەی  ئەم  هەنگاوە  لەلایەن  سەرۆکی  پەرلەمانەوە  لەجەوهەردا  هیچ  کاتێک  مایەی  توڕەیی  و  ئەسەف  بۆ  خواردنی  سلبی  نیە، چونکە  لاموایە  چەمکەکانی (پرساندن و نەپرساندن) لە ئەجێندەی  کاری  پەرلەمانی  کوردستاندا  دوو  هاوکێشەن  و  ناوەڕۆکیان  یەکسانە  بەیەکتری،  پرسیارە  گرنگەکەش  ئەوەیە  کەبپرسین  دەزانن  بۆچی؟
گەر  لەڕوانگەی  عەقڵی  بەراوردکاریەوە  شەن و کەوێکی  ڕوداوەکانی  هاوشێوەی  واژۆکۆکردنەوەکەی  ئەمجارە  بکەین  لەمێژوی  پەرلەماندا، ئەوا  بێگومان  زاکیرەی  سیاسی  هەریەکێکمان  ئەوەندە  ناکارا  نیە  کە  بیری  نەمابێ  کەلەخولی  ڕابردوی  پەرلەمانی  کوردستان  کاتێک  یەک  دوو  وەزیر  لەسەر  داوای  پەرلەمانتاران  هاتنە  ناو  هۆڵی  پەرلەمان  ئەوکات  چی  ڕوویدا  و  پرسەکەش  چ  ناوێکی  سەمەرەی  کۆمەڵایەتی  لێنرا، جوان  بیرمە  کە  زۆرینەی  پەرلەمانی  ئەوکات  دۆسێی  هاتنی  وەزیرەکانیان  نوقڵبارانکردو  ناودێریانکرد  بە پڕۆسەی (میوانداری) کردن  لێیان  لەجێگەی ناونانی  پرسەکە بە (لێپرسینەوە)، خۆ  ڕۆشنیشە  کە لەکلتوری  کۆمەڵایەتی  کوردەواریدا  وشەی  میوان  ئەوەندە  پیرۆزکراوە  کە مەدالیای  ڕێزلێگیرانی  بەملەوە  کراوە و (میوان بە خۆشەویستی  خوا) پێناسەکراوە، بۆیە  لەسۆنگەی  ئەم  مەقولەوە  میوان  دەبێت  لەناو  هۆڵی  پەرلەمان  لەجێگەی  شکاندنی  لەزومی  کامیڕاکانی  ڕاگەیاندنەوە  و لەجێگەی  ئیحڕاجکردنی  بە  ژمارەیەک  پرسیاری  پەرلەمانتارەکان، ڕۆشنە  کەدەبێت  وەک  ڕێزێک  بۆ  هەر  هەڵسان  و  دانیشتنێکیان  پەرلەمانتاران  لەبەریان  هەڵبسن و بۆ  هەر  ئەداکردنێکیش  وشەکانیان  چەپڵەڕێزان  بکەن، بێگومان  ئەوکات  ئەم  میوانداریە  تەنیا  چانسێک  دەبێت و بەهەریەکە  لەدەستەی  سەرۆکایەتی  پەرلەمان و حکومەت  دەدرێت  بۆ  ڕزگاربونیان  لەئیحراجبون  لەسەر  حسابی  ناووناوبانگی  دامەزراوەی  پەرلەمان و بەرژەوەندی  هاونیشمانی  کورد  لەم  دۆسێدا، چونکە  نەدیموکڕاسیەت و نەشەقامی  کوردی هیچیان  لەم  میوانداریە  نەچنیەوەو لە ئەگەری  دوبارەبونەوەی  ئەم  مۆدێلەی  کاری  پەرلەمانیەشدا  هیچ  بەروبومێک  ناچنینەوە، بۆیە  نەهاتنی  حکومەت  بۆ  پەرلەمان  لەهاتنی  ئەرێنی  ترە.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌