حکومەت و شەقامی کوردی باجی مۆدێلی بە (ڕۆبۆت) بونی کادیرانی حزب دەدەن

وتار/ 29/08/2020 701 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

حکومەت و شەقامی کوردی باجی مۆدێلی بە (ڕۆبۆت) بونی کادیرانی حزب دەدەن 

عەلی قەڵادزەیی
  نوسەری  کتێبی (دژە گەندەڵی) لەیەکێک  لەدێڕەکانی  پەرتوکەکەیدا  دەڵێت: بونی  گەندەڵی  لەهەر  کۆمەڵگەیەکدا  گرفتە  بنەڕەتیەکە  نیە، بەڵکو  ئەوەی  پەتا  کوشندەکەیە  بریتیەلە  بەرجەستەبونی  کلتوری  بێدەنگی  کۆمەڵگە  لەئاست  غەریزەی  گەندەڵی  و  پیسخۆری  ڕۆژانەی  سیاسیەکان، چونکە  لەکۆتایدا  بێدەنگی  وادەکات  ئەم  پەتایە  بەسانایی  هەموو  شاڕێگەکان  بەخێرایی  ببڕێت  و دەمارەکانی  بەهێزتر  بکات  بەجۆرێک  کەسەرئەنجام  دەبێت  بەوخۆرەیەی  کەجێکەوتەکەی  بریتیە  لەلاوازبونی  حکومەت  و  پرسی  برسیبونی  کۆمەڵگەیەکیشی  بەدواوەیە.

بەڵێ  ئەم  پێشبینیەی  نوسەری  دژە گەندەڵی  لەکۆتایدا  لەسەر  شاڕێگەکانی  عەقڵانیەتی  مۆدێرن  جێگەی  خۆی  گرت  و  بوو  بەو  کراسەی  کەبەباڵای  دۆخی  ئەمڕۆی  سیاسی  و  ئابوری  هەرێمی  کوردستان  پڕاوپڕ  بڕا، چونکە  لەماوەی  (٢٩) ساڵ  حکومڕانێتی  خۆماڵی  لێوانلێو  لە پیسخۆری و دەستپیسی  سیاسیەکانی  کورد  و لەبەرئەنجامی  بەکلتوربونی  دۆخی  بێدەنگی  لەسایەی  بەڕۆبۆتبونی  کادیرانی  حزبی  بەجۆرێک  کە ساڵانێکە  حزبەکانیان  و  سیاسیە  بازرگانەکان  وا  قوڕمیشیان  کردون  کە  هەمیشە  بەرگریەکی  ناعەقڵانی  کوێرانە  بکەن  و بەڕەش  بڵێن  سپی  و  بەسپیش  بڵێن  ڕەش، بەداخەوە  ئەم  کادیرانە  ساڵانێکە  بەمیکانیزمێکی  زۆر  سەرشێتانە  بەرگری  لەهەر  هەراو  هەنگاوێکی  حزبەکانیان  دەکەن  لەکاتێکدا  وا  بەڕۆشنی  لێیانەوە  دیارە  کە  ئەم  جۆرە  کارو  هەنگاوانە  زیانی  ڕاستەوخۆی  بۆ  سەر  کارو  ژیانی  داهاتووی  خۆیان  و  مناڵەکانیان  و  پێگەی  حکومەتی  هەرێم  و  ئەم  قەوارە  سیاسیە  فیدڕاڵیەی  هەرێمی  کوردستان  لەمەحفەلە  دەولی  و  ئیقلیمی  و  ناوخۆیەکان  دەبێت.

عەقڵی  کادیری  حزبی  ساڵانێکە  لەڕۆژگارەکانی  فەردانیەت  و عەقڵانیەتی  ئەمڕۆی  دونیادا  بەجۆرێکی  زۆر  ناعەقڵانی و  بەدور  لەبونی  ئیرادەی  کاراکتەری  کورد  قوڕمیشکراوە  بەچەشنێک  بەهەموو  پێوەرەکان  هەموو  کارو  جوڵەیەکی  ئاسایی  و  نائاسایی  سیاسیەکانی  حزب  با  لەکاتێکدا  ناوەڕۆکی  ئەم  جوڵانە  بریتیش  بێت  لەپیسخۆری  و  دەستبردنی  ناشەرعی  بۆ  ماڵی  خەڵک  لەداهاتی  نەوت  و  خاڵەسنوریەکان  و  داهاتی  ناوخۆی  هەرێم،  ئەوا  لەئەنجامدا  ئەم  جوڵەیە  هەڵگری  فۆڕمێکی  کوردایەتیە، هەروەها  زیادلەمەش  لەچاوی  ئەوانەوە  پێناسەی  نەتەوە  بەجۆرێکی  زۆر  نادیموکڕاسیانە  بچوککراوەتەوە و  یەکسانکراوە  بەپرسی  بەهێزی  و  مانەوەی  حزبێک  و  شۆڕشگێرەکانی  لەسەر  کورسی  حکومڕانێتی  هەرێمێک  بۆ  هەتاهەتایی، لەبەرامبەریشدا  پێناسەی  حزب  بەجۆرێک  گەورەکراوە  کە لەکۆتایدا  یەکسانکراوە  بە پێناسەی  کوردایەتی  و  دەوڵەتی  نەتەوەیی  و  خزمەتکردن  بە  پرسە  نەتەوەیەکانی  نەتەوەیەک، بەواتا  لەچاوی  کادیری  حزبەوە  چەندان  ساڵە  حزبی  کوردی  بەرگێکی  نەتەوەیی  کلاسیکی  پیرۆز (موقەدەس)ی  بەبەردا  کراوە، هەربۆیە  لەسایەی  ئەم  موقەدەسکردنەدا  هەر  جوڵەیەکی  ڕەخنەیی  لەحزب  و  کاراکتەرەکانی  خۆی  دەخزێنێتە  ناو  خانەیەکی  بڤەوەو  بۆیە  بکەرەکەی  بەزویی  ڕوبەڕوی  کاردانەوەی  توندی  کادیرانی  حزبی  دەکاتەوە.

ئەی  ئەوە  نیە  لەسایەی  بەمۆدێلبونی  کلتوری  بێدەنگی  شەقامی  کوردی و کادیرانی  حزب  وائەمڕۆکە  حکومەتی  هەرێم  و  شەقامی  کوردی  بەیەکەوە  باجی  خراپیەکانی  ئەم  بێدەنگیە  دەدەنەوە، ئەوەنیە  ئەمڕۆ  کۆمەڵگەی  کوردی  هەژارکەوتووەو  تاکی  کورد  بەگیرفانێکی  بەتاڵ  و بەسكێکی  برسی  خۆیی  و  مناڵەکانیەوە  هوتاف  بۆ  گەڕانەوەی  چرکەساتە  زێڕینەکانی  حکومەتی  ناوەند  بۆ  کوردستان  دەکێشێت، ئەوە  نیە  لەسایەی  ئەم  سیاسەتی  بەڕۆبۆتبونەی  کادیری  حزب  ئەمڕۆ  حکومەتی  هەرێم  لات  پاڵەوان  لێی  کەوتووەو  بۆ  دابینکردنی  موچەی  فەرمانبەران  مانگێک  سواڵکەری  بەردەم  دەرگای  سەرمایەدارانی  ناوخۆو  مانگێکیش  سواڵکەری  بەردەم  دەرگای  حکومەتی  کازمیە، کازمیش  ئەم  لەدەرگادانە  ناچاریەی  سەرانی  کوردی  لەبەردەم  قاپیەکەی  وەک  هەلێک  قۆستۆتەوەو  دەخوازێت  دوبارە  هەژمونی  حکومەتە  عڕوبە  و  مەزهەبیەکەی  بگەڕێنێتەوە  بۆ  سنورەکانی  هەرێمی  کوردستان.

هەرچەند  پرسی  گەڕانەوەی  دیوانی  چاودێری  دارایی  عێڕاقی  بۆ  سنورە  فیدڕاڵیەکانی  هەرێم  پرسێکی  دەستوریە، بەڵام  بەمانای  گەڕانەوەی  هەژمونی  ناوەندە  بۆ  سنورەکانی  هەرێم، کەبێگومان  ئەم  خاڵەش  مایەی  نیگەرانی  شەقامی  کوردیە، چونکە  دەستگرتنی  حکومەتی  فیدڕاڵی  بەسەر  خاڵە  سنوریەکان  خاوەن  مەغزای  لاوازتر  بوون  و  بچوکتربونەوەی  ئەم  قەوارە  فیدڕاڵیە  نیمچە  سەربەخۆیەی  هەرێمی  کوردستان  و لەبەرامبەردا  مانای  کاراتر  بونەوەی  هەژمونی  ناوەندە  بەسەر  هەرێم، کەواتە  ئەوکات  لەجێگەی  خەون  بینینمان  بەبیناکردنی  دەوڵەتی  نەتەوەیی  سەربەخۆوە  دەبێت  دڵەخورپەمان  بێت  بۆ  ئەوەی  لەدوای  کارەساتی  شومی (١٦)ی  ئۆکتۆبەرەوە  جارێکی  تریش  واقعی  تاڵی  لەدەستدان  و بچوکتربونەوەی  قەوارەی  سیاسی  هەرێمی  کوردستان  نەبینینەوە.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌