تاكەی هەرێمەكەمان لە قەیراندا دەمێنێتەوە؟
وتار/
20/08/2020
465 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
تاكەی هەرێمەكەمان لە قەیراندا دەمێنێتەوە؟
نەوزادی موهەندیس
• ئاشكرایە هەر كار یان كارەسات و قەیران جا
سروشتی بن یان مرۆڤكرد ،جەنگەكان و ئاشتیەكان،هەموانیان خاڵی دەستپێك و كۆتاییان
هەیە گەرچی درێژەش بكێشن،چونكە لەئەنجامی
هەڵسەنگاندنی گۆڕانكاری و پێشهاتەكان و بە پەندوەرگرتن لە ڕووداوەكان و كاریگەریە
خراپەكانیان،لایەنی پەیوەندیدار و دەستڕۆیشتوو و بڕیار بەدەستەكان لە حكومەتدا بێت
یان لەدەرەوەی حكومەتدا،لەهەوڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی گونجاودان بۆ دەربازبوون لەو
قەیران و ئاریشەیەیی كە تێیكەوتوون،جا قەیرانەكان سیاسی بن یان ئابوری و بازرگانی
بن یانیش ئەمنی و جەنگ و یاخود تەندروستی و بڵاوبونەوەی نەخۆشی بن یان هەڵاوسان و
دارایی و كورتهێنان و بێكاری و هەژاری و برسێتی و ..هتدبن.بۆیە ناكرێت و كارێكی
لۆجیكیش نیە كە تاسەر بۆ مەودای دوورودرێژ هیچ قەیرانێك بەردەوام بێت،چونكە
لەلایەك سروشتی گۆڕانكاریەكانی دەوروبەر و جیهان بەتایبەتی لەم سەردەمەدا هێندە
خێرا و كتوپڕن و لەلایەكی تریشەوە سروشتی مرۆڤەكانیش هیچ كات قایل نابن بە دەستەوستانی و لاوازی و نەبونی پەرچەكردارێك
بۆ خۆ دەربازكردن و ڕزگاركردن لەو دۆخە خراپەی كە تیایدان. هەربۆیە هەموو قەیرانەكان سەرەتاو كۆتاییان هەیە چەندە
كاریگەر و كەمەرشكێنیش بن.
• بەڵام ئەوەی لەم هەرێمی كوردستانەدا
دەبینرێت،بریتیە لەوەی كە نەك قەیرانێك بەڵكو دەیان قەیران بەرۆكی گرتوە و كەچی
دەسەڵاتدارانیش بێخەم و بێدەنگ و چەقبەستوو لە جێگەی خۆیاندا پڕكێشی ناكەن بۆ
چارەسەركردنیان،ئەوەتا قەیرانی دارایی لەساڵی 2014وە بەرۆكی بەم هەرێمەی گرتوە كە
توندترین بوە لەسەر ئاستی ناوچەكە و تەنانەت دونیاش،زۆرێك لەوڵاتان قەیرانەكەیان
تێپەڕكردوە و لە ئێستادا كەوتونەتە خۆ بۆ پلان دانان بۆ هەستانەوە و گەشەدان و
ئەوەی دەكرێت بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە خراپەكانی قەیرانەكە.بەڵام لەم هەرێمەدا
نەحكومەت ونەدەسەڵات نە ئۆپۆزسیۆن و نە جەماوەر و نە ڕێكخراوە مەدەنی و
دیموكراسیەكان كۆدەنگیەكی نیشتیمانیان و سازانێكی خەمخۆرانەیان لێوە بەدیناكرێت بۆ
هەوڵدان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و هەموان دوورلەیەكتر و تەنانەت دڕدۆنگیش و
نەیار بەیەكتر و هەریەكەیان لە دۆڵێكدا دۆشداماوە و نە توانای بزاوتی خۆی هەیە
نەتوانای بەیەكگەیشتنی دەنگە جیاوازەكانیشیان هەیە،هەربۆیە ئەم قەیرانەی لەم
هەرێمەدایە بێوێنەیە و بە خراپترین شێوە كاریگەری خستۆتە سەر تەواوی تاك و
كۆمەڵگاكەمان و برسێتی و هەژاری و نەخوێندەواری و سەرەڕای ئەمانەش پەتای كۆرۆناشی
هاتۆتە سەر،بۆیە كەمتەرخەمی و بێباكی یان بێدەسەڵاتی و نەتوانین لە دۆزینەوەی ڕێگا
چارە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هێندەی تر قەیرانەكانی قوڵ و كاریگەر تر كردوە.و
تائێستاش ئاسۆیەكی ڕوونیش بونی نیە بۆ ئەوەی ئومێدێك گەر بچوكیش بێت بە ئایندەیەكی
نزیك.
• ئاشكرایە لە جیهانی ئێستادا زۆرێك لە كۆمەڵگا
و وڵاتان بە زلهێز و پێشكەوتوەكانیشەوە دەناڵێنن بەدەست دەیان قەیرانی سروشتی
دروستكراوەوە لە چوارچێوەی ململانێ ناڕەواكانیان لەسەر هەژمون و بەرژەوەندی و
نفوز و هێزەكانیان لە دونیادا،بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا چونكە خاوەنی حكومەت و
دامەزراوەی زانستی و تەكنەلۆجیا و بیركردنەوە و پلانن بۆئەوەی تابتوانن هەوڵی
سووكركردنی ئاسەوارەكانی قەیرانەكان دەدەن.
• هەربۆیە گەرەكە كە حكومەتی هەرێمیش و
لەگەڵیشدا سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیش هەموان پێكەوە دەستبدەنە دەستی یەكتری بۆ
كۆتایی هێنان بەم قەیران و كێشە و ئاریشانە كە خەریكە بڕستی ژیان لە تاك و
كۆمەڵگاكەمان دەسێنێت،و ناكرێت میلەتەكەمان بۆ قەدەری نادیاری خۆی
بەجێبهێڵدرێت،ئەمەش لەڕێگەی پڕۆسەیەكی گشتگیر و بەردەوامی چاكسازی دەبێت لەهەموو
بوارەكانی حوكمڕانیدا هەر لە یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردندا،ئەمەش بە
بەسەرداچوونەوە و نەهێشتنی هەڵە و كەموكوڕیەكان و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و
نەهێشتنی گەندەڵی كە بۆتە مخۆركەی هەیكەلی ڕێكخستنی ئەم دەسەڵاتە و دواتریش
دابینكردنی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لە تۆخكردنەوەی
حیزبایەتی و هاندانی هەموان بە تاك و كۆمەڵگاو گروپەكانەوە بۆ بەخۆخاوەن زانینی
ئەم وڵاتە نەك وەك بێگانەیەك لەدوورەوە سەیر بكەن و تەنها بۆ حكومتی بەجێبهێڵن.
جا پڕۆسەی چاكسازیش وەك دەڵێن پیاوی بەهێز و
كارامە و بێباكی دەوێت كە خۆی بەشدار نەبێت لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و
سامانی وڵاتدا،چونكە چاكسازی بە كەسانی گەندەڵكار و بێمتمانە بەخۆ ناكرێت و
سەرناگرێت. چونكە پڕۆسەكە گرنگ و كاریگەرە
و دوو دەمی تیژی هەیە كە لەكاتی سەرنەوكەوتنیدا بە دژ و بەزیانی گەورەتر
دەشكێتەوە،جا هیچ وڵات و كۆمەڵگایەك لەسایەی دەسەڵاتێكی گەندەڵەوە نە پێشدەكەوێت و
نەخۆشگوزەران دەبێت. بۆیە دەبێت هەرچی زووە حكومەت هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی
عەقڵانی بدات و كۆتایی بەم هەموو قەیرانانە بێنێت و لە پێش هەموانیشەوە قەیرانی
دارایی و بودجە و مووچەی مووچەخۆران و دانانی بەرنامە و پلان دابڕێژێت بۆ چاكسازی
لەهەموو سێكتەرەكانی نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەندروستی و ئەمنی و پەروەردە و
خوێندنی باڵاو ئەوانی تریش. چونكە زیاتر درێژەكێشانی ئەم قەیرانانە بوون و
بەردەوامی ئەم قەوارەیەی هەرێمەكەمان دەخاتە بەر مەترسی لەناوچوون و بچوكبونەوە كە
ئەمەش خەونی دوژمنان و شەرمەزاری تاكبەتاك كۆمەڵگاكەشمانە لەبەردەم خودا و خەڵك و
مێژووشدا.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021