کلتوری سەنگەر گواستنەوە وەک (عەیبەیەک) بۆ ئەزمونی حکومڕانێتی کوردی
وتار/
16/08/2020
772 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
کلتوری سەنگەر
گواستنەوە وەک (عەیبەیەک) بۆ ئەزمونی حکومڕانێتی کوردی
عەلی قەڵادزەیی
پییربایل (١٦٤٧ –
١٧٠٦م) بیرمەندێکی بەناوبانگی فەڕەنسیەو سەر بەئاقاری کەمینەیەکی چەوساوەو سەرکوتکراوی وەک پڕۆتستانتەکان بوو لەفەڕەنسایەکی زۆرینە کاتۆلیکدا، بەڵام ئەوەی زۆر سەیربوو ئەوەبوو کە(بایل) لەپڕێکا ئاینزاکەی باوانی گۆڕیو چوە سەر ئاینزای زۆرینەی کاتۆلیک، لێرەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کەئاخۆ دەبێ ئەم سەنگەرگۆڕینەی (بایل) بەچ مەبەستێک بوبێت؟
بێگومان ئەم هەنگاوەی بایل لەقەناعەتکردنیەوە سەرچاوەی نەگرتبوو بەکۆی ئەوبەڵگەو ئەرگیۆمێنتانەی کەزانایان و پیاوانی ئایینی کاتۆلیک پێشکەشیانکردبوو، بەڵکو خیاری سەنگەرگۆڕینی لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی ئەنجامدا، چونکە چونەسەر ئاینزای زۆرینەو حکومڕان بەمانای ڕزگاربوونی دەهات لەدەستی گرێی دەرونی کەمایەتی و دۆزخی چەوساندنەوەو بێبەشبون لەمافەکان و هەروەها بریتی بوو لەدەستڕاگەیشتنی بەماف و ئیمتیازاتەکانی ژیان و کرانەوەی دەرگا کڵۆمدراوەکانی بەردەمی و وەرگیرانی لەکۆلێژی بەناوبانگی یەسوعیەکان.
پرسی سەنگەر گواستنەوەی سیاسی لەکوردستان هەرلە دوای نەوەدەکانەوە بۆتە کلتورێکی سیاسی باو، بەڵام ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەی کوردستانە لەم دۆسێدا لەگەڵ وڵاتانی تری دونیا ئەوەیە کە سەنگەرگواستنەوەکان هەمیشە یەک ئاراستەیان وەرگرتووە بەجۆرێک لەحزبەکانی ترەوە بەرەو هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەڕۆن، کەبێگومان ئەم یەکئاراستەییەش
لەفەرهەنگی دیموکڕاسیەتی مۆدێرندا عەیبەیەو ئاسایی نیە، هەربۆیە بەردەوامی ئەم حاڵەتە بریتیەلە لەدروستبونی پرسیاری جیدی لەسەر ناکارایی گوتاری دیموکڕاسیەتی کوردی و نەخەمڵینی چەمکی هاوڵاتی بوون و فەراغی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەم هەرێمەدا،
لەزۆنی زەرد سەنگەرگواستنەوەکانی یەکێک لەدامەزرێنەران و ژمارەیەک لەئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی و ژمارەیەک لە وەزیرو ئەندامانی جڤات و ئەندامانی پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ ژمارەیەک لەکادیرانی یەکگرتووی ئیسلامی بەرەو باوەشی گەرمی حزبی دەسەڵاتدارن، لەزۆنی کەسکیش سەنگەرگواستنەوەی ژمارەیەک لەدامەزرێنەران و ئەندامانی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕویان لەباوەشی گەرمی یەکێتی کردوە.
دڵنیام هیچ کام لەم سەنگەرگواستنەوانە مەبنایەکی عەقڵانیان وەرنەگرتووە، بەجۆرێک پڕۆسەکە بریتی بێت لەجێهێشتنی حزبێکی کۆنەپارێز و نادیموکڕاسی بۆ حزبێکی دیموکراسیخوازو نوێخواز یان جێهێشتنی حزبێک بێ لەسەر مەبنای خیانەتکردن و نیشتمانفرۆشی بۆ حزبێکی نمونەیی لەنیشتمانپەروەری و خاوەن پڕۆژەی نەتەوەیی، بەڵکو هەموو سەنگەرگواستنەوەکان فۆڕمێکی (پییربایل)یان وەرگرتووە، بەواتا لەناوەڕۆکدا خاوەن ئاقارێکی بەرژەوەندی شەخسی و تموحی براگەورەین، چونکە کاتێک کادیرانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو لەزۆنی زەرد باوەشی گەرمی پارتی هەڵدەبژێرن، بێگومان ئامانجیان بریتیەلە ڕزگاربون لەگرێی دەرونی کەمینەیی و کردنەوەی دەرگا داخراواکانە لەسەر خۆیان بۆ دەسڕاگەیشتن بەو ئیمتیازاتانە و بەو براگەورەییەی کەحزبی کوردی لەسەر مەبنای ئینتیمای مرۆڤەکان بۆ خۆی دەیبەخشێتەوە،
کەبریتیەلە دەستڕاگەیشتن بەپارەی مفت و زەوی دۆنمی و ڤێللا
و پشکداری لەکۆمپانیا و گرێبەستە نەوتیە گرانبەهاکان و لەگەڵ کرانەوەی سەرجەم دەرگاکانی فەرمانگە حکومی و کەرتی تایبەت لەبەردەمیان بۆ بەئاسانی ڕاییکردنی ئیش و کارەکانیان، سەرباری دەستخستنی حەسانەیەک بۆخۆیان کەدەتوانن بەهۆیەوە پارێزراوبن با تاوانیش بکەن لەدەستی پۆلیس و بانگهێشت و لیپرسینەوەی دادگاکان، سەنگەرگواستنەوەکانی کادیرانی گۆڕانیش لەزۆنی کەسک بۆ باوەشی گەرمی یەکێتی تاڕاددەیەک زۆر چەورو مفتەو بۆ دەستڕاگەیشتنە بەئیمتیازاتە زۆرەکان، ئەگینا هیچ عەقیدەیەکی مرۆیی و نەتەوەیی لەپشتیەوە نیە و گەر بۆ سەلماندنیش بگەڕێین نمونەکان بەژمارە زۆرن.
ئەم مۆدێلی سەنگەرگواستنەوە یەکئاراستەییە ئەوەمان پێدەڵێت کە لەکوردستان دوای (٣٠) ساڵ لەحکومڕانی خۆماڵی تاکو هێشتاکە بەراوردکردنی ئەم ئەزمونە دەرەنجامەکەی عەیبەیەکە، چونکە تاکو هێشتاکە ئەوانەی جیاوازن لەدەسەڵات هاوشێوەی (بایل) هەمیشە هەست بەغەریبی و گرێی دەروونی کەمینەبوون و جەهەننەمی چەوساندنەوە دەکەن لەنیشتمانی باوانی خۆیان، هەست بەوە دەکەن کەکوردبوون و هاوڵاتی بوون و خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوە و قوربانیدان ئەو چانسەیان پێنادات کەببنە براگەورەو خاوەن پشکێک لەو مافانەی کەهەوادارانی بەزۆرینەکراوی ناودەسەڵات هەیانە، بۆیە بەناچاری بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پەنا بۆ سەنگەرگواستنەوە دەبەن هاوشێوەی (بایل)، کەبێگومان ئەمەش فۆڕمێکی دەسەڵاتدارێتی تۆزلێنیشتوو و دواکەوتوە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا، بەڵام بەداخەوە ئەمجارە لەسەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپای ئاینیدا نا بەڵکو لەڕۆژگاری مۆدێرنەو کرانەوەی جیهاندا.
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021