له‌په‌راوێزی‌ كه‌مخوێندنه‌وه‌ و زۆر ڕه‌خنه‌گرتندا.. نوسین بۆ ؟ ڕه‌خنه‌ش به‌ ئامانجی‌ چی‌ ؟

وتار/ 15/08/2020 528 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

له‌په‌راوێزی‌ كه‌مخوێندنه‌وه‌ و زۆر ڕه‌خنه‌گرتندا.. نوسین بۆ ؟ ڕه‌خنه‌ش به‌ ئامانجی‌ چی‌ ؟

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    ئاشكرایه‌ كه‌ كاری‌ نوسین و داهێنان و ده‌رخستنی‌ ڕاستیه‌كان و پیشاندانیان به‌ تاك و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌لاَته‌كان ،له‌ مێژه‌وه‌ تاكو ئێستا كارێكی‌ قورس و پڕ ئازار و كێشه‌ و گرفت بوه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان ،جا له‌هه‌ر بوارێكدا بوبێت،وه‌ك بواری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌ده‌بی‌ و فه‌رهه‌نگ و مێژوو ئه‌منی‌ و ...هتد.كه‌ خاوه‌نه‌كانیان هه‌میشه‌ كه‌سانی‌ بێزراو بوون له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَته‌كانه‌وه‌ یان گروپ و تاكه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و نوسینانه‌ له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وان نه‌بوه‌ یان ڕاسته‌یه‌كان تاڵ بون و ئێشی‌ پێگه‌یاندون ..بۆیه‌ خاوه‌ن نوسینه‌كان هه‌میشه‌ كه‌سانی‌ بوێر و ئازا و چاونه‌ترس و ده‌رچووبوون له‌ ئیتیك و سنوره‌ باوه‌كان و هێڵه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگاكانی‌ خۆیان و به‌ ده‌یان هه‌نگاو له‌ پێش كه‌سانی‌ ئاساییه‌وه‌ بوون و هه‌میشه‌ش له‌ پێشه‌نگ و ڕابه‌رایه‌تی‌ كۆمه‌ڵگاكانیاندا قسه‌ی‌ خۆیان و خاوه‌نی‌ بیر و ڕای‌ ئازادانه‌ی‌ خۆیان بوون، و هه‌میشه‌ ده‌ستیان بردوه‌ بۆ هه‌موو كونج و قوژبنێكی‌ ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ موڵكی‌ ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تی‌ بن نه‌ك تاك و سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌ و چین و توێژ و خێزانێكی‌ دیاركراو ،مێژوو موڵكی‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌،ڕاستی‌ وتن ئه‌ركی‌ هه‌موانه‌ ،ده‌رخستنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و دیارده‌ دزێوه‌كان  ئه‌ركی‌ هه‌موانه‌ ، له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ ئه‌ركی‌ بیرمه‌ند و نوسه‌ر و منه‌وه‌ره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاك و كۆمه‌ڵگا به‌ ماف و ئه‌ركه‌كانیان نه‌ك ته‌نها بۆ خۆده‌رخستن و پیاهه‌ڵدان و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ده‌سكه‌وتی‌ كه‌سی‌،به‌پێچه‌وانه‌ی‌ كه‌سه‌ ترسنۆكه‌كان و بێهه‌ڵوێست و بێمتمانه‌ به‌خۆكان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ بن پێ و له‌ ناو لیته‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكانیاندا بوون. هه‌ربۆیه‌ش كاری‌ نوسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ سه‌خت و پڕ ئێش و ئازاره‌كان و كاری‌ هه‌موو كه‌س نیه‌،به‌ڵكو كاری‌ خوێنده‌وار و منه‌وه‌رو به‌سه‌لیقه‌ و ڕۆشنبیر و بیرمه‌ندو كه‌سه‌ بوێره‌كانه‌ نه‌ك نه‌خوێنده‌وار و كه‌سانی‌ بێتوانا و كورته‌ بالاَی‌ خوێندن و نوسین.
•    جا هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ بوێره‌كان و خاوه‌ن نوسینه‌ به‌هێزه‌كان و خاوه‌ن مێژوه‌ ڕاستگۆ و ڕاسته‌قینه‌كان و خاوه‌ن پیشانده‌ری‌ ڕاستیه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ په‌رده‌ی‌ جه‌هل و نه‌زانین و بیركۆڵی‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكانیان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ جا له‌هه‌ر بوارێكدا بێت ئه‌وا زۆر جاران ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ڕه‌خه‌نه‌گرتنێكی‌ بێتام و ئاست نزم و پوچ و چروك و بێمانای‌ دوور له‌ ئیتیكی‌ نوسین و ڕه‌خنه‌گرتنی‌ بیناكه‌ر، ئه‌و گرگنی‌ قه‌ڵه‌مانه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی‌ زمانی‌ زبر و نالۆژیكی‌ و دوور له‌ ئاداب و به‌ها جوانه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و هاوڕێیه‌تی‌ و دۆستایه‌تیش.چونكه‌ ڕه‌خنه‌كانیان هێنده‌ی‌ پاڵنه‌ره‌كانیان پڕ ڕق و كینه‌ و خۆبه‌كه‌مزانین و چاوپیان هه‌ڵنایه‌ت به‌كاری‌ نوسه‌ران و داهێنه‌ر و ئه‌دیب و ...هتد. كه‌ ده‌توانن ئه‌فراندان و داهێنان بكه‌ن و ئه‌مانیش قه‌زه‌م و هیچ نه‌زان و بێتوانان،له‌ نه‌زانین یان گه‌مژه‌ییانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵزنن به‌ بالاَی‌ به‌رزی‌ نوسه‌ران و لێكۆڵه‌ر و مێژوونوس و هه‌ق بێژ وڕاستگۆكاندا.
•    نوسه‌ران و بیرمه‌ند و ئه‌دیب و ڕۆشنبیران، گه‌ر نوسینه‌كانیشیان  به‌هێنده‌ی‌ گه‌وره‌یی‌ كۆمه‌ڵگا و مێژوو و خه‌باتی‌ گه‌له‌كانیشیان نه‌بێت ،خۆ توانیویانه‌ ڕێگه‌ ڕۆشنبكه‌نه‌وه‌ و به‌سه‌دان و هه‌زاران ئاشنا بكه‌ن به‌ مێژوو و ڕاستیه‌كان و توانیویانه‌ ده‌ستپێك و خاڵی‌ سه‌ره‌تا و هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م هه‌ڵنێن به‌ ئاڕاسته‌ی‌ بیناكردن و ڕۆشنگه‌ری‌ و وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاك و چین و كۆمه‌ڵگاكانیان،هه‌ربۆیه‌ شایه‌نی‌ ڕێز و گه‌وره‌یی‌ و پیاهه‌ڵدانن نه‌ك تۆته‌مه‌ت به‌خشینه‌وه‌ و واته‌وات دواخستن و زمانی‌ زبر و په‌ناگرتن بۆ دادگا و سكالاَتۆماركردن له‌سه‌ریان.چونكه‌ چه‌نده‌ ده‌نگ و قه‌ڵه‌مه‌ ئازا و ئازاده‌كان كپبكرێن و پانتایی‌ ئازادیه‌كان ته‌سكبكرێنه‌وه‌،هێنده‌ش ڕق و بێزاری‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكان له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاَته‌كان و گروپ و مافیا و مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵه‌كان ئه‌ستورتر ده‌بێت.
•    هه‌میشه‌ وتراوه‌ (( نوسین و ڕه‌خنه‌)) ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كترین و جووت جه‌مسه‌ری‌ هاوكێشه‌یه‌كی‌ هاوسه‌نگن،به‌تایبه‌تیش كه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ دروستكه‌ر له‌هه‌ر كه‌سێك بگیرێت گه‌ر به‌مه‌به‌ستی‌ ڕاستكردنه‌وه‌ و به‌خۆداچونه‌وه‌ و بۆ بیناكردنی‌ ئاینده‌ی‌ كه‌سه‌كه‌ بێت هه‌میشه‌ ڕێزلێگیراوه‌ و هێنده‌ی‌ تر سوودی‌ ده‌بێت بۆ كاری‌ ئاینده‌ی‌ ڕه‌خنه‌ لێگیراو .به‌لاَم كاتێك ڕه‌خنه‌ بوه‌ ئامێری‌ شكاندن و هه‌ڕه‌شه‌ و توندڕه‌وی‌ و بۆكه‌مكردنه‌وه‌ و بچوك سه‌یركردنی‌ نوسه‌ران و كاره‌كانیان بێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گر خۆیدا ده‌شكێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ نوسه‌ر بچوكبێته‌وه‌ یان زیانی‌ به‌ركه‌وێت.بۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ هه‌ركه‌سێك ڕه‌خنه‌گرێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ و ڕاستگۆ بێت ده‌بێت لانی‌ كه‌م ئه‌لف و بێی‌ نوسین و ڕه‌خنه‌گرتن بزانێت  و بوێریش بێت و به‌به‌ڵگه‌ی‌ سه‌لمێنرا و زانستیه‌وه‌ وته‌كانی‌ بسه‌لمێنێت نه‌ك به‌ هاشوهوش و ده‌نگه‌ده‌نگ و خۆگیڤكردنه‌وه‌ یان له‌ژێر لێوه‌وه‌،یان به‌ناوی‌ خوازراوه‌وه‌ ، كه‌له‌ ئێستادا ئه‌م جۆره‌ به‌ناو ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ میدیا و سۆشیال میدیادا باویان هه‌یه‌،به‌تایبه‌تیش كاتێك نوسه‌ره‌كه‌ بناسیت و دۆستایه‌تی‌  و هاوڕێیه‌تیت له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت.ده‌بێت دووجار بیربكه‌یته‌وه‌.
•    به‌هه‌مان شێوه‌ش نوسه‌ری‌ گه‌وره‌ و سه‌ركه‌وتوو یان ده‌قه‌ نوسینه‌ شاكاره‌كان هه‌میشه‌ له‌ ئه‌نجام و بوونی‌ ڕه‌خنه‌گری‌ بنیاتنه‌ر و ڕه‌خنه‌ی‌ دروستكه‌ره‌وه‌ هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م،هه‌ربۆیه‌ش  نوسه‌ر و ئه‌دیب له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گری‌ جدیدا به‌هه‌مان شێوه‌ دوو جه‌مسه‌ری‌ هاوكێشه‌ی‌ داهێنان و ئه‌فراندنی‌ شاكار و جوانن،بۆیه‌  به‌بێ‌ یه‌كتر هاوكێشه‌كه‌ هاوسه‌نگ نابێت و هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناته‌با و نه‌یار و له‌كێبڕكێدان و ڕه‌خنه‌گر وه‌ك چاوجێرێكی‌ وورد و به‌ ویژدان و جدی‌ به‌رهه‌می‌ نوسه‌ران هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ته‌ته‌ڵه‌یان ده‌كات و خوێندنه‌وه‌ی‌ ڕاست و دروستیان بۆ ده‌كات،هه‌ربۆیه‌ش نوسه‌رانیش پێش ده‌ستكردن به‌هه‌ر نوسین و ده‌قێك ده‌یان جار پێویسته‌ بیر بكه‌نه‌وه‌.
•    به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌ناوی‌ ڕه‌خنه‌گره‌وه‌ كه‌ هێشتاش ده‌قی‌ نوسینه‌كانیان نه‌خوێندۆته‌وه‌ و ته‌نها له‌ناونیشانه‌كه‌وه‌، ده‌ستده‌كه‌نه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ توند و زبر، جابۆیه‌ زۆر جاران ڕه‌خنه‌گران كه‌سانی‌ ترسنۆك و بێ‌ ئه‌زموون و دڵ پڕ له‌ قین و ده‌مارگیر و خۆبه‌زلزانن و هه‌موو كه‌سیان پێڕه‌فزه‌ و هه‌موو كارێكی‌ جوانیان پێناشیرینه‌ و هه‌موو داهێنانێكیان پێ‌ هیچه‌،له‌به‌رامبه‌ریشدا خۆیان زۆر بچوك و بێتوانا و بێبه‌رهه‌من ته‌نانه‌ت بۆ خۆیان و خێزان و گروپ و كۆمه‌ڵگاكه‌شیان. جا هه‌ركات ڕه‌خنه‌ بوه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ ڕووخێنه‌ر باشتر وایه‌ كه‌ نه‌وه‌لاَم بدرێته‌وه‌ نه‌ حسابیشی‌ بۆ بكرێت،چونكه‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ زیاتر گه‌وره‌ی‌ ده‌كات و ده‌ریده‌خات .كه‌سی‌ ڕه‌خنه‌گر كه‌بوه‌ كه‌سێكی‌ حه‌سود و به‌خیل و دڵ پڕ له‌ قین ،ده‌بێت به‌م وته‌ عه‌ره‌بیه‌ وه‌لاَم بدرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (( قل ماشئت بمسبتی‌، فسكوتی‌ عن اللئیم هو الجواب)) یان وه‌ك ده‌ڵێن (( لست عدیم الرد ، لكن ما من اسد یجیب علی‌ الكلاب)).
•    بۆیه‌ نوسه‌ران،هه‌میشه‌ ده‌بێت سه‌رقاڵی‌ كار و نوسین و داهێنان و به‌خشش و ئه‌فراندنی‌ خۆیان بن و گوێنده‌نه‌  وه‌ڕه‌ وه‌ڕی‌ سه‌گه‌كانی‌ سه‌ر ڕێگا و ده‌بێت كاروانی‌ خۆیان به‌ره‌و پێش به‌رن وه‌كو گوته‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ ده‌ڵێت(( القافله‌ تسیر و الكلاب تنبح)). به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌ر نوسه‌ران و داهێنه‌ران و بیرمه‌ندان هه‌ر خه‌ریكی‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و كه‌سه‌ بوده‌لاَنه‌ بن ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانن بگه‌ن ئامانجی‌ خۆیان له‌به‌ره‌وپێشبردنی‌ كۆمه‌ڵگاو و تاكه‌كان و ناتوانن دروشم و ئامانجه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كانیان وه‌دیبهَنن وه‌ك ((ونستۆن چه‌رچڵ)) ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا و سیاسه‌تمه‌داری‌ به‌ناوبانگی‌ جیهان ده‌ڵێت ((هیچ كات ناگه‌یه‌ته‌ دوا مه‌نزڵ و ئامه‌نجه‌كانت،گه‌ر  بۆ هه‌ر سه‌گێكم بوه‌ستیت كه‌ پێته‌وه‌ ده‌وه‌ڕێت بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ردێكی‌ تێبگریت)).
•    ته‌نانه‌ت خوای‌ گه‌وره‌ش له‌ قورئاندا له‌ به‌شی‌ 19 و سوره‌تی‌ فورقان و ئایه‌تی‌ 63 داله‌ پای‌ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌زانانه‌دا كه‌ قسه‌ به‌ زانا و كه‌سه‌ به‌ویقار و به‌ڕێزه‌كان ده‌ڵێن ده‌فه‌رموێت (( وعباد الرحمن اللژین یمشون علی‌ الارچ هونا واژا خاگبهم الجاهلون قالوا سلاما)).
•    جا نوسه‌ر و ڕۆشنبیر و منه‌وه‌ره‌كان هه‌موو كات وه‌ك ئه‌و په‌له‌ به‌رز و به‌رهه‌م دارانه‌ وان كه‌ خه‌ڵكی‌ بێتوانا و گرگنه‌كان ده‌ستیان پێداناگه‌ن و به‌ناچاری‌ بۆ ده‌سكه‌وتنی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان په‌ڵی‌ به‌ردیان تێده‌گرن،به‌هه‌شتی‌ پیره‌مێردی‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ جوانی‌ فه‌رموه‌:

لقی‌ شۆڕی‌ دره‌خت به‌ری‌ ئه‌خۆن بێ‌ ئه‌رك به‌رد و دار
په‌ڵی‌ به‌رد بۆ په‌لی‌ به‌رزه‌ و له‌قه‌ش بۆسه‌ر په‌لی‌ به‌ردار
•    بۆیه‌ له‌كۆتاییدا سه‌ربه‌رزی‌ و ڕووسووری‌ ته‌نها بۆ كه‌سانی‌ منه‌وه‌ر وداهێنه‌ر و به‌به‌خشش و ڕابه‌ر و پێشه‌نگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكان ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕووڕه‌شی‌ و بچوكی‌ و گرگنیش بۆ كه‌سه‌ داخ له‌دڵ و ده‌مارگیر و خۆبه‌زلزان و بوده‌ڵه‌كانی‌ مێژوو ده‌مێنێته‌وه‌.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌