لە هەردوو دیوی گردەکەوە

وتار/ 03/08/2020 448 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

لە هەردوو دیوی گردەکەوە

ئەمیر مام والی

پەندێک هەیە کە دەڵێت: کەموکورتییەکان لە واقیعدا چارەسەردەکرێن.
ئەم پەندە بۆ دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان زۆر گونجاوە، بە تایبەت لە ئێستادا کە دوو ئاڕاستەی جیاواز، بە دوو بیرکردنەوەی جیاواز لە مدیودیوی گردی زەرگەتەوە دەیانەوێت
سیاسەتی بزوتنەوەکە بە ئەقڵی خۆیان ئاڕاستەبکەن.
ئەم دوو لقە، لە ئەسڵدا هەڵقوڵاوی سەرچاوەیەکی هاوبەشن، کە هەرچی بکەن و هەرچۆن جوڵە بکەن، ناتوانن لە یەکتر جیاببنەوە.
بەرەیەک لە سیاسەتەکانی گۆڕان ناڕازییە و دەیەوێت گۆڕان بە ئاڕاستەی شەقام بگەڕێنێتەوە و هەرچۆنێک بێت تەکانێکی دیکە بە دەنگە ناڕازییەکانی شەقام بدات و دژ بە پارتیی و یەکێتیی، شەقام بە جوڵە بخەن بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە هەندێک وتە و لێدوانی نەوشیروان مستەفا دەبەستن.

بەرەی دووهەم کە بەرەی بەڕێوەبەرانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانن، بە پشتبەستن بە هەندێک لێدوانی نەوشیروان مستەفا، دەیانەوێت گۆڕانکارییەکان لە حکومەتەوە بکەن و بەشێک لە بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن، کە ئەوەش تاڕادەیەک قورسە  بتوانن بەشێکی داواکانیان لە ڕێگەی حکومەتەوە جێبەجێ بکەن،
بە تایبەت دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێدا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت و باروگوزەرانی خەڵک ڕۆژ لە ڕۆژ خراپتر دەبێت و چەندین قەیرانی دیکەش بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە.
ئەم دوو بەرەیە، کە لە ئەسڵدا هەردوو لایان بەپێی توانای خۆیان ماندوو بوون بە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرخستنی لە دەساڵی ڕابردوودا، ئێستا لە بەردەم دوو ئەگەردان:

۱-یەکگرتنەوەیان کە بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان
۲-بەتەواوی دابڕان لە یەکتری.

لە ئەگەری یەکەمدا، بە پشتبەستن بە ڕابردووی بزوتنەوەی گۆران، بە تایبەت لە مانەوەیدا وەک هێزێکی نیشتیمانیی کوردستانیی، دەکرێت بڵێین: گڕی مۆمەکە زیاتر گەشدەکاتەوە، ئەم هەنگاوە پێویستی بە لێبوردەیی و قبوڵکردنی یەکتری هەیە، پێویستی بە بیرکردنەوە و تێگەیشتنێکی قوڵتر هەیە لە ڕووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە هۆشیارییەکی زیاتر هەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی کە هەردوو بەرەکە، کەوتونەتە داوی میدیایی سێبەری حیزبەکانی دیکە، کە کاریان ئەوەیە ئەم دوو بەرەیە زیاتر لەیەکتر دووربخەنەوە و زیاتر لە یەکترییان زویربکەن. پێویستی بە قوربانییدان و بیرکردنەوەیەکی جدییە لە ژیانی هاوڵاتییان و ئەو کەشتییە ئومێدەی گۆڕانخوازان، کە بێ کاپتن نازانن ڕوو لە کام دوورگە بکەن. پێویستی بە کارکردنە بەڕۆحێکی نوێی خێزانی هاوشێوەی خەباتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، بێشک ئاشتەوایی ئەم دوو بەرەیە، بە سوودی هەر دوو لایە، ئەگەر بێتو خۆیان لە خەڵکانی پۆپۆلیست و خۆویست دوور کبخەنەوە و مەودایەک لە نێوانیاندا دابنێن، ئەوا ئومێدەکان ڕوو لە هەڵکشان دەکەن.

۲-بەتەواوی دابڕان
کەسانی دڵسۆز، کەسانێک کە ئەهلی کارن و مەبدەئین، کەسانێک کە دوای مەصاڵیحی خود نەکەوتوون، کەسانێک کە دەساڵە قوربانیی بە گیان و ماڵی خۆیان دەدەن، هەرگیز حەز ڕوودانی ئەم ئەگەرە ناکەن، بە تێگەیشت لەو بارودۆخەی کە کوردستانی پیادا تێپەڕدەبێت، دروستکردنەوەی حیزب و ڕاکێشانی متمانە بۆ حیزبی نوێ ئەگەرێکی قورسە، لە حاڵەتی دابڕانی یەکجارەکییدا، ئەم بەرەیەش ناتوانن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بکەن، بەڵام دەتوانن خەونی گۆڕانکاری لە ڕێگەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە تەواوی لەگۆڕ بنێن، زۆرن ئەوکەسانەی گرەویان لەسەر ڕوودانی ئەم ئەگەرە کردووە و خەریکی یاریکردنن لە هەردوو بەرەکەدا، باشترین کار بۆ هەردوو بەرەکە یەکگرتنەوەیە و یەکگرتنەوە!
ئێستاش ئەم بزوتنەوەیە پڕیەتی لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە دەیان بواری جیاجیادا. پڕیەتی لە کەسانی خۆنەویست و دڵسۆز، کە ئامادەی گیانبازین لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا.
هیوادارین هەردوو بەرە یەکانگیر ببنەوە و بیر لە دروستکردنی بەرەیەکی فراوانتر بکەنەوە بۆ ئاڵنگارییەکانی داهاتووی بەردەم هەرێمی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، وە کار بکەن بۆ ئەوەی هەردوو دیووی گردەکە ببەنەوە ناوەڕاستی گردەکە و لەوێوە کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانییەکان بکەنەوە، کە ئامانجی سەرەکیی نەوشیروان مستەفا بوو.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌